Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

كێشه‌ی فره‌ژنی….ئیبڕاهیم مه‌لازاده

Be First!
by December 6, 2008 ژنان

 كێشه‌ی فره‌ژنی
 له‌دووتوێی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانه‌وه *
 ئیبڕاهیم مه‌لازاده
 
 ئێمه ئه‌مڕۆ كێشه‌ی ژنمان نیه، به‌ڵكو قه‌یرانی عه‌قڵمان هه‌یه‌. كێشه‌ی ململانێی نێوان جه‌وهه‌ر و مه‌زهه‌رمان هه‌یه‌. كێشه‌ی تاكه‌كانی پێشكه‌وتنخوازی له‌به‌رامبه‌ر هه‌یمه‌نه‌ی ویسایه‌ت و هه‌ندێك خۆ به‌هه‌ق زان و ئه‌وانیدیكه‌ش به‌ناهه‌قزانمان هه‌یه‌. دونیای ئیسلامه‌تی به‌گشتی له قه‌یرانی عه‌قڵ و لۆژیكدا ده‌ژیه‌ت، ئه‌و دونیایه‌ی له هه‌موو شتێك ده‌ترسێت و به‌زه‌بر و زه‌نگیش بێت به‌رگری له‌و ته‌مبه‌ڵی و فشۆڵی و پاشڤه‌ڕۆیی و ساده‌ییه ده‌كات كه بۆته مۆته‌كه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌وڵێكی گۆڕانی ڕیشه‌یی بێت یا چاكسازی.
 
 ئێمه كێشه‌ی ژنمان نیه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كێشه‌ی مرۆڤمان هه‌یه‌. كێشه‌ی مرۆڤ وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی بچوك له كۆمه‌ڵگایێكی تازه به‌ئاگاهاتوو و هه‌ڵپه‌كار به‌دوای شتدا، ده‌ڵێم به‌دوای شتدا، نه‌ك به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی خۆدا. په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌و مرۆڤانه به‌هه‌‌مان ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه، په‌یوه‌ندی سه‌قه‌ت و نازانستی و ناكۆمه‌ڵایه‌تین. تێكڕای په‌یوه‌ندیه‌كان لۆژیكی هه‌یمه‌نه و خۆبه‌هه‌قزان و ئه‌ویدی به‌ناهه‌قزان و به‌هێز و بێهێز به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. پیاوان له‌و جۆره كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی جه‌لادن هێنده‌ش قوربانین، ئه‌و ژنانه‌ش كه خاوه‌نی ده‌رفه‌ت بوون، به‌هه‌‌مان شێوه‌ و به‌ئاستی جیاواز.
 
 هه‌موو ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژێیه‌ی كه خۆی له سوڕی ئه‌كت و چالاكییه هه‌مه‌جۆره‌كانی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگادا ده‌بینێته‌وه، نۆربێرت ئیلیاس گه‌وره سۆسیۆلۆگی ئه‌لمانی ناوی لێده‌نێت پڕۆسه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ مه‌رج نیه به ئاڕاسته‌ی پۆزه‌تیف و كارادا بڕوات، به‌ڵكو هه‌موو كار و كاردانه‌وه‌كانی ده‌رهاوێشته‌ و ده‌ره‌نجامی جموجۆڵ و كاری مرۆڤه‌كانه. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامه پۆزه‌تیفه‌كان ببینین ده‌بێت به‌دوای عه‌قڵ و مه‌عریفه‌دا بگه‌ڕێین، ئه‌وان نه‌بینین، یه‌كسانی و دادوه‌ری و ئازادی مرۆڤه‌كانیش نابینین.
 
 دۆگما ئه‌و باوه‌ڕه‌ ده‌ستلێنه‌دراوه‌یه‌ یاخود ئه‌و ئاینزایه‌یه كه له‌ئاینێكه‌وه یا له ئایدویلۆژیایێكه‌وه سه‌ر ده‌گرێت كه پێی وایه ئه‌وه‌ی ئه‌و پێیه‌تی كۆتایی ڕاستییه و نابێت قسه‌ی لێوه‌بكرێت یا كه‌سێك هه‌بێت پێی ڕازی نه‌بێت. هه‌ڵگرانی دۆگما ئاینیه‌كان پێیان وایه ڕاستیێكی ڕه‌هایان پێیه و دیارده‌كان له‌خود‌ی خۆیاندا هه‌ڵگری به‌ڵگه‌كانی ڕاسته‌قینه‌یی خۆیانن و له‌كۆتاییشدا سه‌رده‌گرن بۆ ئیمان. له‌چاوی ئاینداراندا هه‌موو داتاكانی ئاین هه‌قیقه‌تی ڕه‌هان. به‌و مانایه فره‌ژنیش یه‌كێكه له‌ دۆگماكان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی عه‌قلێكی داخراوه.
 
 ئیسلامیه‌كان خۆیان باوه‌ڕ به‌وه دێنن كه فره‌ژنی ئیسلام دای نه‌هێناوه، واته پێش ئیسلام
 هه‌بووه و سنووری بۆدانراوه، ئه‌مه‌ش دوو ڕاستیمان پێده‌به‌خشێت، یه‌كه‌میان ئه‌ی كه‌وایه ئه‌و شێلگیرییه له‌سه‌ر خووێكی پیاوسالاری بۆ؟، دووه‌میش مه‌گه‌ر كۆیله‌تیش هه‌روا نه‌بوو و به‌ر له ئیسلام نه‌بوو؟، به‌ڵام سنووری بۆدانا. ده‌ی بۆ ده‌بێت ئه‌ویان مرۆڤانه بێت و هه‌ر ده‌بێت بمێنێت، ئه‌مه‌شیان "كۆیله‌تی" نامرۆڤانه‌یه و زه‌مه‌نی به‌سه‌رچووه؟ مه‌گه‌ر هه‌ردوو دیارده‌كه په‌یوه‌ندیان به ئازادی مرۆڤه‌كانه‌وه نیه؟ هه‌ردوو دیارده‌كه پێشێلی سه‌روه‌ری مرۆڤه‌كان ناكه‌ن؟ هه‌ردوو دیارده‌كه‌ش مرۆڤایه‌تی به‌جێیهێشتوون و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان كه‌سه‌كان له‌زه‌مه‌نی ئه‌مڕۆماندا له ئاستێكی تردان، چونكه هه‌ردوو دیارده‌كان په‌ڵه‌ی شه‌رمه‌زارین به‌سه‌ر مێژووی مرۆڤه‌وه.
 
 خاوه‌ندارێتی تاكێك بۆ چه‌ند تاكێكی تر به‌شێكه له كه‌شوهه‌وای كۆیله‌تی، ئه‌گه‌ر له‌ڕواڵه‌تیشه‌وه جیاوازیان هه‌بێت و له‌یه‌ك نه‌چن، ئه‌وا له‌ناوه‌رۆكه‌وه هه‌ر بێنرخكردن و به‌شتومه‌ككردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه. بۆیه بێ به‌هاكردن و به‌كۆیله‌كردنی چینێكی كۆمه‌ڵ، بێ به‌هایی و كۆیله‌تی ته‌واوی كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نێت، چۆن ئاوێكی زۆر به‌دڵۆپێك ژه‌هر هه‌موو ئاوه‌كه ژه‌هراوی ده‌كات، ئاواش به‌كۆیله‌كردن و بێبه‌هاكردنی چینێكی كۆمه‌ڵگا، به‌كۆیله‌كردن و بێبه‌ها كردنی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌‌كه‌یه.
 
 مالیك بن نه‌بی سۆسیۆلۆگی مسوڵمانی جه‌زائیری، پێی وایه مسوڵمانه‌كان له په‌راوێزی شارستانیه‌تدا ده‌ژین و له‌سوڕی شارستانیه‌تدا ده‌رچوون. ژیان له‌سوڕی شارستانیه‌تدا به‌سه‌نترالكردنی مرۆڤه. بنه‌مای {"ان الله لا یغیر ما بقوم حتی یغیروا ما بانفسهم" "خودا هیچ بارودۆخێكی مروڤ ناگۆڕێت تا مرۆڤه‌كان خۆیان نه‌توانن بیگۆڕن"}. ئه‌مه وتارێكه بۆ داهاتوو، پێچه‌وانه‌ی به‌دۆگماكردنی هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌یه كه خودی ئاینه‌كان هێناویانن. داواكردن بۆ گۆڕان واته ده‌ستكاریكردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆن و له‌جێدانانی نوێ. دووره‌په‌رێزبوونی خودا له‌ژیانی خه‌ڵك. ئه‌م بنه‌مایه به‌ڵگه‌ی گۆڕانی بارودۆخ و پێویستی و عه‌قلی مرۆڤایه‌تییه، مانه‌وه له‌و دۆخه جێگیر و ده‌ستلێنه‌دراوه‌دا، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بێڕێزكردن و به‌كۆیله‌كردنه‌یه كه به‌داخه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان شه‌رعیه‌تی پێده‌دات.
 
 * ئه‌مه‌ به‌شی دووه‌می گۆشه‌ی "هرز" ی كوردستانی نوێیه، كه هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له لاپه‌ڕه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا داده‌به‌زێت.
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply