له پیارسکه بڕسکاوهکهی زه‌مه‌نا ته‌نها عه‌شق له ئێمه‌یه
له پیارسکه بڕسکاوهکهی زه‌مه‌نا ته‌نها عه‌شق له ئێمه‌یه
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی
بێ سیفه‌ته ئه‌و ئاگره‌ی
به قسه‌ی با
به پشتی با
به‌رۆك به خه‌رمانێك ده‌گرێ و
به چپه‌یه‌ك
خه‌ونی شینی دوا گوڵه‌گه‌نمی ده‌سووتێنی!!
نه‌یاره ئه‌و ده‌مه شوشه‌ی
له به‌رکۆی ڕقێکا و
له تۆڵه‌ی وورد بوونی دڵی دا
خێوه‌تێك له خوێن له ژێر پێی مناڵێکا هه‌ڵ ده‌دا!!
بێ به‌زه‌یی یه ئه‌و بارانه‌ی
جێ هه‌نگاوه‌کانی به‌یه‌ك گه‌شتنی به‌فرو گه‌ڵا ده‌شواته‌وه!!
دڵ ڕه‌قه ئه‌و کوانووهی
له سیحری ئاگرێکا تا ده‌مه‌وبه‌یان
حیکایه‌تی گه‌رم بۆ پشکۆیه‌ك ده‌کاو
هه‌ر که‌وته خه‌و
وه‌ك و ڕه‌شه کلێ ده‌یفرۆشێته به‌ر چاوی با!!
سپڵه‌ن ئهوچۆلهکانهی
دوای گه‌مه و پێکه‌نینیان له‌سه‌ر دارههنارهکان
به ده‌نوك به‌رده‌بنه کفنی سووری ئه‌و ده‌نکه هه‌نارانه‌ی
له باوه‌شی مزریانا
چاوه‌ڕێی دایه‌نگای پاییزن!!
تاوانبارن ئه‌و لێوانه‌ی
به شوێن ساته حه‌زێکه‌وه
سوورای کوڵمی سێوێك بۆ لێوی خۆیان
به گازێك لێده‌که‌نه‌وه!!
بێ ئیمانن ئه‌و عهمامانهی
به حه‌فتا دار
به‌هی کاڵی به‌ژنی کچێ ده‌وه‌رێنن
به تاڵیی ناو ده‌ستشۆری نوشته‌یه‌ك
زه‌رده لیمۆی باخی دڵێ ده‌شۆنه‌وه!!
چاو برسین ئه‌و کۆترانه‌ی
له سه‌ر که‌ڕوی سه‌وزی سه‌ر پارچه نانێکی مه‌غرور
مێشکی کۆترێکی کۆنه هاوڕێیان ده‌پژێنن!!
درۆزنن ئه‌و چاوانه‌ی
ژاڵه و نه‌بات
خه‌نده و گریان
کڕێوه و باخ
فرمێسك و ماچ
له ناو جانتای یه‌ك نیگادا هه‌ڵده‌گرن!!!
دوو ڕوون ئه‌و گوڵهباخانهی
له سه‌ره‌وه بۆ په‌نجه‌یه‌ك سه‌ما ده‌که‌ن و
له ژێره‌وه به زمانی ماران ده‌دوێن!!!
بێ ده‌رماڵه ئه‌و بایه‌ی
کلك و باڵی کۆلاره‌یه‌ک ده‌قرتێنێ و
زارۆکێ فڕێ ده‌داته به‌ر که‌نیسه‌ی گریان!!
خائینن ئه‌و فڵچانه‌ی
ئه‌و هه‌موو ڕه‌نگه عه‌یاره ڕووت ده‌که‌نه‌وه و
له وێنه‌ی تاوانبارێکا ده‌یانکوژن!!
بێ نامووسن ئه‌و دراوسێیانه‌ی
ده‌ستبازی مه‌رگ و
چاوبازی خوێن
له‌گه‌ڵ هه‌رێمێکی ڕه‌ش پۆشی ههتیوباردا ده‌که‌ن!!!
ڕیسوان ئه‌و شه‌وه چاو زیتهڵانهی
دوو دڵداریان ته‌سلیم به به‌ره به‌یان کرد و
نه‌یانهێشت بگه‌نه ناو مۆردی خه‌ونه‌کانیان!!
بێ بڕوان ئه‌و دڵۆپه ئاره‌قانه‌ی
بۆ کۆڵ کێشانی نێوان به‌فر و ئاگر و
بۆ تیاڕامانی په‌شیمانی و
بۆمهغریبی خه‌جاڵه‌تی و
بۆ قه‌سابی کردنی حه‌قیقه‌ت
به یه‌ك به‌رگه‌وه له ته‌وێڵی سێبهرێکا ڕیز ده‌به‌ستن!!
ڕوو ڕه‌شن ئه‌و په‌رژینانه‌ی
به‌ر بۆ ته‌ماحی گه‌رده‌لولێ شل ده‌که‌ن
تا سه‌ری دوا دره‌خت ده‌تاشێ و
دوایش ئاوێنه‌یه‌کی خۆره‌تاو ده‌داته ده‌ستیان!!
دڕنده‌ن ئه‌و ڕاوچیانه‌ی
به ماسی یه‌کی نایلۆن
چاوی هه‌زاران که‌ڵه ماسی یان
بۆ شوڵه ژاڵهیهك کرده تونێل!!
ترسنۆکن ئه‌و دڵانه‌ی
له جه‌نگی عه‌شق هه‌ڵهاتن و
له جیاتی تیرێکی ده‌م که‌وانی ئه‌وین
بن به‌ردێکی ته‌سلیم بوونیان کرده ژووان!!!
گڵاون ئه‌و ده‌ستانه‌ی
به خاچی ئیوارهیهکدا
له جێی جه‌لادێ
ملی کتێبێکیان پیاکرد!!
تیرۆریستن ئه‌و توله ڕێ یانه‌ی
به‌سه‌ریانا قافڵه‌یه‌ک ئاسکی چاو دابهسراو تیپه‌ڕی و
نه‌ك هه‌ر وورته‌یان لێوه نه‌هات
بگره له ژێر کراسه دڕکاویهکهی خۆیاندا شاردیانه‌وه!!
خوێن ڕێژن ئه‌و قیبلهنومانهی
که‌وتنه پێشی سوپای زههرهوه و
له سه‌ر کوچه و کۆڵانه‌کانی هه‌ڵه‌بجه ئیعترافیان کرد !!
تاڵان چین ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی
له کانی لێڵی په‌ڕه‌کانیان
ئاسمانی مانشێتاکانیان بار کرد له ئاو!!
جه‌لادن ئه‌و ده‌مه ته‌ورانه‌ی
شانی هه‌زاران کۆرپه داریان داهێناو
هیچ لقێك به جه‌سته‌ی نه‌کردن!!
بێ شه‌رمن ئه‌و گۆزانای
له هه‌ورازا سه‌رسم ده‌ده‌ن و
به دوو دڵۆپ
سینه‌ی کچێک ده‌خه‌نه ده‌ر!!
بێ مروه‌تن ئه‌و کیژانه‌ی
دڵی ڕه‌قیان ناده‌نه‌وه ده‌ست ته‌ڵه‌زمه به‌رده‌کانی گومڕایی!!
خه‌ڵتانی غه‌دره مه‌چه‌کی ڕه‌شی زه‌مه‌ن
مه‌ستی هه‌نگاوه تاڵه‌کانی تاوانه
تووله ڕێکانی که‌نار زه‌مه‌ن
پڕ له پاڵه‌وانی خوێنه
سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ماکانی زه‌مه‌ن
ته‌نها عه‌شق له ئێمه‌یه
به بیابان و سهرابیهوه
به به‌هاری ڕووتبونهوهو
به پایزی پۆشتهیهوه
به حیکایه‌ته سارده‌کانی سه‌ر ههرزاڵهی خه‌مه‌وه
به به‌هه‌شته تاریکه‌کانی وونبوونه‌وه
به شکانی دڵی هه‌موو گوڵه شهرمنهکانهوه
ته‌نها عه‌شق له ئێمه‌یه
له ئێمه نین ،
ئه‌و فرمێسکه کوژراوانه‌ی
له نێوان به‌رزاییه‌کانی دڵ و
ته‌ختایی ڕۆح‌دا نێژران
ئێستاش به میوانی سه‌ردانێکی چاومان ناکه‌ن
له ئێمه نین،
ئه‌و ووشه قهلهندهریانهی
له‌سه‌ر په‌ڕه سه‌وزه‌کانی دڵمانه‌وه فڕین و
ئێستاش به ته‌کلیفی قاموسێك
نایه‌نه‌وه ژێر ده‌واری ڕه‌شی قه‌ڵه‌مێ
ته‌نها عه‌شق له ئێمه‌یه
چاوی له چاوی ئاسمان شین تره‌و
دڵی پڕه له هه‌ستێره‌ی لێبووردن
چی وهسییهتنامهی شه‌پۆله خنکاوه‌کان هه‌یه
له لای عه‌شقه
چی ڕۆحیانه‌تی مۆمه‌کانی گریان هه‌یه
له سه‌ر پێڵوی حۆری عه‌شقه
من دڵنیام ڕۆژێ دێ
له مه‌حکه‌مه‌ی ئاسمان و زه‌وی دا
کاتێ هه‌ور داوای دوا دڵۆپه بارانی له خاك ده‌کا
عه‌شق له کانیه‌کانی چاویا
به دڵۆپێ ئه‌و دووڕیانه گرێ ده‌دات
دڵنیام
له دوژمنایه‌تی گه‌ڵاو پایزا
عه‌شق ده‌بێته تهکیهیهك و
له سه‌ر فه‌رشێکی به‌هاری
ڕۆحی هه‌ڵوه‌رین له‌سه‌ر مه‌چه‌کی با دهخهوینێ
دڵنیام بۆ سه‌ره مه‌رگی مێ یه‌ك
له ناو فه‌وزاکانی جودایی دا
عه‌شق به لۆکه‌ی باڵی فریشته‌کانی
ختوکه دهچۆڕێنێته بن که‌مه‌ری هه‌نسك و
که‌تژمێری پێکه‌نین ده‌خاته‌وه گڕ
گه‌ر وا نی یه!!
بۆچی ئه‌وه چه‌ند سه‌ده‌یه
هه‌ور ده‌مرێ و باران ده‌مرێ و
به‌رد له جێی ئاو داده‌نیشێ و
ده‌ف ده‌دڕێ و نه‌ی ده‌سووتێ و
یاسا هه‌ر به ئه‌شا ده‌کرێ و
قه‌ڵه‌م هه‌ر به دادگا ده‌درێ و
که‌چی فه‌رهاد هه‌ر نرکه‌ی دێ
ڕۆژێك نی یه
چامه‌یه‌كی شیعری نالی به قه‌رز نه‌برێ
شه‌وێك نی یه
چرای به‌یته‌كانی وه‌لی
ڕێ به قافڵه‌ی خه‌مێ نه‌گرێ و
به‌فری ناو دڵی ئه‌لیزاش
ژه‌م ژه‌م له‌گه‌ڵ
پێکی خه‌ونێکا هه‌ڵنه‌درێ
ئێمه‌و عه‌شق هه‌ر کرێچی یه‌ك وه‌رزین
جار جار له قاقای شاتوویه‌کی بسته باڵا و
بۆڵه‌ی دار سێوێکی بێ به‌ر شه‌ڕمان ده‌بێ
دوای سه‌عاتێ شنه بایه‌کی پۆسته‌چی
به نامه‌یه‌کی فێنك ئاشتمان ده‌کاته‌وه
ئێمه‌و عه‌شق
گوێی مێژوو
به شکانی په‌نجه‌ره‌کانی دڵمان پر ده‌که‌ین
ژووره سارده‌کانی ته‌مه‌ن
به سۆپای سینه‌ی دابڕانی دوو په‌پووله گه‌رم ده‌که‌ین
یه‌ك برین
چیرۆكی ئازارمان ده‌نووسێته‌وه
یه‌ك گۆرانی ڕووتمان ده‌کاته‌وه
به یه‌ك نێرگه‌له له تامی ژیان قان ده‌درێین
له وێستگه‌یه‌کی بێ که‌پری دیوارنوسراودا ههڵاژیاوین
هه‌ر عه‌شقه نایه‌ڵێ
هیچ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی مه‌رگ بۆمان بوه‌ستێ
چون عه‌شق" که‌ونی ئێمه‌یه….
چون ههرعهشق" ماڵی ئه‌جه‌لی ئێمه‌یه….
عومه‌ری حاجی ده‌ربه‌ندی پایزی 2007 ئه‌ڵمانیا