Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كورد دوای بەهاری عەرەبیش.. بێ دانوولە خواردن دەرچوو!!

كورد دوای بەهاری عەرەبیش.. بێ دانوولە خواردن دەرچوو!!

Closed
by June 6, 2012 گشتی

 

لە 9/12/2003 موعەمەر قەزافی لە وتارێكدا كە بەشێكی لە رۆژنامەی “الشرق الاوسط”دا بڵاو كرایەوە نووسی “لە روخانی سەدامدا كوردەكان جگە لە باوەشكردن بە سەربازە داگیركەرەكانی ئەمریكا وماچو موچی  سەر گۆنای داگیركەرەكان و تۆمەتباركردنیان بە خائینی گەورەو بەكرێگیراوی دوژمن هیچی دیكەیان دەست نەكەوت”. هەروەها قەزافی لەو وتارەدا كە بەناونیشانی “كوردەكان لە مەولودەكە بە بێ دانولە خواردن بۆی دەرچون” نوسیبوی “دوای روخانی رژێمی سەدام كوردەكان هەلێكی مێژووی گەورەیان لەدەستدا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ”.
هەوەها نوسیبوی “دۆخی كوردەكان پاش روخانی سەدام حسێن هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهات، بگرە لە رووی ئەدەبی و رواڵەتیەوە خراپتر بوو، ئێمە چاوەڕێ بووین لەوەها دۆخێكی درامیدا، وەك چۆن لە جەنگی جیهانی دووهەمدا جولەكەكان روخانی بەرلین و دۆڕانی وڵاتانی میحوەریان بەهەل زانی و دەوڵەتی ئیسرائیلیان دروست كرد، كوردەكانیش ئەو هەلە دەقۆزنەوە و دەوڵەتی كوردستان كە هیوای مێژوویی نەتەوەی كوردی چەوساوەو بەشبەشكراوە رادەگەیەنن”.
قەزافی دەپرسێ كورد چی دەسكەوت؟ هیچ.. كورد لەو وڵاتانەی تێدان رعایای پلە دوون .. چی نوێ روویدا؟ هیچ. كورد هەمان كوردی هاوڵاتی پلە دوو و سێن لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی خواروو”.
هەروەها قەزافی دەڵێت “بە بوونی ووشیار زێباری بە وەزیری دەرەوەی عێراق مەخەڵەتێن، لەوەوپێش زۆر لە بەرپرسە عێراقیەكان كورد بوون، بەڵام كورد هەر بە داگیرو دابەشكراوی مایەوە”.  لە كوتایی وتارەكەیدا قەزافی دەڵێت چاوەرێی ئەوەمان دەكرد سەركردەكانی كورد لە پاش ئەو دوكەڵ و تەپوتۆزەی دوای روخانی سەدام دەوڵەتی كوردی رابگەیەنن، بەڵام دەركەوت لە مەولودی ویرانبونی عێراقدا دانولەشیان بەرنەكەوت….”
كاتێك قەزافی شەش مانگ پاش رووخانی سەدام ئەو وتارەی نووسی، وەك هەموو جارێك سەركردەكانی ئێمە كە خەیاڵی بوون بە بەرپرسی باڵا لە عێراق دابوی لە كەلەیان لە رێگەی بوقی راگەیاندنەكانیانەوە گاڵتەیان پێدەكردو بە شێتیان دەزانی، بەڵام زەمەن دەریخست كە وشە بە وشەی وتارەكەی قەزافی راست دەرچوو، راستە ئەوان بوون بە سەرۆك كۆمارو وەزیرو گزیر لە حكومەتی عێراق و سەروەت و سامانی دونیایان بۆ خۆیان و حزب و بنەماڵەكانیان كۆكردەوە، بەڵام هەمووی لەسەر حسابی كێشەی رەوای نەتەوەیی كورد بوو.
گەر بەراوردێك بكەین لە نێوان دۆخی ئێستای كوردستان و رووداوەكانی پێش 9/4/2003 چ گۆڕانكاریەكی جەوهەری لە كێشەی كوردا دەبینی؟ تەنها ئەوە نەبێ لە عێراق سەدامێك روخا، بەڵام دەیان كۆپی شیعەو سونی سەداممان لەبەردەمدا قوت بویەوە، “تەها محێدین”ێكی بەكرێگیراو لە بەغدا نەما، بەڵام چەندین تەها محێدینی شۆڕشگێڕمان هەناردەی بەغدا كرد و بەقسەی سەرۆكی هەرێمیش بێت دەسەڵاتەكانیان لەوەی تەها كەمتر نەبێت زیاتر نییە.
لە كۆتاییەكانی 2010وە شۆڕشی گەلانی عەرەبی پایە سیاسیەكانی نەك هەر وڵاتانی ناوچەكەی بەڵكو سەرتاپای دونیای لە گەڵ خۆیدا لەرزاندو دیسانەوە هیوایەكی دیكە هاتەوە بەر كورد، بەلای زۆر كەسەوە “جگە لە قەزافی كە بەهارەكە سەری خوارد” نەك هەر بۆ كوردی عێراق، بەڵكو بۆ كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەبێتە بەهاری سەربەخۆیی، بەداخەوە وا پایز هات و دیسانەوەش لەبەر حیكمەت و دانایی و پێشبینیەكانی ئەم سەركردانەمان نەك هەر “دانولە” بەڵكو شلەكەیشمان دەست نەكەوت..
قەزافی، لەو گۆڕەت كە كەس نازانێ لە كوێیە سەر هەڵتەكێنە و سەیركە وا كوردە داماوەكانت كە تا تیرۆریان كردی بە تەما بوی ئاڵاكەیان لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا ببینی، چۆن بە دەست كۆمەڵێك سەركردەوە گیریان خواردوەو هەر رۆژێك بەشوویەكی دەدەن، رۆژێك بە سەدام، رۆژێك بە شیعە، رۆژێك بە سونەو رۆژێك بە “برادەران” و رۆژێكیش بە “قارداش”ەكان.

 


مەجید ساڵح

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.