Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

قاسم ئاغا و قاسمه‌ئاغاكان

Be First!
by October 20, 2010 گشتی

كه‌سێك ناتوانی نكۆلی له‌وه‌ بكات، كه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد له‌ كوردستانی باشور له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌  ئه‌نجامدراون، كۆمه‌لێك له‌ كه‌سانی خائین و نه‌فس نزمی گه‌لی كورد ئامرازی جێ به‌جێ كردنی بوونه‌!! له‌ زۆر شوێنیش بۆ خۆ بردنه‌ پێش و وه‌رگرتنی ده‌ستكه‌وت، ده‌ست پێشخه‌ر بوونه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوان ده‌رهه‌ق به‌ گه‌له‌كه‌ی خۆیان. دیارده‌ی چونه‌ سه‌نگه‌ری دژ به‌گه‌ل، به‌ ته‌نیا تایبه‌ت نیه‌ به‌ گه‌لی كورد به‌لكو به‌ شێواز و رێژه‌ی جیاواز بوونی هه‌بووه‌ له‌ نیو هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ تێكوشاون له‌ پێناو به‌ده‌ست هێنانه‌دی ئازادی و رزگاری نیشتماندا ، بۆیه‌ هیچ له‌نگی نیه‌ بۆ گه‌لی كورد له‌م شێوازه‌ كه‌سانه‌شی هه‌بێت!!!! به‌لام له‌نگی له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ دوای سه‌ركه‌وتن ئه‌م خائینانه‌، له‌ رێگای دادگا به‌سزای خۆیان نه‌گه‌یندرێن .ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی خه‌بات و تێكوشانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری  گه‌لی كورد بكه‌ین، به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌م مێژووه‌ باسی رۆلی خائین و خۆفرۆشانی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات، كه‌ بونه‌ته‌ هۆكاری سه‌رنه‌كه‌وتنی  ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌. به‌لام دیسان ئه‌م توێژه‌ قوناغ له‌ دوای قوناغ له‌ به‌رفراوان بووندابوونه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی هیچ سزایه‌ك بۆ ئه‌م خائینانه‌ له‌ دوای سه‌ركه‌وتن. هه‌ر له‌ دوای به‌یانی 11ی ئازاردا، هه‌موو جاش و بكوژانی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ لێبوردنێك بۆنه‌وه‌ به‌شێك له‌ رۆله‌كانی گه‌ل. ئه‌م شێوازه‌ مامه‌له‌كردنه‌ هۆكارێك بوو كه‌ رێژه‌ی ئه‌م تۆیژه‌ له‌ شورشی نۆی گه‌له‌كه‌ماندا به‌ راده‌یه‌ك به‌رفراوان بێت كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر  له‌ پێكهاته‌ی گه‌لی كورد بچێته‌ ئه‌م سه‌نگه‌ره‌وه‌، كه‌ سه‌نگه‌ری دژایه‌تی كردنی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی بوو!!! پێش راپه‌رینیش كومه‌لانی خه‌لكی كوردستان چاوه‌روانی ئه‌وه‌بوون، له‌ دوای وه‌ده‌رنانی هێزه‌كانی رژێم له‌ كوردستاندا، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان سوور بووه‌ به‌ خوێنی گه‌له‌كه‌مان، بدرێنه‌ دادگا و به‌سزای خۆیان بگه‌ن، به‌لام دیسان به‌ لێبوردنێكی به‌ره‌ی كوردستانی كرانه‌وه‌ رۆله‌ی گه‌له‌كه‌مان. له‌ قوناغی شه‌ری ده‌سه‌لاتیشدا زۆرینه‌یان پله‌یه‌ك یان زیاتر خرانه‌ سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌لانی خه‌لكی كوردستان. دووباره‌ و سێ باره‌ بوونه‌وه‌ی سوود وه‌رگرتنی خائینان  له‌ قوناغی شورش و سوود وه‌رگرتنی زیاتر له‌ قوناغی سه‌ركه‌وتنی شورشیشدا، دیارده‌ی چونه‌ سه‌نگه‌ری داگیر كه‌ران له‌ پێناو ده‌ستكه‌وتدا، به‌رفراوانتر ده‌كات. ئه‌گه‌ر بریاری لێبوردن بۆ چه‌كدارانی رژێم له‌ پێش راپه‌رین رێگا خۆشكه‌ر بوو بۆ دوور كه‌وتنه‌وه‌ی جاشه‌كان له‌ رژێم، دیسان زیانێكی گه‌وره‌بوو بۆ كوشتنی گیانی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی، چونكه‌ خائین و نیشتمان فرۆش و پێشمه‌رگه‌ و وولات پارێز خرانه‌ یه‌ك تای ته‌رازووه‌. قوربانیانی شورشیش كه‌وتنه‌ خانه‌ی له‌بیر چونه‌وه‌. بریاری لێبوردنی به‌ره‌ی كوردستانی به‌ده‌ر نه‌بوو له‌ بیرۆكه‌ی خواستی قه‌ره‌بالاخ كردنی رێزه‌كانی خۆیان به‌ چه‌كدارانی رژێم و پاشانیش وه‌ك هێزێكی ملكه‌چ بۆ جێ به‌جێ كردنی خه‌ونه‌كانی خۆیان كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر داگرتنی كوردستان و سرینه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه‌كانی تری سه‌ر گۆره‌پانی كوردستان بوو، به‌كار بێنن، چونكه‌ ئه‌م توێژه‌ ده‌سته‌مۆكردن و  به‌كارهێنانی بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت زۆر ئاسانتره‌ له‌كه‌سی ئازاد و خاوه‌ن هه‌لوێست ، ئه‌م تۆیژه‌ به‌بێ ده‌نگی هه‌موو جوره‌ شێوازێكی مامه‌له‌كردن قبولده‌كات و  ئامرازێكی گوێرایه‌له‌ بۆ فه‌رمانی ئاغاكانیان.
قاسم ئاغاش یه‌كێ بوو له‌و سه‌روك جاشانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نێكی درێژ له‌ خزمه‌تی به‌عسدابوو، بۆ دژایه‌تی كردنی گه‌له‌كه‌ی خۆی، وه‌ك جاشێكی ره‌سه‌نیش!!!! بروای به‌ بریاری لێبوردنه‌كه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی نه‌بوو و له‌ راپه‌رین به‌رگری له‌ رژێم كردو به‌چه‌ك به‌رامبه‌ر خه‌لكی راپه‌ریووی كویه‌ وه‌ستایه‌وه‌ و پاشانیش له‌گه‌ل به‌عس كوردستانی جێهێشت و  تا روژانی روخانی به‌عسی وه‌ك پاسه‌وانێكی به‌وه‌فای ئه‌م رژێمه‌، به‌رگری لێده‌كرد و له‌ دوای روخانیش دیسان چاوی به‌رایی نه‌دا به‌بێ به‌عس بگه‌رێته‌وه‌ كوردستان، بۆیه‌ له‌گه‌ل به‌عسیه‌كان به‌ره‌و  سووریا تێچوقاند. قاسم ئاغا ئه‌وه‌نده‌ دژ به‌گه‌ل و نیشتمان بوو،له‌یه‌كێ له‌ دانیشتنه‌كانی سه‌دام له‌گه‌ل به‌عسی و جاشه‌ كورده‌كان به‌ راشكاوی ره‌خنه‌ی له‌ قائیدی فرقه‌ی رانیه‌ گرت و گوتی ( سه‌روكی به‌رێز من له‌ روژانی یه‌كه‌می راپه‌رین داوام له‌ قائید فرقه‌ی رانیه‌ كرد، كه‌ به‌چه‌كی كیمایی له‌ شاری رانیه‌ بدات تا غه‌وغاییه‌كان هه‌موویان  له‌ نیو چن، به‌لام قائید فرقه‌ی رانیه‌ خائین بوو به‌گوێ نه‌كردم!!!! سه‌دامی دیكتاتور ووتی نا پێویست ناكات كیمایی به‌كار بینین، چونكه‌ گه‌لی كورد گه‌لی خومانه‌!!!!!) ئه‌م گفتوگۆیه‌ له‌ ته‌له‌فزیونی عیراق نمایش كرا!!! قاسم ئاغا هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامی داون، دژایه‌تی كردن بووه‌ بۆ خواستی گه‌لی كورد كه‌ له‌ تێكوشاندابووه‌ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی و رزگاری نیشتمانی. ئه‌وه‌ی ئێستا سه‌ری له‌ كۆمه‌لانی خه‌لكی كوردستان به‌گشتی و شورشگێرانی سه‌رده‌می پێش راپه‌رین به‌ تایبه‌تی شێواندوه‌، ئه‌م پرسیاره‌یه‌!!! ئایا  ئه‌و قازانجه‌ چی یه‌ بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌روكی هه‌رێم، كه‌ رێگه‌یانداوه‌ قاسم ئاعا بگه‌رێته‌وه‌  كوردستان و پارستنیان له‌ راکێشانی بۆ به‌ر ده‌م دادگا دابینکردوه‌ ؟؟ له‌كاتیكدا پارتی هه‌موو كاته‌كان ئه‌م دستكه‌وته‌ی ئێستا به‌ به‌رهه‌می ره‌نجی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ و ولاتپارێزان ده‌زانیت!!!!  سه‌روكی پارتیش هه‌موو كاته‌كان شانازی به‌ پێشمه‌رگه‌بوونی خۆیه‌وه‌ ده‌كات!!!! له‌هه‌مانكاتیش یارمه‌تی دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی پێشمه‌رگه‌ی وه‌ك قاسم ئاغا ده‌دات، كه‌ ده‌ستی سووره‌ به‌ خوێنی چه‌ندین پێشمه‌رگه‌. ئه‌گه‌ر ئێستا باسی بریاری لێبوردنی به‌ره‌ی كوردستانی ده‌كرێت، ئه‌وه‌ ئه‌م خائینه‌ ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و سه‌نگه‌ری به‌عسی جێنه‌هێلاو تا دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی به‌عس، خه‌ونی به‌ گه‌رانه‌وه‌ی به‌عس بۆ كوردستان ده‌دیت. هه‌روه‌ها پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ركه‌وتنی راپه‌رین به‌ قوناغێكی گرنك له‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاری نیشتمانی ده‌ناسێت!! ئێستا چون دێت به‌رگری له‌ خائینێك ده‌كات كه‌ خوازیاری به‌كارهێنانی چه‌كی كیمایی بوو دژی خه‌لكی شورشگێری ده‌ڤه‌ری رانیه‌!!! ئه‌م هه‌لسوكه‌وه‌ته‌ی پارتی به‌رامبه‌ر خائینێكی وه‌ك قاسم ئاغا ته‌نیا ده‌چێته‌خانه‌ ئیستفزازكردنه‌وه‌ به‌ بنه‌ماله‌ی شه‌هیدان و هێزی شورشكێری سه‌رده‌می به‌رگری و به‌رخودان. هه‌روه‌ها گۆمانیك دروست ده‌كات له‌سه‌ر راستگۆی ئه‌و قسانه‌ی پارتی  له‌سه‌ر رۆژانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و لایه‌نگیری بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ و خه‌لكی شورشگێری كوردستان که‌ رۆژانه‌ چه‌ند باره‌ی ده‌كاته‌وه!!!!!‌
  ئێستا پێویسته‌ ئه‌م هه‌لویسته‌ی بنه‌ماله‌ی شه‌هیدانی ده‌ڤه‌ری كۆیه‌، كه‌ داواكردنه‌، بۆ دادگای كردنی  خائینی گه‌ل قاسم ئاغا، به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ و هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی وه‌رگیری و هه‌موو دلسوزانی گه‌له‌كه‌مان به‌گشتی و شورشگێرانی پێش راپه‌رین به‌تایبه‌تی به‌بێ جیاوازی ئینتیمای حزبایه‌تیان پالپشتی داواكانیان بكه‌ن. هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌م حزبانه‌ی پێشمه‌رگه‌كانیان به‌ ده‌ستی ئه‌م خائینه‌ شه‌هید كراوه‌، به‌بێ بوونی هیچ دله‌راوكێیه‌ك ده‌رگای دادگا له‌م تاوانباره‌ و ئه‌وانی ده‌یانه‌وێت دالده‌ی بده‌ن له‌هه‌ر ئاستێكدان بگرن ، ئه‌مه‌ كه‌مترین وه‌فایه‌ بۆ ئه‌م شه‌هیدانه‌ی له‌ پێناو گه‌ل و نیشتماندا گیانیان به‌خت كردوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌لویستی ئه‌و حزبانه‌ له‌م ئاسته‌دا نه‌بێت به‌رامبه‌ر بكوژانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ی له‌ پێناو سه‌ربه‌رزی حزب گیانی خۆیان كرده‌ قوربانی، به‌چ پێوه‌رێك بنه‌ماله‌ی ئه‌م شه‌هیدانه‌ و هاوسه‌نگه‌رانییان ئه‌م حزبه‌ به‌ خاوه‌نی رۆله‌و هاوسه‌نگری  شه‌هیدیان بزانن.

Previous
Next

Leave a Reply