Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فەلسەفەکردن و گەڕان بەدوای بنچینەدا

فەلسەفەکردن و گەڕان بەدوای بنچینەدا

Closed
by May 7, 2012 فەلسەفە

فەلسەفەکردن و گەڕان بەدوای بنچینەدا
ماف بۆ فەلسەفەکردن
ئازاد حەمە

 

 

هەمیشە بۆ فەلسەفەکردن [ Philosophising – Philosophizing ] (1) پرسیاری بۆ؟ و چۆن؟ گرینگی خۆیانیان هەبووە. بۆ ئەو شتە وایە ؟ چۆن ئەو شتە وایە؟ چۆن من بووم ؟ بۆ من هەم؟ بۆ و بۆ و بۆ ؟؟؟؟ مانایان لە فەلسەفەکردندا زۆر بووە و لە پرسیارە مەغزائامێزەکانیشبوونە. فەلسەفە هەر لە سەرەتاوە ویستویەتی لەوە تێبگات چۆن؟ و بۆ ؟ مرۆڤ دەیەوێت لە بنچینەی شتەکان بگات. ئەو دەمەش فەیلەسوفان ئارەزووی بیرکردنەوەیان لە بۆیەتی و لە چۆنیەتی گەیشتن بە بنچینەی شتەکان کردووە بە دەرهاویشتەی (2)پێویست و بیرۆکەی متمانەدار گەیشتوون. لەڕووی فەلسەفیشەوە ئەو پرسیارانەی لای تووخمی مرۆڤ  کەڵەکەبوونە نەک هەر وەڵامییان دروستکردووە بەڵکو پرسیاری تر و بۆ و چۆنی پتری تریشیان لەگەڵ خۆیانهێناوەتە ناو فەلسەفەوە. ئێمە هەین و مرۆڤین نەک بەرد ، ئەم هەبوونە ، بەپێیئەوەی خاوەنی هوشیارین، دەتوانێ پرسیارمان لەسەر بچینەمان لادروستکات و لکان لە تێگەیشتنمانا لەنێوان بوونمان و بینینمان بۆ بوونمان بسازێنێ. ئەمەش مافێکی تیامانا دروستکردووە بەناوی ماف بۆ فەلسەفەکردن. ئەم مافە پێشگرتنەلەوەی هیچنەڵێین و لە هیچحاڵینەبین. بەمشێوەیە، ماف بۆ فەلسەفەکردن دەرفەت لەبەردەم تیۆریزەکردن دا دەکاتەوە و هەنگاوی یەکلاکەرەوانە بەرهەمدێنێ. چونکە تووخمی مرۆڤ ئەم مافەی بۆخۆی وەدەستهێناوە تا لە بێهوودەی و دوودڵیەکان دەربازیبێت و تێگەیشتن لەسەر ئەو شتانە لایخۆی پێکبێنێ کە واقوڕمانی تیاسازاندووە. بەدیوەکەی تری، ماف بۆ فەلسەفەکردن هەمیشە ماف بووە بۆ گەڕان بەدووی بنچینەی شتەکان یان بەدیهێنانی شیکاری جیا بۆ ڕیشەی دەرکەوتن و دۆخی بوونی ئەو شتانە و ئامانج لە بەردەوامییان.
ئەوەی ئێمە پێویستمان بە هەناسەدانە و گەر دووچاری تەنگەنەفەسی بێین ناساغدەبین و دواتر ڕەنگە بمرین ئەمە لەخودیخۆیدا پرسیاری فەلسەفی دەخاتەوە لێ ئەمە پرسیارخستنەوە نییە لەسەر مەرگ بەڵکو پرسیارخستنەوەیە لەسەرئەوەی بۆ دەبێت بە هۆی تەنگەنەفەسییەوە بمرین؟ هەناسە دەبێ چیبێت و بۆ دەبێ هەبێت یان پێویستمان پێیبێت؟ ئایا نەدەکرا مرۆڤ بێ هەناسەدان بژیت؟ ئەگەرچی ئێستا و ئەمڕۆ ئەم جۆرە پرسیارە فەلسەفیانە وەک پرسیارهاێکی پزیشکی یان کارئەندامزانی تەماشادەکرێن و لەوەبوونەتەوە فەلسەفیبن بەس ئەم شێوە پرسیارانە و ماف بەخۆدان بۆ خستنەژێرپرسیاری هۆکارەکانی مانەوە و نەمانەوەی تووخمی مرۆڤ لەدێرزەمانەوە خۆیان وەک پرسیارگەلێ فەلسەفی نیشانداوە و بەشێکیشبوونە لە مافە فەلسەفیەکانی مرۆڤ. بۆیە پرسیارە فەلسەفیەکان لە گشت پرسیارەکان دێرینترن. پرسیارەکان سەرەتا فەلسەفیبوونە و دواتر ، دوای دروستبوونی زانستەکان(ماتماتیک، کیمیا، ڕەووشت، فەلەکناسی، زیندەوەرناسی، و…..) و جیابوونەوەیان لە زانستی دایک(کە فەلسەفەیە) ، ناوی تر و ئاوەڵناوی دییان بۆ دامەزراوە. واتە سەرەتا فەلسەفەکردن گشتێتی بەخۆوە دیوە. لێ پاش ئەوەی پۆل پۆل ئەو زانستانە لە فەلسەفە جیابونەتەوە لەژێرناوی ئەو زانستەی پێکیانهێناوە پەرەیان بە بوونی زانستی خۆیان داوە و پرسیاری خۆیانیان کردوە. لێرەشەوە ووردە ووردە پرسیارەکان لە فەلسەفە ترازاون و هەر زانستە و ماڵی پرسیاری خۆی بەجیا چێکردووە. بۆنموونە، پرسیاری فیزیای بەجیا لە پرسیاری ڕەووشتی ، هەروەها پرسیاری ماتماتیکی بەجیا لە پرسیاری جوانکاری یان فەلەکی هاتۆتەسازاندن و سەرگەرمی شیکارسازی و پرسیارخستنەوەی خۆیانبوونە. بەس ئەمە پرۆسەی فەلسەفەکردنی نەوەستاندووە. فەلسەفەکردن هەر بەردەوامە چونکە ئێمەی مرۆڤ بەردەوامین، چونکە ژیان بەردەوامە و تێگەیشتن لە بنچینەی شتەکانی ناو بوونمان درێژەی هەیە. ئەمەش دیسانەوە لەسەرئەوە نیشانەیە کە ماف بۆ فەلسەفەکردن بەردەوام و بایەخدارە. 
بۆئەوەی لەسەر ئەوی لایسەرەوە دەرگامان لێکردەوە بەردەوامبین ئاماژەبە دوو لایەن دەکەین، لایەنی یەکەم ئەوەیە تێڕامانە فەلسەفیەکانی ئێمە لەم نووسینە خۆیان بەو شێوازە فەلسەفیەی نیچەوە  Nietzsche گرێنادەنەوە ناوبراو بەناوی ژینالۆژی Genealogy بۆ گەڕان بەدووی ڕیشەی وشەکان و ڕەگەز و ئەسڵیان ئەنجامیداوە. چونکە ئەوی نیچە لەڕێگای شێوازە فەلسەفیە ژینالۆژییەکەیەوە کردویەتی قوڵبوونەوە و قڵپکردنەوەی بەهای شتەکان بووە کە ئەمەیان لە مێتۆدی نووسینەکەی ئێمەوە دوورە. لایەنی دووەم ئەوەیە ئەو تێڕامانە فەلسەفیانەی لێرە دەیخەینەڕوو قوورسایدەخەنە سەر ڕوونکردنەوەی کردەی فەلسەفەکردن و  ئامانجی ئەم کردەیە لە گەڕان بەدووی بنچینەکان دا. لێرە و لەم کۆنتێکستەدا بنچینە ئەو شتەیە فەلسەفە لەڕێگایەوە ووتنی خۆی بەردەوام کردووە و ژیانی هزری خۆی پەرەپێداوە. ئەو گەڕانە ڕێنومای هێناوەتەکایەوە چۆن لە بنەڕەتی، لە ڕیشەی ، خۆمان و ئەوانەش بە ئێمەوە گرێدراون حاڵیبین. کەوابێت، بمانەوێت و نەمانەوێت فەلسەفە لەڕێگای ئەو گەڕانەوە خەسڵەتەکانی خۆی بەیانکردووە و ئەوەشی ڕوونکردۆتەوە بۆ هەیە. دیارە هەبوونی فەلسەفە تاهەنووکەش بۆ زۆرینە هەرس نابێت و لەگەلێڕووشەوە ئەو هەرسنەکردنە لقوپۆپی زۆری لێبوەتەوە. لێ بەپێئەوەی فەلسەفە پرۆسەێکە لەناو مرۆڤەکان و لەنێوانیانیشدا ئامادەیە(3) ئەمە وایکردووە فەلسەفە بڕانەوەی نەبێت ، یان بڕانەوەی فەلسەفە بە بڕانەوە و نەمانی مرۆڤەوە گرێدرێتەوە. هەر تایبەت بەم لایەنە دەشێ نموونەێک بێنینەوە. فەلسەفە و مرۆڤ وەک دار و بەرەکەی وایە. ئەو کاتەی دارەکە بنەبڕدەبێت یان لەبێ ئاوی وشکدەکات و یاخودیش لەئاکامی ڕووداوێکەوە دەسووتێت ئیتر قسە لە بەری ئەو دارە دەبڕێتەوە و کەس بیری بۆ بەروبوومی دارەکە ناچێت. لێ بەپێئەوەی مرۆڤ لەئێستادا بێ بڕانەوە خۆی نیشاندەدات و بوونی خۆی بەلاوە مەبەستدارە فەلسەفە ناکارێ خۆی لە بوونی ئەم مرۆڤە خافڵکات. خافڵنەبوونی فەلسەفە لە بوونی مرۆڤ دەرگا لە مافێکیش دەکاتەوە بەناوی ماف بۆ فەلسەفەکردن. ئەم مافە ڕۆژانە لقوپۆپدەهاوێتە ناو ژیانی مرۆڤ و سیما و خەسڵەتەکانی ئەو ژیانە ڕاڤەدەکات. ئەوی ئەو مافە بۆ مرۆڤ دەستەبەردەکات هوشیاریەتی. ئەم هوشیاریە زانین لەسەر بوونی ماف بە تووخمی مرۆڤ دەدات. واتە هوشیاری لای مرۆڤ یەکەم هەنگاوە بۆ دروستبوونی هەستی ماف بۆ فەلسەفەکردن. هوشیاری کە ماف بۆ فەلسەفەکردن لای تووخمی مرۆڤ فەراهەمدەکات مرۆڤ لە گشت بوونەوەرەکانی دی جیادەکاتەوە. کەوابێت پێوەندیێ ماتماتیکی لەنێوان بوونی مرۆڤ، بەمرۆڤبوون، و هوشیاری و کردەی مافی فەلسەفەکردندا هەیە. بەمجۆرە بێت شێت کە عەقڵی لەدەستداوە (یان خاوەنی هوشیاری نییە) مافی فەلسەفەکردنی نییە؟ یاخود فەلسەفەکردن مافێکە تەنیا بۆ عەقڵدارانە (هوشیاران)؟ لەڕێگای ئەم پرسیارەوە دەکرێ بگەینە ئەو تێگەیشتنەی فەلسەفەکردن مافێکە بۆ ئەوانەی بەتەندروستن. شێت کە عەقڵی لەدەستداوە ناتوانێ پرسیارە بنچینەیەکان شیکارکات و توانای سازاندنی پرسیاریشی نییە. لێرە مەبەستە پرسیاری فەلسەفییە. چونکە شێت ، بەدڵنیایەوە ،دەتوانێ بپرسێت. بۆنموونە دەتوانێ بپرسێت بۆ ئاوم نادەیتێ؟ ئەمە پرسیارێ سادەی بێهزرە کە شێت دەکارێ بیکات، بەس شێت ناکارێ و توانای ئەوەی نییە پرسیاری هزرئامێز بسازێنێ. بەس ئەوە پرسیاێ زێدە فەلسەفییە کە شێت بکارێت بپرسێت بۆ شێتم؟ یان بۆ شێتبووم؟ ئەفسووس شێت کە شێت دەبێت توانای ئەم شێوە پرسیارکردنانەی لادەبڕێتەوە. شێت لەم حالەتەدا وەک ئەو دارە سوتاو یان وشەکەوەبووە وایە لای سەرەوە باسمانکرد کە لەبەربوەتەوە. بەس بەو جیاوازیەی شێت دەکرێ چارەسەرکرێت، واتە بەتەندروستکرێت و دواتر بخرێتەناو کۆمەلگەوە تا توانای پرسیارسازی تیابڕسکێنرێت. وەلێ پێشمانوایە ئەوەی کە شێت هەیە، یان خودی دیاردەی شێتبوون مەسەلەێ ئاڵۆزی فەلسەفییە. چونکە خودی بابەتی عەقڵبوون و نەبوونی ئەم عەقڵە باسێ فەلسەفی دێرینە و فەلسەفە خۆی بە خاوەنی ئەمجۆرە باسانە دەزانێ و ئەرکی جۆراوجۆریش نواندووە تا دیاردەی شێتی ڕاڤەکات.
بەمشێوەیە بێت ماف بۆ پرسیارکردن و سازاندنی پرسیاری فەلسەفی کردەێ بەتەندروستانەی هوشیارئامێزە. چونکە هوشیارئامێزیەکە چرکەی خستنەژێرپرسیاری فەلسەفی فەراهەمدەکات و گەڕان لە بنچینەی شتەکان دەکات بە ئامانج. بۆیە مەبەستی ئێمە ، لەبنەڕەتدا، لە کۆنتێکستی ئەم نووسینەدا لە دەستەواژەی فەلسەفەکردن و گەڕان بەدوای بنچینەدا بۆ جەغتکردنە لەسەر ئەوەی فەلسەفەکردن کردەێ تایبەتە و ئاسۆی بیرمان بەریندەکات و لەسەر گەڕان و خولانەوەی بێووچان بەدووی وەڵام بۆ بنچینەی شتەکان ڕاماندێنێت. ئەمەش وادەکات فەلسەفە خۆی بە چەندوچۆنەوە کۆتوبەندکات. بیریشماننەچێت تا ئێمە مرۆڤ بین بۆ فەلسەفە هەمیشە زەمینە بۆ چەندوچۆنکردن بەرکەماڵە. ئەمەش تەنیا لەو پێویستیەوە دێت کە ڕۆژانە فەلسەفە سەرنجڕاکێشدەکات. ئیدی پێویستیمان بۆ فەلسەفە دەمانخاتەناو زۆنی فەلسەفەکردنەوە. واتە فەلسەفەدەکەین چونکە پێویستی بۆ ئەم فەلسەفەکردنەمان لەئارادایە. وەکیتر، بێ هۆ نییە فەلسەفەکردن و سەرچاوەی ئەو مافەی لەپشت فەلسەفەکردنەوەیە. گەر دوژمنانی فەلسەفە هیچ گرینگیێک بۆ ئەم فەلسەفەکردنە نابیننەوە لەبەرئەوەیە نایانەوێت لە بوونی خۆیان حاڵیبن و لەوەش دەترسن نەبا فەلسەفەکردن لە بنچینەی شتەکان بەئاگایانبێنێت. ئەمەش بەپێئەوەی فەلسەفە لێمانناگەڕێت شتەکان چۆنن هەرئاوا تێیانبگەین وەکئەوەی هەن. بەڵکو فەلسەفە بۆ؟ ئاواییبوونەکەی شتەکانی بەلاوە زێدە مەبەستە. بۆ فەلسەفە ئەوەندەی گرینگە بۆ دەمرین؟ ئەوە گرینگ نییە چۆن دەمرین؟ هەروەها بۆ فەلسەفە هیچکات ئەوە زیادلەپێویست گرینگ نییە بۆ حەزمان لە ژیانە؟ بەس ئەوەی بۆ لە مەرگ دەترسین؟ هەمیشە پرسیارێ وروژێنەر و خۆتازەکەرەوەی فەلسەفییە. ئەمە مانای ئەوە نییە مافی فەلسەفەکردنمان بەسەر ژیانەوە نییە. هەروەها بەو مانایش ناێت ژیان بۆ فەلسەفە ئامانج نییە. ئەوەی لەگشت ئەوانە بۆ فەلسەفە مەزنترە ئەوەیە کە فەلسەفە نایەوێت سەرگەرمی پرسیارە ڕوکەش و واڵاکانمانکات. ئەمە وادەکات بڵێین لەمیانەی ماف بۆ فەلسەفەکردنەوە پشکنین و لێپرسینەوە ببن بە مەرام و سەپاندنی فاکتە و سەڵمێنەکان ببن بە ئامانج. هیچکات ئەمانەش بەرهەمناێن گەر فەلسەفە سەرگەرمی چەندوچۆنکردن نەبێت.   
فەلسەفەکردن بێ چەندوچۆن ناژیت. فەلسەفەکردن بۆئەوە هەیە تا ئەو چەند و چۆنانە یەکلاکاتەوە و ڕیشەی هەریەکێکیان دەستنیشانکات. بۆئەوەی فەلسەفەکردن ئەمە بەجۆرێ کارا ، بێ بەرزکردنەوەی دروشم و بێ هوتافبێژی، ئەنجامدات کار لەسەر یەکلاکردنەوەی چەندوچۆنەکان دەکات. چونکە فەلسەفە دڵنیایە گشت ئەو چەندوچۆنانە ڕاڕایین. فەلسەفەکردنیش لەبەرامبەر ئەو ڕاڕاییانە هەیە. فەلسەفەکردن بەچاکی لە بنچینەی ڕاڕاییەکان دەگات و دەزانێت هەموو ڕاڕاییێک بێ هۆ نییە. ئەو دەمەی فەلسەفەکردن دەبێت ڕاڕاییەکان وەڵامی خۆیانیان دەستدەکەوێت. بیانووی مانەوەی تائێستای ماف بۆ فەلسەفەکردنیش نیشانەیە لەسەر هەبوونی ڕاڕایی. ڕاڕڕاییەکانی مرۆڤ لەبننایێن بۆیە فەلسەفەکردنیش لەبننایێت. دەرئەنجام لەو شوێنەی ڕاڕایی ئامادەیە فەلسەفەکردن سەرەتاتکێمان لەتەکا دەکات. بەمجۆرە بێت ئێمەی مرۆڤ بەری فەلسەفەکردنەکان دەخۆین. ئەمەش ئەوە دەسەپێنێت فەلسەفەکردنەکان نەک هەر پرسیارمان لا دروستدەکەن بەڵکو وەڵامیشمان بەردەستدەخەن. وەڵامەکان کە بۆ ئێمەی مرۆڤ پێویستن وەکیتریش لەسەر مانەوەی ژیانیش نیشانەن. کەوابێت فەلسەفەکردن مانەوەی ژیانمان بیردەخاتەوە. کەی توانیمان فەلسەفەکردن لەباربەرین ئەوا موحەقەق دەتوانین ژیانیش لەباربەرین. لەباربردنی ژیان شتێ نەشیاوە و ڕێگریش لە گەڕانمان بەدووی بنچینەی شتەکان دەکات. ئەمەش لەبەرئەوەی تائەودەمەی ژیان هەیە فەلسەفەکردن لەژێر ناوی بۆنموونە گەڕان بەدووی بنچینەی شتەکان بەردەوامدەبێت. چونکە مەرامی فەلسەفە ئەوەیە کە دەیەوێت لە شتەکان تێبگات. ئەمەش دیسانەوە ئەوە دەگەێنێت کە فەلسەفەکردن بیانوو نییە بەڵکو کۆششێکە بۆ ڕاڤەکردنی ئامانج لە هەبوون و مانەوەمان. ئەم کۆششە لەلایەن فەلسەفەوە بۆ تێگەیشتن لە بنچینەی ئەم هەبوونە دەکرێت. ئەمەش بەهۆیئەوەوەی کە حاڵیبونمان لە هۆی بوونمان ، لەوەش کە مەیلی هەمیشە مانەوەمان لایە ،پێویستی بە شیکردنەوەیە و ئەو شیکردنەوەیەش پرسیارە لەسەر بنچینە. جائەوە بنچینەی ئێمە بێت وەک مرۆڤ یان بنچینەی هاتنەدونیای ئێمە. بۆیە ئەو کاتەی بێزاریێک لە دەروونمانا دەڕسکێت گورج پرسیاری بۆ هەبوون و مانەوەمان لادروستدەبێت و پێویستمان بە ڕوونکردنەوە دەبێت و، هەچ تەقەلاێکیش کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بێزارییە دەدەرێ ئەوە لەخۆیدا هەنگاوهەڵگرتنە بەرەو فەلسەفەکردن. ئەو دەمەی فەلسەفەدەکەین دەمانەوێت لەوەتێگەین بۆ هەین و ئامانج لە بوونمان چییە. بۆیە هەمیشە ئەوانەی ویستویانە فەلسەفە بناسنەوە بەوە ناسویانەتەوە کە فەلسەفە ئەو شتەیەپرسیار لەسەر بوونمان و چارەنووسی ئێمە لەناو بوونا دەخاتەوە و ، ئەوەش بەردەوام یەکێک بووە لە هەرەپرسیارە ئەوەڵیەکانی فەلسەفە.
ئیدی بەمجۆرەبێت، هێزبەخشین بە کردەی فەلسەفەکردن هێزبەخشینە بە توانای گەڕان بەدووی بنچینەی شتەکان کە چۆن وا هەن و بۆش بەمجۆرە پێکهاتوون. بۆئەوەی لە بنچینەی خۆمان بگەین پێویستمان بە فەلسەفەکردنە. ئەم فەلسەفەکردنە ڕێگایئەوەشمان لێدەکاتەوە لەهەوڵیئەوەشدابین خۆمانبناسین. ڕاستە بۆئەوەی خۆمان بناسین پێویستمان بە هۆشە چونکە هەر ئەو هۆشەشە ئێمە لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە. بۆیە ئێمە کە توانای فەلسەفەکردنمان هەیە ، کە پرسیار لەسەر ڕیشەی خۆمان دەکەین، لەوەچووینەتەدەرێ ئاژەڵ بین. فەلسەفەدەکەین چونکە ئاژەل نین و توانایئەوەشمان تیاڕسکاوە لە بنچینەی خۆمان بکۆڵینەوە. بێمانا نییە کاتێ هێنری بێرگسۆن Henri Bergson پرسیاردەکات ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ و ئێمە کێین؟ بەس بەباوەڕی ئەم بیرمەندە فەڕەنسیە، کە ژیانی ڕۆحی لای سەرووی ژیانی مادی بووە، ئەم پرسیارانە ، کە گرینگن ، پێویستە لەڕووی فەلسەفیەوە بێ گەڕانەوە بۆ ڕێبازەکان لێیانبکۆڵێینەوە. بۆ بێرگسۆن دەیەوێت بێ گەڕانەوە بۆ ڕێبازەکان بە وەڵام بگەین؟ پێدەچێت ئەم بیرمەندە بیەوێت بە جۆرێ لە دەربڕین و شێوازێ لە بیرکردنەوە گرێمانداتەوە لە تێگەیشتنی ڕێڕەوییەوە دووربن. پێشتریش کانت Kantپێیوابووە فەلسەفە بیرکردنەوەیە نەک ڕێبازێک بۆ فێربوون. ئەوی بۆ ئەم دوو بیرمەندە گرینگبووە ئەوەبووە فەلسەفە چرکەێکە لە تێهزرین ئەمەش شتێ زێدە تاکییە و بەری تێهزرینی تاک خۆیەتی و لەدەرەوەی گشت ڕێباز و قووتابخانەێ هزرییەوەیە. ئەمەش بەو بیانووەی، ئەوەی ڕێباز و قووتابخانەکان پێکدێنن تێهزرینەکانن نەک بەپێچەوانەوە.
فەلسەفەکردن(یان تێهزرین) بۆ گەیشتن بە بنچینەی شتەکان ، کە ئەوە هەمیشە بۆ فەلسەفە تێڕامان و تیۆریزەکردنی پێشوەختبووە، ئێمەی مرۆڤی بەرەو ئەو شوێنە باڵایەش بردووە بەسەر سرووشت و ئەوی لە هەناوی سرووشتدایە زاڵبین و بۆ مەبەستی خۆشمان بەکاریبەرین، بەس زۆرینەخایاند ئەم زاڵبوونەی مرۆڤ بەسەر سرووشت بوو بە هەڕەشە بەسەر گشت ئەو بەهایانەوەی فەلسەفە پێشتر دەیخستنەژێپرسیارەوە ، یان فەلسەفە هەمیشە مرۆڤی لەسەر ئەوە ڕادەهێنا پشت لە بەها باشەکان نەکا و ، بۆ سەر بوونەوەرەکانی تریش مەترسی نەبێت یان بوون تێکنەدات. ئەمە ئەو مانایەشی هەیە فەلسەفەکردن لەکارکردن ناوەستێ و بنچینەی شتەکان یان کێشەکان پشتگۆێ ناخات و ، چاو لە ئاست دەستدرێژی و کەموکوڕیەکان نانوقێنێ. هەروەها ئەم لایەنە دیسانەوە ئاماژەیە لەسەرئەوەی  فەلسەفەکردن دژی کرداری خافڵبوون و خۆگێلکردنە. ئەوی دوێنێ فەلسەفە بەناوی زانستەوە پشتگیری لێدەکرد ئەمڕۆ ڕەخنەی دەکات. ئەو زانستەی لەهەناوی فەلسەفەدا نەشونمای کرد ئێستا لەسەر بوونی مرۆڤ هەڕەشە پێکدێنێ بۆیە فەلسەفە بەردەوام کاردانەوەی خۆی دەنوێنێت و هەنگاوی خۆیدەنێت. هەنگاوەکەشی، ئەڵبەتە، بریتیە لە فەلسەفەکردن. لەڕێگای ئەو فەلسەفەکردنەشەوە بنچینەی زانست دەخاتەژێرپرسیارەوە و ماهیەتی مرۆڤیش لەپێوەندی بەم زانستەوە شیدەکاتەوە.
شتێ زێدە بەدیهییە فەلسەفە و زانست لەپێوەندیدان بەیەکەوە و ئەم پێوەندیەش بۆ گەیشتن بووە لە بنچینەی شتەکان. زانست لەدوای سەدەی تازەگەریەوە ، واتە پاش سەدەکانی ناوەڕاست بەولاوە، توانیویەتی فەلسەفە ڕاکێشێتە ناو زانستەوە. هەروەها زانست لەمڕێگایەوە توانیویەتی فەلسەفێک تایبەت بەخۆی بێنێتەسازاندن. فەلسەفەی زانستی کە بەشێکە لە بەشەکانی فەلسەفە لەئێستادا فەلسەفەێ زانستاوی بۆ قسەکردن لەسەر کێشە فەلسەفیەکان بە زمانێ زانستی دروستکردوە. وەلێ ڕاستی فەلسەفی و ڕاستی زانستی دوو ڕاستی جیان. ڕاستی فەلسەفی دەرەنجامێ پراکتیکیە هەرچی ڕاستی زانستیە ئەوە دەرئەنجامێ تیۆری پووختە. فەلسەفە بەردەوامە لە گەیشتن بە ڕاستی وەلێ زانست ئەو بەردەوامیەی تیا نییە چونکە کار لەسەر  بیردۆزە و شیکردنەوە ناکات و پێوەندی بە ڕوونی و ئەبستراکتەوە زۆرترە لەچاو فەلسەفە. پێدەچێت ئەم تێگەیشتنە وامانلێکات بلێین : فەلسەفە لە گومڕاکان دەکۆلێتەوە، هەرچی زانستە پشکنین لە شتەکانا دەکات. بینینەوەی گومڕاکان بۆ فەلسەفە بینینەوەی بنچینەکانە. بۆئەوەی فەلسەفە گومڕاکان ببینێتەوە شیکاری خۆیدەستپێدەکات و لە گەڕان بەدوای شاراوەکاندا بەردەوامدەبێت. بۆیە خواستی فەلسەفە بۆ پشکنین خواستە بۆ چوونە سەر سەرچاوەکان و گەیشتن بە مۆڵگە و کانیاوەکان. 
بێمانا نابێت دەستبۆئەو لایەنەش درێژکەین کە، سەرنجدان و لێووردبونەوە لە فەلسەفەدا گرینگی خۆی هەیە. هەرچی زانستە بایەخ بە تاقیکردنەوە و مەشقکردنی شتەکان دەدا. سەڵێمەنە و بەڵگەهێناوە و هەروەها بەکاربردنی لۆژیک و بەهانەی عەقڵی لە کارەکتەکانی فەلسەفەیە. هەر بۆنموونە، فەیلەسوفێک کە گفتووگۆی کێشەێ دەکات بورهان و فاکتە دەخاتەبەرچاو و مەبەستیشی لەوە شیکردنەوە ئەنجامدانە و مەرجیش نییە وەک ئەو کیمیاناسەی لە تاقیگەێکدا کاردەکات بگات بە ئاکامەکان. چونکە کیمیاناسەکە بەلایەوە ئاکامەکان مەرجە و هەر بەهۆی ئەو ئاکامانەوە دەگات بەوەی چۆن بڕیار لەسەر ئەو شتە بدرێت کە تاقیکردنەوەی لەسەر ئەنجامدەدرێت. واتە فەیلەسوف دەکرێ کار لەسەر شتی وەسفی بکات بۆ ڕوونکردنەوەی دیاردەێک هەرچی پیاویزانایە زیاتر کار لەسەر شتی ناوەسفی و ئەبستراکتەکان دەکات.
بۆ داکۆکیکرن لەوی لایسەرەوە ووتمان پێداگیری لەوەش دەکەین کە، پێوەندی نێوان فەلسەفە و زانست کۆنە. چونکە فەلسەفە لەڕیشەوە لە پێوەندیدا بووە بە زانستەکانەوە. گەلێ لە فەیلەسوفانیش سەرەتاکانی پێوەندی فەلسەفە بە زانستەوە بۆ فیتاگۆرس (پیتاگۆرس) Pythagoras دەگەڕێننەوە. ئەم زانا یۆنانیە بنچینەی ڕاستی بۆ ژمارە دەگەڕێنێتەوە. لای فیتاگۆرس هاوکێشە ماتماتیکیەکان سەرووی جیهانی مادی و هەستیین و دەکرێ لەڕێگایانەوە گەردوون شیکرێتەوە.
ئاشکرایشە، ئەو دەمەی باوەڕێ زۆر بە زانست و پەرەسەندنی زانستی هەبوو فەلسەفە پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکرد هەرچی ئێستایە فەلسەفە ڕەخنەی ئاڕاستەکانی زانستی نوێ دەکات و مەترسیەکانی ڕووندەکاتەوە. تەماشاکردنی فەلسەفە بۆ بنچینەی شتەکان تەماشاکردنیشە بۆ ئەوی دێ. بەمجۆرە، فەلسەفە تواناێ گەورەی لە پێشبینیکردن تیایە. فەلسەفە هەروەک ووتمان نایەوێت بمانخەڵەتێنێ و هەرگیزیش ناخوازێت خۆمان لەشتەکان خافڵکەین. خۆخافڵنەکردن لەوی هەیە و لەوی دێ، لەوی ڕوودەدات و لەوی ڕوویداوە. فەلسەفە بەچاکی دەزانێت خۆخافڵکردن و خۆگێلکردن مەترسین بەسەر مەسەلەی گەیشتن بە ڕاستی کە ئەوە هیوای گەورەی فەلسەفەی لەسەر وەستاوە. خۆخافڵکردن و خۆگێلکردن دەروازە لە گەڕان بەدووی بنچینەی شتەکان دادەخات و ئەودەمە کاری فەلسەفە گەڕان نابێت بەدووی ڕاستی بەڵکو لەبڕی فەلسەفە، لەبڕی فەلسەفەکردن، شتی دی دێتەکایەوە کە هیچیەکێ لەوانە ناتوانێ بمانگەێنێتە شوێنی مەبەست کە ئەوەش ڵێکۆڵینەوەیە لە بنچینەی شتەکان. واتە، ڵێکۆڵینەوە لەوەی بۆ دەبێت ئێمە فڵانە یان فیسکانە شت بەمشێوەیە بکەین؟ و بۆ دەبێت ئێمە هەبین؟ و بۆ دەبێت ئێمە بەردەوامبین؟ بۆ؟ و بۆ؟؟؟؟
ئەو ئامادەسازییەی لە فەلسەفەکردندا هەیە شیاوی لەبەردەم ئەفڕاندندا دەکاتەوە و ئاستەنگ لەبەردەم گەیشتن بە بنچینەی شتەکان لادەبات. ووردتر بدوێین، فەلسەفەکردن بۆ ووتنی قسەی حەلەق و بەلەق یان وڕێنە و زۆربلێی نییە. هەروەها  فەلسەفەکردن ووتنی شتێ بێسوود و نەزۆک نییە. فەلسەفەکردن گەڕانە بەدووی ڕیشە و سروشتی مرۆڤ و ئەو شتانەی بە مرۆڤەوە بەستراونەتەوە. چونکە هەر لە ئەزەلەوە، هەر لە ڕۆژەکانی ئەوەڵی فەلسەفەکردنەوە بیرکردنەوەی فەلسەفی بیرکردنەوەێ ڕەخنەیی بووە و دژی بیرکردوەنی جام و وڕێناوی و نەزۆک بووە. مەگەر فەلسەفە لە کاتی یەکەم فەیلەسوفی ڕۆژئاوایەوە کە ئەوەشە تالیس Thales بووە بەدواچوون و یەکلاکردنەوەی نەگەیاندووە؟ 
کۆی گشتی ئەوی ووتیشمان ئەوەش دەگەێنێت، بۆئەوەی بۆچوونمان لەسەر ئەوەی هەیە بدەین یان گەشە بە ووتنمان لەسەر ئەو شتە بدەین قسەی لەبارەوەدەکەین فەلسەفەدەکەین چونکە لەڕێگای ئەوەوە پەرە بە بیرکردنەوە لەو شتە دەدەین کە بەدواچوون و لێخوردبوونەوەی لەبارەوە دەکەین. ئەمەش ڕێک گرێماندەداتەوە بە تێزە سەرەکیەکەی فەلسەفەوە کە هەر لەسەرەتاوە خۆی لەسەر بوونیادناوە، واتە فەلسەفە بیرێ مرۆییە و سەرهەڵدانەکەشی پێوەندی بە مرۆڤەوە هەیە چونکە ئەوە مرۆڤ بووە هەستی بە پێویستی بۆ فەلسەفە کردووە. بۆیە بەکاربردنی فەلسەفە بۆ حاڵیبوون لە بنچینەمان، بنچینەی ئەوی هەیە و گرێدراوە بە بوونمانەوە، پرسی هەبوونی فەلسەفە بەئاسانی شیکاردەکات. فەلسەفەش ئەو دەمە هەیە کە خۆی گیرۆدەی پرسیار لەسەر بنچینەکان دەکات. دیرۆکی فەلسەفەی ڕۆژئاوا بەڵگەیە لەسەرئەوەی فەلسەفە زۆر ووریایانە و وردبینانە کاریخۆی لەمبارەیەوە کردووە.
گەر لە ژان فرانسوا- لیوتار Jean-François Lyotard ەوە ئەم تێگەیشتنە قەرزکەین: “” چۆن شەرەفی بیرکردنەوە  دەپارێزین””(4) و بۆ تێگەیشتنێ لەم جۆرە بیگۆڕین: چۆن شەرەفی بیرکردنەوەی فەلسەفی دەپارێزین دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی تێگەیشتنی لەمجۆرە تەنیا لەڕێگای کارکردنی بەردەوامی فەلسەفەوە ناپارێزرێ بەڵکو لەڕێگای ئەوەشەوە دەپارێزرێ چۆن فەلسەفە ستاتۆسی خۆی ووننەکات و بە کێشە تایبەت و لاوەکیەکانەوە سەرقاڵنەکرێت. ئەمەو ، بۆئەوەی پتر لەسەر پاراستنی بیرکردنەوەی فەلسەفی بدوێین گوێ بۆ ئامۆژگاریێکی ئەفڵاتوون لە دیالۆگی پرۆتاگۆراس  Protagorasهەڵدەخەین. ئەفڵاتوون ، بە زاری پرۆتاگۆراس و لە دیالۆگی ناوبراودا ، سەلیقەیی یۆنانیە کۆنەکان ، بەتایبەت 7 حەکیمە یۆنانیە ناسراوەکە(5)، بەوە دەنرخێنێ قسەکانیان پووخت و پڕ لە دانایی بوونە ، وەک “خۆت خۆتبناسە” و “لەشت زیادمەکە”، ئەمەشوایکردووە ووتنەکانیان بەسەر گشت زارێکەوە بن (6). ئەم تێگەیشتنە ئەفڵاتوونییە بۆ دانای تێگەیشتنیشە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی کە لەلایەن ئەفڵاتوونەوە تێگەیشتنی لەمجۆرە بەوە مەرجداردەکرێت دانای دەبێت بە بناغەی یان تێگەیشتنی فەلسەفی دانای بدەرە. لێرە هەرە گرینگە ئەوەش بزانین، فەلسەفە لە گەرووی حەکیمە یۆنانیەکان بەرهەمی قسەکردنبووە لە گەردوون و بوونی مرۆڤ و ڕوونکردنەوەی ئەم گەردوون و بوونە، وەلێ دواتر قسەکردنە فەلسەفیەکان بەرینتر و ئاسۆفڕاوانتربوون و واپێویستیکرا قسەکردنە فەلسەفیەکان لەسەر ئەو شتانەش بکرێن مرۆڤ جارێ حاڵیبوونی لەبارەیانەوە نییە و ، یانیش قسەکردنە فەلسەفیەکان ڕێگایان بۆ وتنهێنانەپێشەوە لەسەر دواتر و پێشبینیکردن بەسەر داهاتووی مرۆڤیشەوە خۆشکرد.
نکوڵیناکرێت ئیشی فەلسەفە وێڵبوونە بەدوای بنچینەکان وەلێ بەپێیئەوەی فەلسەفە کردەێ زەینی پووختە ئەمەوادەکات هەچ شتێک کە تێینەگەیشتنین نابێت بە فەلسەفە و گشت گەڕانێکیش نابێت بە گەڕانێ فەلسەفی. گەڕانی فەلسەفی بەرهەمی کارکردنێ عەقڵییە و پێوەندی بە غەیب و وڕێنەوە نییە. ئەوکاتەش فەلسەفە هەڵوێستوەردەگرێت بە دڵنیایەوە مەبەستێکی هەیە و نیازێ ئەو هەڵوێستەکردنەی ڕاگرتووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی فەلسەفەکردن کردەێ هەڕەمەکی و بێ بناغە نییە بەڵکو کردەێ دژوار و نائاسانە و خاوەنی ڕێسا و ڕێڕەوەی تایبەت بە خۆیەتی. واتە، لەڕێگای فەلسەفەکردنەوە ناشێ بگەین بە تێگەیشتنی بێ بنەما یا ئاکامی بێ مانا و ناتۆگمە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە دەرکەوتنی بیرکردنەوەی فەلسەفی بۆ ڕوونکردنەوەی مانای بوونمان یان خوڵقانمان پێویستبووە. بیرکردنەوەکانیش لێرە نەوەستاون و ووردە ووردە فەلسەفە باشە و خراپەی کردوە بە شوێنی قسەکردن ، واتە دیاردە ناشرین و جوانەکان یان چاک و بەدەکانیشی شیکردۆتەوە و بۆچوونی لەسەریان داوە. ئەم ڕوونکردنەوەیەش لەخۆیدا گەڕانبووە بۆ شیتەڵکردنی بنچینەکان. واتە چی باشە و چی خراپە؟ بۆ باشە چاکە و بۆ خراپە بەدە؟ بۆ جوانی سەرووی ناشرینیە ؟ ئەی کە هەموو وێڵی جوان بین چی لە ناشرین کەین و شتە بەد و ناباشەکان چییانبەسەردێت؟ ئەمە لەسەرێترەوە ئەوەش دەوروژێنێت کە فەلسەفەکردن هەوڵێکە بۆ دابینکردنی دادپەروەری. لەکاتی گەڕانمان بەدووی بنچینەکان پێویستمان بەوەیە دادپەروەربین و هەقپەرستانە تێڕامێین و مافخواز بین.
 ئەوی وتنیشمان بەدیوەکەی تری ئەوەش ڕووندەکاتەوە، کاتێ فەلسەفەکردن دێتەکایەوە لادان لە ڕاستی هەبێت. ئەو کاتەی ڕاستەقینەیەتی دەشێوێنرێت، توانا باشەکانی مرۆڤ لە خراپەدا وەگەڕدەخرێت، هۆشیاری شکستدێنێ لەبەردەم زۆرداری، پەرپووتی و هیچگەرایی جێی زەینگەرای دەگرێتەوە ، بۆ وەلاوەنانی گشت ئەو شتانە کە باسمان کرد(خراپە،زۆرداری، پەرپووتی و…) فەلسەفەکردن وەک چرکەێ لە هەڵوێستەکردن و ڕووبەڕووبونەوە دێتەسازاندن، فەلسەفەکردن وەک وەڵامێک، وەک پەرچەکردارێک سەردەردێنێ. چونکە فەلسەفەکردن لەگشتمانا هەیە بەس وەگەڕخستنەکەی گرینگە. گشت دانیشتوانی یۆنانی کۆن نەبوون بە فەیلەسوف و لەو سەردەمەدا سەدەها تالیس و سوکرات و فیتاگۆرسمان بۆ دروستنەبوو. ئەوەی تالیس و سوکرات و فیتاگۆرس و فەیلەسوفانی تری یۆنانی دروستکرد پرسیارەکانیان بوو لەسەر گەردوون و بوونمان. خستنەژێرپرسیار و عەوداڵبوونەکانیان، گەڕانەکانیان بەدووی بنچینەی شتەکان و وەدەستهێنانی وەڵامی ڕاسیۆنالی تۆگمە و باوەڕپێکراو فەلسەفەی بەم ئاستەی ئەمڕۆ گەیاند. فەلسەفەکردن زادەی پشکنینەکانە. بەرهەمی گەڕانە بێوچان و بێکۆتایەکانی فەیلەسوفانە. هەربۆیشە فەلسەفەکردن کەنەفت نابێت. هەربۆیشە فەلسەفە لە خۆتازەکردنەوە و خۆسازاندنەوەی بەردەوامدایە. 
گوماننییەلەوەی بۆئەوەی فەلسەفە لەخۆتازەکردنەوە و خۆسازاندنەوە بەردەوام بێت کارلەسەر خستنەڕووی دید و بیر دەکا و ، وەلێ ئەمە دەشێ بەجۆرێ لۆژیکی بکرێت نەک هەڕەمەکی(عەشوائی). ئەوکاتەش کە فەلسەفەکردن کار لەسەر ئەم لایەنە دەکات شیاوی لەبەردەم سەفسەتە و بێبەرپرسیاریەتیدا کەمدەکرێتەوە. گشت ئەو شرۆڤە لۆژیکیانەی فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا ئەنجامیانداوە فورسەتیان لەبەردەم تێگەیشتن لە ئەسڵی کێشەکانی مرۆڤ و خواستی ئەم مرۆڤە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت بەجۆرێ لۆژیکیانە کردۆتەوە. پێداگیری فەیلەسوفان لەم لایەنە بواری فەلسەفەکردنی بەپیتکردوە و گەڕان بەدووی بنچینەی شتەکانیشی خستۆتە ژێرکاریگەری خۆیەوە. فەلسەفە وەک یەکەم زانست و زانستی زانستەکان هەر لەسەرەتای دەرکەوتنیەوە ئەم بەرپرسیاریەتیەی لەئەستۆگرتووە و گومانەکانی تایبەت بە ڕیشەی شتەکان ڕەوانوەتەوە. دلەڕاوکێی فەلسەفەش هەمیشە پێوەندی بەم لایەنەوە بووە. واتە ئەوەی کە فەلسەفە بەرپرسیارئامێز بێت و لەکاتی خۆیدا ووتنی لەبارەی شتەکانەوە هەبێت.  
بەرپرسیارئامێزی فەلسەفە لەخۆیەوە نایەێتەکایەوە. ئەم خواستە لە فەلسەفەدا بنجبەستە و بەپیشەی فەلسەفەوە گرێدراوەتەوە کە هاوڕێیەتیە (ئەویندارییە) لەتەک دانایدا. ئەم هاوڕێیەتیە(یان ئەوینە) لە ڕیشەدا بەپرسیارییە. هەموو هاوڕێیەتیێک (ئەوینێک) لەخودیخۆیدا بەرپرسیاریە و هەنگاوهاوێشتنە بەرەو هەڵوێستەکردن. ئەودەمەی فەیلەسوف هەڵوێستەدەکات بەرپرسیاریێک پراکتیزەدەکات. ئەمەش هیچوەخت پراکتیزەنابێت گەر پێویستیێک بۆ ئەو مەبەستە لەئارادانەبێت. هەروەک لەمەوبەریش ووتمان دەرکەوتنی فەلسەفە پێویستی بووە و بە دۆخی مرۆڤیشەوە لە بوونا پابەندبووە. تەنیا لێرە هەرەگرینگە لەو لایەنە بگەین کە بەرپرسیارئامێزی فەلسەفە پێویستدەکات لەکاتخۆیدا بنووێنرێت. بۆنموونە ئەفڵاتوون دەمودەست لەگەڵ دادیگایکردنەکەی سوکرات کەوتە داڕشتنی دیالۆگی Apology تایبەت بەو دادگایکردنە. ناڕوونیەکانی ناو فەلسەفە وایانکرد بیرۆکەی “عەقڵی پووخت” لەسەر دەستی کانت بێتەکایەوە و نەبوونی تێگەیشتنێ فەلسەفیانە بۆ نادادپەروەری وایکرد مارکس کارە ناودارەکەی بەناوی”سەرمایە” بنووسێت و…
بەمجۆرە بێت فەلسەفە بریتی نییە لە چەنەبازی و درێژدادڕی. هەروەها فەلسەفە وڕێنە و قسەی بۆش نییە. فەلسەفە شرۆڤەکردنی ئەوەیە کە شرۆڤەکردنی بەخۆوە نەدیوە. ئەمە بەو مانایەش دێت فەلسەفەکردن کاوێژکردن و دوبارەکردنەوە ناگەێنێت. فەلسەفەکردن ناتوانێ بگات بە بنچینەی شتەکان گەر لە پێوەندیدا نەبێت بە داهێنان و تازەگەریەوە. ئەم خەسڵەتە کە لە فەلسەفەکردندا ئامادەیە ڕێگریشە لە خۆجووین و ووتنەوەی ئەوی ووتراوە. ئەو دەمەی فەلسەفە دەگات بە بنچینەی شتەکان کاری لەوێڕا تەواو نابێت چونکە کارە گەورەکەی فەلسەفە لێرە ئەوەیە لێخوردبوونەوە و پشکنین بکات لەوەی پێیگەیووە. لێرە دەکرێ ئەوەش بڵیین، ئەوکاتەی فەلسەفە بە ئاکام دەگات دەستلەکاری خۆی هەڵناگرێت بەڵکو بەدواچوون بۆئەو شتانەدەکات پێیگەیشتووە. پسپۆڕانی بواری فەلسەفەش هەمیشە گومانەکانیان تایبەت بەوەی پیدەگەن لە زیادبوون و نوێبوونەوەدایە. پسپۆڕان لە بواری فەلسەفە باوەڕییان بەلەخشتەبردن نییە و ئەڵبەتە ناشیانەوێت ڕۆڵی نابیانا ببینن. چونکە لەوە دڵنیان ڕێگریێ زۆر لەبەردەم کردەی فەلسەفەکردندا هەیە و خودی وێڵبوونیش بەدووی بنچینەی شتەکان کارێ سانا نییە. بۆیە وەک سەرەتا ئاماژەمان پێکرد بۆ فەلسەفەکردن هەمیشە بۆ؟ و چۆن؟ گرینگی خۆیان هەبووە. بۆ فەیلەسوفان زۆر گرینگ بووە لەوە حاڵیبن بۆ ئەو شتە وایە ؟ چۆن ئەو شتە وایە؟  گەر ئەم جۆرە پرسیارانە هەرلەسەرەتاوە بۆ فەیلەسوفان گرینگینەبایە کردەی فەلسەفەکردن لە ڕۆژئاوا بەو ئاستەی ئێستا نەدەگەیشت. ئەمەش لەسەرێ ترەوە نیشانەیە لەسەرئەوەی مرۆڤ پێویستی بە فەلسەفە بووە تا دیتنی خۆی لەسەر ڕووداوەکان، لەسەر بوونی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری ناو بوون، بدات. لەوەگرینگتر فەلسەفە هاتەکایەوە تا قسەلە گەردوون بکات هەروەها پێوەندی ئێمە بەم گەردوونەوە بەرباسخات. بەڵام گەڕانی فەیلەسوفان بەمشێوەیە گۆمی فەلسەفەکردنی قووڵترکرد. چونکە فەلسەفە خۆی بەوشتەوە سەرقاڵکرد زۆر سەرتاسەری و گشتیە. قسە لە گەردوون و ماهیەتی بوونمان شتێ تایبەت و لاوەکی نییە بۆیە فەلسەفەکردن دەروازەێ پڕلەشکۆداری بۆخۆی دۆزیوە. ئەمەش بەپێئەوەی،  دەستپێکی فەلسەفە کۆششبوو بۆ ساغکردنەوەی ئەو شتەی زێدە نهێنیە. ئەم دەستپێکە بۆ دادوەری نەبوو بەسەر بوونی مرۆڤەوە بەڵکو بۆ مانادان بوو بە مانای بوونی مرۆڤ و یەکلاکردنەوەی بنچینەکان. لێرەوە دەگەینە ئەو باوەڕەی سەفەری فەلسەفە بەرەو ئەو شوێنانەبوو تەینەکرابوون ، ئەو شوێنانەش کە نهێنیئامێزبوون و لە گومڕای و ناڕوونی دا لێوانلێوببوون. لەدایکبوونی فەلسەفەش هەر پێوەندی بەم لایەنەوە هەیە.
ئاشکراکردنی نهێنیەکان و ڕوونکردنەوەی ناڕوونیەکان گریمانی ئەوە دروستدەکەن بەوشتە بگەین پێشتر پەیمانپێنەبردووە. ئەودەمەش کە فەلسەفە دەکارێ پەیبەشتەکانببات ڕێنمای بەدەستەوە دەدات. ئەو ڕێنماییانەی فەلسەفە بەردەستمانی دەخات بەدیهێنانی شتی نوێیلێوەدەکرێت. هەربۆیە، لە گۆشەنیگاێ ترەوە دەکارین ئەوەش بڵێین، لەگەڵ هاتنەدونیای فەلسەفە بیری نوێ، تێگەیشتنی تازە لەسەر بوون و بوونەوەر دەستیکرد بەسەردەرکردن. ئەم سەردەرکردنەی فەلسەفە تەقەلابوو بۆ وێناکردن لە ڕوانگەێ تەواو جیاوە. ئەم جۆرە ڕوانگەیە مرۆڤ پێشتر پێیئاشنانەببوو. ئەم ڕوانگەیە بۆ بەدیهێنانی ڕاستیەکان بوو لەسەر بوونی مرۆڤ. وەکیتر گەڕان بوو بەدووی بنچینەی مرۆڤ و خستنەژێپرسیاری هەبوونەوە. بۆیە گەر فەلسەفەکردن ڕەچەشکاندێک بووبێت لەژیانی مرۆڤ ئەم ڕەچەشکاندنە بۆ گەیشتن بوو بە ئامانجێ دیاریکراو. هەروەها فەلسەفە لەگەڵ دەرکەوتنی بەجۆرێ ئاوێزانی ژیانی مرۆڤ بووە کە دواتر ئەم مرۆڤە لە فەلسەفە زیاتری شکنەبردووە بۆ ڕوونکردنەوەی ماهیەتی شتەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە زانینیداهەبوونە. بەمجۆرە، کە فەلسەفە دەرکەوت لەڕێگای کردەی فەلسەفەکردنەوە کار بۆ هەڵمژینی گشت ئەو پرسیارانەش کرا پێش دەرکەوتنی فەلسەفە سەرگەردان و لانەوازببوون. ئەمەش بەرپرسیارییە و فەلسەفەش لەمڕوەوە بەچاکی پێیهەستاوە. بۆیە ناشێ لۆمەی فەلسەفەبکەین بۆ ئەمە و ئەوەینەکردوە. چونکە فەلسەفە بەروبوومی هزری تووخمی مرۆڤ خۆیەتی و ئامرازێ هۆشیاری باڵای ئەم تووخمەشە. بۆیە خواستی فەلسەفە بۆ نواندنی بەرپرسیاریەتی بەشێکە لە ئەرکی هزریاری فەلسەفە و هەڵاتنلێی ئەستەمە.
دەرکەوتنی فەلسەفە دەرکەوتنی بەرپرسیاریەتیە. هەروەها تەقەلاێکیشە بۆ دانانی قاوغ بۆ چۆنیەتی بیرکردنەوە لە بنچینەی شتەکان. چونکە فەلسەفە نەبایە ئێستا مرۆڤ سەرگەردانترین بوونەوەر بوو. ئەوی مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە گەلێ شتە بەس یەک لەو شتانە ئەوەیە مرۆڤ توانای فەلسەفەکردنی هەیە و دەکارێ لەڕێگای کردەی فەلسەفەکردنەوە لە بنچینە و ماهیەتی خۆیبگات. فەلسەفە بەچەشنێک ژیانی مرۆڤی گۆڕی سەختە بەجۆرێ لاوەکی پێشبینیکرێت یان حاڵیبوونی لەبارەوە بدرێت. هەرلەبەرئەوە پشتیوانیکردن لە فەلسەفە، لە مانەوە و بەردەوامی فەلسەفە، پشتیوانیکردنە لەو دیرۆکەی بەشکۆداریەوە فەلسەفە بۆخۆیی سازاندووە. ئەمەش ئەرکە. ئەرکی هەمووانە پەرە بە بەردەوامی فەلسەفە بدەین و لێگەڕێین فەلسەفە لێرە و لەوێ بکرێت. هەرلەمگۆشەنیگایەوە حورمەتگرتن لە دڵەڕاوکێکانی فەلسەفە بەرزڕاگرتنی ئەو دیرۆکەیە لە پشت فەلسەفەوەیە بەس فەلسەفە ئامادە نییە ئەو دیرۆکە بپەرستین و لە کەموکوڕی و ناڕوونیەکانی بێدەنگبین چونکە ئەو دەمە ئێمە نە دەکارین فەلسەفە بکەین نەش بە بنچینەی شتەکان ئاشنادەبین. هەروەها بێدەنگبوون لەو هەڵانەی بەدەم فەلسەفەوەکراون یان لەناو گەرووی فەلسەفەدا ژیاون ئەوەشمان فێردەکەن لە ڕەخنەکردنەکانمان لە فەلسەفە بەردەوامبین چونکە هەر ئەوەش فەلسەفەبووە کە هەمیشە وانەی ڕەخنەکردنی پێوتووینەتەوە. ئەو ئامادەکاریانەی فەلسەفە لە ئێمەی مرۆڤدا دروستیدەکات گەلێ جەمسەر و لایەنی هەیە یەک لەوانە سووربوونە لەسەر ڕەخنەکردن. لەمدیدەوە بیرکردنەوەی فەلسەفی بیرکردنەوەێ ڕەخنەییە. بەس ئەم بیرکردنەوە ڕەخنەییە لاوەکی وپەرت نییە چونکە بیرکردنەوەی فەلسەفی کە بەمشێوەیە بێت ناتوانێ ڕەخنەیی بێت. بەپێچەوانەوە بۆئەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەی ئەوە نەبێت پێویست دەکات بیرکردنەوەی ڕەخنەی گشتگیر و سەرتاسەری و هەمەیی بێت. بۆنموونە، فەلسەفە ناێت خۆی بەو هەڵەیە ببات ڕەخنەی کارمەندێکی ناو سێستەمێکی سیاسی گەندەڵ بکات بێئەوەی پێشتر سێستەمە گەندەڵەکەی ڕاڤەنەکردبێت. بۆ فەلسەفە کارمەندەکە ئامرازە و سێستەمەکەش ئەو شتە گەورەیەیە کارمەندی سیاسی گەندەڵ بەخێودەکات. بۆ فەلسەفە ئەوە گرینگە چۆن ئەو سێستەمی بەخێوکردنە تەفروتوناکات نەک کارمەندەکە لاببرێت.
بۆئەوەی فەلسەفە کار لەسەر شتی گشتی و گەورە بکات پێویستی بە دووربینی و ڕەهەندوەرگرتنی شتەکانە. واتە، گشتێتی لە تایبەتمەندیەکانی فەلسەفەکردنە. فەلسەفەکردن ناتوانێ بە تاکە شتێکەوە خۆیسەرقاڵکات چونکە ئەوە لە وەڵامی کورت و پەلەی نزدیکدەکاتەوە. لەوەسەیرتر ئەوەیە،  بیرکردنەوەی فەلسەفی یەکانگیر و ناپەرتە و وەدووی وەڵامی تۆگمە و سەرتاسەری دا دەگەڕێت تا وەڵامی تاکلا و لاوەکی. ئەمەش بەجۆرێتر نیشانەیە لەسەرئەوەی فەلسەفەکردن بیرکردنەوە دەگەێنێ لەوی دێ، لەوی بەڕێوەیە. ئەڵبەتە، بیرکردنەوە لەو مەترسیانەی بەرۆکی مرۆڤ لە بوونا دەگرن و لەمحاڵەتەدا فەلسەفە دەیەوێت تەحەداێکبێت بۆ ڕێگریکردن لە مەترسیەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو مەترسیانە و بنبڕکردنیان. بۆئەوەی ئەمەبکرێت فەلسەفە کارلەسەر ڕەخنەکردن دەکات. ئەو دەمەش فەلسەفە ڕەخنەدەکات بە ڕوالەتی کێشە و یان مەترسیەکانەوە ناوەستێ. کاری فەلسەفە لەڕێگای فەلسەفەکردنەوە دۆزینەوەی بنچینەی ئەوەیە کە بە کێشە یان بە مەترسی دەزانرێت. بۆنموونە کاری فەیلەسوف ئەوە نییە زانین لەسەرئەوە بدات کێ گەندەڵە بەڵکو چۆن ؟ و بۆ ؟ گەندەڵی دروستدەبێت. بۆیە، زێدە سەختە فەلسەفە بە شتی بەرتەسک و پڕوپووچەوە سەرقاڵکرێت. وەلێ لەو شوێنەی نالەباری و نایەکسانی هەیە گورج فەلسەفە دێتە گۆ و کاریخۆی دەکات. بۆیە فەیلەسوفان لە گشت سەردەمەکانا ووتنیان لەسەر ئەو دۆزە ناڕوون و گومڕایانە هەبووە کە مەترسیان لەسەر ژیانی تاک و کۆمەلگە دروستکردوە. بەختەوەرانە فەلسەفەکردن لەسەر دەستی فەیلەسوفانی یۆنانی کۆن هەوڵێکبووە بۆ زانین کۆکردنەوە لەسەر گشت شتێک کە پێوەندی بە گەروودن و بوونی مرۆڤەوە هەیە. ئەڵبەتە دواتر سنوورەکانی فەلسەفەکردن بەرینبووە و ماف بۆ فەلسەفەکردن تەشەنەی سەندووە. ئەمەشوایکردوە لە فەلسەفەکردن بەسەر ژمارە و ئاگر و ئەتۆمەوە بۆ فەلسەفەکردن بەسەر جوانی و شتە ڕەووشتی و مافیەکانەوە تادەگاتە کەشناسی و کارئەندامزانی و فەلەکیش ببێ بە پێویستی. تەنیا لێرە پێویستە ئەوە لەبیرنەکەین هەموو ئەوەی فەلسەفە کردویەتی، جا چ فەلسەفەکردن بێت بەسەر ئاو و ئاگر و ئاسمانەوە تادەگاتە جوانی و بەدی و دادپەروەری، پێوەندی بە ناچاریەکانەوە هەبووە. چونکە مرۆڤ ناچاربووە لە ئاگر تێبکات چونکە ئاگر بەکاردەبات یان زیانی لێدەدات. هەروەها مرۆڤ پێویستی بەوەبووە یان ناچاربووە لە جەنگ بگات بۆئەوەی ئاشتی لا خۆشەویست بێت و..هتد. کەواتە ناچاریەکان و پێویستیەکان لەیەک کاتدا فەلسەفەکردنیان شیاوکردوە.
کەوابێت لە فەلسەفەکردندا خەسلەتێ تریش دەبینینەوە ئەوەش خەسڵەتی ناچاریکردنە. فەلسەفە ناچارماندەکات (زۆرمانلێدەکات) قسەبکەین و ڕوونکردنەوە بدەین. یان فەلسەفە خەسڵەتی ناچاریکردنی تێدایە ئەمەش بەو مانایەی فەلسەفە ناچارماندەکات لە بێدەنگی بکەوین و بێینە گۆ. بۆیە لەگەڵ کردەی فەلسەفەکردندا هەڵوێستەکردن بایەخێ زێدە گرینگ بەخۆوە دەبینێ. بەهۆی هەڵوێستەکردنەکانمانیشەوە لە مەحاڵ و ئەستەم دێینەقسە. ئەمەش وادەکات زەمینە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بێنینەسازاندن. بێهۆ نییە بۆ گەلێ لە فەیلەسوفانی ڕۆژئاوا فزوڵەت Curiosity ماناێ گەورەی لە ژیانی فەلسەفەکردندا دیووە. فەیلەسوفەکان بەهۆی ئەم خەسڵەتەوە ، کە لە فەلسەفەکردندا هەیە، وایکردوو بە گەلێ لەو ڕاستیانە بگەن پێشتر تابۆ و یان ناڕوون بووە. ئەو فزوڵەتەش یان گەیشتن بە ڕاستیەکان ئەو دەرئەنجامە فیعلییانە بوونە فەلسەفە پێیگەیشتوە. دیارە گەیشتنی مرۆڤیش بە گەلێ لە وەڵام لەخۆیدا گەیشتنی بووە بە تێگەیشتن لە بنچینەی شتەکان.
دیارە ئەو ناچاریەی لەناو کردەی فەلسەفەکردندا لە کارکردندایە والە فەیلەسوف دەکات خۆفریودات تا بە بنچینەی شتەکان بگات. فەیلەسوف خۆی ناچارکردوە بەرۆکی ئەو پرسیارانە بگرێت بە بنچینەی شتەکانی دەگەێنن. ئەو ناچاریە کە زۆرانی لەتەک مەحاڵ و ئەستەمدا کردووە بەختی مانەوەی فەلسەفەی درێژ و درێژکردۆتەوە. هەنگاوی لەمشێوەی فەیلەسوفیش هەنگاوبووە بۆ دەرفەت دۆزینەوە لەبەردەم تێگەیشتن لە مانای ژیان و مردن و مانەوە. ناچاریەکان حاڵەتێ لە چاودێریان لە فەیلەسوفدا دروستکردووە ئاگای لە گشت بزاف و جووڵەکانی ناو بوون بێت. لێرە ئێمە پێویستمان بەوەش دەبێت تایبەت بە کردەی فەلسەفەکردن ناچاریکردنەکان لەو کردە پڕ لە ئارەزوومەندیانە جیاکەینەوە لەپشت دروستبوونی دیاردەی فەلسەفەکردنەوە بوونە. چونکە گەلێجار فەیلەسوفان ئارەزوومەندانە کەوتوونەتە شیکردنەوەی دیاردەکان و بەستنەوەشیان بە پێویستیەکانی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لەو دیاردانە. لەهەردوو حاڵەتەکەشدا فەیلەسوف سەرگەرمی وەڵامە دڵنیاکانە و بە بێهودەیی و بێباکییەکان قەڵس دەبێت. بۆئەوەی دڵنیاییەکان وەدەستبهێنرێن و متمانە جێی گومڕای و بێهیوای بگرێتەوە فەیلەسوفەکان گومان لەسەر گومان فڕێدەدەنە ناو ڕاڤەکردن و پشکنینەکانیانەوە. دڵنیاییەکان پاش گومانکردنەکان سەوزدەبن و هیوا بەبەر فەلسەفەکردندا دەکەنەوە.
کەوابێت، کردەی فەلسەفەکردن و  دڵنیابوون ئەمەش شایانی سەرنجدانە. چونکە لەسەرێکەوە دڵنیابوون بۆ فەیلەسوف گرینگە و وەکیتریش فەلسەفەکردن بۆئەوەیە دڵنیابوونمان لا دروستکات. فەلسەفە کاری گومانە بۆ گەیشتن بە دڵنیایی. فەلسەفە دەیەوێت پاش گشت گومانێ دڵنیایێک لەناخمانا بچێنێ. فەلسەفە دەیەوێت دڵنیای لەناومانا بچێنێت تا حاڵەتی حاڵیبوونمان تایبەت بە گومانەکان تیادروستکات. فەلسەفە گەر ئەمەنەکات هیچ گرینگیێکی نابێت. پێگەی فەلسەفە لەسەر گەلێ شت وەستاوە یەک لەوانە دڵنیایبوونە لەوەی پیدەگات. فەلسەفە کە بەدوای بنچینەی شتەکانا عەوداڵدەبێت بەهۆی ئەوەوە دەیەوێت دڵنیامانکات چی بنچینەی چییە، چ شتێ بێ بنچینەیە و چ شتێکیش بنچینەدارە. هەرچەندە دڵنیابوون بۆ فەیلەسوف دوا ئێستگە نییە مادامەکێ گومان هەیە، لێ دڵنیابوون نەبێت گومانی بەردەوام مانای نابێت. ئەو دڵنیاییانەی پاش گومانەکان لەدایکدەبن گومانمان لا شرین و پێویست دەکەن. گومان لای فەیلەسوف دڵنیای هەڵدەتەکێنێ و سەرلەنوێ فەیلەسوف شەیدای گەڕان دەکات. بۆئەوەی فەیلەسوف بە دڵنیابوونەکانەوە خۆی نەبەستێتەوە ڕوو لە کێشەکانی تر دەکا و گەڕانی تر دەستپێدەکاتەوە. فەلسەفەکردنیش وەک کردەێکی هزری خۆی بەو پرسیارانەوە دەبەستێتەوە دڵنیایمانی خستۆتە ژێر ترسەوە. بۆنموونە ، کاری فەیلەسوف گەر ئەوەبێت ئەو پێوەندیە ڕوونکاتەوە لەنێوان دەروون و جەستەدا هەیە هەچ شتێک فەلسەفە لەمڕوەوە پێیدەگات دەچێتە خانەی فەلسەفەکردنێ زەینی پووختەوە. ڕوونە لەم حاڵەتەدا فەلسەفە دەیەوێت خۆی بۆ گەڕان بەدووی ئەو ترسانە تەرخانکات لە مردنی جەستە هەمانە بەس فەیلەسوف ئەم مەرگە وەک هاوسەنگیێک ڕاڤەدەکات.  ئێمەی مرۆڤ دەمانەوێت دڵنیابین پاش مەرگ دەروونمان چی بەسەر دێ و چۆن دەروون خۆی لە جەستە مردووەکە جیادەکاتەوە. فەیلەسوف بۆئەوەی ئەم کێشەیە شیکارکات تیۆریزە بەسەر خودی مەرگەوە دەکات. بۆئەوەی فەلسەفەکردن ڕەوتێ دروست وەرگرێت فەیلەسوف دەیەوێت زانین لە چنگ یەقین بێنێتەدەرێ. گشت فەلسەفەکردنێکیش لەگەڕان بەدوای بنچینەی شتەکان ڕەهەندی تیۆری خۆی هەیە و ئاسۆ لەبەردەم جۆرە تێگەیشتنێکدا دەکاتەوە. بەپێی پەرەسەندنی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاواش بێت کردەی فەلسەفەکردن هەر لە یۆنانی کۆنەوە خۆی وەک حاڵەتێ لە تیۆریزەکردن نیشانداوە کە بناغەکەی تێڕامان و لێخوردبوونەوەبووە. ئەم خەسڵەتە والە فەلسەفەکردن دەکات ئەرکی هەبێت و بەدواچوون لەوە بکات بەدواچوونی بۆنەکراوە. گشت ئەو بەدواچونانەش فەلسەفە دەیکات دیسانەوە بەشێکن لەو تەقەلایەی فەلسەفە بۆ گەیشتن بە ڕاستی دەیکات کە ئەوەش گەڕانە بەدووی بنچینەی شتەکان ، کە ئەم شتە لەسەرێترەوە بۆ دروستکردنی دڵنییاییە تیامانا. واتە، فەلسەفە کە کاری گەڕان و پشکنین دەبێت ئەمە بۆئەوەیە تا دڵنیایمان تیا دروستدەکات، تەنیا شتێکیش لێرە گرینگە سەرنجی بخەینەسەر ئەوەیە فەلسەفە بەو دڵنیاییانەی بەدەستیدێنێت قایلنابێ و کاری گەڕان و گومانەکانی کۆتایناێت. بۆیە فەلسەفەکردن بەردەوام و بەردەوامە و گەیشتنیش بە بنچینەی شتەکان و لە مەرامی بوون و هاتنەکایەوەیان درێژەی هەیە.
بۆئەوەی پێوەندی نێوان کردەی فەلسەفەکردن و گەڕان بەدووی بنچینە بەهێزترکەین دەلێین: فەلسەفەکردن مافی هەمووانە. ئەرستۆ ووتەنی گشت مرۆڤەکان ئارەزووی زانین دەکەن(7). ئەم ئارەزووە بەوە شرۆڤەدەکەین فەلسەفەکردن لەگشتماندا ئامادەیە و کردەی فەلسەفەکردن شتێ هەتاهەتاییە. ئەوەش وامانلێدەکات فەلسەفەبکەین گەڕانەکانمانە بەدووی زانین ، ئەو زانینەی نیمانە و لاماندەستناکەوێت. ئەمەی ئێمە دەیڵێن بەرگری نییە لە ستاتۆسی فەلسەفەکردن چونکە ئەم کردەیە خۆی بەکردنەکەی بەرگری لەمانەوەی خۆی دەکات. ئەگەریش فەلسەفەکردن ڕەخساندنی زەمینەبێت بۆ گەڕان بەدووی بنچینەی شتەکان ئەوا فەلسەفەکردن بێکۆتای ئیشی پشکنین و دۆزینەوەیە. فەلسەفەکردن بەهەدردانی زمان نییە کاتێ فەلسەفەکردن وەک کردەێ عەقڵی پێویست خۆی نیشاندات. لێ کردەی فەلسەفەکردن نواندنی هیچی و پەرپووتیە کە هۆشیاری لەپشت ئەم کردەیەوە نەبێت. واتە ئەو دەمەی فەلسەفەدەکرێت عەقڵ دەخرێتەکار. سەرپشکبوونی عەقڵ لەناو پرۆسەی فەلسەفەکردن وێنەێ لەسەر فەلسەفەکردن دەدات کە فەلسەفەکەر دەیەوێت لەڕێگای کردەی فەلسەفەکردنەوە لەوە تێبگات لێیتێنەگەیشتووە (لەوەحاڵیبێت لێیحاڵینەبووە). فەلسەفەکەر کە بەدووی بنچینەی شتەکان دەگەڕێت بەمە لە شتێ دەگەڕێت لێیحاڵی نییە. بەدووی زانینێک دەگەڕێت دەگمەن و تایبەتە. ئەوە گەڕانێ فەلسەفیانە نییە گەر ئێمە بپرسین چەند ئەندازیار لە ناوچەی حەسیرەکەی کەرکوکدا هەیە؟ گەر کەسێک وەڵامی داینەوە کە ژمارەی ئەندازیاران لە ناوچەی حەسیرەکەی کەرکوک 45 دانەیە ئێمە بەمە نەگیشتووین بە زانین. چونکە ئەو زانینەی فەلسەفەکردن وەدەستیدێنێ داناییە (حیکمەت Wisdom). کەوابێت ئەوە پرسیارێ فەلسەفی نییە بپرسین چەند چایخانە لە حەسیرەکەی کەرکوک هەیە؟ بەس ئەوە پرسیارێ فەلسەفیە بپرسین بۆ باشە یان خراپە لە شاری کەرکوک ڕوو لە هەڵکشان و داکشانە؟ یان بپرسین بۆ جوانی لەناو کورداندا لەتەک ناشرینیدا دەبینرێتەوە؟
هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەمانپێدا، هەموان مافی فەلسەفەکردنمان هەیە. ئەم مافە شتێ سرووشتی و ئەزەلییە. ماف بۆ فەلسەفەکردن بڕانەوەی بۆ نییە. ماف بۆ فەلسەفەکردن مافە بۆ شڕۆڤەکردنی ئەوی دەیژێین و دەیبینین هەروەها دەرکی پێدەکەین. ئەم مافە دەمانگەێنێتە شوێنی مەبەست. پێویستمان بەم مافەیە چونکە پێویستمانبەوەیە حاڵیبوون لەخۆمان بەرامبەر بەو شتانەی لە بووندا دەگوزەرێن ، دروستکەین. فەلسەفەکردن مافێ ڕەوای گشتمانە بەس هەریەکە و ئەم مافە بەجۆرێک بەکاردەبات. مافی تالیس Thales بۆ فەلسەفەکردن گەیاندیە ئەو باوەڕەی ئاو بکات بە سەرچاوەی ژیان و فیتاگۆرسیش Pythagoras، کە بیرکارێ یۆنانی کۆنە، ژمارە بکات بە سەرچاوەی جیهان و  لێرەوە ، لە یۆنانی پێش سوکراتەوە، ئەم مافە دەکەوێتە بەر بەکاربردنی جیاوازەوە و هەر بیرمەند و حەکیمێک بەشێوەێک ڕاڤەی جیهان و بوون و ژیان دەکات و مافێ فەلسەفی بەخۆی دەدات سەرنج و قوورسای بخاتە سەر شتێ (یان عەقل، یاخود ڕۆح، یانیش جەستە و….). بەس مافی فەلسەفەکردن هەمووکات بەدووی ڕاستەقینەیەتی بوون و گەردووندا گەڕاوە. ئەو مافە لای فەیلەسوفانی کۆن و تازەش تەقەلاێبووە بۆ چەسپاندنی زانین لەناو خەڵک و دانی تێگەیشتن لەسەر ئەوەی لە جیهان و ژیانا دەگوزەرێت. گفتووگۆکردنی ئاو و ئاگر و ئاسمان و ئازار و بەدبەختی و ئەوینداری و داد و ناشرینی و ….بۆ گەیشتن بوونە بەو زانینەی لەبارەیانەوە نیمانە. کەوابێت لە فەلسەفەکردندا، لە گەڕانە فەلسەفیەکەدا، مەبەستی سەرەکی چۆنیەتی بەکاربردنی مافەکەیە. ئەو مافە کە هی هەموانە مەرج نییە هەموان لەبەرکاربردنی لێهاتووبین. گشت فەیلەسوفەکانی لەسەر ڕەوتی ئێمپێدۆکلێس  Empedocles نەمری شیناکەنەوە و خۆیان هەڵنادەنە ناو ڤولکانەکانەوە تا بۆ قووتابیەکانی خۆیانی بسەڵێمێنن پاش مەرگی جەستە ڕۆح بە نەمری دەمێنێنەوە. پاش شەهیدبوونی سوکرات لەسەر ووتنی هەق کەسی تر بەوجۆرە ڕێی مەرگی نەگرتەبەر. گشت بیرمەندە جووەکان لەسەر شێوازی بیرمەندێ جووی وەک سپینوزا Spinoza ڕەخنەی تەلمودی جوولەکەکانیان نەکرد. ئێمە پێیمانوایە، گەربێت و پتر بچینە ناو قووڵای کردەی فەلسەفەکردنەوە هەندێ ڕووی تری ئەو مافەمان بۆ شیکاردەبێت کە لە فەلسەفەکردندا پەنهانە. لێرە و لایخوارەوە بەنموونە دەچینە سەر دوو بیرمەندی خاوەن بیرکردنەوەی فەلسەفی جیا کە ئەوەش سوکرات و ڤیتنگنشتاین Wittgenstein ە. 
سوکرات و ڤیتنگنشتاین پێیانوابووە فەلسەفەکردن مادەێکە لە پاکسازی (خاوێنکردنەوە  Purgation) و بەپێی قاموسی وێبستەر Webster یش بێت فەلسەفە جۆرێکە لە پاکسازی ڕوناکبیری (8). سوکرات لەو باوەڕەدا بووە فەلسەفەکردن لە چوار شت ئازادماندەکات. ئازادماندەکات لە: 1: غرور  Presumptuousness (بەتایبەت غروری بیرکردنەوە لەوەی کە دەزانین کە چی نازانین  )، 2. ئیلتباست  Confusions(کە بەرهەمی بێمانای، ناڕوونی و گومڕاین)، 3. ترسی بێ بیانوو( لەوانە بۆنموونە ترس لە مەرگ)، 4. سۆزی بەزیان(لەوانە سۆزی چێژ، خاوەنداریەتی، هێز و شوهرەت). سوکرات وایبۆدەچێت ئەم شتانە تۆێکلی ڕۆح ، وەک قوور، دادەپۆشن و ناهێڵن ڕوناکی ڕاستی و باشەی پێبگات(9). کەوابێت، لای سوکرات فەلسەفەکردن بۆپاککردنەوەی ڕۆحە لەم ڕێگرانە. ئەو چوار شتەی سوکرات ئاماژەی پێدەکات ڕۆح پیسکەرن و ڕۆح پاشئەوەی پیسدەکرێت پێویستی بەپاقژبوونەوە دەبێت. بۆئەوەی ڕۆح خۆی لەو پیسیانە پاقژکاتەوە فەلسەفەکردن دەستپێدەکات. ئەو چوار دیاردەیەی سوکرات باسیلێوەدەکات گوشاردەخەنە سەر ڕۆح و ناهێڵن کاریخۆی بە پاکیبکات. بیرۆکەکەی سوکرات لێرە خۆیلەوەدا پووختدەکاتەوە فەلسەفە کارلەسەر ڕۆح خاوێنکردنەوە دەکات. چونکە ئێمەی مرۆڤ کە هەمیشە ترسی مەرگ دەمانتۆقێنێ و تێگەیشتنمان بۆ ئەم ترسە نییە ئەمە وادەکات ڕۆحمان بەدەم ئەم ترسەوە پیسبێت. ئێمە کە مەیلی شەهوەت و هێز و خۆشیەکان دەکەین ڕۆحمان پریشکی ئەم مەیلەی بەردەکەوێت و پیسدەبێت یان کە خۆمان هەمیشە لە ناڕوونی و بەدحاڵییدا دەبینینەوە دووچاری بەهەڵەتێگەیشتن دەبین و ڕۆحمان لەکەداردەکەین و ، ئەڵبەتە ئەو فیزە زۆر و لووتبەرزییە گەورەیەش تیامانایا دیسانەوە ڕۆحمان شەکەت و ناشریندەکات. بەمجۆرە، ئەمانە هەموو پێویستە لە ڕۆح دورخرێنەوە و ڕۆح هەست بەبوونی خۆی بکات و خاوێن و پاک بمێنێتەوە. بۆئەوەی ئەمەش ڕووبدات پێویستمان بە فەلسەفە دەبێت.
هەرچی ڤیتگنشتاینە پێیوابووە فەلسەفەکردن لە گرژی(تەشەنوج) دەروونی(مێنتال) دەربازماندەکات. لەدیدی ئەوەوە، گرژی دەروونی دەرئەنجامی بەهەڵەبەکاربردنی زمانە کە دەبێتەهۆی دروستکردنی لوغزی گومڕا(10). لێرە ڤیتگنشتاین قوورسای دەخاتەسەر زمان و بەوە تاوانباریدەکات لە گرژییە دەروونیەکانمان بەرپرسیارە. بەس ڤیتگنشتاین ئەوە ڕوونناکاتەوە چۆن فەلسەفە لەو گرژییە دەروونییە دەربازماندەکات. واتە ئایا فەلسەفە چارەسەری بۆ ئەم گرژییە دەروونیە پێیە؟ ڤیتگنشتاین وانیشاندەدات گرژییە دەروونیەکان دەرهاویشتەی بەهەڵەبەکاربردنی زمانن، بەس چۆن فەلسەفە دەتوانێ بەسەر ئەم لایەنەدا زاڵبێت ڤیتگنشتاین ئەمە شیناکاتەوە.
لەسەرێترەوە لەڕیزی بیرمەندانی ئەنگلۆفۆن(ئینگلیزیزمان) لەودەمەوەی فەلسەفەی شیکردنەوەی گەیشتووە بەو دیدەی کە هەندێ کێشە دەشێ ڕوونکرێتەوە بەتاقیکردنەوەی فۆرمەکانی ووتنە زمانەوانیەکانمانەوە (وەک ڤیتگنشتاین بۆیدەچێت)(11) تێگەیشتن نەک هەر بۆ فەلسەفەی کلاسیک گۆڕاوە بەڵکو قسەکردن لەسەر کردەی فەلسەفەکردنیش گۆڕانی هاتۆتەسەر. هاوکات ئێمە کێشەی ڤیتگنشتاین و ڤیتگنشتاینیەکان تەنیا لەوەدا نابینینەوە کە بۆچی تەنیا بایەخ بە فۆڕمی زمانەوانی فەلسەفەی کلاسیک دەدەن و خودی فۆڕمەکە لە کێشە فەلسەفیەکان بە بەرپرسیاردەزانن بەڵکو ئەوەش جێیسەرنجمانە مامەڵەکردنی ڤیتگنشتاین لەتەک واتای فەلسەفە زۆر تووندە. ڤیتگنشتاین لە “”لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان”” Philosophical Investigations دا فەلسەفە بەوەلەقەڵەمدەدات هیچ شتێکمان بۆ ڕوونناکاتەوە بەڵکو شتەکانمان بۆدەخاتەڕوو و ئەو دەمەش گشت شتێ وەک ڕۆژی ڕوون دیاربێت پێویستمان بە ڕوونکردنەوەی هیچ شتێک نابێت (12). ئەم جۆرە تیۆرزیەکردنەی ڤیتگنشتاین (ئەڵبەتە هەندێ لە ڤیتگنشتاینیەکانیش ) بەسەر فەلسەفەوە دەیکات تەقەلاێبووە لەلایەن ئەم بیرمەندە نەمساوییەوە بۆ چوونە ناو ماهیەتی فەلسەفەوە کە لەخودی خۆیدا جۆرە مامەڵەکردنێ فەلسەفی جیابووە لەچاو بیرمەندانی پێشخۆی. 
دەرئەنجام دەکرێ بلێین: فەلسەفەکردن کردەێ زەینییە و ئامانج لێی گەیشتنە بە ڕاستیێ ڕەها کە ئەوەش لە بنچینەی شتەکان نزدیکماندەکاتەوە و ، هەر ئەم فەلسەفەکردنە کارێواشدەکات لێخوردبونەوە لە گشتێتی شتەکانا بکەین، لەو شتەی فەلسەفە هەمیشە سەرگەردانیەتی. فەلسەفە کە خۆی بە شتی لاوەکی و تایبەتەوە سەرقاڵناکات بەهۆی هەنگاوە عەقڵییەکانیەوە بە ئاکام دەگات. هاوکات ئەو کاتەی عەقڵ دێتە ووتن فەلسەفەکردن دێتەدونیاوە و تیۆریزەکردن و هزراندن ڕێچکەی خۆی وەردەگرێت. بۆیە پەرچەکرداری عەقڵی بە ئامرازی سەرەکی فەلسەفەکردن(13) دەژمێردرێت و ، ئەمە واش لە فەلسەفە دەکات ببێ بە بوارێ زیندوو و،  بەوهۆیەشەوە دەکارێ شیرازەی پێوەندیەکانی نێوان تووخمی مرۆڤ و ژیان بپارێزێ. بۆیە فەلسەفە دەتوانێ لە ژیانمان نزدیککاتەوە و ڕاشمانبێنێ لە مەغزای شتەکان بکۆڵینەوە کە ئەوەش هەڵمەتێکە لەلایەن فەلسەفەوە بۆ ناسینەوەی بنچینەکان و ئاشنابوون بە سەرەتاکان، سەرەتای شتەکانی ناو بوون. بەپشتبەستنیش بە تێگەیشتنێکی فەلسەفی دێکارت دەڵێین: ئەوەی ئێمەی مرۆڤ لە دڕندەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە ئێمەی مرۆڤ فەلسەفەمان هەیە، ئێمە بەهۆی ئەم فەلسەفەیەوە دەمانەوێت بە گشت زانینێک ئاشنا بین تا بەسەر ژیانی مرۆیماندا زاڵبین.

ئازاد حەمە، زستانی 2011، پاریس
azadhama500@yahoo.fr

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1.    فەلسەفەکردن لە زمانەکانی تردا بۆنموونە لە زمانی سویدی بە Filosofera دێت و لەزمانی فەڕەنسی بە Philosopher و لە زمانی ڕووسی بە философствовать و لە زمانی ئینگلیزی بە Philosophise (بە ئینگلیزی ئەمەریکی Philosophize) دێت. لەگشت ئەو زمانانەدا کە لە ناوی فەلسەفە کرداری فەلسەفەکردن پێکدەهێنرێت بەو جۆرە دەبێت کە ئاماژەمان پێکرد. چونکە کردارەکە(واتە فەلسەفەکردن) لەگشت ئەو زمانانە لەناوی فەلسەفەوە  دێتەسازاندن. هەرچی فەلسەفەکردنە وەک ناو ، نەک وەک کردار، بە ڕووسی بە  философствование و بە ئینگلیزی بە Philosophising (بە ئینگلیزی ئەمەریکی Philosophizing) و بە فەڕەنسی بە Philosopher و بە سویدی بە  Filosofering دێت. بۆنموونە کە ئەم دێڕە بەمجۆرە بەکاردەبەین: فەلسەفە لەبارەی ئاگرەوە یان دەریاوە دەکەم یان فەلسەفە بەسەر هونەرەوە دەکەم جیایەلەو دێڕەی بەمشێوەیە: فەلسەفەدەکەم تابگەم بە دەرهاویشتە بۆ کێشەی بوونی مرۆڤ.
ئەمەو جیاوازیش لەنێوان فەلسەفەکردن  Philosophising و فەلسەفیکردن  Philosophi’sation دا هەیە.چونکە فەلسەفیکردن ئەوە بۆ کردنی شتێکە بە فەلسەفە. بۆنموونە شتێک کە بە فەلسەفیدەکەیت، سیاسەت یان هونەر، ئەوە تەقلاێکە بۆ سەپاندنی فەلسەفە بەسەر ئەو شتەدا. ئەو جیاوازیەش هێندەی ئاگامان لێبێت لەو زمانانەی لایسەرەوە بوونی هەیە و ئێمە بەخۆشمان ڕێکەوتی بەکاربردنی جیاوازی ئەو جۆرە گوزارانەمان کردوە کە سەرچاوە لە ناوی فەلسەفەوە دەگرن.
2.سەیرە ڤیتگنشتاین لە پەرەگرافی 599 ی کتێبی”” لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان””دا جەغتلەوەدەکات فەلسەفە دەرهاویشتە بەدەستەوەنادات. بڕوانە ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:
Ludwig Wittgenstein. Filosofiska undersökningar. Översättning: Anders Wedberg. Bokförlaget Thales.1996، §599.
3.Richard E. Creel. Thinking Philosophically: An Introduction to Critical Reflection and Rational Dialogue.Wiley-Blackwell;  2001، p15.
4.Rodolphe Gasche. The Honor of Thinking: Critique، Theory، Philosophy. Stanford University Press; 2006، p. 2.
5.ئەو حەوت حەکیمە یۆنانیە ئەمانەن: تالیسی خەلکی میلیتۆس، سولون، خیلونی سپارتە، بیاسی پریێنی، پیتاکوسی میتیلێنی، میسۆنی کێنێ، کلیوبیلوسی میندوس.
6. Platon. Protagorias: Skrifter. Bok 2. Översättning، förord och noter av Jan Stolpe. Atlantis förlag . 2001. s. 110.
7.Richard E. Creel. Thinking Philosophically: An Introduction to Critical Reflection and Rational Dialogue.، p24.
8. Ibid.، p.25.
9. Ibid.
10. Ibid.
11. Christopher Norris. Re-Thinking the Cogito: Naturalism، Reason and the Venture of  Thought. Continuum ،2010.p.27.
12.بڕوانە پەڕەگرافی 126 لە کتێبی “” لێکۆڵینەوە فەلسەفیەکان””ی ڤیتگنشتاین لەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:
Ludwig Wittgenstein. Filosofiska undersökningar. Översättning: Anders Wedberg. Bokförlaget Thales.1996، §126.
13 Nicholas Rescher.Philosophical Reasoning: A Study in the Methodology of Philosophizing. Wiley-Blackwell، 2001. P.3.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.