Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

له‌ گوڵه‌کانی به‌هه‌شت ته‌نیاتر …… نامۆ سامان

Be First!
by August 24, 2010 ئەدەب

 

پێشکه‌شه‌ به‌لاوانی وڵاته‌که‌م
ئه‌و لاوانه‌ی که‌ منداڵیان زه‌مه‌نێک بوو له‌ خۆڵ
گه‌نجێتیشیان زه‌مه‌نێک بوو له‌ جه‌لادو شمشێر
چ هێزێک ده‌توانێ گه‌نجێتیم بۆ ته‌نها رۆژێک بگه‌رێنێته‌وه‌
من هه‌موو پیریمی پێده‌به‌خشم

ژنه‌کانی ئێمه‌ خه‌ون به‌ پیاوێکی عاشقه‌وه‌ ده‌بینین
پیاوه‌ عاشقه‌کانی ئێمه‌
خه‌ون به‌ ئه‌وینی په‌نجه‌ره‌کانی وه‌همه‌وه‌ ده‌بینین
ئای له‌ ئێمه‌
             ئێمه‌ی پیاو
                            ئێمه‌ی عاشق
ئێمه‌ی دوایی شه‌ره‌ دۆراوه‌کان‌و
دوایی فه‌تواکانی جه‌نگ
دوایی وتیوتی پیاوه‌ مۆنه‌کان‌و
دوایی جه‌هالیه‌تی سه‌رکرده‌کان

            ژنان
ئێمه‌ چیمان ویست له‌ فه‌لسه‌فه‌ وشکه‌کانی پیاو
له‌ شه‌وه‌ جه‌هنه‌مێکانی پیاو
چیمان ویست له‌ ئێوه‌ی پیاو، ئێوه‌ی دوایی شه‌ره‌ دۆراوه‌کان‌و
دوایی شه‌وه‌ ئابروبراوه‌کان
                            جگه‌ له‌ عه‌شق
ئێمه‌تان به‌ره‌و دۆزه‌خی خواکانی شه‌ر‌و ئه‌هریمه‌نی رۆژه‌کان برد
ئێوه‌ عاشقی جه‌نگێگی دۆراو
                       سه‌رکرده‌یه‌کی بێ سێبه‌ر بوون 
ئێمه‌یش عاشقی پیاوێکی دۆراو
سه‌رابی خه‌ونێک بووین
به‌ په‌نجه‌ره‌ی کچینیماندا هه‌ڵمانواسی‌و
له‌ به‌رده‌م خۆرئاوابوونی ئێوه‌ی پیاودا وشکبۆوه‌

چه‌ند جوانن ئه‌وانه‌ی به‌ لێواری نیشتیماندا شۆربونه‌ته‌وه‌ به‌هێواشی
سه‌ری به‌رزیان خستۆته‌ کۆشیانه‌وه‌‌و هه‌نگاو به‌سه‌ر بزمار رێژی ته‌مه‌ندا ده‌نێنن
چه‌ند جوانن ئه‌وانه‌ی به‌ که‌ناری ده‌ریاکاندا به‌تاک سه‌رده‌نێنن به‌ رۆحی خۆیانه‌وه‌‌و
له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌کاندا به‌ره‌و دنیایه‌کی هێمنی‌و پر له‌ئاسوده‌یی‌و
پڕ له‌خه‌نی ڕه‌نگ په‌مه‌یی
پڕ له‌ وژه‌ی ئاوو
رۆحی ته‌زیووی ئینسان سه‌رنج ده‌ده‌ن‌
له‌سه‌ر پشتی ئه‌م مێژووه‌ قه‌موره‌یشدا خه‌ون به‌ نیشتیمانێکی ئازاده‌وه‌ ده‌بینن
ئه‌ی ژن
ماچه‌کان وه‌ک په‌پوله‌
به‌سه‌ر لێومه‌وه‌
به‌سه‌ر رۆحمه‌وه‌
لێو لێکنێم وه‌ک قه‌قنه‌س ده‌سوتێن
لێو هه‌ڵبرم
وه‌ک حه‌زه‌کانم هه‌ڵده‌وه‌رن
وه‌ک کۆتره‌کانی نیشتیمان  په‌ره‌وازه‌ده‌بن
چه‌ند جوانن ئه‌وانه‌ی به‌تاک هاتنه‌ ئه‌م دنیایه‌وه‌‌و
به‌تاک سوجده‌یان بۆ فه‌رموده‌کانی خودا برد
به‌کۆمه‌ڵ به‌ره‌و کێڵگه‌کانی جه‌نگ بران

تاکه‌کانی وڵاتی ئێمه‌ وه‌ک خودا ته‌نیاو له‌ گوڵه‌کانی به‌هه‌شت ته‌نیاتر
تاکه‌کان که‌ سۆماکانیان پربوو له‌ کوشتن‌و
پربوو له‌ هه‌ڵواسینی سێبه‌ره‌کان‌و جه‌هالیه‌تی گه‌وره‌کان
به‌ئه‌ندازه‌ی نزیکبوونه‌وه‌ په‌نجه‌کان به‌ خاک

ئه‌م تاکانه‌ی وڵاتی ئێمه‌ به‌ هه‌موو شتێک کۆمه‌ڵ‌و به‌ هه‌موو کۆمه‌ڵێک تاک
ئه‌م تاکانه‌ی وڵاتی ئێمه‌ به‌یه‌ک نامۆ‌و
به‌یه‌ک پرله‌جوانی‌و ئه‌وینی دووریی
له‌ دووره‌وه‌ باوه‌شیان بۆ خۆشه‌ویستی ده‌کرده‌وه‌‌
ده‌یان ویست به‌ بێ خواستی حیزب‌و به‌بێ خواستی گه‌وره‌کان
به‌بێ خوداکانی شه‌رو ئه‌هریمه‌نی رۆژه‌کان
به‌ره‌و چاوه‌کانی زه‌رده‌شت بگه‌رێنه‌وه

تا تاک بووین جوان بووین
که‌ جوتبووین له‌ سیبه‌ری شه‌یتانه‌کان ناشیرینتر
تا تاکبووین رۆحمان به‌ فه‌نه‌ری نیشتیماندا هه‌ڵواسیبوو
تا تاکبووین پڕبووین له‌ خۆشه‌ویستی ڕۆژه‌کان
پڕبووین له‌ تریقه‌ی منداڵیمان
پربووین له‌ خاوێنی
پڕبووین له‌ به‌رائه‌ت

ئه‌ی ژن!
به‌تاک درۆمان بۆیه‌ک ده‌کرد به‌ جوت به‌یه‌ک گه‌یشتین
به‌لاریدا به‌ قه‌راغی شۆسته‌کانی نیشتیماندا
شۆرده‌بووینه‌وه‌
ئه‌و هه‌موو فرمێسکه‌ رژاوانه‌ له‌ چاوه‌کانماندا بریسکه‌ی ده‌هات
ئێمه‌ به‌ لووت به‌رزییه‌وه‌
ئێمه‌ به‌ هه‌رزه‌ییه‌وه‌ رێمانده‌کرد
نه‌مانتوانی بۆ سه‌وزبوونی ئینجانه‌ی عه‌شق
ته‌نها دڵۆپیک له‌ فرمێسکه‌ رژاوه‌کانمان کۆکه‌ینه‌وه‌
به‌گومانه‌وه‌ ده‌په‌یڤین‌و
به‌درۆوه‌ ماچه‌کانمان ده‌سپارد به‌ لێوه‌کان

ئه‌ی ژن!
جه‌نگو فه‌لسه‌فه‌ رزیوه‌کان
ته‌نیایی‌و بۆشایی ڕۆژه‌کان
ئێمه‌یان سپارد به‌ حیزب
حیزب ئێمه‌ی له‌به‌ره‌کانی شه‌ردا به‌سه‌ر شه‌ره‌فی نیشتیمانه‌وه‌ جهێشت
ئێمه‌و له‌ شه‌ره‌ف‌و نیشتیمانێک
که‌ دۆراندمان
هیچی ترمان پێنه‌ما بۆ وتن

پڕتکردم له‌خه‌ونی ته‌نیایی
له‌ ئه‌لفوبێ ونبوون
پرتکردم له‌تارمایی ترس‌و
خه‌زانی وه‌رزه‌کان
من به‌م په‌نجانه‌وه‌ به‌م ده‌سته‌ بچکۆلانه‌وه‌
سه‌رتاپام ته‌نیایی لێده‌تکێ
په‌نجه‌کانمت پڕکرد له‌ خیانه‌ت
په‌نجه‌کانمت پرکرد له‌ کوشتنی سوێسکه‌کانی ته‌مه‌ن
من به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ پڕبووم له‌ جه‌هالیه‌ت
به‌م ته‌مه‌نی شوشه‌ییه‌وه‌
پربووم له‌ شۆرش
پڕبووم له‌ جه‌لاد
خاڵیبوم له‌ ژن خاڵیوم له‌ عه‌شق خاڵیبوم له‌ هێمنی
خاڵیبوم له‌ خۆم

من پێش تۆ پێش ساڵه‌تووره‌کانی ته‌مه‌ن پێش خواکانی شه‌ر
پێش ئه‌لفوبێ سیاسه‌ت
پڕبووم له‌ په‌ره‌سێلکه‌ی ته‌مه‌ پربوم له‌ شنه‌ی با‌و
پڕ له‌ خۆشه‌ویستی خاک
پڕبوم له‌ تریقه‌ی منداڵی
پڕبوم له‌ جوامێریو پڕبوم له‌ خۆم
من به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ به‌م سوێسکه‌ی دڵ‌و خۆرنشینی په‌نجه‌ره‌یه‌وه‌
پڕبوم له‌ شکستی رۆژه‌کان‌و ماندووبونی شه‌وه‌کان
پڕبووم له‌ شۆرش‌و پربوم له‌ ئه‌نفال
ئای له‌ ئێوه‌ بروانن چۆن به‌گه‌نجی پیربووم
چۆن به‌گه‌نجی به‌ره‌و کێڵگه‌کانی جه‌نگ راپێچکرام

ئه‌م چاوانه‌‌ی ئێمه‌ که‌ بۆ عه‌شق خولقا چۆن ئاشنایانکرد به‌ شه‌ڕ
ئه‌م زوبانه‌ی ئێمه‌ که‌ بۆ عه‌شق ده‌په‌یڤی پریانکرد له‌ سه‌رگه‌ردانی
نیگاکان که‌ بۆ یار ده‌یانروانی
چۆن سپاردیان به‌کاولبوونی رۆژه‌کان
ئه‌م ده‌ستانه‌ی ئێمه‌
ئه‌م ده‌سته‌ بچکۆلانه‌ی ئێمه‌ که‌له‌سه‌ر ئه‌وین‌و خۆشه‌ویستی گه‌وره‌بوو
چۆن سپاردیان به‌ دۆزه‌خ

08082005 ستۆکۆڵم

Previous
Next

Leave a Reply