Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

لە دەروازە جیاوازەکانی (ماڵی رێحان)ی (هۆشەنگ شێخمحەمەد) دا

Be First!
by March 30, 2012 ئەدەب

 

ئەگەر ئاوسبوون لە منداڵدان یەکێک بێت لە جیاوازییەکانی نێوان ژن و پیاودا، بەهۆی جیاوازی کۆئەندامی زاوزێ، ئەوا ئاوسبوونی مێشک ئەو جیاوازییە تەواو کاڵ ئەکاتەوە، ئاوسبوون بە منداڵ یەکێکە لە غەریزە سەرەکییەکانی مرۆڤ، بەردەوامبوونی ژیانی پێوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بە بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێی لەناو مرۆڤەکاندا دروست کردووە، کاتێک ژنێک ئاوس دەبێ وەک ئەوە وایە کە نهێنیەکی زۆر گەورەی لەناو خۆیدا هەڵگرتبێ، تا ئەو منداڵەی ئەبێت بە سەدان بیر و بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەو مرۆڤە نوێیە ئەگوترێت، ئەم گوتنانە سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێن، سەرچاوی گوتنەکان ئەو سەرانەن کە مێشکەکانیان ئاوسن، ئاوسبوونی مێشکەکان وەک ئاوسبوونی منداڵدانەکان نهێنی بوونێکیان بەدواوەیە کە ترس و دڵەڕاوکێ ئەخاتە نێو مرۆڤەکان.
ترس لە بوونی منداڵێک و بوونی بیرێک ئەوەندە لە یەک ئەکەن من خۆم ناتوانم بە ئاسانی لە یەکتریان جیا بکەمەوە، کە ژنێک یەکەم نیشانەی دووگیانبوونی دەرئەکەوێت لەگەڵ هەستکردن بە خۆشی و لەزەتی مێیایەتی خۆی ئەوەندەش ترس دایئەگرێ لە نەزانینی چەشنی ئەو کۆرپەلەیەی لەناو خۆیدا هەڵیگرتووە، نازانێ تا وادەی بوونی چی رووئەدات، ئایا ئەتوانێ ئەو ماوەیە بە ئارامی و بێ کارەسات بێت، ئەوە گومانە لەوەی ئایا ئەو منداڵە ئەگاتە ئەو کاتەی کە بە سروشیتی بێتە ژیان، ئەگەر نەگەیشت چی ئەبێ؟ چۆن ئەبێ؟ بە مردویی ئەبێ؟ خۆشی لەگەڵی ئەمرێ؟ ئاخر زۆر لە ژنان بە هۆی منداڵە مردووەکانی ناو زگیان خۆشیان مردوون، رێک وەک ئەو کەسە وایە کە هەست بە بوونی بیرۆکەیەک ئەکات لە مێشکی، نازانێ ئەوەی لە مێشکیدایە چیە، ئایا تا ئەو کاتەی بیرۆکەکەی مێشکی پێئەگات و وادەی بوونی دێت ئەتوانێت بە ئارامی و دوور لە کارەساتەکان ژیان بکات و بیرۆکەکەی ناو سەری کە مێشکی پێی ئاوسە نەیکوژێت، خۆ زۆر کەس بە هۆی ئەو بیرۆکانە ژیانیان لەدەست داوە، چونکە چۆن ژن ئاوسبوون شەریعەت و داب ونەریت و یاسای هەیە هەروەها سەر ئاوسبوون شەریعەت و داب و نەریت و یاسای خۆی هەیە، ژنێک کە ئاوس ئەبێت، ئەبێت بزاندرێت چۆن ئاوس بووە، لە کێ ئاوس بووە، ئەوەی ئەیبێت هی کێیە، کە بوو لەگەڵ کێ و لە کوێ ئەژی، هەموو ئەو شتانە ئەبێت بە پێی شەریعەت و نەریت و یاسا بێت، خۆ بۆ بیرۆکەش هەر وایە کە کەسێک سەری ئاوس ئەبێت ئەبێ بزاندرێت بەچی ئاوسە، لە چی ئاوسە، ئەوەی ئەیبێت چیە، بۆچیە، هی کێیە، بۆ کێیە، هتد……….
کەواتە بەبێ ئاوسبوونی ژن لە منداڵدان و مرۆڤ لە مێشک ژیان کۆتایی دێت، ئەوەی کە ئەزاندرێت و لەلای زۆربەی هەرە زۆری کەسەکان دیار و ئاشکرایە، ئەوەی کە نهێنی نیە و بە نهێنی ئەکرێت ئاوسبوونی ژنە بە منداڵ، هەموومان ئەزانین کە ئاوسبوونی ژن لە ئەنجامی پەیوەندی سێکسی ژن و پیاوە، ئەوەی کە کەم کەس ئەیزانێ و زۆر کەم قسەی لەسەر کراوە ئاوسبوونی مێشکە، چۆن مێشک ئاوس ئەبێت؟ مێشکی کێ ئاوس ئەبێت؟ ئاوسبوونی مێشک چی لێ ئەبێت؟
مێشک لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژیان ئاوس ئەبێت، مێشکی مرۆڤانێک ئاوس ئەبێ کە تێکەڵ بە ژیان ئەبن، ئاوسبوونی مێشک ژیانێکیتری لێئەبێت.
ئەگەر ئێمە لێرە بەشێکی ئەو ئاوسبوونە باس بکەین و بە هەموو لا و لایەنەکانی بڵاو نەبینەوە، ئەوە باش وایە باس لە ئاوسبوونی نوسەرێک بکەین، نوسەرەکان بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی ئەدەبی پێویستیان بە ئاوسبوونی مێشک هەیە، نوسینی دەقەکەش زاینی نوسەرە، نوسەر ئەزێ، بۆیە جاری وا هەیە شاعیر ئەڵێ هەر یەک لە شعرەکانم وەک منداڵێکم وان، ئەکرێ رۆمانێکیش بۆ نوسەرەکەی لە منداڵێکی خۆشەویستر بێت، باوڕ ئەکەم ژنێکی نوسەر کە جارێک بە نوسین ئاوس دەبێت و جارێک بە منداڵ، بێت و بڵێت ئاوسبوونم بە نوسین زۆر سەختتر بوو لە ئاوسبوونم بە منداڵ، دوور نیە نوسەرێک بڵێت ئەوەندەی شانازی بەو دەقە شانۆیەم ئەکەم ئەوەندە شانازی بە منداڵەکەم ناکەم، بەلاتانەوە سەیر نەبێت هونەرمەندێک بتوانێ لە منداڵەکانی دوورکەوێتەوە بەڵام نەتوانێ لە تابلۆکانی دوور بێت، ئەمانە ئاوسبوونی مرۆڤن بە ژیان بۆ بەردەوامبوونی ژیان وەک ئاوسبوونی ژن بە منداڵ بۆ بەردەوامبوونی مرۆڤ.
تێکەڵبوونی سادەیانەی نوسەر بە ژیان نوسینی سادەی لێئەکەوێتەوە، بەڵام دواجار نوسینن، وەک ئاوسبوونی ژنێکی سادە بە سادەیانە منداڵی سادەی لێئەکەوێتەوە، بەڵام دواجار منداڵن و ئەبن بە مرۆڤ وەک نوسینە سادەکەن، ئاوسبوونی نوسەرێک بە ژیانێکی نەناسراو و تێپەڕ رەنگە وەک ئاوسبوونی ژنێک بێت بە رێبوارێک، ئاوسبوونی نوسەرێک رۆتینیانە بە ژیان جیاوازی نیە بە ئاوسبوونی نەریتیانەی ژنێک بە مێردی، تێکەڵبوونی نهێنیانەی نوسەر بە ژیان وەک تێکەڵبوونی دوو خۆشەویست وایە، ئەگەر لەو بەراوردانەی سەرەوە چەندین لە یەکچوون ئەبینین جیاوازیەکی زۆر گرینگ هەیە، لە پەیوەندی ژن و پیاودا، ژن ئاوس ئەبێت، پەیوەندیەکی ئاشکراو دیاری نێوان نێر و مێیە، هەرچی پەیوەندی مرۆڤ و ژیانە ئەو نێر و مێیەتیە تەواو دیار و ئاشکرا نیە لە مرۆڤ نێر و مێ هەیە ژیانیش هەر ژیانە هەم مێیە ئاوس دەکا و هەم نێریش.
پیاوێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو، ژنێک ئاوس دەکا بۆ ئەوەی منداڵێکی وەکو خۆی بۆ دروست کا، هەڕەشە لە ژنەکە ئەکات کە ئەبێ منداڵەکە کوڕ بێ، نەک هەر کوڕێک، کتومت وەکو خۆم بێ، لە دواڕۆژدا جێگای من بگرێتەوە، ژنەی نەزان و داماو باوڕ بەوە ئەکا کە ئەوە ئەرکی ئەوە و ئەبێ هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی کۆرپەکەی زگی کوڕ بێت، دوعا و نوشتە، داوودەرمانی پیرەژنان، قسە و ئامۆژگاری ئەو ژنانەی بەناوبانگن بە کوڕ بوون، خواردن و نوستن و خۆشوشتن و هەستان و دانیشتن و قسەکردن و دیتن و تامکردن و بۆنکردن و پەیوەندی و ئیش و جڵوبەرگ و هەر هەموو شتەکانی ئەبێ بەو جۆرە بێ کە منداڵەکەی کوڕ بێت، تا ئەگاتە بێزار بوون و وەڕزی، ترس و دڵەڕاوکێکان تام و لەزەتی ئاوسبوونی لەناودا ئەکوژن، ئەگەر کوڕ نەبوو، چی بەسەر دێت؟ توڕە بوونی پیاوەکەی چ کارەساتێک دروست ئەکا؟ ئەیکوژێ یان رسوا و زەلیلی ئەکا؟ رەنگە هەر نەگەڕێتەوە ماڵ، یەکسەر بچێ ژنێکیتر بێنێت. ژنەی قوربەسەر لەو ماوەی کە دووگیانە چاوەکانی لە هەموو پیاوێک دائەخا ناوێرێ تەماشای کەس بکا، ئەڵێن ژنی ئاوس کە سەیری پیاوێکی کرد ئەوە منداڵەکەی ناو زگی ئەچێتەوە سەر پیاوەکە، کارەساتی گەورە لێرەیە کە مێرد هەست بکات منداڵەکەی لەو ناکات، کارەساتتر ئەوەیە کە منداڵەکە لە پیاوێکیتر بکات، لە جیرانێک، لە خزمێک و لە ناسیارێ.
ئێوە پێتان وا نیە حالی نوسەرێکی ترسنۆک هەمان حالی ئەو ژنەیە و حالی ئەو ژنە هەمان حالی نوسەرێکی ترسنۆکە؟ ئەو نوسەرەی بە ژیانێکی چەقبەستوو و گەنیو تێکەڵ ئەبێ، ئەو نوسەرەی ژیانێکی کۆن و بۆگەن ئاوسی ئەکا؟ بێ گومان ئێوەش ئەو نوسەرانەتان بینیوە کە تا دەقێکیان ئەبێ چەند لە خەمی ئەوەدان، ئایا دەقەکەیان تا چەند ئەبێتە جێی رەزامەندی ئەو ژیانەی لێی ئاوسن؟ تا چەند شێوەی لە ژیانی باوک ئەکات؟ ئەگەر دەقەکە ئەوە نەبوو کە ژیانی مێرد دەیەوێ چەند لە تڕۆبوونی خۆیان ئەترسن؟ نوسەری ترسنۆک دەقاودەق وەک ژنی نەزان و داماو خۆی ئەداتە دەست قەدەر، ئەگەر دەقەکەی ئەو کوڕە بوو کە مێرد دەیەوێ، ژیان دەیەوێ، ئەوا یەکسەر ئامادەیە بۆ ئاوسبوونێکی تر، ئەیەوێت ببێت بە دایکی کوڕان و ژنەکانی تر داوای رێنومایی لێبکەن، ببێتە نوسەری دەقەکان و ژنی گەورەی ژیان و نوسەرەکانی تر رێنومایی بکا، نوسەری ترسنۆک دەقەکانی بە هی خۆی نازانێ، بە هی ژیانی ئەزانێ و بەناوی ئەوی ئەکا، ئەم نوسەرانە بۆ ژیان ئەژین نەوەک بۆخۆیان، دەقەکانیان تەنیا خزمەتی ئەو ژیانە ئەکەن کە لێی ئاوسن، ئەو ژیانە کۆن و داخراوانە نوسەرەکانیان سنوربەند ئەکەن و رێگاکانیان بە هێڵە سورەکان وا بۆ تەسک ئەکەنەوە کە نەتوانن لە چوارچێوەکان دەرچن، رێگایان پێ نادەن لە پەنجەرە و کونی دەرگاکانیش تەماشای ژیانێکی تر بکەن، ئەیانترسێنن بەوەی ئەگەر دەقەکانیان لە ژیانێکی تر بکات ئەوە نیشانەی خیانەتە، وەک ئەو ژنە ئاوسەی نابێ تەماشای پیاوەکانی تر بکا.
نوسەری ئازاد وەک ئەو ژنە هۆشیارە وایە، ئەزانێ ئەو کڕۆمۆسۆمی ئێکس ئێکسxx )) ی هەیە و پیاو هەڵگری کڕۆمۆسۆمی ئێکس وای (xy)یە، ئەزانێ کوڕ یان کچ بوون ئەوەندەی لە ئەستۆی پیاوە ئەوەندە لە ئەستۆی ئەو دانیە، ژنی هۆشیار ئەو ژنە بوێرەیە گاڵتەی بە عەقلی ئەو پیاوانە دێت، هەرگیز ترسی لە کچ بوون نیە، کار بۆ ئەوە ئەکا کە منداڵەکەی تەندروست بێت و مرۆڤێکی لە خۆی هۆشیارتر بێ، رۆژێ لە رۆژان نەکەوێتە ژێر فشارەکانی ژیان، مرۆڤێک بێت سنورە دەستکردەکانی ژیان بشکێنێت و خۆی لە ژیان ئازاد بکا، ببێت بەو کەسەی سروشتیانە ئاوس ببێ و بەبێ ترس دەقی نوێی لێوە بزێن، ئەو دەقانەی ژیان ئەگۆڕن، ژیان جوانتر ئەکەن، ژیان بەرەو پێش ئەبەن، بەشێکی ئەو مرۆڤانە ئەو نوسەرە ئازادانەن کە بەبێ ترس لەدایک ئەبن، بەبێ ترس تێکەڵ بە ژیان ئەبن و بەبێ سنور و چوارچێوە و هێڵی سور دەقەکانیان ئەزێن.
(ماڵی رێحان) باسی ئەو ئاوسبوونانەمان بۆ دەکا کە هەر یەک لە ئێمە بەئاگایی و بێ ئاگایی بەدوای ئەگەڕێین، کەسمان نیە بە شێوەیەک لە شێوەکان تێکەڵ بە ژیان نەبووبین و بە جۆرێک لە جۆرەکان پێی ئاوس نەبووبین، ئەو شێوە و جۆرە جیاوازانە بەرهەمی جیاواز ئەهێننەوە، هەر یەکەمان بە جیاواز لەوەیتر ئەزێین، بەشی هەرە زۆرمان بێ ئاگایانە ئاوس ئەبین و بێ ئاگایانە ئەزێین و بێ ئاگایانە زادەکانمان پەرت و بڵاو ئەکەین وەک چۆن بێ ئاگایانە ژن دێنین و شوو ئەکەین و تێکەڵ ئەبین و منداڵەکانمان پەرت و بڵاو ئەکەین.
خوێندنەوەی (ماڵی رێحان) چەند ئاوسبوونێکی (هۆشەنگ شێخمحەمەد) دەرئەخا، ئەگەر بە وردی بە واتە کورت و فرەوانەکانی ناو ئەم رۆمانە شۆڕ بینەوە ئەوا ئەبینین کە چۆن (هۆشەنگ) تێکەڵە بە ژیان، چۆن خۆی داوەتە دەست ژیان بۆ ئاوسبوون، چۆنیش بەبێ ترس و بەبێ شەرم ئەزێ، زاینێکە، بە یەک ئاوسبوون چەندین پاڵەوان بەرهەم دێنت، دەست بەسەر دانەگرتنی پاڵەوانەکان و بەڕەڵا کردنیان بەناو رۆمانەکەدا نوسەری ئازاد کردووە، نوسەر بەبێ ئاگایانە لەناو قەڵایەک شەڕ ئەکا، شەڕێک ئەکا کە ئەو شەڕە نەکراوە، ئەکوژرێ بەبێ ئەوەی بمرێ، بریندار ئەبێ و خوێنی لەبەر ئەڕوا و جۆگەلەی خوێن بەدوای خۆیدا ئەبا، ئەڕوات و کەوتۆتە دوای خۆی، خۆی لەدەست خۆی نەماوە، کە منیش ئەمخوێندەوە خۆم لەدەست خۆم ئەدا، پاشا و باخەوان و پیرەمێردی کتێبخانە و دەسگیران و ژنە ئاوسەکان ئەوسەر و ئەوسەری قەڵایان پێ ئەکردین، دەمێک ئەکەوتمە دوای نوسەر و دەمێک نوسەر بەدوامەوە بوو و دەمێک بە یەکەوە ئەبووین و دەمێک لە یەکتر بزر ئەبووین، دەمەوێ خوێنەر لەو ونبوونەی سەرەتا ئاگادار بکەمەوە، لە ونبوونی ناو قەڵا، ئەمەوێ بە خوێنەر بڵێم کە ونبووی بەدوای نوسەردا مەگەڕێ، خۆت فریادڕەسی خۆت بە، چونکە نوسەر خۆشی ونە، هونەری ئەم نوسینە لەوەدایە کە نوسەر لەناو خوێنەردا ون ئەبێت، کاتێک کە خوێنەرێکی سادە مەراق ئەیگرێ و ئەکەوێتە دوای دۆزینەوەی نوسەر، ئەو مەراقە ماندووی ئەکا، چونکە هەست بە بوونی نوسەر ئەکا لەناو خۆیدا و ناتوانێ بچێتە ناو خۆی، ئەوە گێژاوێکە بۆ ئەو کەسانەی پێش خوێندنەوەی ئەو رۆمانە جارێک لە جاران خۆیان نەخوێندۆتەوە، پیاسەیەکیان بەناو خۆیاندا نەکردووە، دەرگا و پەنجەرەی ژوورە تاریکەکانی ناوەوەی خۆیان نەکردۆتەوە.
(هۆشەنگ) بە ویستی خۆی قەڵا جێناهێڵێ، هۆشەنگ ئەکەوێتە دوای پاڵەوانێک، نازانێ پاڵەوانەکە لە خۆیەتی یان خۆی لە پاڵەوانەکەیە، نوسین خوێنەر ئەخاتە دوای خۆی، نوسەر بەبێ مەبەست لە رێگادا بزر ئەبێ، خوێنەر بەبێ ئاگا رێگا ئەبڕێ، رۆمان بەبێ جوغرافیە ئەگاتە شار، (هۆشەنگ) بەگومانە ئەو جێگایەی پێی گەیشتووە شار بێت.
من لەگەڵ نوسەر گەیشتمە بەر دەرگای دوکانی عەتار، کە نوسەر عەتاری پیشاندام، سەر و سیما و هەڵسوکەوت و قسە و شعرەکانی عەتار نوسەری لەبیر بردمەوە، دوای ماوەیەک، سەرنجی عەتار بۆ نوسەر، نوسەری وەک مشتەریەکی نوێ و نامۆ خستە بەرچاوم و تەواو، عەتار بەردەوام بوو، ژنە و عەتار وەک ئەوەی دوا بڕگەی نمایشی شانۆیەک لەسەر تەختەی ناو هۆڵێکی تەواو کپ و بێدەنگ بنوێنن، چاوەکانی منیان بە دیمەنەکانیان ئەوەندە زەق کردبوو، نەمدەزانی من تاکە تەماشاکەرم. بوونی ئەو جۆرە دیمەنانە و بەو شێوازی نووسینە، هاندانی دەرهێنەرانی شانۆیە، کە بەداخەوە دەمێکە شانۆی کوردی وەک ئەوەی من ئاگام لێیبێت تەواو دوورە لەو جۆرە دەقانە، ئەم دیمەنە و چەندین دیمەنیتری ناو ئەم رۆمانە کارە هەرە جوانەکەی دەرهێنەر (دانا عەلی سەعید) م بیر ئەخاتەوە لە(شانۆی دادگا) کە لە ساڵی ١٩٩٤ لە هەولێر نمایشکرا، بەداخەوە ئەو کات (هۆشەنگ) نەیتوانی ئەم شانۆیە ببینێ، ئەم شانۆیە باسی دادگایی (حەلاجی) ئەکرد، لە نووسینی (فوئاد مەجید مسری) بوو، ئەم دەقانە کە پڕن لە واتە فەلسەفیەکان و قوڵبوونەوەن بە ناخی مرۆڤدا، هەر یەک لە ئێمە ئەتوانێ لەگەڵ ئەم دەقانە بە ناخی خۆیدا شۆڕ ببێتەوە، رستە و وشەو واتاکان بە زمانێکی رۆن و ئاشکرا و ساکارانە نوسراون، بەڵام گرفتی خوێنەر ئەوەیە، دوورە دەستی ئەم سەرچاوانەیە، بێئاگایی بوونیەتی، هەژاری کتێبخانەی کوردی و نەبوونی کەناڵی گەیاندنی ئەو بابەتە ئەدەبی و فکری و فەلسەفیانەن، بەلامەوە سەیر نیە کە بەشێکی هەرە زۆری نووسەری کورد بێئاگا بێت لە (سەهرەوەردی)، بۆیە لەناو رۆمانی (ماڵی رێحان)دا ئەو بەشەی باس لە (سەهرەوەردی) ئەکا رەنگە ئەوەندە نوێ و نامۆ بێت کە خوێنەر وا بزانێ نووسەر ئەم باسەی وەک باسەکانی تر فەنتازیایەکی خۆیەتی، نەناسینی (سەهرەوەردی) گونەهی رۆمانەکە و خوێنەر نیە، کەمتەرخەمی و کەموکورتی و سستی و نوقستانی رۆشەنبیری و رۆشەنبیری کوردە، ئەگەرچی (هۆشەنگ) تا ئاستێکی باش کاری کردوە بۆ ناساندنی (سەهرەوەردی) بەر لە نووسینی ئەو رۆمانەشی، ئەگەر ناو و ناوبانگی (حەلاج) گەیشتبێتە کورد چ وەک سۆفییەک یان زەندیقێک، ئەگەر کوردانی رۆژهەڵات (سەهرەوەردی) یان ناسیبی بەهۆی پەیوەندی بە مێژووی ئێران، ئەوا (هۆشەنگ) جگە لە وتارەکانی لە بارەی (سەهرەوەردی)، لێرەش ئەوەندە بەجوانی ئەمانباتەوە ناو ئەو مێژووە و جارێکیتر لەگەل کارەکتەری کابرای خاوەن چایخانە، بە یەکانگیری باس و بابەتەکان خوێنەر بە کەسایەتیەکی زۆر گرینگ ئاشنا دەکا، بە هۆی ئەزمونی کەمی خۆم و ئارەزوی زۆرم بۆ شانۆ، ئەم باس و دیمەنانە لە کاتی خوێندنەوەمدا بەردەوام ئەیبردمەوە ناو هۆڵی شانۆ و ئەو کارە شانۆیانەی کە بەر لە زایین لەناومدا مردن و لەبەرم چوون، لە هەمان کاتدا بە هۆی پەیوەندی تایبەتی من و (هۆشەنگ)  بەیەکەوە نوسینی دەقی شانۆیی و نمایشەکانی سەردەمی تیپی شانۆی (یانەی رۆشەنبیری شەقڵاوە) کە هەردووکمان رۆڵی سەرەکیمان تیادا ئەبینی، هەستم بە کاریگەری شێوازی دەقی شانۆیی لەناو رۆمانەکە کردیە، ئەگەرچی کەمێک لە باسەکە دوور ئەکەومەوە بەڵام بە گرینگی ئەزانم کە لێرە باس لەوە بکەم کە ئەکتەرەکانی تیپی شانۆی (یانەی رۆشەنبیری شەقڵاوە) هەر هەموومان خۆڕسک بووین، کارەکان بە شێکیان بە تۆمارکراوەیی ماون ئەکرێ لە کاتی خۆی هەلبسێنگێندرێن، ئەو کات دەرئەکەوێت کە لە کات و شوێنی خۆیدا چەندین کاری جوان و باش کراون، پێم وایە ئەگەر ئەو تیپە لەگەڵ یانەی رۆشەنبیری کۆتایی پێنەهاتبا، ئێستا لەگەڵ (هۆشەنگ) و ئەکتەرە بە توانایەکانی تری ئەو تیپە بمانتوانیبایە ئەم رۆمانە بە شانۆ نمایش بکەین، باسەکە ئەوەیە من لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو رۆمانە زۆربەی کاتەکان وام هەست کردوە لەبەرانبەر نمایشی شانۆیەک دانیشتووم، زۆر بە گرینگی ئەزانم کە بتواندرێت رۆمان بکرێت بە شانۆ، وەک خوێندنەوە پەیام و لەزەتی خۆی بە خوێنەر بگەینێت و لە رێگای شانۆش بگاتە خەلکانێکی تر کە رەنگە لە دواییدا بەشێکی زۆریان بکات بە خوێنەر.

 


هەندرێن حەمەدەمین
ئەڵمانیا- بۆن
بەشی یەکەم

Previous
Next

Leave a Reply