Skip to Content

Monday, November 29th, 2021

فڕۆكەوانەكە چۆن فڕی؟…ستیڤان ئەحمەد شەمزینانی

Be First!
by January 24, 2009 گشتی

 فڕۆكەوانەكە چۆن فڕی؟
 ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"
 
 لەمیتۆلۆجیای گریكیی كۆندا، "ستێڤان دیدالیۆس" ئەندازیار یان دیزاینەرێكی بیناسازیی ناودارەو بنیاتنەری قەڵای ئەفسانەیی "كریت"ە، ئەو قەڵایەی چەند لوغزێكی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووەو تەنێ "دیدالیۆس"و خودی پادشا نەبێت هیچ كەس بەنهێنییەكانی نازانن، وەختێك دیدالیۆس بەدركاندنی نهێنییەكانی دەرگای قەڵا خیانەت دەكات، پادشا بەندی دەكات لەناو هەمان قەڵادا، دیدالیۆس دووباڵ  بۆ خۆی وئیكارۆسی كوڕی دروست دەكات ودەفڕن، بەڵام چونكە باڵەكانی ئیكارۆس لەمۆم دروستكرابوون بەتیشكی خۆر دەتوێننەوەو بەر دەبێتەوە سەر زەوی، هەرچی "دیدالیۆس"ە، دەگاتە چەقی خۆر وئێستاشی لەسەر بێت هەر نەهاتەوە سەر زەوی. لەوە دەچێت "تاریق رەمەزان" ئەو فڕۆكەوانەی كیمیابارانی هەڵەبجەی كردو لەلای ئاسایشی سلێمانی زیندانی بوو، بەهەمان شێوەی دیدالیۆس بەكردەی فڕین هەستابێت ودووباڵی عەرەبیی لەوەی "عەبباسی كوڕی فیرناس"ی بەخۆوە بەستبێت وبەرەو دەوحە یان دوبەی یاخود پایتەختی وڵاتێكی خۆرئاوایی فڕی بێت و ئاسایشی شاریش پاسەوانیی كردبێت نەكا راوچییەكی یاخی بیر چووبێتەوە راو قەدەغەیە تاپڕێكی پێوە بنێت وریسەكە ببێتەوە بەخوری. سەیرە، ئاسایشی شار هەموو رۆژێك سەد جار لاف وگەزافی توندوتۆڵی زاڵگەكان وچاوتیژیی موعتەمیدەكان وگوێقوڵاخی جاسووسەكانی گەڕەك وپرۆفیشناڵی ئەفسەرو كارمەندەكان وبەهێزیی نەخشەی ئەمنیی بەسەر خەڵكی رەش ورووتدا لێدەدەن، ئاخۆ تۆ بڵێی چۆن ئەم فڕۆكەوانە نامۆیە بەخەڵكی شار، ئەو هەموو سنوورە قایمەی ئاسایشی بڕیبێت وخۆی رزگار كردبێت؟، ئاخر ئەوەتا خەڵكانێك هەن دادوەر بڕیاری بێتاوانیی وئازادبوونی بۆ دەركردوون وهێشتاش ئاسایش قایل نییە لەزیندان بیانهێنێتە دەرەوە، چۆن بوو ئەم فڕۆكەوانە وا بەسووك وهاسانی غیرەتی كرد لەو هەموو تەونەی ئاسایش وسلكە ئەمنییەكانی تر خۆی دەرباز بكات؟. بۆ ئاسایش وكاربەدەستانی سلێمانی وا باشتربوو بڵێن خۆمان ئەو فڕۆكەوانەمان ئازادكرد نەك هۆنینەوەی ئەم پاساوە بێ بناغەو بێ مانایانە. بەدەستی خۆم نییە كاتێك هەواڵی هەڵهاتن یان رێگەخۆشكردن بۆ هەڵهاتنی ئەم فڕۆكەوانە ئێراقییەم بیست، "ئادۆڵف ئایشمان"م هاتەوە یاد، لەبەرئەوە نا چارەنووسی ئەو فڕۆكەوانەو ئایشمان لەیەكتر دەچن، نەخێر بەپێچەوانەوە ژبەرئەوەی هەردوو گەلی بندەستی كورد وجوولەكە لەرابردوودا تراژیدیاو پاكتاوكردنەكەیان لەیەكتر دەچێت، بەڵام مامەڵەكردنی هەریەك لەم دووگەلە لەگەڵ كۆمەڵكوژیی وتاوانبارانی ئەو پرۆسێسەدا ئاسمان ورێسمانی نێوانە، ئاخر جوولەكەكان لێ نەگەڕان هیچ تاوانبارێكی نازیی بەئیسراحەت پاڵی لێبداتەوە، وەك كورد دەڵێت كونە مشكیان لێكردن بەقەیسەری. ئەوەتا دوای 16 ساڵی تەواو بەسەر داڕووخانی ئەڵمانیای نازیدا، جوولەكەكان "ئادۆڵف ئایشمان"ی وەزیرو گەورە نازیی دەدۆزنەوەو دەیهێننەوە بۆ ئیسرائیل ودوای دادگاییكردن سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێنن و جێبەجێشی دەكەن. دروست سەدو هەشتا پلە بەپێچەوانەوەی جوولەكەوە، كوردەكان نەك وڵاتانی ترو كیشوەرەكانی دیكە بەدوای تاوانبارانی گەلكوژییدا ناگەڕێن، بەڵكو لەناوخۆی وڵاتەوە جەعفەر بەرزنجی و هەندێك ناوی تری هاوشێوە كاریان بۆ دەكرێت وجانتای سەفەریان دەدرێتە دەست بۆ جەرگەی ئەوروپا، تەنانەت كەسانی وەك "وەفیق سامەرایی" دەبنە راوێژكاری سەرۆك كۆمارە كوردەكە، لەوەش بترازێت بەشێك لەسەركردە كوردەكان لەناویاندا سەرۆك كۆمار شەفاعەت بۆ تاوانبارانی وەك سوڵتان هاشم دەكەن، لەدواتریشدا بەقودرەتی قادرو لەژێر سایەی ئەو ئاسایشەی كەروێشك بەعەرەبانە دەگرێت كاك فڕۆكەوان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچێت. هەموو ئەم رووداوە سەیرو نانەتەوەییانەی لەكوردستان روودەدەن، زێدەتر وامانلێدەكەن بڕوا بهێنین بەتێزی "ئینگمار كارلسۆن"ی باڵیۆزی وڵاتی سوێد لەتوركیا، چونكە ناوبراو بڕوای بەوەیە كوردستان وڵات نییەو كوردیش هەرگیز نەتەوە نەبووە، لەژێر هەمان ناونیشانیشدا تازەترین پەرتووكی خۆی بڵاوكردۆتەوە. كارلسۆن لەكتێبەكەیدا "كوردستان وڵاتێك كە نییە" دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت كوردەكان نەتەوە نین وكوردستانیش وڵات نییە، چونكە وەك ئەو ئاماژەی بۆ كردووە كوردەكان هێندەی ئینتمایان بۆ مەزهەب و رێچكەی ئاینی هەیە نیو هێندە ئینتمایان بۆ وڵات ونەتەوە نییە، تائەوەی پێیوایە سەركردە رامیارییەكانی كوردیش ئەوەندەی وەلائیان بۆ تەریقەتی قادری ونەقشبەندی هەیە بەچارەگی ئەوە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانیان نییە. سەرەتا خۆم پێموابوو كارلسۆن قین لەدڵ وبەكرێگیراوی توركەكانە، كەچی ئێستا هەست بەوە دەكەم هەروا لەخۆڕا نییە، سوێدییەكی وەك ئینگمار كارلسۆن لەوسەری دنیاوە بێت ئەم كتێبە بنووسێت، دیارە ئێمە هیچ نەبێت بەشێك لەو خەسڵەتە خراپانەمان تێدا هەیە، بۆیەكا باڵیۆزەكەی سوێد لەكتێبەكەیدا بەوجۆرە وەسفی كورد دەكات. ئەگەر زیادەڕەویش كرابێت لەهەندێ مەسەلەداو هەندێك خاتری توركەكانی تێدا گیرابێت، گومان لەسەر ئەوە نییە زۆرێك لەو فاكتانەی لەكتێبی ناوبراودا هەن دوای شەن وكەوكردنێكی جیددی رەفتاری ئێمەی كورد لەبەرەبەیانی مێژووەوە تا بەئەمڕۆ دەگات هاتووە. خۆ ئەگەریش كارلسۆن جارێكی دیكە كتێبەكەی چاپ بكاتەوە، لەپێشەكی چاپی دووەمدا هێما بۆ رێگەخۆشكردن بۆ هەڵهاتنی ئەم فڕۆكەوانە دەكات ودەیكاتە بەڵگەو نموونەیەكی تر، بەمەبەستی سەلماندنی نەتەوە نەبوونی كوردو وڵات نەبوونی كوردستان. فڕینی ئەم فڕۆكەوانە لەزیندانەكانی ئاسایشەوە جارێكی كەسانی وەك كارلسۆن دڵنیا دەكاتەوە، كوردەكان هەتاوەكو نووكەش نازانن نەتەوایەتی چییەو ئەقڵیان بەپاراستنی سنوورە نیشتمانییەكان ناشكێت، كارەساتی ئێمەی كورد لەمێژوودا هەر ئەمە بووە نەك شتێكی تر، ئاخر ئەگەر وانەبوایە فاتیكان كەهێندەی گەڕەكە بێ ئاوەكەی ئێمە نابێت نەدەبووە حكومەت، لەولاشەوە كوردستان بەچل ملیۆن دانیشتوانەوە ئاوها لەت لەت نەدەبوو.
 Shamzini79@hotmail.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply