Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كۆتایی چیرۆكه‌كه‌: تۆب بێ مێنیفێست …و:ڕێبوار ڕه‌شید

كۆتایی چیرۆكه‌كه‌: تۆب بێ مێنیفێست …و:ڕێبوار ڕه‌شید

Closed
by February 14, 2008 گشتی

كه‌واته‌ ئه‌م كتێبه‌ سه‌باره‌ت به‌ باسی مه‌رگی سۆسیالیزم ده‌بێت. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین كه‌ چۆن هه‌موو چیرۆكه‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین. له‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه‌دا ده‌بینین چۆن بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی سۆسیالیستیی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا‌ فۆرمێندرا. سۆسیالیزم وه‌كوو ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌ سه‌رمایه‌داریی فۆرموله‌ كرا. ئایینده‌بینیه‌ك سه‌باره‌ت به‌ نه‌زمێكی كۆمه‌ڵگای نوێ و به‌رابه‌ر هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ سۆسیالیستیه‌كه‌دا هه‌ر زیندوو بووه‌. ئه‌م ڕه‌خنه‌ كۆمه‌ڵگاییه‌ و ئه‌و خه‌ونه‌ سیاسییه‌ بوو، كه‌ پێش ئه‌و ده‌یه‌ی ڕابردوو ده‌ست پێ بكات، پێ داگیرا كه‌ گوایا مردووه‌. به‌ڵام، با له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین.
سۆسیالیزم له‌گه‌ڵ لێدانی زه‌نگی به‌ خاكئه‌سپاردندا له‌دایك بوو. ئه‌وه‌ی كه‌ مرد خودا خۆی بوو. نیتشه‌ ڕێگای به‌ دێوانه‌یه‌ك دا په‌یامی مه‌رگی خودا ڕا بگه‌یه‌نێت: "خودا مرد! مردنێكی هه‌تاهه‌تایی! ئێمه‌ی مرۆڤ‌ بووین كه‌ كوشتمان! چلۆن دڵخۆشیی خۆمان بده‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ كه‌ بكوژی بكوژین؟". خودا هه‌ر خۆی سه‌رچاوه‌ی مانا بوو. ده‌سته‌ڵات و باڵاده‌ستییه‌ كۆمه‌ڵگاییه‌كان له‌ ڕێگای خودا و به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ ڕه‌وا كرابوون. قه‌شه‌گه‌ل په‌یامه‌كانی ئینجیلیان لێك ده‌دایه‌وه‌ و شاهانشاكان له‌ میهره‌بانی خودادا پادشا بوون. ئازادبوونی مرۆڤه‌كان له‌ ڕێگای باوه‌ڕمه‌ندی به‌ خودا‌وه‌ بوو. ئێستا خودا مرد و ته‌واو. خودا له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كان خۆیانه‌وه‌ مرێندرا.  ئه‌رێ، ئه‌ی ئێستا مرۆڤ ڕوو له‌ كوێنده‌رێ بكات؟
ده‌نا ڕه‌نگه‌ مه‌رگی خودا وه‌كوو ده‌ربڕینێكی ڕۆمانسیانه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ببینرێت كه‌ عاده‌ته‌ن به‌گشتیی پێی ده‌گوترێت به‌ سیكولاریزه‌كردن. لیستی چه‌ند باره‌ مه‌رگی خودا ئاماژه‌ به‌و گۆڕانكارییه‌ له‌ تێگه‌یشتنی مرۆڤ ده‌كات كه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیهانی ده‌وروبه‌ریه‌تی. هێگل سه‌باره‌ت ئه‌وه‌ نووسی كه‌ چۆن خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ جێگای نوێژی به‌یانیانی گرته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ سه‌ره‌ی ئه‌وه‌ هاتبوو كه‌ ئیدی له‌و جیهانه‌ تێبگه‌ین كه‌ تیایدا ده‌ژین. ده‌سته‌ڵات ناچار كرا كه‌ سیاسیانه‌ خۆی ڕه‌وا بكات. ئایدیۆلۆژییه‌ سیاسیه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك یان شێوه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌كوو كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر به‌ مه‌رگی خودا له‌دایك بوون. لیبراله‌كان له‌مه‌ڕ مافگه‌لێك ده‌دوان كه‌ سرووشت به‌خشیبووی و له‌مه‌ڕ كۆنتراكتێكه‌وه‌ ده‌دوان كه‌ مرۆڤه‌كان له‌ ناو خۆیاندا له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌ون. سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاد جێگای ده‌ستی نه‌زمی باوكانه‌ی خودایان گرته‌وه‌، به‌ مستێكی نابینراو و هه‌ر زۆر كه‌متر قورسیش وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ خودا هه‌یبوو.
ماركسیزمیش هه‌روه‌ها هه‌ر وه‌ك وه‌ڵامێك به‌ مه‌رگی خودا سه‌ری هه‌ڵدا و به‌ شێوه‌یه‌ك به‌سترایه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌یه‌كی مۆدێرنه‌كردنی گشتیی و به‌ربڵاوه‌وه‌. ڕه‌خنه‌گری ئاینیی ئه‌ڵمانیی، لودڤیك فیورباخ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ نووسی كه‌ چۆن مرۆڤ بوو خودای دروست كرد، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ ئیتر سه‌ره‌ی ژین و بوونی مرۆڤه‌كان خۆیان بوو كه‌ ده‌بوو لێی تێبگه‌یشتینایه‌. ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌ بوو له‌ ئایین كه‌ ماركس و ئه‌نگلس ویستیان ڕادیكالیزه‌ی بكه‌ن. ماركس ئه‌و ده‌م نووسی كه‌ "ڕه‌خنه‌ له‌ ئایین سه‌ره‌كیانه‌ گه‌یشتووه‌ته‌‌ كۆتایی و ڕه‌خنه‌ له‌ ئایین پێشمه‌رجی هه‌موو ڕه‌خنه‌كانه‌". چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هه‌موو ڕه‌خنه‌كان پێوسیتیانه‌ ناچاریش بن له‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ئایین ده‌ست پێ بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت هه‌ر زوو گورج ببن به‌ ڕه‌خنه‌ له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه‌ هه‌یه‌. "ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ئاسمان به‌و شێوه‌یه‌ گۆڕدرا بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ زه‌وی، ڕه‌خنه‌ له‌ ئایین گۆڕدرا و بوو به‌ ڕه‌خنه‌ له‌ داد، ڕه‌خنه‌ له‌ تیۆلۆگی (ئایینناسیی) بوو به‌ ڕه‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ت".
ماركس و ئه‌نگلس له‌ مانیفێستی كۆمۆنیستدا نووسییان كه‌ "هه‌موو شتێكی هه‌میشه‌یی (نه‌مر) و ماوه‌‌ ده‌بێت به‌ قابیلی گۆڕین، هه‌موو شتێكی پیرۆز دونایی ده‌كردرێت"، كاتێك كه‌ خودا مرد هیچ شتێكی دیكه‌ نه‌مایه‌وه‌ كه‌ پیرۆز بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێكی هه‌میشه‌یی (نه‌مر) بكردرێت به‌ قابیلی گۆڕین، كه‌واته‌ وا دێته‌ به‌رچاو كه‌ ئیمكانی ئه‌وه‌ نابێت مانایه‌ك له‌ مێژوودا ببینینه‌وه‌. هیچ خاڵێكی چه‌سپاو و هه‌میشه‌یی نابێت كه‌ له‌وێوه‌ مرۆڤ بتوانێت له‌ كۆمه‌ڵگا تێبگات یان له‌وێوه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سته‌ڵات بگرێت. به‌ڵام له‌ مانیفێستدا دووباره‌ مێژوو مانای په‌یدا كرده‌وه‌، دروست له‌و ڕێگایه‌وه‌ مانای په‌یدا كرده‌وه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سته‌ڵات گرێدرا. له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ هیچ سه‌یر نییه‌ كه‌ مانیفێست خوێنه‌رانی خۆیی سیحرئامێز كرد.

ڕێبوار ڕه‌شید
له‌ سوێدیه‌وه‌ كردویه‌ به‌ كوردی
١٣/٢/٢٠٠٨
(ئه‌م بابه‌ته‌ درێژه‌ی هه‌یه‌)

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.