Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

قوتابخانه‌ نمونه‌یه‌كانی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر به‌س ته‌نها بۆ منداڵه‌ به‌رپرسه‌كانه‌ …….

Be First!
by November 28, 2010 گشتی

وه‌ك ده‌ڵێین خوێندن مافی هه‌موو هاوڵاتیه‌كه‌ جا ئه‌م هاوڵاتیه‌ منداڵه‌ هه‌ژار بێت یا منداڵه‌ پاشاو منداڵه‌ بازرگان بێت گرینگ نابێت بێ‌ هیچ بیانوو هیچ مه‌به‌ستێك منداڵ له‌ خوێندنی باش بێ‌به‌ش بكرێت , ده‌بێت ده‌وڵه‌ت بێ‌ جیاوازی له‌ نێوان ئه‌م و ئه‌و باشترین كه‌ش وهه‌وا بۆ قوتابیان بره‌خسێنێت كه‌ له‌چه‌ند روێكه‌وه‌ به‌هه‌رمه‌ندن و حه‌ز به‌ خوێندن ده‌كه‌ن و له‌ قۆناغه‌كان پله‌ی باش به‌ده‌ست ده‌هێنن, دیاره‌ قسه‌ كردن له‌سه‌ر سه‌قه‌تی سیسته‌می خوێندن له‌ كوردستان قسه‌و باسی زۆری ده‌وێت بۆیه‌ ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه‌ سه‌ر ته‌نها ئه‌و ناعه‌داله‌تیه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كان رۆژ له‌ دوای رۆژ هه‌ستی پێوه‌ده‌كرێت .
 زۆرجار گوێ‌ بیستی به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌ ده‌بین كاتێك ماڵه‌ هه‌ژاره‌كان ده‌لاوێننه‌وه‌ به‌ڵام ئاخۆ به‌ پراكتیك ئه‌و به‌رپرسانه‌ له‌گه‌ل خه‌م و ناخۆشیه‌كانی خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كانن كه‌ له‌ هه‌موو شۆرشێك پێش هه‌موو چینێك ده‌بنه‌ سوته‌مه‌نی شۆرش ؟؟!
جارێك گوێ‌ بیستی به‌رپرسێكی ئه‌م هه‌رێمه‌ی خۆمان بووم به‌وپه‌ری متمانه‌وه‌ باوه‌شی بۆ منداڵه‌ هه‌ژاره‌كان ده‌كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌هه‌ره‌مه‌ندن به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێده‌دان له‌سه‌ر گیرفانی حكومه‌ت له‌ باشترین قوتابخانه‌ بخوێنن تا نه‌وه‌یه‌كی ساغه‌ڵه‌م وباشیان لێ‌ په‌روه‌ده‌ بێت , به‌ڵام ئاخۆ قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ بووه‌ پراكتیك وكاری پێ‌ كرا ؟؟ یا بته‌كانی به‌ناو پسپۆرو به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌ده‌كان ئیمتیازه‌كانیان بۆ خزمه‌ نزیكه‌كانی خۆیان قورخ كرد دووباره‌ و سێباره‌ قوتابخانه‌ نموونه‌یه‌كانیشان كرده‌ موڵكی منداڵ و ژنه‌ به‌رپرسه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ ؟
دوور له‌م درووشم و قسانه‌ …ئه‌م ساڵ رێگای كچم له‌ پۆلی شه‌ش نمره‌یه‌كی باشی به‌ده‌ست هێنا گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم 96 و نیو بۆیه‌ من ودایكی له‌ مانگی حه‌وته‌وه‌ پلانی ئه‌وه‌مان داده‌رشت له‌ قوتابخانه‌یه‌كی نمونه‌ی وه‌رگیرێت كه‌چی هه‌رچیمان ده‌كرد ده‌رگه‌كه‌مان له‌سه‌ر داده‌خرا , به‌رێوه‌به‌رێك ده‌ی گوت كچی زووم ئینه‌ هه‌رچی پۆخڵه‌واتمان هه‌بێت بۆ باوكی ده‌گێرێته‌وه‌ , ئه‌وه‌ی تر ده‌ی گوت برۆ لای مامۆستا……… ئه‌و بۆت ده‌كا سه‌رئه‌نجام رێگای كچم له‌ قوتابخانه‌ی نمونه‌ی وه‌رنه‌گیراو هاورێكانی كه‌له‌ قوتابخانه‌و له‌ هه‌مان پۆلی ئه‌ون به‌ڵام كچی ……..و كچی ……… ن نمره‌كه‌شیان زۆر زۆر له‌ ریگای به‌هره‌مه‌ند كه‌متر بوو له‌ باشترین قوتابخانه‌ی نمونه‌ی ده‌خوێنن , له‌ هه‌مووش خۆشتر به‌رێوه‌بری په‌روه‌ده‌ی هه‌ولێر كه‌ده‌م بینێ‌ موجامه‌له‌م ده‌كات ده‌ڵێ‌ من هاورێ‌ی باوكتم نازانێ‌ من عه‌لامه‌ی ئیستفهامم له‌سه‌ر زۆربه‌ی هاورێكانی باوكم داناوه‌!
هاهاهاهابه‌راستی جوانه‌ له‌م وڵاته‌ دڵنیام دوو ساڵی تر هاواش به‌ واسته‌ ده‌بێت له‌هه‌مووش گرینگ تر ئه‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ پێشناری بۆ كردم كچێكی یازده‌ ساڵان له‌ هه‌ولێر واتا كچه‌كه‌ی خۆم ببه‌م بۆ قوتابخانه‌یه‌كی شقڵاوه‌ بخوێنێت واده‌زانێ‌ منیش وه‌ك كابرا دیوخانانه‌م هه‌یه‌و دووسێ‌ مۆنیكا له‌به‌رده‌رگاكه‌م هه‌ر بۆ جوانی وه‌ستاوون یان وه‌ك بڵێ‌ی له‌ هه‌ولێر قوتابخانه‌ نه‌بێت بۆ خوێندن , جا خوا كردی له‌وێش كچه‌كه‌م قبوڵ نه‌كرا چونكه‌ كچی كوره‌ شه‌هیدێكی ئه‌م وڵاته‌ بوو بێجگه‌ له‌مه‌ش واسته‌ی نه‌بوو له‌هه‌مووش خۆشتر به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی شه‌قڵاوه‌ ده‌ی گوت چۆن مامۆستا…. منداڵی فڵانی له‌ هه‌ولێر بۆ وه‌نه‌گرتم ئه‌وا منیش كچه‌كه‌ی تۆ وه‌رناگرم ؟؟!
منیش گوتم مامۆستا منداڵی كێ‌ی وه‌رنه‌گرت ؟ مامۆستاش گوتی بۆ كاكه‌ نازانی ئه‌و ته‌نها له‌ خزمه‌تی منداڵه‌ به‌رپرسه‌كانی شاره‌ بۆ نازانی ژنی فلانه‌ به‌رپرس هه‌ر ده‌وامی مامۆستایه‌تیش ناكات كه‌چی مانگانه‌یكی باشی بۆ ده‌چێته‌وه‌ ماڵ  .
خولاسه‌ كچه‌كه‌م ئه‌م ساڵ له‌ خراپ ترین قوتابخانه‌ی هه‌ولێر ده‌خوێنێت رۆژ له‌ دوای رۆژیش ته‌ئسیری ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی به‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ش پێش خۆم به‌رێوه‌به‌ری په‌روه‌ده‌ی هه‌ولێر لێ‌ی به‌رپرسیاره‌ چونكه‌ منیش كوره‌ ره‌فیق وشه‌فق نه‌بووم ئه‌گه‌ر نا جه‌نابی مودیری په‌روه‌رده‌ ده‌مێك بوو مێزێكی بۆ رێگای كچم حجز كردبوو وه‌ك چۆن بۆ منداڵه‌ به‌رپرسه‌كان و پاسه‌وانه‌كانیشیانی حجز كرد …
گفتوگۆیه‌كی خۆم و به‌رپرسێكی په‌روه‌ده‌م لا ریكۆرده‌ ئامۆژگاری ئه‌وه‌م ده‌كات ده‌ستكاری پله‌كه‌ی بكه‌م پێده‌چێت پێشتر بۆ خه‌ڵكێكی زۆری كردبێت ………

رزگاركۆچه‌ر

Previous
Next

Leave a Reply