Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچم دە

لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچم دە

Closed
by December 12, 2008 ئەدەب

 لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچم دە
   ناڵە حەسەن
 
 بە وێنەی هەتاو
 پڕم لە نیگا سپیەكانی بەفر                   
 بە وێنەی ئاگر
  پڕم لە نیگا گەرمەكانی عەشق
 نیگاكانم گوڵبژێركە
 لە چاوانت بمهێڵەوە
 لە نێو دڵتا ,
 ماڵی خۆرم پێنیشان دە
 لە نێو وەرزی سەهۆڵبەندانی غوربەت
 دەرم بێنە و
 بە نیگاكانت بم شێڵە
 لە نێو زەردەخەنەی ڕۆحت , لە خاچم دە
 
 بەرسێبەری دارسنەوبەرەكانی عەشق
 ماڵی هەتا هەتایەی منە
 هەموو بەیانیانێك ,
 ژیان دێت و بەبەردەمما تێدەپەڕێ
 بەهار دێت و بەبەردەمما تێدەپەڕێ
 مێژوو دێت و بەبەردەمما تێدەپەڕێ
 تەنها ,
 نیگا گەرمەكانی بەفر و
 نیگا خۆڵەمێشیەكانی تەنیایی و
 نیگا شەرمناوییەكانی تۆیە
 لە چاوانم دەمێننەوە
 
 بە پەیژە خەڵووزاوییەكەی نیگاكانت
  هەڵدەگەڕێم
 دەڕۆم كێڵگەكانی هەور
 پڕدەكەم لە ڕەنگی جوانیەكانی تۆ
 بە پەراسووی نیگاكانی بەفر
  هەڵدەگەڕێم
 دەڕۆم كێڵگەكانی خۆرەتاو
 پڕدەكەم ,
 لە نەسیمە گڕگڕتووەكانی عەشقی تۆ
 لەوێدا ,
 سەمفۆنیای شەوەكانی مردن
 پڕدەكەم ,
 لە ڕوناكیە ئاگراوییەكانی جەستەی تۆ
 درەختەكانی مانگ
 پڕدەكەم
 لە پرشنگە زێرینیەكانی ڕۆحی تۆ
 نیگاكانم گوڵبژێركە
 لە نێو ڕەشەبای نیگەرانی دەرمبێنە
 وەك ملوانكە لەسەر سینگت هەڵمبگرە
 لە نێو ڕووباری ,
 فرمێسكەكانی سەرگۆنات , لە خاچم دە
 
 
 بمبەخشە
 ئەگەر لەگەڵ خۆر ئاوا ببم
 بڕژێمە نێو هەناسەكانی مردن
 ئەگەر سبەش كە خۆرهەڵهات
 من و شیعر و نیگاكانم نەبینیەوە
 بمبەخشە
 ئەگەر لەگەڵ باران
 بڕژێمە نێو
 بەیانیە بریندارەكان و
 شكۆفە كریستالیەكانی زەمەنێكی تر
 ئەگەر دووسبەش كە خۆرهەڵهات
 من و شیعر و نیگاكانم نەناسیەوە
 
 لە خاچم دە بەرلەوەی
 لە نێو باخچەی یادەوەرییەكانت
 ببم بە گوڵێكی سپی یاسەمینی
 لە خاچم دە بەرلەوەی
 ببم بە توحفەیەك لە تۆز و غوبار
 ببم بە دوای نیوەڕۆیەكی
 پڕ لە ئەفسانەكانی سێبەر
 لە چاوەكانم بڕوانە و
 نیگاكانم گوڵبژێركە
 لە بەردەرگای خەونەكانت , لە خاچم دە
 لەسەر بەرماڵی نوێژەكانت , لە خاچم دە
 لە نێو بوخچەی حەزەكانت , لە خاچم دە
 
 نیگاكانم گوڵبژێركە
 لەسەر جەستەی خۆرئاوابوونی ئێوارانت , لە خاچم دە
 لەسەر جەستەی زەردەپەڕی بەیانیانت , لە خاچم دە
 لەسەر جەستەی بورژانگەكانی تەنیاییت , لە خاچم دە
 لەسەر جەستەی ڕووتی خودا , لە خاچم دە
 لە ئامێزت هەڵمبگرە
 لەسەر پەنجەی هەر گەڵایەكی هەڵوەریو , لە خاچم دە
 لەسەر گۆنای هەر كڵۆبەفرێكی خۆرنەدیو , لە خاچم دە
 لەسەر بەرگی كتێبە ئاسمانیەكانی عەشق , لە خاچم دە
 لەسەر تابڵۆ وەهمیەكانی دۆزەخ , لە خاچم دە
 لەسەر لێوی گوڵەنێرگزێكی ئاوی , لە خاچم دە
 لەنێو بازنەكانی بێدەنگیت بمهێڵەوە
 بە بڵێسەی نیگاكانت بمسووتێنە و
 لە بەهەشتی نێو مەمكەكانیشت , جێمكەرەوە
 
 لە خاچم دە
 ئەو شەوانەی دێم و
 لەسەر كانیەكەی كچێنیت
 جگەرەیەكی بخووری و
 مۆمێك بە پشكۆ سوورەكانی ڕامووسانی
 دادەگیرسێنم
 
 لە خاچم دە
 ئەو وەرزانەی
 لەنێو دووڕگە سپیەكانی ئاسوودەگی
 دوای موچڕكە ئۆخژنئامێزەكانی توانەوە
 ئەفسانەی حیكمەتەكانی
 ماڵئاوایی و دابڕان دەنووسمەوە
 
 لە خاچم دە بەرلەوەی
 لەنێو یادەوەرییە ڕەشۆكیەكانی قەدەر
 با : بە خۆڵەمێشی نیگاكانی بەفر
 بمنووسێتەوە
 بەرلەوەی
 شەوگارە بێدارەكانی
 نێو كتێبە ئەسمەرییەكانی ونبوون
 بمنووسنەوە
 تۆ لە هەیوانی
 غەریزە هەنارییەكان و لەسەر جەستەی ڕووتت , لە خاچم دە
 لەنێو ئاوێنە ئاوریشمیەكەی ڕۆحی خۆت
 هەڵمبگرە و
 لە نێو نیگا گەرمەكانیشت بمهێڵەوە .
 
                                                                كۆتایی ئۆگستی 2008
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.