Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
كاتێك ژنان گەندەڵ دەبن….تامان شاكر

كاتێك ژنان گەندەڵ دەبن….تامان شاكر

Closed
by January 17, 2008 ژنان

  دەكرێ بڵێن ئەمرۆ عێراق و كوردستان گەندەڵترین وڵاتی دونیان و هۆكاری گەندەڵیش زۆرن
 لە هەموویان بەرچاوتر نەمانی هەستی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی وڵاتە و بیركردنەوەیە تەنها لە بەرژەوەندی تاكەكەس و نایەكسانی كۆمەڵایەتی كە خەریكە مەترسیەكانی لە مەترسی هێرشی ترك و فارس گەورەتر دەبێت.
  لەم گێژاوەی ئەمرۆ كوردستانی تێكەوتووە هەركەس دەڵێ هەلەكە رەخساوە و باخانوو سەیارەیەك بۆخۆم تەئمین بكەم، خوای دەكرد خەڵك نانی نەبێ بیخوات،وادەزانێ بەدابینكردنی ئەو دوو شتە ئیتر كێشەكانی ژیان كۆتایی دێت ، ئەو لەوە بێئاگایە كە خانوو ئۆتۆمۆبێلێك دەكرێت بە پارەیەك كە مافی ئەو نییە،لە وانەیە هەندێك ئاسانكاری ژیانی بۆ بكەن بەڵام هەرگیز بەختەوەری ناكەن، چونكە زۆرینەی كۆمەڵگە بەختەوەر نییە. ئەم دیاردەیە بووە بەكلتووری باو هەركەس هەوڵی بۆ دەدات ،بە تەنها لە نێو پیاوان نییە بەڵكو ژنانیشی گرتۆتەوە،ژنانیش وەك پیاوان دەستیان كردووە بە دزی و گەندەڵی بەڵام بە شێوازێكی تر.زۆرن ئەو ژنانەی كە لە پڕ دەوڵەمەند بوون و پێیان وایە كەس نازانێ ئەو پارەیان لە كوێ هێناوە،چونكە زۆربەیان لەچكێك دەكەنە سەریان و دەیانەوێ موسوڵمانییەتی و دەستپاكی خۆیان پیشانی خەڵكی بدەن نازانن  ئەمرۆ خەڵك چاوی ژنانیش دەبینێت نەك تەنها پیاوان،  (رێزم هەیە بۆ ئەوانەی بە باوەرەوە  لەچكیان لەسەرناوە،)  
 ئێمەی ژنانی نووسەریش، هەمیشە باس لە گەندەڵی،و توندو تیژی پیاوان دەكەین و، تەنانەت وایلێهاتووە هەموو ناشیرنیەكانی پیاوانمان بەدەرخستووە و لە كاتێكدا لە بیرمان چۆتەوە، ئەوە ئێمەین كە ئەم پیاوانەمان بەرهەم هێناوەو پەروەردەمان كردوون. بۆ گەندەڵی و توند و تیژی، وادیارە ئێمە لە ئاستی ئەوە دانین كەسانێكی بە ویژدان و نەرم و نیان لێبووردەو خاوەن هەڵوێست و نیشتمان پەروەر پەروەردە بكەین ، یا ئەوەتە كۆمەڵگە كاریگەری زۆرترە لە خێزان لەسەر كەسەكان، بە هیچ شێوەیەك نامەوێ  ناشیرنیەكانی پیاوان جوان بكەم و یان خودا نەخواستە بەرگریان لێ بكەم، بەڵام دەمەوێ باسی كەمووكوری و گەندەڵی ژنانیش بكەم، كە ئەمرۆ لە كۆمەڵگەی ئێمە ژنانیش بەشداری ئەو گەندەڵیانەن و دەمی خۆیان دەسرنەوە، هەندێك لە ژنان مەبەستیان نییە كوڕەكانیان یان مێردەكانیان چۆن پارە پەیدا دەكەن وچۆن  لە پر دەوڵەمەند دەبن، هەندێك لە ژنان لە شوێنی وادا كاردەكەن كە پارە لە ژێر دەستیاندایەو بە ئارەزووی خۆیان و بە ناڕوا ئەیخەنە گیرفانیان ، هەندێك ژنیش لە پێناوی مانەوە لە سەر كار یان دەكەونە بەر هێرشی زمان لوسی پیاوانی گەندەڵ، جەستەی خۆیان دەخەنە خزمەتی گەندەڵكاران و دەبنە شەریكی گەندەڵەكان، تەنانەت هاوسەرەكانیشیان پێیان ناڵێن ئەوەت لە كوێ بوو،ئەوانیش چاوی خۆیان دادەخەن و گوێی خۆیان كەڕ دەكەن  و زمانی خۆشیان دەبڕن، چونكە نایانەوێ راستییەكان ببیستن و هەست بە نەمان و كەمبوونی پیاوەتیان بكەن .ژن هەنە خەڵكی ئەم كوردستانە نیین لە كوردستانیش ناژین كەچی باشترین پارچە زەویان پێدراوە و لە باشترین شوێن ، كەچی ژنانی پاشماوەی ئەنفالەكانی گەرمیان و كوردستان حەسرەتیان سێبەرێكە لە هاوین و پەناگەیەكی گەرمە لە زستان،ژن هەنە خۆیان نووسەرن موچەی رێزلێنانی 3000 هەزاردیناریان بۆ خوشكیان بڕیوەتەوە كەكەس ناوی نەبیستوون لە هیچ بوارێكی رۆشنبیری و هونەری كاریان نەكردووە، ئەگەر ئەوە گەندەڵی وجەستە خستنە بازار نەبێت چییە ؟ كە ئەو ژنانە دەیكەن بە رەزامەندی و دەستكراوەیی حكومەتی كوردستان! 
 من زۆرم پێخۆشە ژنان بەشداری كەرتی بازرگانی بكەن و لە رووی ئابوورییەوە سەربەست بن، بەڵام نەك بە هەرنرخێك، پێم سەیرە ژنانێك لە پر دەبنە خاوەنی بەنزینخانەو چەندان دۆنم زەوی و هۆتێل و شتی تر
 ئەگەر بۆیان مابێتەوە بە میرات ، ئەوە ئیتر ئێمەی ژن بۆمان نییە گلەیی لە نایەكسانی دابەشكردنی میرات بكەین و بڵێن ئاینی ئیسلام كوری فەرز كردووە لەسەر كچان،ئەگەر بە مووچە كڕیوویانە ئەوە درۆیەكی گەورەیە كەس ناتوانێ بە موچە بەم شێوەیە  سەرمایە كۆبكاتەوە.چونكە مووچەی فەرمانبەرێك لە كوردستان بەشی 10 رۆژی ژیان ناكات، بۆیە خەلك ناچارە لە دوو سێ شوێن كاربكات. هۆكاری ئەم گەندەڵیانەش بە پلەی یەك حكومەت لێی بەرپرسیارە، چونكە هیچ سیستەم و یاسایەكی نییە بۆ ریكخستنی ژیانی خەڵك،بۆ هەندێك دەستكراوەیەو بۆ هەندێكیش نییە. 
 ئێمەی داكۆكی كاران لە مافی ژنان و داواكارانی یەكسانی لە نێوان رەگەزی نێرو مێ، دەبێت لەمەو دوا باس لە گەندەڵی و كەموو كوریەكانی ژنانیش بكەین و بیرلەوە نەكەینەوە ئەوە ژنە ئەوە پیاوە، گەندەڵ هەرگەندەلەَ چ نێر بێت چ مێ، دەبێت هەموو گەندەڵەكان بەیەك چاو تەماشا بكەین ئەگەر دەمانەوێ بەراستی شەڕی گەندەڵ و گەندەڵكاران بكەین. 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.