Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

له‌ په‌ڕاوێزی خوێندنه‌وه‌ی مه‌قامێکی مامۆستا ساڵه‌ح دیلان له‌لایه‌ن عه‌دنان که‌ر‌یمه‌وه‌

Comment
by December 12, 2008 گشتی

  له‌ په‌ڕاوێزی خوێندنه‌وه‌ی مه‌قامێکی" مامۆستا ساڵه‌ح دیلان"  له‌لایه‌ن "عه‌دنان که‌ر‌یم"ه‌وه‌ 
 خه‌لیل غه‌زه‌ڵی 
  khalil.ghazali@gmail.com
 
 چه‌ند مانگ پێش له‌ کۆڕێکی دۆستانه‌دا گوێم له‌ چه‌ند گۆرانی‌یه‌کی گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند عه‌دنان که‌یم گرت. ئه‌و چه‌ند گۆرانی‌یه‌ وادیار بوو که‌ کاک عه‌دنان له‌ کونسێرتێک دا چریبوونی یا له‌چه‌ند کونسێر و یا کۆکراوه‌یه‌ک بوو  که‌ له‌سه‌ر سێ دی دانرابوون. هه‌رچی بوو گۆرانی‌یه‌کان هه‌ریه‌که‌ پێشتر له‌ گۆرانیبێژێکم بیستبوو. به‌ واتایه‌کی دیکه‌ کاک عه‌دنان ئه‌و گۆرانیانه‌ی به‌ ئامانجی تایبه‌ته‌وه‌(که‌ به‌باوه‌ڕی من بۆ رێزگرتن له‌ گۆرانیبێژه‌کانیان بووه‌)هه‌ڵبژاردووه‌ و گۆرانی‌یه‌که‌یانی چڕیوه‌ته‌وه‌.
 پێش ئه‌وه‌ بچم سه‌ر باسی گۆرانی‌یه‌کان، به‌ڕاشکاوی ده‌ڵێم که‌ من عه‌دنان که‌ریم به‌ گۆرانیبێژێکی سه‌رکه‌وتوو و هونه‌رمه‌ندێکی باش ده‌زانم. ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خاوه‌ن رێچکه‌ و ڕیبازی خۆیه‌، له‌و‌ ده‌گمه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ که‌ ده‌توانێ سازێک بژه‌نێ (عوود) ، ئاوازدانه‌رێکی باشه‌ و تا ئێستاش له‌ دانانی ئاواز و چڕینی گۆرانیدا رووی له‌ ئیبتزاڵ و ره‌مه‌کی خوێندن نه‌کردوه‌. هه‌ر ئه‌و رێز و حورمه‌ته‌یه‌ که‌ هانی داوم به‌چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ بڕوانمه‌ ئه‌و چه‌ند گۆرانی‌یه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ و ڕای خۆمیان له‌سه‌ر ده‌ربڕم.
 به‌گشتی له‌ جیهانی موسیقا و گۆرانی‌دا لاساکردنه‌وه‌ی گۆرانیبێژانی کۆن یا هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن ناو، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن که‌سانێکه‌وه‌ نه‌بێ که‌ تازه‌ ده‌یانه‌وێت ببنه‌ گۆرانیبێژ، به‌مه‌به‌ستی زیندو کردنه‌وه‌ی‌‌ ئه‌و گۆرانیانه‌یه‌ که‌‌ ده‌خوێندرێنه‌وه‌. یا ئه‌وه‌ی گۆرانیبێژێک  پێوایه‌ گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ندێکی قه‌دیمی،ئه‌وکات ئیمکانی موسیقا و تۆمارکردنی له‌باری بۆ نه‌ره‌خساوه‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات به‌ ئورکستر و دارشتنێکی نوێ و مودێرن و قورسه‌وه‌، گۆرانیی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ دێرینه‌ بخوێنێته‌وه‌ تا بایه‌خی هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ وه‌چه‌ و نه‌سڵی خۆی بناسێنێ. به‌دڵنیایه‌وه‌ عه‌دنان که‌ریمیش له‌ خویندنی ئه‌و گۆرانیانه‌،ئامانجێکی ئیجابیی ئه‌وتۆی بووه‌.
 به‌ڵام قسه‌ لێره‌دایه‌ ئایا هه‌رکه‌س هه‌ستا و گۆرانیی هونه‌رمه‌ندانی قه‌دیمیی خوێنده‌وه‌ له‌ کار و ئامانجه‌که‌یدا سه‌رکه‌وتووه‌؟ له‌وه‌ش زیاتر ئایا هه‌رکه‌سێک ده‌توانێ گۆرانی که‌سانی پێشکسوت بڵێته‌وه‌؟ من به‌م شێوه‌ وه‌ڵامی هه‌ردوو پرسیاره‌که‌ ده‌ده‌مه‌وه‌. به‌باوه‌ڕی من هه‌رکه‌س ده‌یه‌وێت گۆرانیی که‌سێکی دیکه‌ بڵێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌باشی ئاشنا به‌ شێوه‌ی ده‌نگ و ره‌وشی خوێندن و ئاستی په‌رده‌ی ده‌نگ و به‌تایبه‌ت ته‌حریره‌کانی ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌بێت، بێگومان له‌ خوێندنه‌وه‌ی گۆرانی‌یه‌که‌یدا سه‌رکه‌وتوو نابێت.
 ئه‌و چه‌ند گۆرانیه‌ی عه‌دنان که‌ریم که‌من گووێم لێگرت له‌ گۆرانیه‌ به‌ناوبانگه‌کانی مامۆستا ساڵه‌ح دیلان، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، مامۆستا تاهێر ته‌وفیق، ته‌نیا عه‌ره‌ب، موحه‌مه‌د ماملی و… بوون . دیاره‌ کاک عه‌دنان له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانیانه‌دا هه‌وڵی زۆری نه‌داوه‌ که‌حه‌تمه‌ن لاسای ده‌نگیان بکاته‌وه‌ و ده‌قاوده‌ق هه‌مان ده‌نگ له‌ خۆی ده‌ربێنێ، به‌ڵام هه‌وڵی داوه‌،ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ چۆن گۆرانیه‌که‌یان چڕیوه‌،ئه‌میش وا بیڵێته‌وه‌. تا ئه‌و جێگا که‌ ئه‌گه‌ر بۆ وێنه‌ له‌ وتنه‌وه‌ی وشه‌یه‌کدا هه‌ڵه‌یان کردووه‌، ئه‌میش هه‌ر به‌وشێوه‌ هه‌ڵه‌که‌ی دووپات کردوه‌ته‌وه‌.
 بی پێچ و په‌نا ده‌مه‌وێ بڵێم که‌ کاک عه‌دنان له‌ وتنه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانیانه‌دا نه‌ک هه‌ر سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌، به‌ڵکه‌ تا ڕاده‌یه‌کیش له‌ بایه‌خی کاره‌ جوان و به‌پیزه‌کانی خۆشی که‌مکردوه‌ته‌وه‌. چوونکه‌ به‌ڕاستی له‌ که‌سێکی به‌ده‌روستی وه‌ک کاک عه‌دنان چاوه‌روانی ئه‌وه‌ نه‌ده‌کرا شانبداته‌ به‌ر قورسایه‌ک که‌به‌ ئه‌و هه‌ڵناگیرێت.چوونکه‌ هه‌رکه‌سه‌ و توانایه‌کی هه‌یه‌ و ده‌نگی له‌ بوارێکدایه‌.
 بۆ نیشاندانی ئه‌وه‌ ناسه‌رکه‌وتووییه‌ی کاک عه‌دنان پێویست ناکات دانه‌ دانه‌ گۆرانیه‌کان بده‌مه‌ به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌نگ و شێوه‌ی چڕینی هونه‌رمه‌نده‌که‌ به‌راوه‌ردی بکه‌م. بۆیه‌ ته‌نیا یه‌ک گۆرانی یا باشتره‌ بڵێم مه‌قامێک بۆ باسه‌که‌م ده‌سنیشان ده‌که‌م . ئه‌ویش مه‌قامی "من برۆی په‌یوه‌ستی ئه‌ونازداره‌"ی مامۆستا ساڵه‌ح دیلانه‌.
 کاک عه‌دنان ئه‌م مه‌قامه‌ی رێک به‌و شێوه‌ خوێندوه‌ته‌وه‌ که‌ مامۆستا دیلان خوێندوویه‌. به‌شێوه‌یه‌ک که‌ دیلان له‌ دووجار خوێندنه‌وه‌ی به‌تێك له‌ شێعره‌که‌دا (به‌ هه‌ڵه‌ یا دانسته‌) وشه‌یه‌ک به‌ دوو شێوه‌ ده‌ئاخفێ(جارێک ده‌ڵێ گۆشه‌ی مه‌یخانه‌ دایم…، و جارێکی دیکه‌ش ده‌ڵی قوشبنی مه‌یخانه‌ دایم… ).که‌چی کاک عه‌دنانیش ڕاست هه‌ر به‌و شێوه‌ شێعره‌کان ده‌ڵێته‌وه‌. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم که‌ هه‌وڵی داوه‌ دیلان چۆنی خوێندووه‌، ئه‌میش وا بیخوێنێ(دیاره‌ وه‌ک پێشتریش باسم کرد، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌داوه‌ ده‌نگی خۆی وه‌ک دیلان لێبکات). به‌ڵام سه‌د مه‌خابن هیچ سه‌رکه‌وتنێک له‌ کاره‌که‌ی کاک عه‌دنان را نابینین.
 وه‌ک باسم کرد خوێندنه‌وه‌ی گۆرانیه‌کی هونه‌رمه‌ندێکی دێرین،له‌ لایه‌ن گۆرانیبێژێکی ناسراوی وه‌ک عه‌دنان که‌ریمه‌وه‌، ده‌بێ به‌مه‌به‌ستی رێزگرتن و زیندووکردنه‌وه‌ و ناساندنی به‌ وه‌چه‌ی ئه‌مڕۆ بێت. بۆیه‌ یه‌که‌م ده‌بێ به‌ ئورکستێکی باش و تۆمارکردنێکی باشتر و خوێندێک بێت که‌ منی گوێگر گه‌ر هه‌ردوو گۆرانی‌یه‌که‌ له‌ته‌نیشت یه‌ک دانێـم، بڵێم سه‌د ئافه‌رین که‌ ئه‌و گۆرانیه‌ که‌ موزیكێکی وا خراپ و تۆماره‌که‌ی خراپتر بوو، وا زیندوو کردوه‌ته‌وه‌ که‌ ئیسته‌ مرۆڤ هه‌ست ده‌کات ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ چی خوێندوه‌. به‌و شێوه‌ کاره‌ تازه‌که‌ ده‌بێته‌ خزمه‌تێکی گۆرانیبێژه‌که‌ به‌ هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقای نه‌ته‌وه‌که‌مان. که‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌ک باسکرا کاک عه‌دنان له‌ هیچیاندا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌.
 ئه‌وه‌نده‌ من بزانم، مامۆستا دیلان خاوه‌ن سێ کاسێتی گۆرانی و مه‌قامه‌، که‌ هیچیان له‌ ستۆدیۆ(بێجگه‌ له‌ سروودی نه‌ورۆز که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م کاسێتانه‌دا نییه‌) تۆمار نه‌کراون و هه‌ر سێکیان له‌ کۆڕی دۆستانه‌دا و به‌ ته‌سجیلی ئاسایی تۆمارکراون. به‌ڵام ده‌نگه‌ زۆر روون و ته‌حریره‌ تایبه‌ته‌کانی ده‌نگی دیلان به‌جوانی تۆمارکراون و مرۆڤی بیسه‌ر بۆ دونیای سێحراوی ده‌نگی دیلان که‌مند کێش ده‌که‌ن. که‌چی له‌ خوێندنه‌وه‌که‌ی کاک عه‌دناندا ئێمه‌ شاهێدی هیچکام له‌و ته‌حریرانه‌ نین. دیلان کاتێک ده‌جریکێنی من برۆی …ئۆف… و ده‌نگی(به‌ ته‌حریری تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه‌) ده‌کێشێ.. سۆزی ده‌روون و هه‌ستی پڕ له‌ تین و تاوی ده‌ردرکێنێ که‌ راسته‌خۆ شوێن له‌سه‌ر هه‌ستی بیسه‌ری داده‌نێ . ئه‌و سۆز و هه‌سته‌یه‌ که‌ دیلان(که‌ قه‌ت خۆی پێ گۆرانیبێژ نه‌بوو) ده‌کاته‌ ئه‌و دیلانه‌ی که‌ بێ ئه‌وه‌ له‌ ستۆدیو گۆرانیه‌کی تۆمار کردبێت، به‌ یه‌کێک له‌ به‌ ئیحساسی‌ترین گۆرانیبێژانی کلاسیکی کوردی بناسرێت.
 من چه‌ند و چه‌ندین جار له‌ ته‌نیاییدا مه‌قامه‌که‌ی کاک عه‌دنانم گوێگرته‌وه‌ ، و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مامۆستا ساڵه‌ح دیلان به‌راوه‌ردم کرد، له‌ هیچ شوێنێک که‌ دیلان سۆزی ده‌روونی له‌ قاڵبی جریکه‌ی ده‌نگیدا ده‌ده‌رکێنێ، له‌ ئه‌وه‌ی کاک عه‌دناندا به‌دیم نه‌کرد. ئه‌گه‌رچی عه‌دنان هه‌وڵی خۆی دابوو، به‌ڵام تۆنالیته‌ی ده‌نگی عه‌دنان و شێوه‌ی ڕاهاتنی گه‌ڵووی له‌گه‌ڵ دیلان زۆر له‌یه‌ک جیاوازن. هه‌ر بۆیه‌ش هیچکام له‌ لاوانه‌وه‌ و ته‌حریره‌کانی دیلانم له‌ ده‌نگی عه‌داندا هه‌ست پێ‌نه‌کرد.
 ئه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ زاراوه‌(له‌هجه‌) ش له‌ ده‌ربڕیندا زۆر کاریگه‌ره‌ و شوێنی له‌دایک بوونیش له‌ ڕاهاتنی ژی‌یه ده‌نگیه‌‌کانی گه‌ڵووی مرۆڤ کاریگه‌رییان هه‌یه‌ . هه‌ر ئه‌وه‌ش که‌ ده‌بینین خه‌ڵکی هه‌ر ناوچه‌ و ده‌ڤه‌رێک به‌شێوه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان گۆرانی ده‌ڵێن . ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش بێ که‌ عه‌دنان له‌ شیوه‌ وتنه‌وه‌ی گۆرانیی عه‌لی مه‌ردان دا(به‌هۆی که‌رکووکی بوونی هه‌ردووکیان )  تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتووتره‌.
 ئه‌وه‌ی که‌ باسم کرد له‌ گۆرانیه‌کی دیکه‌ی کاک عه‌دناندا به‌جوانی ده‌ر ده‌که‌وێت. ئه‌ویش گۆرانیه‌که‌ له‌ چه‌شنی "گه‌ڕیان"ی ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان ، که‌له‌ گه‌ڵ کامکاره‌کان چرێویه‌. به‌داخه‌وه‌ له‌وێش نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌گه‌ڵ هه‌وای گۆرانیه‌که‌ (گه‌ڕیان) و ئه‌و ته‌حریرانه‌ی که‌ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان و سنه‌یه‌، ده‌ق بدات .
 له‌ کۆتاییدا ده‌بێ بلێم که‌ ده‌بوو کاک عه‌دنان ئه‌وه‌ی بزانیبای که‌ دیلان له‌ شیوه‌ی خوێندینی تایبه‌ت به‌ خۆیدا لووتکه‌یه‌ و خۆلێدان له‌و لووتکه‌یه‌ ئه‌سته‌مه‌. بۆیه‌ چاکتر وا بوو کاک عه‌دنان گه‌ر به‌ته‌ما بوو یادی دیلان به‌رز و زیندوو ڕاگرێ، گۆرانیه‌که‌ی به‌شێوه‌ی خۆی بگوتایه‌وه‌. بێگومان له‌م کاره‌یدا (وه‌ک زۆر کاری هونه‌رمه‌ندای دیکه‌ی) سه‌رکه‌وتوو ده‌بوو.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply