Skip to Content

Sunday, November 28th, 2021

لێبوردن یا چاکه‌ به‌ ئاوی ده‌ریا کردن؟

Be First!
by December 10, 2008 گشتی

 لێبوردن یا چاکه‌ به‌ ئاوی ده‌ریا کردن؟
 خالید هه‌رکی

    لێبوردن له‌ سزای سه‌پێندراو به‌سه‌ر تاوانباران له‌ رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست به‌ گشتی و ولاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وانه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ به‌تایبه‌ت بۆته‌ نه‌ریت ، له‌ زۆربه‌ی بۆنه‌ و رۆژه‌ دیاره‌کان رژێمی ئه‌و ولاتانه‌ بۆ جوانکردنی سیمای خۆیان و چاکه‌ نواندن بریارێکی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌رده‌که‌ن که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌ندێک له‌ و زیندانیانه‌ی له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ حکم یان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌ ئازاد ده‌که‌ن .
    چونکه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی تیا چو ئێمه‌مانان ئه‌وه‌نده‌ ئاشنای ئه‌م نه‌ریته‌ ببوین که‌ سالانه‌  گوێبیستی ده‌بوین ئێستا لامان بۆته‌ کارێکی ئاسایی بێ ئه‌وه‌ی رۆژێک له‌ خۆمان بپرسین ئاخۆ ئه‌م جۆره‌ بریارو ده‌سه‌لاتانه‌ تا چه‌ند ره‌واو شه‌رعین ؟ چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیفانه‌ یا نێگه‌تیفانه‌ ده‌که‌نه‌ سه‌ر داهاتوی کۆمه‌لگا ؟ کوێرانه‌ له‌گه‌ل ئازادبوه‌کان ده‌که‌ینه‌ جه‌ژن وخۆشی  ، ئیتر له‌وه‌ ناپرسین ئایا ئه‌م زیندانیانه‌ وه‌کو زیندانیی سه‌رده‌می رژێمی له‌ناوچون ؟ به‌ هه‌مان تۆمه‌ت گیراون؟  چونکه‌ ئه‌وکات زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌وانه‌ له‌و سه‌رده‌م به‌ر ئه‌م جۆره‌ لێبوردنانه‌ ده‌که‌وتن له‌ که‌سه‌ شۆرشگێرو کورد په‌روه‌ره‌کان بون ئه‌وانه‌ی به‌ هۆی هه‌لوێستی کوردایه‌تی وکارو چالاکیی کوردایه‌تیه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌کران. کاتێک  رژێم له‌ژێر فشاری سیاسیی پارته‌ کوردی وجه‌ماوه‌ری شۆرشگێری کوردستان ناچارده‌کرا لێبوردنێکی گشتی بۆ گیراوو ده‌ستبه‌سه‌ره‌کان ده‌ربکا و خه‌لکه‌ شۆرشگێره‌ زیندانی کراوه‌کانیش ئه‌وانه‌ی له‌ په‌تی سێداره‌و مردنی ژێر ئه‌شکه‌نجه‌کان رزگاریان بوه‌ ئازاد ده‌کران ئیتر به‌ ده‌رچونی ئه‌م جۆره‌ بریارانه‌ جه‌ژن و خۆشی هه‌مو مالێکی کوردی به‌شه‌ره‌فی ده‌گرته‌وه‌ .
   بۆ ئه‌وه‌ی بریاره‌کانی  لێبوردنی ئه‌و سه‌رده‌م له‌گه‌ل هی ئێستا به‌راورد که‌ین ده‌بێ یه‌که‌م جارهۆکاری گیرانه‌کانی ئه‌وسا و ئه‌وانه‌ی به‌ر لێبوردنه‌کان ده‌که‌ون بناسین و بزانین ئه‌وسا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ کارو شێوازه‌کان چه‌ند پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن  ، ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌یه‌ک ده‌چێ ده‌رکردنی لێبوردنه‌که‌یه‌ که‌ ئه‌ویش بۆ سیسته‌می ئێستای هه‌رێمی کوردستان و بانگخوازیه‌کانی پارت وحکومه‌ته‌که‌مان که‌ بانگه‌شه‌ی مافی مرۆڤ ودیموکراتی وسه‌روه‌ری یاسا ده‌که‌ن بۆ بنیاد نانی ولاتێکی سیسته‌ماتیکی هاوچه‌رخ که‌ ببێته‌ نمونه‌ی ولاته‌ دیموکراته‌کان له‌ ناوچه‌که‌ ده‌بینین سه‌رتاپای پرۆسه‌و بریاره‌کان له‌گه‌ل یه‌ک ناکۆک ونه‌گونجاون .
  ئێمه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌داین یاسا رێچکه‌ی خۆی بگرێ کاتێک بانگخوازی پیاده‌ کردنی یاسا ده‌که‌ین ده‌بێ به‌ کردار پشتگیریی لێ بکه‌ین ئه‌وه‌ی به‌هۆی هه‌له‌ یا ئه‌نجام دانی تاوانێک  دادگا حوکمی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێ  ئه‌گه‌ر متمانه‌ به‌ راستی بریاره‌کانی دادگا بکه‌ین ده‌بێ ده‌رفه‌ت به‌ دادگا بده‌ین بۆئه‌وه‌ی یاسا پیاده‌ بکاو چاکسازی له‌ ناو کۆمه‌ل ئه‌نجام بدا ، بۆچی له‌سه‌روی دادگاوه‌ ده‌سه‌لاتێکی تر هه‌بێ بریاره‌کانی دادگا هه‌لوه‌شێنێته‌وه‌و تاوانبار ئازاد بکرێ ؟ ئه‌ی رۆژانه‌ له‌ ئامرازه‌کانی راگه‌یاندنی حکومه‌ت وحزبه‌کان گوێبیستی ئه‌وه‌ نابین که‌ یاسا سه‌روه‌ره‌و که‌سیش له‌ یاسا به‌ده‌ر ومه‌زنتر نیه‌؟  له‌ زۆربه‌ی  بازگه‌و ده‌روازه‌ی شاره‌کان ئه‌م گوته‌یه‌ به‌ تابلۆ هه‌لواسراوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی به‌ر لێبوردن ده‌که‌وێ له‌ بنه‌ره‌تدا بێ گوناه بوه‌ ده‌بێ داوای لێبوردنی لێ بکرێ و دواتر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شی هه‌بێ که‌ سکالا پێشکه‌ش بکا بۆ قه‌ره‌بو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌ی زیندانی بوه‌ ، نه‌ک به‌ر بریاری بوردن بکه‌وێ ، ئه‌گه‌ر بێ گوناهه‌ ،بۆ حوکم دراوه‌ ؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ که‌ پێشێلی مافی که‌سێک یا گشتیی کردوه‌ ؟ دواتر که‌س ده‌سه‌لاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ مافی یه‌کێکی تر خۆش بێ ؟
     ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ نین که‌ خۆشی له‌ هه‌مو مالێک ببێته‌ میوان به‌لام ئه‌وکاته‌ به‌ خۆشیی سه‌رتاسه‌ری ده‌زانین کاتێک ده‌رفه‌ته‌کان بۆ هه‌موکه‌س وه‌کو یه‌ک بن هه‌موشمان له‌به‌رده‌م یاسا یه‌کسان بین یاساش سه‌روه‌ربێ.
   ئه‌و لێبوردنه‌ی به‌ر له‌ جه‌ژن له‌ لایه‌ن به‌رێز سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌رکرا که‌ 121 که‌س له‌ زیندانیان ئازاد کران نمونه‌یه‌کی ئه‌م لێبوردنه‌ نا ره‌وایانه‌یه‌ که‌ من وای ده‌بینم ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی(نێگه‌تیف) به‌سه‌ر کۆمه‌لدا ده‌بێ نه‌ک ئه‌رێنی (پۆزه‌تیف)  ، ئه‌م لێبوردنه‌ جیایه‌ له‌گه‌ل ئه‌و لێبوردنانه‌ی سه‌رده‌می رژێم که‌ خه‌لکانێکی بێ گوناه به‌هۆی بیرو بۆچونی سیاسی و هه‌لوێستی نه‌ته‌وایه‌تیان زیندانی ده‌کردن وناوی ده‌نا حوکمدراوان به‌هۆی تاوانی په‌یوه‌ست به‌ تێکدانی ئابرو ( الاحکام المخله‌ بالشرف) که‌ ده‌بردرانه‌ زیندانیش له‌ به‌رده‌رگای زیندانه‌که‌یان تابلۆکه‌ ده‌نوسرا فه‌رمانگای چاکسازی کۆمه‌لایه‌تی ( اێلاحی )  به‌لام ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ لێره‌و له‌وێ لاسایی ئه‌و سه‌رده‌م وئه‌و که‌لتور ده‌کرێته‌وه‌ کارێکی نه‌شیاو ودواکه‌وتوانه‌یه‌ ، ده‌بوایه‌ ده‌سه‌لاتی هه‌رێم لاسایی ئه‌و ولاتانه‌ بکاته‌وه‌ که‌ یاسا له‌ لایان سه‌روه‌ره‌ و هه‌مو که‌سێکیش له‌به‌رده‌م یاسا یه‌کسانن بۆئه‌وه‌ی متمانه‌ وبروا له‌ نێوان خه‌لک وئۆرگان و فه‌رمانگا حکومیه‌کان دروست ببێ ، نه‌ک بێ بروایی ، ئه‌گه‌ر ئازاد بوان ئه‌و تۆمه‌ته‌ی خرابوه‌ پالیان وبه‌هۆیه‌وه‌ حوکم درابون بریاره‌کانی دادگاش ره‌واو شه‌رعی بن ، ئه‌وا مرۆڤ له‌به‌رده‌م دو ریانێکدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ‌ یا ئه‌وه‌تا ده‌بێ له‌ دادگا به‌گومان بێ یا یاسا بایه‌خی نه‌مابێ ، هه‌رکامێکیشیان بێ نیشانه‌ی پێشێلکردنی یاسایه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ل ئه‌م سه‌رده‌مه‌ وبانگخوازه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم وپه‌رله‌مان و ئه‌زمونه‌که‌مان  ناکۆکن . ده‌سه‌لاتی لێبوردنی گشتی شمشێری دوسه‌ره‌ خۆت وبه‌رامبه‌ری پێ له‌ت ده‌که‌یت ده‌رهێنانی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ش له‌ ژێر ده‌ستی هه‌مو پله‌و ئۆرگانێک له‌ ئه‌رکه‌ هه‌ره‌ زه‌روره‌کانی په‌رله‌مانه‌ ، ئه‌مرۆ به‌ر له‌ به‌یانی.
 
 
 www.serben.com
 khalidherki@chello.nl
 

Previous
Next

Leave a Reply