Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

له‌یادی هونه‌رمه‌ند کاروان عوسمان دا….ڕۆژ ئه‌حمه‌د

Comments
by January 16, 2009 دیمانە

 

ده‌نگه‌کان: ده‌کرێت که‌مێك له‌مه‌ڕ ئاشنایه‌تیتان له‌ته‌ك خودی هونه‌رمه‌ند و کاره‌ هونه‌رییه‌کانی، بیرکردنه‌وه‌ و شێوازه‌ هونه‌رییه‌که‌ی بۆ خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان بدوێن؟
 
 من ته‌مه‌نم ته‌نها سێ ساڵان بووه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌د کاروان عوسمان په‌تی سێداره‌ی  فاشیسته‌کان کراوه‌ته‌ ملی و کۆتاییان به‌ ژیانی هێنا و ئه‌و دڵه‌ پڕ له‌‌ سۆزه‌یی که‌‌ به‌رده‌وام‌ ته‌ڕ بوو به‌ رشتنی فرمێسکی فریشته‌یی بۆ لاوانی چینه‌کی خۆی له‌ له‌ لێدان خست ، ئه‌وان گه‌ره‌کیان بوو  کۆتای به‌  هونه‌ری شۆڕشگێری ئه‌و بێنن وه‌لی گه‌مژه‌ بوون، کاروان زیندووه‌ و ئه‌وان به‌ عاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاری خۆیان خنکان .
 
  ئه‌و کاته‌ی که‌ له‌ پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بووم ئاشنا بووم به‌ کاسێتێکی کاروان عوسمان و هه‌ر  له‌وێشه‌وه‌‌ شه‌یدای ده‌نگ و ئاواز و  پایه‌مه‌ مرۆڤایه‌تیه‌کانی کاروان بووم.
 
  هونه‌ری کاروان چاوی منی به‌ راستیه‌کانی دنیا هه‌ڵهێنا،‌ به‌رامبه‌ر به‌ خۆم ،هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر به‌ ره‌فتاری هه‌رزه‌کارانه‌ی خودی خۆم، به‌رامبه‌ر به‌ چوار ده‌ور، به‌رامبه‌ر به‌ ژن به‌رامبه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگا،  به‌ بینینی دنیا له‌ دیدگایه‌کی مرۆڤانه‌وه‌.
 
 په‌یامی کاروان  فێری کردم، که‌ به‌ڵێ منم منداڵ و لاوی زه‌حمه‌تکێش ، هه‌ر ئه‌و نیشانی دام که‌ من نه‌بم تۆ نه‌بی ئه‌و نه‌بێ ئه‌ی کێ گورگه‌کان راو بکات ، پێی راگه‌یاندم باپیرانم به‌ڵێ خه‌میان ده‌خوارد به‌ڵام وا ئێمه‌ خه‌م ده‌مان خوات، هه‌ر ئه‌ویش بوو به‌ نه‌هامه‌تیه‌کانی کوردی ئاشنا کردم، به‌ڵێ ده‌بوا ماریان بکوشتبا ئه‌گینا شه‌وی ره‌شی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌و خورشیده‌ی نه‌ده‌هێنا،  هه‌ر به‌و ده‌نگه پڕ سۆز و پڕ خه‌م و پڕ ئومێده‌شی‌ پێی وتم، بێنه‌ پێشچاو رۆژانێک بێت ئاین نه‌بێت ، منیش هێنامه‌ پێش چاو گه‌ر هه‌موومان له‌ ئاشتیدا بژین،ئاین نه‌بێ سنوور نه‌بێ، به‌ڵی وه‌ک مه‌حوی ووته‌نی ده‌بینه‌ حیون لا یموت.  هه‌ر کاروانیش بوو بڕوای پێ هێنام که‌ بۆ ئه‌و منداڵه‌ دڵ بچکۆله‌ ئاوا‌ره‌بووه‌ی هه‌ڵه‌به‌جه‌ که‌ هه‌نووکه‌ش هه‌ر ئاواره‌یه،‌ ده‌بێت من وه‌ک چه‌وساوه‌یه‌کی زه‌حمه‌تکێش ئاماده‌ بم به‌ره ‌و  ئامیزی سێداره‌ هه‌نگاو بنێم.
 
   ئیتر له‌وه‌و دوا هونه‌ری کاروان عوسمان بووه‌ به‌شێک له‌ ژیانم و هه‌ر ئه‌ویش   خولیای فیربوونی ئامێری گیتاری لا  درووست کردم تا ‌ بتوانم به‌وپه‌ڕی ئومێده‌وه‌ به‌ ژێکانی له‌ شه‌وانی تاریکدا سپێده‌ی پێبژه‌نم،  هه‌ر هونه‌ری کاروانیش بوو پێی‌ ئه‌ژنه‌فته‌م  که‌ گیتار ئامێرێكه‌ ده‌بێته‌ هاوڕیی خه‌باتی خه‌مه‌کانمان و ڕێم پێنادات شاملۆ گوته‌نی  له‌ ترساندا هه‌ڵبله‌‌رزێم و ئێوه‌م له‌بیرچیته‌وه‌ که‌ له‌ په‌نا ده‌ستی خۆمن.
 
 ده‌نگه‌کان: هه‌ندێك لایان وایه‌، که‌ که‌سانێك له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ته‌ك ده‌زگا‌کانی ڕژێم دا په‌یوه‌ندییان هه‌بووه‌ و بریاره‌ هونه‌رییه‌کان به‌ده‌ست ئه‌وان بوون، به‌ وه‌رگرتنی پله‌ی یه‌که‌می له‌ ئامێره‌کانی (عود) و (گیتار)دا له‌سه‌ر ئاستی عیراق له‌ ساڵی 1986دا و بوونی شیوازێکی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ ئاواز و ستایلدا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیری ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی و ئه‌تاهیستی له‌ گۆرانییه‌کانیدا، هه‌راسان بوون و ئه‌و تۆمه‌ته‌یان بۆ هه‌ڵبه‌ستبێت. ؟
 
 به‌ڵی من پێم وایه که‌سانیکی زۆر هه‌بوون که‌ دژی ئایدۆلۆژیای مرۆڤ دۆستی کاروان و هونه‌ری شۆڕشگێری پێشکه‌وتوی کاروان بوون. ‌ئاخر کاروان بێجگه‌ له‌ ئایدیا و په‌یا‌مه‌ شۆرشگێریه‌ سۆسیالیستیه‌کانیشی ئه‌و له‌ نێو هونه‌ری کوردیشدا شۆڕشی به‌رپا کرد، کێ پێش کاروان به‌ ته‌نها به‌ ئامێری گیتار به‌و ستایڵه‌ مۆدێرنیسته‌ گۆرانی وتووه‌ له‌ سه‌ر ئاستی کوردستان؟ له‌ سه‌ر ئاستی عێراقیش ته‌نها هونه‌رمه‌ند ئیلهام مه‌دفه‌عی هه‌بووه‌  به‌ڵام ئیلهام چه‌ند ئامێرێکی دیشی له‌گه‌ڵدا بووه‌ و چه‌ندین له‌ به‌رهه‌مه‌کانیشی له‌گه‌ڵ‌ ئامێری فۆلکلۆری عێراقی به‌رهه‌مهێناوه‌.
 
 پاشان زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان  ئێستاکه‌ پێیان وایه‌ که گۆرانیبێژانی‌ ستایڵی ئه‌ره‌بێسک توانیویانه‌ له‌گه‌ڵ تێمپۆی خێرای کاتی 4 له‌ سه‌ر 4 به‌ ئه‌دایه‌کی خاو گۆرانی بچڕن، به‌ڵام له‌ راستیدا ستایڵی کاروان بۆ یه‌کمجار له‌ هونه‌ری کوردیدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بۆ پێشه‌وه‌ ناوه‌، گوێ بده‌نه‌ گۆرانی (له‌ نێو ئه‌م گه‌ڵا وه‌رینه)‌ که‌ بۆ یادی باوکی چریوه‌.
 
 ڕیگه‌گرتن له‌ ‌کاروان و هونه‌ره‌که‌ی  له‌لایه‌ن هۆنه‌رمه‌نده‌ کۆنه‌په‌رسته‌کانی چینی خوا پێداوان‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان بووه‌، چوونکه‌ گه‌ر کاروان بمابا ئه‌وان زۆر  زووتر  ده‌که‌وتنه‌ په‌راوێزی مێژووه‌وه‌.
 
 له‌ بیرمان نه‌چێت به‌رپرسه‌کانی دوێنیی به‌عس هه‌مان به‌رپرسه‌کانی ئه‌مڕۆن به‌ڵام هه‌ندێکیان جیاوازیان له‌وه‌دایه‌ ته‌نها  که‌ به‌ زمانی کوردی ئاخاوتن ده‌که‌ن.
  کاروان بۆ به‌عس کێشه‌ بوو چوونکه‌ هونه‌ره‌که‌ی کاری له‌سه‌ر رادیکه‌ڵایزه‌یشنی لاوانی کۆمه‌ڵگا ده‌کرد که‌ په‌له‌پیتکه‌ی گۆڕانکاریه‌کانن، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه‌ له‌ کوشنده‌ترین چه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا. هه‌ر وه‌ک هونه‌رمه‌نده‌ رادیکاڵه‌کانی به‌ریتانیا کردیان وه‌ک  ژۆ سترۆمه‌ر و کریستی مۆر بۆ روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاچه‌رایتی دڕنده‌ له‌  دوو ده‌یه‌ی رابردوودا. 
 
 ده‌نگه‌کان: وه‌ك ده‌زانین، «کاروان عوسمان» هونه‌رمه‌ندێکی سۆشیالیست بووه‌ و گۆرانییه‌کانیشی گه‌واهی بۆ ئه‌مه‌ ده‌ده‌ن، ئایا ئه‌و بێده‌نگییه‌ به‌رامبه‌ر دادگایی و سزای له‌ سێداره‌دانی هونه‌رمه‌ندێکی ئاوا به‌ توانا و ناودار و پێشه‌نگی هونه‌ری مرۆڤدۆستانه‌، که‌ له‌و کاته‌دا ته‌نیا 22 ساڵ ته‌مه‌نی بووه‌ و په‌رده‌پۆشکردنی ئه‌وسا و ئێستا له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ هونه‌رییه‌کان و هێزه‌ رامیارییه‌کان و ده‌سه‌لاتدارانی پاش ڕژێمی به‌عس له‌ کوردستان و عیراقدا، گومان له‌سه‌ر ڕاستگۆیی ئه‌و دادگا‌یه‌ دروست ناکات؟
 
 په‌رده‌پۆشکردن و فرێدانی هونه‌ری کاروان له‌ که‌لاوه‌یه‌کی تاریک  که‌ خۆت بۆی نه‌گه‌ڕێیت بۆت نادۆزرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن  ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی له‌ باشووری کوردستان  هه‌مان ئه‌و ترسه‌ی به‌عسه که‌‌ هه‌یبوو له‌ هه‌شتتاکاندا و‌ ئه‌مانیش هه‌نووکه‌ هه‌یانه‌ له‌ هونه‌ری کاروان.
 
 کاروانی لاو که‌ بۆ یه‌کسانی و ئاشتی گیتاری ده‌‌ژه‌نی و بۆ منداڵان و لاوانی زه‌حمه‌تکێش گۆرانی ده‌ه‌چری و هانی ده‌دان بێننه‌ پێش چاو که‌ رۆژانێک بێت هه‌موویان له‌ ئاشتیدا بژین ده‌بێت چی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌رکوتگه‌ری گه‌نده‌ڵی ناسیۆنالیستی ره‌گه‌زپه‌رست له‌ باشووری کوردستاندا بێته‌وه‌؟  ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌ گه‌نده‌لی رامیاری و ئابووری ئاشکرایه‌ و ئیستاکه‌ش له‌ هه‌موو کاته‌کانی تر زیاتر له‌ شکست و رۆژیک رووخانی خۆی ده‌ترسێت،  چۆن یاد و په‌ره‌  به‌ هونه‌ری شۆڕشگێرێک ده‌دات که‌ لاوانی چینی چه‌وساوه‌‌ هان ده‌دات بگه‌ن به‌ مافه‌ ڕه‌واکانیان؟
 
  ده‌بێت راشکاوانه‌ بڵێم که‌ به‌عس کاروان عوسمانی شۆرشگیری هه‌ست ناسکیان  له‌ سێداره‌ دا ،  ده‌سه‌ڵاتی کوردیش له‌ باشووری کوردستان له‌ پاش به‌عس چه‌نیدین ساڵه‌ ‌  هونه‌ری شۆڕشگێری و ئاشتیخوازی کاروانیان له‌ کوردستان به‌ند کردووه‌ و له‌ هه‌وڵداندان بۆ له‌ سێداره‌دانی ئه‌و هونه‌ره‌ پاکه‌ی.  
 
 ده‌نگه‌کان: به‌رای ئێوه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ کردنه‌وه‌ی وه‌ها په‌روه‌نده‌یه‌کی گوماناوی، له‌ ئێستادا چی بکرێت یا چۆن ده‌کرێت هه‌نگاوی بۆ بنرێت؟
 
 من  پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی که‌ پێویستیه‌ کاری ته‌واوی له‌سه‌ر بکرێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌وڵبدرێت وه‌ک ئێوه‌ هه‌وڵتان بۆ دا، هونه‌ری کاروان له‌ به‌ندیخانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی رزگار بکرێت و هه‌موو پێکه‌وه‌ نه‌هێلێن له‌ سێداره‌ بدرێت تا هونه‌ری کاروان دووباره‌ بێته‌وه‌ ناومان و به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر کارکردن له‌ سه‌ر هه‌ستی ناسک و دڵی ره‌نجاوی لاوانی چینی چه‌وساوه‌.
 
 هه‌ر لێه‌ره‌شه‌وه‌ پێم خۆشه‌  ده‌ستخۆشی له‌ ئێوه‌
 (ماڵپه‌ری ده‌نگه‌کان) بکه‌م  بۆ ئه‌و کاره‌ گرنگه‌ی ئه‌نجامتان دا بۆ هونه‌رمه‌دنی مه‌زنی لاوانی  چینی چه‌وساوه‌، ده‌ستی ماندووبونتان ده‌گوشم، کاردکردنتان جیگای شانازیه‌ بۆ هونه‌ری کورد و به‌تایبه‌تی ئه‌م کاره‌تان بۆ ئێمه‌ی لاوان‌، که‌ په‌رده‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ و زیندوو ڕاگرتنی تێكڕای کاسایه‌تیه‌ مرۆڤدۆست و مۆدێرنیست و مه‌ده‌نیه‌کانه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌ رابردوو و ئیستادا، دووباره‌ ده‌سته‌کانتان خۆش بێت و په‌یامی مرۆڤایه‌تی ئێوه‌ش درێژه‌پێدانی په‌یامی کاروانه‌. 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply