Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كۆڵىَ وەرین لە باوەشى ماریانادا

كۆڵىَ وەرین لە باوەشى ماریانادا

Closed
by October 20, 2008 ئەدەب

 كۆڵىَ وەرین لە باوەشى ماریانادا
 
 
 هەركە چاوەكانى لێكنا خەو بردییەوە!
 كاتێك هەستا.
 زەمەن لە پێش چاوى گۆڕا !
 لەو كاتەدا ماریاناى رووت وەئاگاهات.
 پیاوێكى لێو رێژ لە وەرین…
 لە بەرپێیا… هەڵتروشكاو مات و زەبوون!
 رووت رووت…
 هەر وەك هەناسەى ئەستێرە!
 پیاوێك لە جنسى رەشەبا و بەجێماوى دواى هەوەسەكانى ژین !
 پیاوێك لە هەناسەى غوربەت !
 
 *   *   *   *
 
 دەستەكانى لەتىَ نان و جانتاكەى پڕ لە غەریبى ! !
 
 *   *   *   *
 
 پیاوێكى وەریو وەك باران.
 كە لە بەرپێى ماریانادا
 هەڵدەوەرىَ و دیسانەوە هەڵدەوەرىَ.
 ئاى ماریانا…
 چۆن دەتوانى پارچەكانى ئەو پیاوە كۆ بكەیتەوە؟
 چۆن دەتوانى لە پارچەكانى ئەو پیاوە شكاوەدا
 بە تەنیا وێنەى وشەیەك بدۆزیتەوە
 بتباتەوە بۆ ناخى ئەو؟
 ئیدى ماریاناى عاشقە ئاو لەبەر خۆیەوە هەر دەیگووت…
 
 *   *   *   *
 
 ئەى پیاوى تەزیوى زستان
 بۆچى چەشنى نەرمە خۆڵى لا كەندەكان
 هەڵدەورى؟
 بۆچى وەكو وردە گەردى بەر دەلاقە.
 تەپوتۆزت ورد ورد دەفڕێت؟
 تۆ یاداشتى كام زەمەنى؟
 
 *   *   *   *
 
 خەمەكانت جانتایەكە و لە كۆڵتایە !
 هیواكانت وەك پێڵاوى كۆن و دڕاو لە پێتایە !
 
 *   *   *   *
 
 تۆ ڕێبوارى كام سەردەمى ؟
 لە جنسى كامە رەشەبای؟
 بەرەو كوێوە ئەم وەرینە دواى خۆت دەخەیت؟
 
 *   *   *   *
 
 ماریانا هەر بە بێدەنگى لەو پیاوە وەریوە راما !
 لە روخساریا…
 رۆحى خوداوەندى دەبینى.
  لەگەڵ پۆلىَ فریشتەدا
 سەماى عیشقێك مەستى كردوون!!
 لەو سەمایە، تابلۆى درەختێك دەنەخشا.
 لە چوار دەوری درەختەكە.
 پۆلێ پیاوى تەور بەدەست نەخشیەكیان لە دەستدایە !!
 
 *   *   *   *
 
 دەیانەوێت درەختەكە و
 پەلوپۆكانى خواوەند و
 سەماى رۆحى فریشتەكان.
 ورد و خاشكەن!
 
 *   *   *   *
 
 ماریانا سەرى هەڵبڕى بەرەو ئاسمان.
  لەبەر خۆیەوە هەر دەیگووت…
 
 *   *   *   *
 
 ئەى پیاوى ئافاتى زەمەن
 من لە رۆحتا…
 جەنجاڵییەك لولم دەدات
 لە ناو رۆحتا…
 خواوەندێكى میهرەبان و
 پۆلىَ شەیتانى شەڕانى دەمدوێنن!
 لە ناخیشتا… شەیتانێكى بە بەزەیى و
 خواوەندێكى عاشقە كۆیلە
 نمایشى ژیان دەكەن!
 من تێناگەم بۆ ئاڵۆزى دایپۆشیویت
 
 *   *   *   *
 
 ئاى ماریانا
 ئەم رۆحە ئاڵۆزە چییە؟
 ئەم پیاوە وەریوە كێیە؟
 
 *   *   *   *
 
 رەشەبایەك هەڵى كرد و
 لەگەڵ خۆیدا.
 كردییە دیارى و
 وەك پاڵەوانێكى بەزیو
 لەبەر پێتا هەڵدەوەرىَ !
 هەنسك دەدا و هەڵدەوەرىَ!
 
 *   *   *   *
 
 ئاى ماریانا
 ئەم پیاوە وەریوە كێیە؟
 هەر كاتێكیش هەڵدەوەرێ…
 گەردى دەبێتە خومار و ئەم ئاسمانە دادەپۆشێ!
 هەر كاتێكیش هەڵدەوەرىَ…
 جەستەى دەبێتە تەپ و تۆز ئەم بیابانە ون دەكات!
 
 *    *    *    *
 
 لە روخساریا لەشكرىَ خەم !
 لە رۆحیشیا ئافاتێكى گەورەى زەمەن !!
 
 *   *   *   *
 
 ئەم پیاوە وەریوە كێیە؟
 وەك لە قاپى قیامەتا دانیشتبێ
 چاوەڕوانى دۆزەخ دەكات؟
 ئەم پیاوە وەریوە كێیە؟
 
 *   *   *   *
 
 لە ناو ناخیا
 كۆڵێ یادەوەرى دێرین!
 لە ناو دڵیا
 ئازارێكى بێكۆتایى و فیراتى ژین!
 
 *   *   *   *
 
 ئاى ماریانا
 ئەم پیاوە وەریوە كێیە؟
 جەستەى لێو رێژى برینە و
 برینیشى شەڵاڵى خوێناوى دڵى.
 ئەم پیاوە وەریوە كێیە؟
 خاچێكى لە كۆڵى ناوە و
 چاوەڕوانى خودایەكە
 بێت و رۆحە وەریوەكەى لە خاچبدا!
 ماریانا لێیڕادەمێنىَ
 
 *   *   *   *
 
 لە ترپە ترپى دڵیدا…
 ئاهوناڵەى زەمانێكى دورتر لە دوور دەبیسێَت و
 لە چاویشیا…
 نیگایەكى خەمگینى ون درك دەكات !
 
 *   *   *   *
 
 لەو شەوەدا ماریانا دێت
 هەردوو دەستى ئەو پیاوە وەریوە دەگرێت.
 دەیباتەوە سەر پێخەفى ژورى نوستن !
 تا لە رۆحیا ئاوێتەى جەنجاڵى بێت و
 خوداى رۆحى ئارام بكات !
 ماریاناى غەرقى ناو وەرین
 لە باوەشى تەپ و تۆز و گەردى وردى ئەو پیاوە رۆح وەریوەدا.
 بوو بە تابلۆیەك لە هەڵم !
 ماریاناى ونبوى ناو وەرین
 لە ئامێزى هەڵوەرینا.
 
 *   *   *   *
 
 وەك پەیكەرێكى بەر باران سەراپا تەڕ.
 جەستەشى شەڵاڵ لە خوێناو ! 
 رۆحى ونبوو لە ناو گەردى وەرینەكان !
 
 *   *   *   *
 
 ئیتر ماریاناى عاشقە ئاو.
 وەك مەعشوقى گەردى وەریوى ئەو پیاوە.
 بووبە پێدەشتێكى لمین !
 بوبە رێبوارى بیابان !
 ئیتر وەرین لە ناو رۆحى ماریانادا .
 هەر زۆر دەبوو و هەر زۆر دەبوو
 هەتا ئاوێتەى رۆحى بوو!
 ئیتر وەرین لە ناو رۆحى ماریانادا
 بوبە شاى وەرزەكانى ساڵ.
 ئیتر وەرین لە ناو رۆحى ماریانادا
 بوبە خاڵى سەرەتاى عاشقبوونى ئەو.
 ماریانا لەبەر خۆیەوە
 وەك وڕێنەیەك هەر دەیگووت…
 
 *   *   *   *
 
 من رۆحێكم نغرۆ بووى ناو گەردى وەرین
 جەستەیەكم شەڵاڵى خوێناوى رۆحى شاى هەڵوەرین
 
 *   *   *   *
 
 
 رێبوار رەزا چوچانى                                                       10/10/2008  هەولێر
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.