Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

فره‌ژنی،یان كۆیله‌كردنی ژنان …!

Be First!
by November 10, 2008 ژنان

 فره‌ژنی،یان كۆیله‌كردنی ژنان …!
 سێوه‌خان

  
 
 له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابوردودا،په‌ڕله‌مانی كوردستان یاسای فره‌ژنی به‌ده‌نگی(39)په‌ڕله‌مانتار په‌سه‌ندكرد. تائێره‌ ئاساییه‌ په‌ڕله‌مانی ئه‌ویاسایه‌ قبوڵ بكات، په‌ڕله‌مانێك زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی مسوڵمان بن و هه‌ڵگری ئایدیای ئیسلام بن، هه‌رچاوه‌ڕوانی كارێكی له‌وشێوه‌یه‌یان لێ‌ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فره‌ژنی مێژوه‌كه‌ی زۆركۆنه‌و به‌هاتنی ئیسلام شێوه‌یه‌كی شه‌رعی وه‌رگرتوه‌و كۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان كاری پێده‌كه‌ن و ، وه‌ك ده‌ستوور چه‌سپاندویانه‌ ، بۆیه‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان شتێكی نوێ‌ نه‌كردووه‌،جگه‌ له‌دووپات كردنه‌وه‌ی وه‌فاداریان بۆئایینه‌كه‌یان … گه‌رچی له‌پێشتردا لێره‌وه‌ له‌وێ‌ كۆمه‌ڵێك هه‌وڵدراوه‌ بۆلابردنی یاسای فره‌ژنی له‌ئیداره‌ی سلێمانی . له‌ساڵی (2000) دا، له‌جیاتی هه‌ردوو یاسای فره‌ژنی و شۆردنه‌وه‌ی شه‌ره‌ف، هه‌ردوو یاسای ( 59-62 ) ده‌رچوو كه‌ڕێگه‌ له‌ودوو یاسایه‌ ده‌گرێت ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاری پێنه‌ده‌كرا و ته‌نها دوو بڕیاربوون بۆسه‌ر ڕه‌فه‌كانی دادگا درابوون ، به‌ڵام له‌دوای هه‌شت ساڵ . په‌ڕله‌مان زۆر به‌ئاسانی توانی یاسای فره‌ژنی تێبپه‌ڕێنی و بیكاته‌ یاساو ئه‌وهه‌وڵه‌ش له‌باربه‌رێت و به‌ژنان بڵێت: ئێوه‌ ده‌بێت ملكه‌چی ئاره‌زووه‌كانی پیاوان بن و سیان و چوارتان بۆپیاوێك ، وه‌ك هه‌ركاڵایه‌كی تر، كه‌پیاو ئاره‌زوی كڕینی بێت … ده‌بێت بڵێن ئافه‌رین په‌ڕله‌مان ! له‌سه‌رده‌می جیهانگیری و ته‌كنه‌لۆژیای نوێ‌ و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و دیموكراسی دا ، تازه‌به‌تازه‌ بڕیارێكی تۆز لێنیشتووی زیاتر له‌ ( 1400) ساڵ به‌رله‌ئێستا به‌سه‌ر ژناندا ده‌سه‌پێنی و ده‌یانكه‌یته‌وه‌ به‌كۆیله‌ی ئاره‌زووه‌كانی پیاو. له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگای كوردی ده‌رگیری هه‌زارو یه‌ك كێشه‌ی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مۆراڵی یه‌و ، كۆمه‌ڵگا لێوان لێوه‌ له‌گه‌نده‌ڵی ئیداری ومالی ، كه‌چی په‌ڕله‌مان له‌ئاست ئه‌وكێشانه‌دا به‌لۆكه‌ی ئه‌ستوور گوێكانی خنیوه‌و ئه‌و ده‌نگو كێشانه‌ ناگاته‌ ئاستی گوێ‌ و چاویشی به‌چاویلكه‌ی تاریك گرتوه‌ ، ئه‌و هه‌موو كوشك و ته‌لاره‌نابینێ‌ ، كه‌له‌سه‌ر ژیان و ماندووبوونی هاوڵاتیان بیناكراوه‌ … هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆكرد ده‌بێت ئافه‌رینی په‌ڕله‌مانتاره‌كان بكه‌ین ، كه‌زۆر بوێرانه‌ ئه‌و یاسایه‌یان په‌سه‌ندكرد ، زه‌نگێكی مه‌ترسی داریان به‌گوێ‌ كۆمه‌ڵگادا دا ، كه‌ئێمه‌ بمانه‌وێت هه‌رشتێك بكه‌ین ده‌یكه‌ن بۆبه‌رژه‌وه‌ندی خۆمان ، بۆیه‌ لێره‌به‌دواوه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی ڕوبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی لێسه‌ندنه‌وه‌ی ماف و ئازادیه‌كان ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وكه‌مه‌ ئازادیه‌ی كه‌به‌ماندوو بونێكی زۆر سه‌پێنراوه‌ ، بۆیه‌ ده‌بێت ژنان و كه‌سانی ئازادی خوازو علمانی دژی به‌ ئیسلامی كردنی كۆمه‌ڵگابوه‌ستنه‌وه‌و به‌ر به‌دامه‌زراندی كۆمارێكی ئیسلامی بگرن له‌كوردستان ، ئه‌گه‌رنا گه‌یشتن به‌ئازادی و سه‌پاندی مافه‌كان ده‌بێته‌ وه‌هم .

 Siwa_xan@yahoo.com

 سوید
 9/11/2008
 

Previous
Next

Leave a Reply