Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

كه‌نه‌دا.. كۆڕێكی رۆشنبیری له‌سه‌ر ستانداردبوونی زمانی كوردی به‌ڕێوه‌چوو

Be First!
by December 12, 2010 زمان

 عوسمان عه‌لی – كه‌نه‌دا 
 

له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی بواری رۆشنبیری ماڵی كورد، ئێواره‌ی رۆژی 5/12/2010 به‌ئاماده‌بوونی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و خوێندكاری زانكۆ و رۆژنامه‌نووسی كورد و ژماره‌یه‌ك له‌ كوردستانیان، كۆڕێك بۆ پشتگیری هه‌وڵه‌كانی ستانداردبوونی زمانی كوردی له‌ هۆڵی ماڵی كورد سازكرا.
پێشه‌كی دارای محامی به‌ناوی ماڵی كورده‌وه‌ به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كردو سوپاسی هه‌ر یه‌ك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی كۆڕه‌كه‌ (گۆران عه‌بدوڵڵا و نه‌ژاد سیوه‌لی و سه‌عید كاكه‌یی و فاروق عومه‌ر ) كرد.
پاشان روونكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی په‌یامی پێشنیاركراوی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ئه‌دیب و رۆژنامه‌نووسانی كورد باسكرد، كه‌ له‌ ساڵی 2008 دا سه‌باره‌ت به‌ ستانداردبوونی زمانی كوردی پێشكه‌شی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردبوو.
دواتر سه‌عید كاكه‌یی و نه‌ژاد سیوه‌یلی و گۆران عه‌بدوڵڵا و فاروق عومه‌ر  له‌ باسه‌كه‌یاندا به‌گشتی ئاماژه‌یان به‌ شێوه‌ زاری زمانی كوردی هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان داو جه‌ختیان له‌سه‌ر ستانداردبوونی زمانی كوردی كرده‌وه‌ و پێیانوابوو هۆكاری سه‌ره‌كی لاوازی گوتاری ناسیۆنالیستی ئه‌مڕۆی كورد، نه‌بوونی زمانێكی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یییه‌، له‌مێژووی كۆن و نوێشدا زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌كان كاریان بۆ ستانداردكردنی زمانی خۆیانداوه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جووت ستانداردی زمانی وڵاتانی نه‌رویج و چین و هیند و ئه‌لبانیا به‌ نمونه‌ هێنایه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ كوردستانی عیراق، ئه‌و به‌ڕێزانه‌ كۆك بوون له‌گه‌ڵ په‌یام و پێشنیاری نووسه‌ران و ئه‌دیبانی كورد بۆئه‌وه‌ی شێوه‌زاری كرمانجی ناوه‌ااست (سۆرانی) وه‌ك به‌ردی بناغه‌ی زمانی ستانداردی خوێندن و نووسین و مامه‌ڵه‌ی ره‌سمی ده‌زگا حكومییه‌كان كاری پێبكرێتن هاوكات ئاشنایه‌تی ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌موو شێوه‌زاره‌كانی تری زمانه‌كه‌یاندا په‌یدا بكه‌ن.
سه‌عید كاكه‌یی له‌ باسه‌كه‌یدا به‌رپرسیارێتی مێژوویی خسته‌سه‌ر شانی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی هه‌رێمی كوردستانن كه‌ ده‌كرێت به‌بڕیارێكی ره‌سمی بۆ ناسینی دیالێكتی (سۆرانی) وه‌كو بنه‌مایه‌ك به‌كار بهێنرێت و زه‌مینه‌ خۆش بكات بۆ نزیككردنه‌وه‌ی شێوه‌ زاره‌ جیاوازه‌كان له‌ یه‌كتری، جگه‌له‌وه‌ش دامه‌زراندنی په‌یمانگایه‌كی زانستی نه‌ته‌وه‌یی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و ساغكردنی هه‌موو شێوه‌زاره‌كانی زمانی كوردی به‌ پێویستزانی.
گۆران عه‌بدوڵڵا له‌ به‌شێكی باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌ گرفته‌كانی زمانی كوردی دا، كه‌ له‌ناو خودی زمانی كوردیدا چه‌ند گرفتێكی سه‌ره‌كی هه‌ن، وه‌ك  كه‌می خوێنده‌واری كرمانجیزانی باكور، به‌تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی دوای شۆڕه‌شه‌كانی شێخ سه‌عید و ئاگرداغ و ده‌رسیم و ئاوابوونی به‌درخانییه‌كان خوێندن و نووسین به‌و شێوه‌زاره‌ زۆر كه‌من، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی سێ جۆر ئه‌لف و بێی جیاوازیش گرفتی به‌رچاون له‌ ناوچه‌كانی كرمانجی باكوردا، به‌كارهێنانی ئه‌لف و بێی لاتینی له‌ خوێندن و نووسینی كورده‌كانی باكور، سیلاسیكی كورده‌كانی یه‌كێیتی سۆڤێتی پێشوو، هه‌روه‌ها ئه‌لف و بێی عه‌ره‌بی كورده‌كانی باشور له‌ پارێزگای دهۆك.
فاروق عومه‌ر زمانی كوردی وه‌كو دره‌ختێك شڕۆڤه‌ كرد، كه‌ زمان دره‌ختێكه‌و زاراوه‌كانیش لقه‌كانیه‌تی، وتیشی: به‌وپێیه‌ی كورد میلـله‌تێكی داگیركراو بووه‌،  هه‌میشه‌ بۆی رێنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ له‌ڕوانگه‌ی زمانه‌كه‌یه‌وه‌ ته‌ماشای ژیان بكات.
وتیشی: تا كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌من له‌ناو كورددا سێ زمان به‌كار هێنراون (زمانی عه‌ره‌بی بۆ كاروباری ئایینی، زمانی فارسی بۆ ئه‌ده‌بیات و توركیش بۆ كاروباری میری)، به‌ڵام زمانی كوردی به‌پله‌ی چواره‌م هاتووه‌، بۆیه‌ زمانی كوردی بواری گه‌شه‌سه‌ندنی نه‌بووه‌.
نه‌ژاد سیوه‌لی رای خۆی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رخست كه‌ ستانداردبوونی زمان به‌شێكه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌بوون، واته‌ زمان هۆكارێك بووه‌ بۆ پاراستنی نه‌ته‌وه‌ن پاشان سیوه‌یلی قۆناغه‌كانی زمانی كوردی له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێكدا باسكرد، له‌كۆتاییشدا لێكۆڵینه‌وه‌و بۆچوونه‌كانی ئه‌میر حه‌سه‌ن پوری له‌مه‌ڕ زمانی ره‌سمی باشوری كوردستان به‌ ناواقیعی و نا زانستییانه‌ له‌ قه‌ڵه‌مداو وتیشی: حه‌سه‌ن پور به‌ بۆچوونه‌كانی زیان به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌ كۆتاییدا ئاماده‌بووان به‌خستنه‌ڕووی بیرو بۆچوونیان به‌شداری باسه‌كه‌یان كردو پێیانوابوو زیندوویی زمان له‌وه‌دایه‌ كه‌ فره‌ شێوه‌زار بێت و له‌ زمانی ستانداردا سوودی لێوه‌ربگێریت.

Previous
Next

Leave a Reply