Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

له‌رز گرتنی فواره‌یه‌ك.. له‌ژێر هه‌تاودا

Be First!

 

 

شار ته‌نگه‌ به‌به‌رم
شار عاسی بووه‌ له‌پێما
شار قه‌ڵه‌و بووه‌ به‌خه‌ونی بچوك
ئیتر ناچێته‌ گیرفانمه‌وه‌،
بێپه‌روا فێری گه‌ڕان  بووه‌.. ئیتر
كۆڵانه‌كانی له‌له‌دڵما به‌ننابن،
بچوك بووه‌ته‌وه‌ شار
قسه‌كانی
گۆرانییه‌كانی
توڕه‌ بوونه‌كانی
نوكته‌كانی.. پرسه‌ زۆر و تازه‌كانی،
رۆحی شار
ئاوساوه‌ به‌عه‌لوه‌ی گه‌نیو
به‌و باخچانه‌ی بزمار ده‌گرن
به‌و كارگانه‌ی ژه‌هر به‌رهه‌مدێنن
به‌و پیاوانه‌ی به‌هه‌نگاوی درێژ
به‌ناو كێڵگه‌ی په‌پوله‌كانا رێده‌كه‌ن.
تازه‌ شار ده‌ستی چووه‌ته‌ خۆێنی خۆی
ده‌رگا له‌دۆسته‌كانی خۆی ناكاته‌وه‌
دڵی پیسه‌ له‌ژنه‌ سه‌لاره‌كانی خۆی
دڵی مناڵه‌كانی خۆی ئه‌شكێنێ‌
كتێبخانه‌ گه‌وره‌كه‌ی خۆی
 ره‌ش ئه‌كاته‌وه‌
شار خراپ له‌خۆی گۆڕاوه‌
پیس گه‌وره‌ بووه‌ شار
وه‌ك دڕه‌نده‌ی لێهاتووه‌
خوایه‌ نه‌چێته‌ خه‌وی هیچ كه‌سێكه‌وه‌
 شار.
***

له‌م شیعره‌دا جێم نابێته‌وه‌
ئێستا من بووم به‌ دوو
خه‌یاڵێكم بۆ خۆمه‌
ده‌ستێكم بۆ ته‌وقه‌ی خۆمه‌
هه‌نگاوێكم له‌سه‌ر رێگه‌ی ماڵی خۆمه‌
هاوارێكم.. بۆ خۆمه‌ له‌خۆم
چاوێكم بۆ خۆمه‌ كه‌.. تۆیت،
جێم نابێته‌وه‌ له‌م شیعره‌دا
هه‌موو شته‌كانم بوون به‌دوو
دوو جار ئه‌مرم
دوو جار عاشق ئه‌بم
دوو جار سه‌فه‌ر ئه‌كه‌م
له‌ئاوێنه‌دا دوو كه‌سم
له‌ته‌نهاییدا دووكه‌سم
له‌نووسیندا خۆت دێی‌و ده‌مكه‌یت به‌ دوو
شه‌و نییه‌ دوو خه‌ون نه‌بینم
خه‌ونێك به‌خۆمه‌وه‌ كه‌ تۆم خۆشده‌وێت
خه‌ونێك به‌خۆته‌وه‌ كه‌ خۆشتده‌وێم.
به‌ڵام سێبه‌ره‌كه‌م
جار جار دێت‌و ده‌بین به‌سێ‌،
سێبه‌ره‌ ناشرینه‌كه‌م دێته‌ به‌ینمانه‌وه‌
چه‌ند مۆڕه‌ی لێده‌كه‌م
چه‌ند به‌قژ رایده‌كیشمه‌ دوواوه‌
چه‌ند ته‌علیقی لێئه‌ده‌م
ئه‌و مووی لووته‌.. تا ئێواره‌ دانه‌یێ‌
هه‌تا خۆر كاڵی نه‌كاته‌وه‌
لێناگه‌ڕێ‌ له‌ته‌نهایی خۆما
ببمه‌وه‌ به‌دوو.. بكه‌ومه‌وه‌ خه‌ونبینین
خه‌ونێكیان به‌خۆمه‌وه‌ كه‌ چه‌ند دوورم له‌تۆ
خه‌ونێكیان به‌تۆوه‌ كه‌ چه‌ند دووریت له‌ من..!
***

به‌ردێك ئه‌هاومه‌ ئاوه‌كه‌
چاوانم له‌سه‌ر  بازنه‌كه‌ خڕ ده‌بنه‌وه‌
باكه‌  له‌سه‌ردا.. له‌ژێر هه‌وره‌كانه‌وه‌ دێت
ره‌نگه‌ له‌ناو رووتیی باخه‌كانه‌وه‌،
بۆنی زه‌ریاشی لێدێت
كۆمه‌ڵێك ئه‌ستێره‌ی هێناوه‌
ئه‌ڵێی هه‌واڵێكی پێیه‌ بۆ من
توند خۆم ئه‌ده‌مه‌ به‌ری
ده‌ستێك ده‌خاته‌ پرچمه‌وه‌
سنگی له‌شانم گیر ئه‌كا
چاو ده‌بڕێته‌ قوڵایی چاوانم
بای ئه‌وه‌نده‌ بێ‌ شه‌رمم نه‌دیوه‌
وێنه‌ی رووتیی ئه‌و
له‌ ئاوه‌كه‌دا دێ‌‌و ده‌چێ‌
پێم ئه‌ڵێ‌:
وێنه‌ی رووتیی تۆ له‌ ئاوه‌كه‌دا
دێ‌‌و ده‌چێ‌
***

له‌سه‌ربانم
بۆ دوور دوور ده‌ڕوانم
رووناكییه‌ك له‌و دووره‌وه‌ دیاره‌
شه‌پۆل ئه‌دابه‌سه‌ر دره‌خته‌كانا،
چاوی من له‌و دووره‌وه‌
له‌و دووری دووره‌وه‌
زۆر شتی گرت:
هێشووه‌ ئه‌ستێره‌ی كه‌سك‌و سوور
سێبه‌ری هه‌ور
 كاتێ‌ خۆی ئه‌دا به‌سه‌ر شاخه‌كانا
ره‌وه‌ باڵنده‌ی زۆر و زه‌وه‌ند
 به‌سه‌ر ئاوه‌كانه‌وه‌
هه‌ڵكورمانی جوتێ‌ كۆتر له‌سه‌ر ئاریه‌لی ماڵێك
له‌رز گرتنی فواره‌یه‌ك له‌ژێر تینی هه‌تاوا
دوو ده‌ستی ئه‌ڤیندار له‌ساتی ماڵئاواییدا
راكردنی شاعیرێك به‌دوای خه‌ونێكی تازه‌دا
گره‌و كردنی دوو كه‌روێشك
له‌سه‌ر فه‌رده‌یه‌ك گێزه‌ر
گه‌ڕانی سێبه‌رێك بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی
ده‌رگای مزگه‌وتێكی كۆن
 كه‌ به‌پێكه‌نینێك ده‌كرێته‌وه‌
باخی گه‌وره‌ی پڕ له‌ میوه‌
كه‌ له‌ژێر گه‌رمایی هه‌تاوا خه‌ریكبوو ده‌گه‌یین
حه‌وزێكیش له‌به‌ر پێما بوو
پڕ بوو له‌ مۆم
جوان.. جوان
گه‌ش.. گه‌ش
وه‌ك روانینی مناڵ بۆ مانگ..
كاتێ‌ به‌ئاگا هاتمه‌وه‌.. وای خواگیان
من چه‌ند دوور له‌به‌ر پێی خۆم ده‌ڕوانی.

ئیدریس عه‌لی

Previous
Next

Leave a Reply