Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
فرەژنی مەلهەی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان …2

فرەژنی مەلهەی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان …2

Closed
by April 17, 2012 ژنان



درێژەی بابەتی: فرەژنی مەلهەی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان
!

لە درێژەی بابەتی پێشودا بە ناوی “فرەژنی مەلهەی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی مەسوڵمان”  وە هەروەها وەکو وەڵامێک بۆ رەخنەکان کە لەسەر ئەو بابەتە گیرابو، بە پێویستم زانی رون کردنەوەیەکی زیاتر بکەم بۆ دەرکەوتنی راستییەکانی دیاردەی فرەژنی.
هەر وەک لە بابەتی یەکەمدا هاتوە، فرەژنی اللە کە پیاوە ڕێگای پێداوە و حەڵاڵی کردوە. پێغەمبەری ئیسلام وەکو ئامرازێک لە پێناو داگیرکردن و تاڵان کردنی وڵاتان دا بۆ پیاوانی موسوڵمان بەکاریهێنا و کردی بە یاسا. تەنها پیاوان خاوەنی بریارن لە ژنهێنانەوەی دوهەم و سێهەم و چوارەم دا. ژنان لێرەدا تەنها وەک ئامرازێک چاو لێ دەکرێن و بەکار دەهێنرێن بۆ جێ بەجی کردنی ئەو یاسایە. لێرەدا هیچ حیسابێک بۆ هەست و کەرامەت و بونی ژنان ناکرێت و  نرخ و بەرژەوەندیان لە بەرچاو نەگیراوە.
مەلاکان لە وتارە ئایینیەکانیاندا، بەوپەری شانازیەوە ئیدعا دەکەن کە موسوڵمانان و کۆمەڵگا ئیسلامییەکان لە سایەی ئیسلامدا کۆمەڵگایەکی پاکە و دورە لە زینا و کاری فەحشا. لە هەمان کاتیشدا دەڵێن سودی یاسای فرەژنی ئەوەیە کە پیاوان توشی گوناه نابن و زینا ناکەن، یان فرەژنی باشترە لەوەی کە پیاو خیانەت لە ژنەکەی بکات.
 ئەگەر ئیسلام مایەی پاکی و ڕەوشت بەرزیە بۆ ئینسان و کۆمەڵگا دەپارێزیت لە فەحشا، دەبواێە پیاوانی موسوڵمان راستەوخۆ و بە بێ یاسای فرە ژنی، خۆیان دور بگرتایە لە کاری فەحشا و زینا و خەیانەتیان نەکردایە. یاسای فرەژنی فەرز و واجب نیە لە سەر پیاوی موسوڵمان. زۆر پیاو تەنانەت ئەگەر زۆریش دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵات بێت، کەڵک لە یاسای فرەژنی وەرناگرێت و ژنی دوهەم و سێهەمی ناوێت و حەزی لە فرەژنی نیە. پیاوانێکی موسوڵمان کەڵکی لێ وەردەگرن و بە دوای فرەژنەیەوەن کە بە بێ یاسای فرەژنیش زینا کار و خەیانەتکارن. ئیسلام بۆ داپۆشین و شاردنەوەی ئەم بەدڕەوشتیانە و بۆ ئەوەیکە پیاوانی موسوڵمان بە زینا کار و خایەن ناو نەبرێن، ڕێگای بە فرەژنی داوە. ئەگەر فرەژنی لە جێگای ئەوەیە کە پیاوان زینا نەکەن و خەیانەت لە ژن و منداڵی خۆیان نەکەن، ئەم ڕاستییە دەسەڵمێنێ کە فرەژنی لەسەر ئەساسی تاوانکاریی پیاوی موسوڵمان بونیات نراوە و کاری بە پاراستنی هەست و کەرامەت و ژیانی ژنانەوە نیە. لە راستیدا فرەژنی دروست وەکو مەلهە وایە کە پیاوان تەنها وەکو وەسیلەیەکی سێکسی چاو لە ژن دەکەن و کاریان بە هەست و کەرامەت و ژیانی ئەو ژنانەوە نیە کە لە گەڵیان دەخەون.
پیاوانی موسوڵمان پێان وایە ئەگەر بە حەڵالی لەگەڵ ژنی دیکە ببن و ژن هێنانەوەیان بە ژنی پێشو ڕاگەیەنن، ئیتر خایەن نین و بە خایەن تاوانبار نابن. خیانەت پەیوەندی بە حەڵاڵ و حەرامەوە نیە، بەڵکو بە خودی کارەکەوەیە کە چەندە زیان بە کەسی بەرانبەر دەگەیەنێت. ئاگادر کردنی ژنی یەکەم لە هێنانی هەوێ، هیچ لە تاوانەکە کەم ناکاتەوە و هەمان کاریگەری زیانباری هەیە لەسەر هەست و باری دەرونی ئەو ژنانەی کە ژن بەسەریاندا دێنن. 
تاوانی دیاردەی فرەژنی زۆر رون و ئاشکرایە. بەڵام بە قەدەغە بونی پرسیار و لێکۆڵینەوە لە یاسا و دیاردە ئیسلامییەکان، وەهەروەها قەدەغە بونی گفتوگۆ و گوێگرتن لە بیروبۆچون و هەڵوێستی جیاواز، قۆرخ کردنی دین لە لایەن پیاوانی ئایینیەوە، ڕێبەران و سەرانی ئیسلام  توانیویانە گەمارۆی ئەقڵی موسوڵمانان بدەن و کۆنترۆڵی تەواوی بیرو بۆچون و هەڵوێستیان بکەن. بەم شێوەیە پەردەیەکیان بەسەر زەین و چاوی خەڵک دا داوە تا راستیەکان نەبینن. پیغەمبەر کاریگەری  و ئاکامی یاسا ئیسلامییەکانی لە سەر موسوڵمانان بۆ دەرکەوتوە کە چۆن موسوڵمان لە سایەی ئیسلامدا بێ هەڵوێست و بێ دەسەڵات و بێ هۆش دەبن. هەر بۆیە لە وەسفی کەسایەتی موسوڵماناندا  لە حەدیسێکیدا دەڵێ:
المٶمن کالجمل الأنف، اذا قید انقاد، واذا انیخ علی صخرة أستناخ.
یانی، موسوڵمان یان ئیماندار وەکو (الجمل الأنف) حوشتری حەڵقە لە لوت وایە. ئەم حوشترە چون و یان بۆ کوێ رایکێشی، لە کوێ چۆکی پێ دابدەی، ئەگەر لە سەر گاشە بەردیش بێت چۆک دادەدات. 
(الجمل الأنف) یانی، حوشتریکە کە لوتی کون دەکەن و حەڵقەیەک لە لوتی دەکەن وهەوسار لە حەڵقەکە دەکەن. بۆ ئەوەی لە کاتی ڕاکێشاندا ئازاری پی نەگات، زەلیل و داماو و بە بێ دەڕبڕینی هیچ ناڕەزاییەک بە ئەمری خاوەنەکەی دەکات و بۆ هەرکوێ بیبات دەڕوا، لە هەر کوێ داینەوێنێت دادەنوێ.
پێناسەی پێغەمبەر بۆ موسوڵمانان بەم شێوەیە، سوکایەتی و ئیهانەیە بە کەرامەتی ئینسان و  ناوەڕۆکی دژی ئینسانی ئایینەکە دەردەخا کە بە ترس و تۆقاندن و مێشک شتنەوە ئینسانەکان بێ هۆش و بێ نرخ  و داماو دەکا. سوک و بێ نرخ بونی ئینسان لە لای ئیسلام لە ئایەتی ٣ی سورەتی النساء دا کە بریتیە لە کۆمەڵێک ئیهانە و تاوانی دژ بە ژنە، زۆر رون و ئاشکرا خۆی دەنوینێت. لەم ئایەتەدا اللە بە پیاوانی موسوڵمان دەڵی:
 وَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تُقْسِطُواْ فِي الْيَتَامَى فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاَثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُواْ فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلاَّ تَعُولُواْ.
یانی، هەرچەندە و کامە ژنەتان پێ خۆشە بگێن دو، سێ، چوار ئەگەر ترسی ئەوەتان هەبو کە نەتوانن عادل بن لە نێوانیان دا، ئەوا یەک ژن، یان کەنیزەکانتان بەکار بێنن، چونکە کەنیزەکان خەرجیان نیە لەسەرتان و هیچ مافێکیان نیە.
مسوڵمانان هیچ کاتێک و بە هیچ شێوەیەک ئەم ئایەتە تا دوایی ناخوێننەوە و شی ناکەنەوە. بۆ دورخستنەوەی سەرنجی خەڵک لەسەر تاوانەکان کە پێکهاتەی ئەم ئایەتەیە، تەنها چەخت لەسەر وشەی (تعدلوا) دەکەن کە لەم ئایەتەدا هاتوە و بڕێک مانای عاتفی پێدەبەخشێ. مەلاکان دەڵێن: اللە ئەمر بە پیاوان دەکات کە عادیل بن لە نیوان ژنەکانیاندا، ئەگەر نا ئەوا یەک ژن نیکاح بکەن. لێرەدا دەوەستن و ئایەتەکە تا ئاخیر ناخوێننەوە، چونکە خوێندنەوەی ئایەتەکە تا ئاخیر قەباحەتێکی دیکەی دینی ئیسلام دەردەخا کە لە تاوانی فرەژنی گەورەترە، ئەویش مەسەلەی کۆیلە و تەجاوەز بە کەنیزەکانە لە ئیسلامدا.
هاتنی وشەی تعدلوا لەم ئایەتەدا و بەکارهێنانی وەکو نمونە بۆ باس کردن لە عەدالەتی اللە و چۆنیەتی پاراستنی ماف و حورمەتی ژنان لە ئیسلامدا جیگای سەرسوڕمانە. چونکە دابەش کردنی کۆمەڵگای ئینسانی بە دو چینی جیاواز، چینی کۆیلەدار و چینی کۆیلە، دانانی ژنان بە ئامێرێکی سێکسی بێ هەست و کەرامەت، رێگا پێدان و حەڵاڵ کردنی (فانکحوا)ی ژنان بە ناوی فرەژنیەوە، تەجاوەز کردن بە ژنانی کۆیلە بە ناوی موڵکی یەمین لەم ئایەتەدا، ئەوپەڕی نائینسانیە و دور بون و بەری بونی ئیسلامە لە عەدالەت.
لە لایەکی دیکەوە، خودی اللە لە ئایەتی ١٢٩ی سورەتی النساء دا بە موسوڵمانان دەڵێ: دڵنیاشبن هەرگیز ناتوانن هەرچەندە هەوڵیش بدەن کە بتانەوێ بە یەکسانی و بێ جیاوازی لە گەڵ ژنانی خۆتاندا رەفتار بکەن. ئەمەش دەقی ئایەتەکەیە
وَلَن تَسْتَطِيعُواْ أَن تَعْدِلُواْ بَيْنَ النِّسَاء وَلَوْ حَرَصْتُمْ فَلاَ تَمِيلُواْ كُلَّ الْمَيْلِ فَتَذَرُوهَا كَالْمُعَلَّقَةِ وَإِن تُصْلِحُواْ وَتَتَّقُواْ فَإِنَّ اهَّتَ كَانَ غَفُورًا رَّحِيمًا.
فرەژنی لە سەر ئەساسی بە ناو ڕێگرتن لە زینا و خیانەت دانراوە. بە وتەی خودی اللە دەستەبەر بونی عەدالەت لە نێوان ژناندا تەنها لە خەونی شاعیرانە دایە. بەشی دوهەمی ئایەتی ٣ی سورەتی النساء کە تایبەتە بە کەنیزەکان، تێیدا اللە رێگا بە تەجاوەز بە کەنیزەکان دەدا و حەڵاڵیان دەکا بۆ پیاوانی موسوڵمان. لە دونیای ئەمڕۆدا ئەم تەعەدا و تەجاوزانە بە ژن، وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی بە جیهان ناسراوە و لە لایان رێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانییەوە مەحکوم و قەدەغە کراوە و کاری پێناکرێت. بە هەمان شێوە دەبێ بەشی یەکەمی ئایەتەکەش کە ڕێگا بە (فانکحوا) ی سێ و چوار ژن دەدات، مەحکوم بکرێت و یاسای فرەژنیش هەڵبوەشێتەوە و قەدەغە بکرێت. میللەتی کورد دەبێ ئەم دیاردە نا ئینسانیە رەد بکەنەوە و مەحکومی بکەن. ژنان چیتر ڕێگا نەدەن بە ئامراز دابنرێن و بۆ لابردنی  تاوانی زینا و خیانەت لەسەر پیاوان بەکار بهێنرین. نابێ سوکایەتی کردن بە هەست و کەرامەتیان قبوڵ بکەن. چیتر رێگا نەدرێ بە ناوی فرەژنیەوە ژنان بە سێ و چوار مەلهەی تایبەتیی بۆ پیاوانی موسوڵمان پێک بێنن.

 

بەهار نەسرەدین
١٥/٤/٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.