Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
قه‌زه‌م …….. شوان عوسمان

قه‌زه‌م …….. شوان عوسمان

Closed
by October 22, 2010 گشتی

 

خەونەکانت زۆر لە خۆت گەورەتر بوون، هەر لە منداڵیەوە بە گەورەکردنی ئەو خەونانە گەورە ئەبوویت وخۆشت بە گەورە ئەزانی، کەچی گەورە بوونی تۆ هەر خۆی لە خۆی خەونێک بوو ودوایی نەئەهات، چونکە بە لای ئەوانەوە ئەتوو هەر لە جێی خۆتی ونەگۆڕاوی لەگچکە بووندای، باشیش ئەتزانی لە ناو ئەو کۆمەڵگایە رەق وتەقەی رۆژهەڵاتیدا حیساب تەنیا بۆ شتی گەورەو زل ئەکرێ، ئەگەر گەورە دیار نەبوویت، ئەوا بە گچکەیی ئەناسرێیت و تا هەتایەش هەروا ئەمێنیتەوە….                                                                                                           
بەڵام ئەتوو هەرگیز خۆت بە گچکە نەئەزانی وئەگەر ئەوانیش دانیان بە گەورەییت نەنابایە، ئەوا بە خەون گەورەیی خۆت لەگەل خۆت ئەسەلمان، بۆیە بە لای تۆوە خەون شتێکی (موقەدەس) بوو، مرۆی بێ خەون مەلێکی بێ باڵەو ناتوانێت یەک بست بفڕێت، ژیان ئەگەر خاڵی بێت لە خەون شتێکی بێ مانایەو مەحالە، جا لەبەر ئەوە هەرگیز نەتئەویست دەست بەرداری خەون بیت، دیارە خەونی ئێوەش لە خەونی ئێمە نەئەچوو، خەونەکانیشتان لە ئاست باڵاو واقیعە نەهامەتیەکانتان بوو، بەڵام خەونەکانتان لە خەونی ئێمە رەنگینتر و خامۆشتر و ئاسوودەتر بوو …..
لەگەل ئەو هەموو گێرمەو کێسانەی رۆژانەشتدا، شتیێکی ئەوها مەحال ودژوارت داوا نەئەکرد، بە تەنیا ئەتەویست هاوشانی خەونەکانت ئارام وئاسودە بژیت، بەڵامم خۆ زۆر جاریش خەون دادی نەئەدای ونەتئەتوانی ژیانێکی ئاسایی بۆ خۆت دەستەبەر بکەی وەکو گەمەی (پەیژەو مار) لە تۆقەرانی درەختی ئارەزوو وخەونەکانت، پێت هەڵئەزناو تا دامێن شۆڕ ئەبوویەوەو خۆت پێ نەگیرا، ئاخر ژیانی تۆ ژیانێکی ئەوها بوو، ئاسایی نەبوو، شەڕێکی بەردەوام بوو، شەڕێکی چارەنووسی سەخت بوو لە پێناو مانەوەی خۆت وخەونەکانت ئەبووا سەرسەخت بیت، بەڵام  شەڕی واش گرەنتی نیە ودۆڕانی مسۆگەرە شەر لەگەل چارەنووسێکی سروشتی، تا سەر ئاستەمە سەر بگرێت….
کێشەی تۆ کێشەی نەبوونی ودەست کورتی نەبوو کە پەلە نەکەی وئارام بیت وچاوەڕێی دەرفەتێکی دیکە بکەی، لە رۆژگارێکی تر دەستت بکەوێت، جا لەبەر ئەوە رەهەند ومەودای خەونەکانت ئاسایی نەبێت، گرفتی سەرەکی تۆ باڵات بوو، بەژنی تۆ مایەی سەرئێشەت بوو وگێچەلی لۆ ئەنایەوە، تۆ لەگەل بوونی ئەو خەونە ئاساییانەت بەژنێکی ئاساییت نەبوو، وەکو بەژنی ئەو خەڵکە ئاسییەی، لەگەلت ئەژیان ولەگەل بالایان گەورە ئەبوون وباشتر دەرئەکەوتن، تۆ بە درێژایی ( ٤٣) ساڵەی تەمەنت هەر لە جێگەی خۆت چەقت بەستووە هەر بە هەمان قەوارەی تەمەنی (٦) ساڵانت، چەند سانتیمێک زیادت نەکردووەو تۆزقالیکش قەبارەت گەورە نەبووە…..
گەلێک جار کە هەولت ئەدا وەکو خەڵکێکی ئاسایی بە کۆڵانی گەڕەکەکەتان، پیاسەیەکی ئێواران بۆ فێنک کردنەوەی رۆحت بکەی وتاوێکیش لە ناو واقیعی جوان وسادەی خۆت مەلەوانی بە ناو خەونە رەنگاو رەنگەکانت بکەی، بەڵام لە پڕ هەموو چرپەو هەناسەیەکی خۆشیان لێ سەرەمەرگ ئەکردی، بۆ نەگبەتی تۆ منداڵێکی هارو چەتوون، لە لاپەڕگەیەکەوە وەکو مووی کەپوو لە بەردەمت شین ئەبوو، رستە ژەنگیانە کەسک وسۆرەکانی دەستبێحی خەیاڵت، یەک بە یەک لەیەکتر ئەترازان و تامی تەڕی ئەو پیاسەشتان وەکو زەقنەبووتێک بە قوڕگە دەرخوارد ئەدرا …
منداڵەکە کەتنەکەی ئەکردو  خۆی دەرباز ئەکرد،ئەو جارەشت هاتەوە بیر کە بەیەکەوە هەردووکتان وەکو رەقەم    ( ١٠) لە کۆلانەکەی (تەیراوە) بە دەم قسەو پێکەنین تێئەپەڕین، لە ناکاو مندالێکی بیژمۆت، وەکو ئەوەی لە کونە کەپووی شەیتان هاتبێتە دەر، لە پەنای دیواری حەسارەکە بە دەنگێکی گڕو زبر بانگی ئەکرد :
قەزەم…. قەزەم..لە کۆڵانە…وەرن تەماشا کەن… لەو قەزەمە عەنتیکەیە….. قەزەمەکە……..
تۆش نەتئەزانی چ هەڵوێستێکی بەرامبەر هاوەلەکی تەنیشتت بنوێنی، هەندێک جار خۆت لێ گێل ئەکرد وەکو ئەوەی گوێت لە هیچ نە بوو بێت، لە راستیشدا زۆر شەرمت لە خۆ ئەکردەوە، لە شەرمان ئەگەر درزێکت هەست پێ کردبایە، ئەوا خۆی ئەکرد بە ناویدا وخۆتت لە سەرمەزاریە لە ناو ئەشاردەوە، چەند جارێک بە دەست وچاو منداڵەکەت ئاگادار کردەوە، تا وازتان لێ بێنێت وهاوەلەکەت چیتر هەراسان نەکات، بەڵام  بێ سوود بوو، هاوەلەکورتە باڵاکەشت وەکو ئەوەی لێرە نەبیت و”نە بای دی بێت ونە باران” هەر خۆی بەو مەسەلەیە شێلو نەئەکردو لە رۆیشتن وقسە کردنیش بەردەوام بوو، ئا لەو کاتانە هەستم ئەکرد، ئەو لە ئێمە ناچێت، ئەگەرچی ئەو لە باڵا وەکو ئێمە نیە، بەڵام لە هەست ونەستی ناوەوەش شتێکی ترەو لە ئێمە نەئەچوو، وەکو ئەوەی لە ئەستێرەیەکی دیکەوە هاتبێت، وەکو ئێمەش حەزی لە رق هەڵگرتن وتۆڵە سەندنەوە نەبوو…                       
لە هەر کاردانەوەیەکی خراپی کەسانی دیکە، قەت خۆی تێک نەئەداو یان وەکو پەلاپیتکەی تفەنگ بە دەم رووداوەکە نەئەتەقیەوە، لە سەر قسەیەکی هیچ دۆو دۆشاوێکی بێ مانای تێکەڵاو نەئەکرد، لە سەر ئەو هێمنی ونەرم ونیانی وسادەییە پاکەی زۆر جار ئێرەییم پێوە ئەبردو لە بەرابمەریدا (حەسود) ئەبووم و خۆزگەم ئەخواست ئەگەر ئێمەش ئەوها بەژنمان کورت بووایە، بەڵام چێترتر نەبوو، عەقڵمان ئەوها کورت نەبووایەو هەست وسۆزێکی وا سفت ورەق ودڕەندەمان نە بووایە، لە قاڵبی کەسێتی یەکی راستەقینەی مرۆڤانە ژیانمان بەڕێ کردبایە، باڵایەکی بەرزو بەژنێکی شۆخ بە کەلک چی دێن، ئەگەر لەگەلیدا زمانێکی زبرو دەروونێکی پڕ لە کینەو هۆشێکی شەڕانگێز وهەستێکی رەقی نامرۆڤانە کۆنترۆلی کەسێتی ورەفتارمان بکات…..
  هاوەلە گەورەکەی من، ئەگەرچی تۆ لە لای ئەو خەڵکە قەزەمێکی،بەڵام تۆ لە لای من زۆر گەورە بووی، لە نزیکەوەش باشم ئەناسی وئەمزانی وەکو ئەو خەونانەت پاکی وبێگەردیت،گەورەیی تۆ لە سادەوساکاری وسروشتی کەسێتیت بوو، خۆشت بە مرۆڤ وخەڵکیشت بە مرۆڤ ئەزانی، بۆیە هەرگیز جلەوی ئارامیت خۆت لە دەست نەئەدا، رێگاشت نەئەدا ئەو چاوانەی بە سۆمایەکی بەزەییدارانە لێت ئەروانن، وا بڕوانن، بەڵکو هەولت ئەدا خۆت بە سەقەت نەزانی، لە بەردەم  نیگا شڕو سەقەتەکەی کۆمەڵەکەمان، وەکو ساغێک هەلسوکەوت بکەی ، ئەگەرچی تۆ لە قاڵبێکی نەگۆڕدا بوویت ودەوروبەریشت لە قاڵبێکی گۆڕاو وباڵا دەرکردن، بەڵام بێ ئەوەی کەسێک درک بە خەون وخەیاڵە گەورە باڵاو شاراوەکانت بکات….
گەلێک جار (دارا)ی زاوات هەر بە گالتەوە ئەیگوت ؛
” دلۆ ئیشی نیە، هەر ئەبێ جیل دوای جیل بەرێ بکات……”
خۆ راستیشی ئەکرد، چەند کەسێک ئەناسم، هەر هەموویان لە رۆژگارێک هاوەل وبرادەری یاری وگەمەی منداڵیت بوون، کەچی ئەوان کە باڵایان گەورەترو بەرزتر ئەبوو شەرمیان ئەکرد، چیتر لەگەلت بمێننەوەو بەجێ یان ئەهێشتی، تۆش بەوە راهات بوویت وخۆت تێک نەئەدا چاوەرێی منداڵێکی دیکەت لە زەمەنێکی دیکە ئەکرد بێتە ریزو ولەگەلیدا دەست بە ژیانی برادەرێتی بکەیەوە….
شەری چارەنووسی تۆ لەگەل قەدەر، شەڕێکی بەردەوامی ژیانت بوو دوایی نەئەهات، لەبەرئەوەی ئیرادەت هەبوو ئەوها زوو سارد نەئەبوویەوەو سلت نەئەکردەوەو بە جورئەتەوە خۆت لە قەرەی مڵملانێی سەرنج وقسە رەقەکانی بەژن ئاساییەکان ئەدا، هەمیشە لەبەردەم  ئەو پرجک وتەگەرەو دارەبەستە ناسروشتانەی ئەهاتنە سەر رێگای هەنگاوەکانت، ورەت بەر نەئەداو ژیانت لە خۆت تێک نەئەدا، تەنانەت مەکتەب وخوێندنیشت تەواو کرد، هەرچەندە ئاسان نەبوو دانیشتن لە یەک پۆڵ ولە سەر یەک تەختە کە هەموویان ئاسایی لە جەستەو باڵا بوون ، تەنیا ئەتوو شتێکی دیکە بوویت….
( بازۆ)ش هەمیشە وازی لەگاڵتەکانی نەئەهێناو ئەیگوت ؛
” ئەزانی دلۆ..لە پێش چاومە ئەو رۆژەی مەکتەب تەواو ئەکەی…. ئەبیتە (موظف) …لۆ ئەوەی (مراجعە)ەکان لە توو بلندتر نەبن …قۆرتێک لە پێش مێزەکەت لێ ئەدەی…. لۆ ئەوەی کەسەک خۆی بە گەورەتر لە توو نەزانی “
ئەتوو نە بە گالتەی ئەوان ونە بە راستی ئەو کەسانەی دەوروبەرت تەنگەتاوو مەشەوەش نەئەبووی، ورەت بەر نەئەداو ئیرادەت توندتر ئەبوو، تاکە کەسێک ئەوەی لە مەینەتیەکانی تۆ تیئەگەیشت ولە بەردەم ئەو گالتانە بێ دەنگ نەئەبوو ولێیان ئەهاتە دەنگ، دایکت بوو وەکو شێرەژنێک لێیان ئەهاتە دەنگ وهاواری ئەکرد بە سەریان :
” بە قوربانی بن …..رۆژەک دێ ئەتان بینم لە هەمووتان پیاو تر ئەبیت….ئەبێ یەک یەک پێڵاوی لۆ دانێن….ئەو رۆژە دێ پیشانتان ئەدەم “
لەوە راستی ئەکرد، چونکە ئەو رۆژە هات کە دایکی بیری لێ ئەکردەوە زۆر لەوانەی ئەو بەزمەیان پێ ئەکرد، وەکو ئەو ژیانێکی خۆش ناژین، ئەگەرچی ئەو لە باڵا بە تێرو پری نەژیا، بەلام ئەمرۆکە بە تێری ژیانێکی ئاسایی ئەژیت وهەموو ئەو دەرفەت وشتانەی لە دەستی چووە، هەول ئەدا دابینیان بکات، ئەوانەی گاڵتەیان پێ ئەکرد، خاوەنی ئەو خانووبەرە نین ولە ناو ئەو ( سیارە)شدا هاتووچۆ ناکەن، بە قات وبۆینباخێکی شیک، لە پلەو پایەکی کاربەدەستی بەرز، ژنێکی خنجیلانی وەکو خۆی ودوو منداڵی ئاسایی لە باڵا. ئەوانە هەمووی دەستکەوتێکی بەرزی تۆن، لە سای خۆڕاگرتن وبەرزی هەست ونەستەکانت هاتنە دەست، نەک لە بەرزی باڵاوە……
هاوەلەکەم !!!! بووە کەسێکی ئاسایی ناو کۆمەڵ، هەموو شتە لەدەست چووەکانی رابردووی خۆی دابین کردو پیادە کردن، ئێستا کەسێکی کاربەدەست و واقیعی ناو کۆمەلگایەیەو بەرپرسی دەزگایەکی باڵا نائاساییەکانە، بەڵام هاوەلەکەم جاریکی دیکە ناتوانێت خەون وەکو جاران ببینێت وهەموو خەونە ناسک هەست و نەستە وشتە پاک وجوانەکانی کۆتایی هات، لە بڕی ئەو هەموو شتە جوان وسادانە بەرپرسێکی ئاسایی باڵا نائاسایی وەکو هەموو ئەو بەرپرسە نائاساییانە لە دایک بوو، ئەو هەموو شتێکی بەدەست هێنا، بەڵام هاولەێکی زۆری لەدەست چوو ومنیش ئەوم لە دەست چوو….

کوردستان-شەقڵاوە
 پاییزی ٢٠١٠
 

  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.