Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

كۆمپانیای وشه‌و كه‌مپه‌ینی داكۆكیكردن له‌ ئازادی بیرورا كام ئامانج

Be First!
by October 6, 2010 گشتی



دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر كۆمپانیای وشه‌ له‌ هۆڵی ئۆتیل سلیمانی پالاس كه‌مپه‌ینێكی ڕاگه‌یاند به‌مه‌به‌ستی داكۆكیكردن له‌”ئازادی بیرورا ده‌ربرین و ئازای ڕۆژنامه‌گه‌ری”. جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌م باره‌وه‌ هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكه‌ین و بزانین ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ بۆ له‌م بارودخه‌ی كوردستان ده‌ستی بۆ ده‌برێت. بڕیاره‌ ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ وه‌لام به‌ كام كێشه‌و گیروگرفتی كۆمه‌لگا بداته‌وه‌. بۆیه‌ كرنكه‌ به‌رله‌وه‌ی كه‌ باس له‌ئامانجه‌كانی ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ بكه‌ین چاویك بگێرین به‌بارودۆخی ئه‌مڕۆی كومه‌لگای كوردستاندا. چونكه‌ له‌ ڕاستیدا بوون ومانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاده‌یه‌ له‌ ئازاد له‌م كۆمه‌لگایه‌دا به‌رهه‌می ده‌نگ هه‌ڵبڕین و ڕاوه‌ستانه‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربرینی به‌رده‌وامی به‌ره‌ی ئازادیخواوزی خه‌ڵكی كوردستانه‌. به‌لام كاتیك كه‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسیه‌كانی كۆمه‌لگای كوردستان له‌به‌رژوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بالا ده‌ستی ئه‌وان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كی سیاسی و ئیداری وئابوری جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ ده‌شكیته‌وه‌ ، ئیتر ئه‌م داش سواربوونه‌ی پارتی، دسه‌لاته‌كه‌ی به‌و ئاقاره‌دا ئاراسته‌ده‌كات كه‌ هه‌رچی زیاتر په‌نابه‌رێت بۆ سه‌ركوت و ئیرهاب و چاوترسان و هه‌ڕه‌شه‌و زیندان و تیرۆرو سزادان. له‌م ڕوانگه‌وه‌ به‌دڵنیای ده‌ست درێژیه‌كانی ئه‌مڕۆژانه‌ی پارتی ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كن له‌ نیشاندانی هاتنه‌پیشه‌وه‌ی قوناغێكی گه‌لێك مه‌ترسیدارتر. كه‌ئه‌مه‌ش ئه‌و حوكمه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی ئه‌م حزبه‌ ده‌خوازیت. بۆیه‌ شانازی كردنی ئه‌م كه‌مایه‌تیه‌ به‌و پێگه‌ چینایه‌تیه‌و بانگه‌شه‌ بۆ پایته‌خی ده‌سه‌لاته‌كه‌ی خۆی به‌ مه‌ڵبه‌ندی ملیۆنه‌ره‌كانی كوردستان ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ تراژیدیه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت باجه‌كه‌ی زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكی كوردستان واته‌ كرێكارو زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ بیده‌ن. هاوكات ده‌بیت زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵكی ئه‌م هه‌رێمه‌ ژیان له‌وه‌ها دۆخێكی پڕ له‌ هه‌ژاری و بێكاری و نه‌داریه‌كی له‌ ڕاده‌ردا به‌سه‌ربه‌رن وله‌هه‌مان كاتدا به‌هه‌ر چوارپه‌ل هه‌له‌كه‌ سه‌مای به‌رته‌سككردنه‌وه‌و قه‌ده‌غه‌كردنی مافو ئازادیه‌كانیشمان ده‌كه‌ن. كه‌واته‌ له‌م ڕوانگه‌وه‌ گۆمانی تێدا نیه‌ كه‌ ئه‌م هێزه‌ بۆ درێژه‌پیدان به‌ ده‌سه‌لاتداریه‌تی خۆی پێویستی به‌سه‌ركوتی سیاسی و هه‌موو جۆره‌كانی تری سزادان هه‌یه‌. دیوێكی تری ئه‌م بالاده‌ستیه‌ به‌رهه‌می ملدانی یه‌كیه‌تی نیشتمانیه‌ به‌و پێگه‌یه‌ی پارتی، كه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌رژوه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌كانیان ده‌توانێت له‌ یه‌ك ستراتیژی هاوبه‌شدا كۆیان بكاته‌وه‌ ناجار ده‌بێ مل به‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ بده‌ن. به‌لام ئاخۆ جیگه‌و ڕێگه‌و ماڵه‌مه‌ڵه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌دا له‌ كۆێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت و به‌به‌رپاكردنی ئه‌م كه‌مپه‌ینه‌ ده‌یانه‌وێ وه‌لام به‌چی بده‌نه‌وه‌و كام جه‌مسه‌ری سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و چینایه‌تی نێو كۆمه‌لگای ئه‌مڕۆی كوردستان به‌هێز بكه‌ن ؟ ئه‌وه‌ی له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا جێگه‌ی پرسیارو تیاڕامانه‌ هۆی چیه‌ له‌ گه‌رماوگه‌رمی ئه‌و ڕۆژانه‌دا كه‌ پارتی ئه‌و سیناریۆ پڕ گالته‌جاریه‌ی دژ به‌تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان راگه‌یاندوه‌و جاریكیتر قوربانی به‌ جه‌لاد ده‌ناسێنیت، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ له‌كاتیكدا كه‌ دووباره‌ “لێكوڵینه‌وه‌و به‌دواچونه‌كه‌ی” پارتی بووته‌وه‌ مایه‌ی نه‌فره‌تی خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستان. به‌لام ئه‌م به‌ڕێزانه‌ وه‌ك ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران خۆیان لێ كڕكردوه‌ كه‌واته‌ ئه‌و پرسیاره‌ جیگه‌ی خۆیه‌تی كه‌ ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌م بێ ده‌نگی وبادانه‌وه‌یه‌ به‌كرده‌وه‌ نه‌كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌نگه‌ری ملدان به‌ بڕیارو لێكولینه‌وه‌ “عادلانه‌كه‌ی پارتی وحكومه‌تی هه‌ریم” ؟ بۆ ساتیك له‌مه‌شیان گه‌ڕین چونكه‌ به‌بڕوای من حیكمه‌تی ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی خستنه‌ ڕووی ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌ولاتره‌. بابینه‌وه‌ سه‌ر كه‌مپه‌ینێك كه‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ڕایانگه‌یاندوه‌. به‌رله‌هه‌رشتێك ئه‌وه‌بڵین كه‌ هه‌رجۆره‌ داكوكیكردن و پشتگیریه‌ك له‌ماف و ئازادیه‌ سیاسی ومه‌ده‌نیه‌كانی خه‌لكی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌نیكه‌وه‌ جێگه‌ی ڕێزلێنان و ده‌ست خۆشیه‌. به‌لام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڕۆشنی له‌م هه‌نگاوه‌ی كۆمپنیای وشه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت په‌رچه‌كردارێكه‌ كه‌ زیاد له‌هه‌رشتێك بۆ داكوكردن له‌ پێگه‌ی سیاسی خۆیان و ئه‌و سكالاو چاوترسان و سزا مادییه‌ خه‌یالیه‌یه‌ كه‌ پێشوه‌خت له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسی پارتیه‌وه‌ دیاریكراوه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌، وه‌ك گه‌لێك له‌ بلاوكراوه‌ ڕۆژنامه‌كانی تری له‌چه‌شنی ( هاولاتی، ئاوێنه‌، لڤین، فشار…). به‌لام ده‌نگ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆژانه‌ بۆ ئه‌م داواكاریه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای وشه‌وه‌ چه‌ند لایه‌نێك له‌ خۆ ده‌گرێت كه‌ ڕانه‌وه‌ستان له‌سه‌ریان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره‌مان ده‌كاته‌وه‌ له‌ ئاینده‌دا . بۆیه‌ لێره‌دا سه‌رنجان بۆ چه‌ند خالیك راده‌كێشم: یه‌كه‌م: هه‌ڵوێست نه‌گرتنی بزتنه‌وه‌ی گۆران سه‌باره‌ت به‌ تاوانباركردنی سه‌رده‌شت عوسمان هه‌ر ئیسته‌ بۆ زۆرێك له‌ خه‌لكی كوردستان جیگه‌ی تیارامان و پرسیارو گۆمانه‌، كه‌ ئه‌م هێزه‌ ئوپۆزیسۆنه‌ی په‌رله‌مان به‌م بێ ده‌نگیه‌ له‌مباره‌وه‌ یه‌ك ده‌ستی هه‌ڵوێستی هه‌موو په‌رله‌مانی پاراستووه‌و هه‌روه‌ها به‌كرده‌وه‌ش له‌م ڕێگه‌وه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم چوونه‌ته‌ پشت ئه‌م سیاسه‌ت و هه‌لویسته‌ی پارتیه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و دۆستانه‌ی كه‌له‌ سوونگه‌ی خۆشخه‌یالیه‌وه‌ نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه‌ ئایا بۆ له‌ قوناغی یه‌كه‌مدا بزوتنه‌وه‌ی گۆران هه‌ر نه‌بێت له‌ ئاستی په‌رله‌مانتاره‌كانیاندا داكۆكیان له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شتكرد ؟ تێگه‌شتن له‌م حاڵه‌ته‌ دوابه‌دوای برینه‌وه‌ی مانگانه‌ی نیوملیون دۆلار بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆران ڕه‌نگه‌ كارێكی دژوار نه‌بێت و به‌هه‌مان ڕاده‌ ڕه‌نگه‌ په‌ی بردن به‌و ڕاستیه‌ی كه‌ گۆران له‌ كویداو به‌ چ مه‌به‌ستێك ده‌چێته‌ پای داكوكیكردنی له‌ هه‌ر ماف و داخوازیه‌كی خه‌لكی كوردستان ئیتر جێگه‌یه‌كی بۆ پرسیارو گومان نه‌هێشتبێته‌وه‌. دووه‌م: هه‌لبژاردنی ئه‌م كاته‌ی كه‌ كۆمه‌لگا ده‌جۆشێت دژ به‌و بریارو ڕونكردنه‌وه‌ی پارتی سه‌باره‌ت به‌ تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان، هه‌نگاوێكی وشیارانه‌یه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی ناره‌زایه‌تیه‌كانی خه‌لك له‌ ئاستی باس و لیكولنینه‌وه‌ وتارو نوسین و كۆڕو كوبوونه‌وه‌داو به‌ دیاریكراویش ڕێگرتن له‌ په‌لكێشانی ئه‌و ناره‌زایه‌تیانه‌ بۆ سه‌رشه‌قام له‌ ڕێگه‌ی گۆڕینی بیرورای گشتیه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تر كه‌ ده‌كریت له‌ ریگه‌ی گفتوگۆو دان و وه‌رگتنی ئیمتیازاته‌وه‌ له‌ نیوان خۆیان و پارتیدا تاوتوێ بكریت و ئه‌مه‌ش به‌هه‌ر راده‌یه‌ك كه‌ بیرورای گشتی فۆكس كردنی بیرورای گشتی خه‌لكی كوردستان له‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌رده‌شته‌وه‌ دوربخاته‌وه‌ بۆ هه‌ر شتێكیترو بتوانێت له‌ مه‌ترسی هاتنه‌ سه‌ر شه‌قامی خه‌لك كه‌م بكاته‌وه‌ له‌ به‌رژوه‌ندی پارتی و حكومه‌تدایه‌ بۆیه‌ كۆمپانیای وشه‌و گۆران ده‌توانن له‌مباره‌وه‌ ئیمتیاز وه‌رگرن. سێهه‌م: گوڕینی ڕه‌وشتی كارو خۆ پاراستنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌م مه‌یدانه‌دا و به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی كۆمپانیای وشه‌ ئه‌و تاكتیكه‌ نوێیه‌ كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌توانیت به‌ تیرێك دوو نیشان بپێكێت. له‌لایه‌كه‌وه‌ خۆپاراستنی بزوتنه‌وی گۆران وه‌ك حزبێكی سیاسی له‌ ئاكامی به‌دواچوونی هه‌ر لێپرسینه‌وه‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌و ئه‌گه‌رو ئاكامی ئه‌و سزایه‌ی كه‌ پارتی له‌سه‌ری دیناوه‌. هاوكات كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگ و بۆی كێشه‌كان به‌وه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژنامه‌ وه‌ك بلاوكراوه‌یه‌كی كۆمپانی وشه‌، له‌ چوراچێوه‌ی كۆمپانیاو پرۆژه‌یه‌كی تردا له‌مپه‌رێكی گۆنجاو ده‌بێت بۆ تیوه‌نه‌گلانی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌سه‌ر به‌دواچوونه‌كانی پارتی و حكومه‌ت. پێچه‌وانه‌كه‌شی دروسته‌ هه‌مووان ده‌زانین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمپانیای وشه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گوران گیانیكی نیو دوو جه‌سته‌ن و له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ هیچ حیاوازیه‌كیان نیه‌. كه‌واته‌ هه‌ر به‌ره‌وپێش چوونێكی ئه‌م كه‌مپینه‌ ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ سه‌ره‌كیه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بتوانێت له‌ هه‌رحالێكدا له‌به‌رژوه‌ندی بزوتنه‌وه‌ی گۆراندا بشكێته‌وه‌.
له‌ په‌راوێزی ئازادی بیروڕادا … 
ئه‌مرۆ پارتی وحكومه‌تی هه‌رێم دۆخێكی ئه‌وه‌نده‌ ترسناكیان دژ به‌ماف و ئازادیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان پێكهێناوه‌، هه‌ر هه‌نگاوێك هێمایه‌ك بێت بۆ داكۆكردن له‌ ئازادی و ئازادی بیرورا، ده‌ست به‌جێ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ پێشوازی لێ ده‌كرێت و به‌ كاری پۆزیتیڤ و ئازادیخوازانه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. به‌لام خولاسه‌كردنه‌وه‌ی ئازادی بیروباروه‌ ته‌نیا له‌ سنووری ئازادی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا له‌لایه‌ن كه‌مپه‌ینی كۆمپانیای وشه‌ هه‌لوێستیكی وشیارانه‌یه‌ له‌ بازنه‌ی سیاسه‌ت و ئامانج و به‌رنامه‌ی ئه‌م حزبه‌دا،
كه‌ناتوانێت ونایانه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی هه‌ردوو حزبه‌ زلهێزه‌كه‌ ده‌رچن، بۆیه‌ ئه‌وان ناتوانن شلگیرانه‌ خوازیاری هه‌موو ماف و ئازادیه‌كانی تری خه‌ڵكی كوردستان بن. چونكه‌ له‌ ڕاستیدا كاتێك كه‌ ده‌ڵین ئازادی بیروار به‌مانای ده‌ربرین وخستنه‌ڕووی هه‌رجۆره‌ بیرورایه‌كه‌ واته‌ ئازادی به‌یان، ئازادی نوسین، ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن، ئازادی ته‌نزو كاریكاتیر… ده‌گریته‌وه‌. كه‌ دیوێكی تری بوونی ئه‌م ئازادیانه‌ به‌مانای ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ وه‌ك چۆن ئازاده‌ له‌ بوونی هه‌ر ئاین و بیرورباوه‌ڕێك به‌هه‌مان شێوه‌ ئازاده‌ له‌ نه‌بوونی هیچ ئاین و بیروباوه‌ڕێك. وه‌ك چۆن ئازاد له‌ هه‌لبژاردنی هه‌ر ئالاو هیمایه‌كی سیاسی و ئاینی و پیشه‌ی ئاواش ئازاده‌ له‌ تووڕهه‌ڵدان و سوتاندنی هه‌ر ئالاو هێمایه‌كی ئاینی و قه‌ومی و… وه‌ك چۆن ئازاده‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی هه‌ر مقده‌سات و پیرۆزیه‌ك ئاواش ئازاده‌ له‌ توورهه‌ڵدان و بێ بروابوونی به‌ هه‌ر مقه‌ده‌سات و پیرۆزیه‌ك. كه‌
دیاره‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌هیچ جۆرێك له‌گه‌ل لێكدانه‌وه‌و تێگه‌شتنه‌دانین سه‌باره‌ت به‌ ئازادیه‌ سیاسی و مه‌ده‌نیه‌كانی خه‌لكی كوردستان. نه‌ گۆران و نه‌ هیچ كام له‌م حزب ولایه‌نانه‌ی په‌رله‌مان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی دۆخێكی سیاسی ئه‌وتۆ ناكه‌ن كه‌ ئازادی بێ قه‌یدوشه‌رتی سیاسی و له‌ نێویشیاندا ئازادی بێ قه‌یدو شه‌رتی به‌یان دره‌وشاوه‌ بیت، چونكه‌ له‌ راستیدا هێشتنه‌وه‌ی هه‌رجۆره‌ قه‌یدو به‌ندێك به‌مانای ده‌ست ئاولاكردنی ده‌سه‌لاته‌ بۆ هه‌ر سه‌ركوت و سزادانێك كه‌ له‌به‌رژوه‌ندی چینایه‌تی خۆیدایه‌.  ئازادیه‌ك كه‌ حزب و لایه‌نه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كانی ئه‌مرۆی حكومه‌تی هه‌ریم به‌هایه‌كی بۆ قایلن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌ومیه‌و له‌ خواترسه‌ حه‌لاله‌و بۆ به‌شه‌كه‌ی تری سۆسیالیست و ئاتیه‌سیته‌ حه‌رامه‌. بۆ به‌شێكی كه‌ هاوجنسبازه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌و بۆ به‌شه‌كه‌ی تری چوار ژنه‌یه‌ شه‌رعیه‌. ئه‌وه‌ ئیتر هه‌قیقه‌تێكی تاڵه‌ كه‌ ده‌سه‌لات ئه‌مڕۆ به‌جۆرێك مافی هاولاتیانی له‌قالبداوه‌و سنووری ئازادی به‌یانی دیاری كردوه‌ كه‌ پێشفه‌رز ده‌بێت ئه‌و بێت هه‌موو ڕاستی و هه‌قیقته‌كانی له‌ هه‌گبه‌ی ئه‌واندا بێت، بۆیه‌ پێش وه‌خت ڕێگه‌ به‌ تۆ نادات بۆ ده‌ربرینی بیرو ڕاكه‌ی خۆت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا لایه‌نی كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر وه‌گرین كه‌ هیچ ڕاستیه‌ك پێشوه‌خت زانرابێت، ده‌بوایه‌ هاولاتیان مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوایه‌ كه‌ قسه‌ی خۆیان بكه‌ن وئازادبن له‌ به‌یان كردنی ڕاوبۆچوونه‌كانی خۆیاندا. بۆیه‌ تا كاتێك كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌سته‌پاچه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ به‌ره‌سمیه‌ت ناسینی ئه‌و ئازادیانه‌دا، ئیتر خۆ جیاكردنه‌وه‌ له‌ هه‌مان یاساو ڕێساو له‌ هه‌مان سونه‌ت و ڕێگه‌و ڕه‌وشتی پارتی و یه‌كیه‌تی كارێكی مه‌حاڵه‌و مه‌حالتر له‌وه‌ش جیاكردنه‌وه‌ی جیهانبینی و ڕه‌وشت و شێوه‌و سوونه‌ته‌كانیه‌تی له‌وانه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵه‌ ئه‌م حزبانه‌ ده‌ست وپه‌نجه‌ی له‌گه‌لدا نه‌رم ده‌كه‌ن، ئاخه‌ر تا كاتێك كه‌ ئێوه‌ خیزانێكن، تا كاتێك كه‌ئێوه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كن له‌پاڵ هه‌رجۆره‌ جیاوازیه‌كیشدا هه‌ر ئاو به‌ ئاشی چینه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كاندا ده‌كه‌ن. بریا بۆچوون و لێكدانه‌وه‌كه‌انی ئێمه‌ نادروست بونایه‌و ئێوه‌ پلاتفۆرمێكی به‌رفروانتری شه‌فاتان ده‌خسته‌ ڕوو كه‌ تیدا پشگیری خۆتان له‌ تیكرای ماف و ئازایه‌ سیاسی و مه‌ده‌نیه‌كانی خه‌لكی كوردستانی ده‌كرد. ئه‌وه‌ش بلین كه‌ ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ئازادیخوازانی كوردستان و خه‌لكی به‌شمه‌ینه‌ت و كرێكارو زه‌حكمه‌تكیشدا ماوه‌ته‌وه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ماف و ئازادیه‌كانیان شه‌قام بكه‌نه‌ مه‌یدانی گۆرانكاریه‌كان و پارتی فێری وانه‌یه‌كی نوێ بكه‌ن ده‌نا وه‌ی به‌حالمان چ تۆفانێك به‌ڕێوه‌یه‌ چه‌ند سه‌رده‌شتی تر ده‌كرینه‌ تیرۆریست و تیرۆر ده‌كرین.

ڕێبوار عارف
Rebwar.arif@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply