Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لە ساڵیادىخاتمەالانفال

لە ساڵیادىخاتمەالانفال

Closed
by August 27, 2008 جینۆساید

لە ساڵیادىخاتمەالانفال
عدالەت عومەر

  شاڵاوەكانى ئەنفالى هەشتەم (ئەنفالى كۆتایى)  25ى ئاب تا 6ى ئەیلولى 1988 لە بەڵگەنامەكانى رژیمدا. 
   بەڵگەنامەكان: (شیكردنەوەى عەمەلیاتى  ئەنفالى كۆتایى) كەراپۆرتێكە (لیوا روكن یونس محمد  الژرب) فەرماندەى فەیلەقى پێنج لەچەشنى (ئەو پەڕآ نهێنى و شەخێى) بە ژمارە (ح2 \2422) لە (25 ك. 1. 1988) بۆ فەرماندەیى گشتیى سوپاى ناردووە لەم راپۆرتەدا جگە لەوەى ئاماژە بە هەموو ئەو نوسراوو راگەیاندنانەى لە عەمەلیاتى ئەنفالى پێنج و شەش و حەوت دەركراوە دەدات بە تێرو تەسەلى باس لە ئەنفالى كۆتایى دەكات ، هەروەها جێگاى جێگربوونى قیادەى فەیلەقەكان و هێزەكانى بەرگرى نیشتمانى لە ناوچەكە تیدا دیارى كراوە، راپۆرتەكە زیاتر لە 60 لاپەرە بەخۆوە دەگرێت كە یەكێك لە گرنگترین بەڵگەنامەكان بوو كە لە دادگاى ئەنفال سودى لێوەرگیرا .
  وەستانى شەڕى عێراق- ئێران پاڵپشتێكى گەورە بوو بۆ عێراق، هاوكات ورەو تواناكانى هێزى سوپاى بۆ رادەیەكى زۆر بەرزكردەوە، سەركردایەتى رژێمى عێراق بەپەلەبوو بۆ تەواو كردنى پرۆسەى ئەنفالو كۆتایى پێهێنانى، لە بەشێك لە راپۆرتەكەدا هاتووە "المجید چەندین كۆبۆنەوەى گرنگى پیش دەست پىَكردنى ئەنفالى كۆتایى ئەنجام داوە ئەمەش دەگرێتەوە بۆ بە دەست نەهێنانى سەركەوتن لە لە عەمەلیاتى ئەنفالى 5و6و7  "لە رۆژى 7 ئابى 88 لە كەركوك عەلى حەسەن ئەلمەجید لەیەكێك لەكۆبوونەوەكانى لەگەلأ بەرپرسى نهێنى نوسینگەى رێكخستنى باكوور   وجێگرى فەرماندەیى گشتیى  سۆپا وبەرێوەبەرانى عسكرى سەبارەت بە دانانى پلان و رێوشوێنى پیویست بۆ ئەنجامدانى عەمەلیاتى ئەنفالى بادینان لە رووى عسكرى و ئابوورى و ستراتیژى ئەنجامدا كە لە نووسراوى ئەو پەرى نهێنى ژمارە 1024 لە 8\8\1988 لە فەرماندەیى گشتیى سوپا دەرچووە  ئاماژەى پێدراوە.
 هەروەها لە كۆبۆنەوەى رۆژى 14\8\1988 لە  فەرماندەیى گشتیى هێزكانى چەكدار بە ئامادە بوونى جێگرى فەرماندەیى گشتیى سۆپا  لەگەڵ وبەرێوەبەرانى جوولەى عسكرى و هێزەكانى ئەرزى وئاسمانى  بە مەبەستى دارشتنى پلانێ داهاتووى عەمەلیاتى ئەنفال  لەگەڵ چۆنیەتى دانانى  هێزەكانى فەیلەق لە ناوچەكە دا كە  بریاردرا فەیلەقى  یەك لە ناوچەى بالیسان و سماقۆلیات وفەیلەقى پێنجەم  لە ناوچەى زێوە شكان – زاخۆ لە كەرتى بادینان جێگر ببن بە مەبەستى دەستپێكردنى ئەنفالى هەشتەم كە لە نوسراوى (ئەو پەرى نهێنى و شەخێى )ژمارە 1076لە16\8\1988  كە فەرماندەیى گشتیى  سۆپا دەرچووە ئاماژەى پێدراوە و رۆژى 25\8\88 بۆ دەست پىَكردنى هیرشى كیمیایى بە نوسراوىئەو پەرى نهینى و شەخێى  ژمارە1122 لە21\8\1988 كە هەر لە فەرماندەیى گشتیى سۆپا بۆ لایەنى پەیوەنددار نێردراوە و لە دانیشتنى رۆژى 26\8 88 بە ئامادەبوونى بەرێوەبەرى جوولەى عسكرى لە بارەگاى قیادەى فەیلەقى یەكەم لە كەركوك  رۆژى 28\8\88 دانرا بۆ  هیرش كردن لە كات و ساتى دیارى كراوى خۆیدا لە كۆتایى ئەم لاپەرەیەدا ئاماژە بە نووسراوى ئەو پەرى نهینى و شەخێى كە لە نوسینگەى رێكخستنى باكوور و فەرماندەیى گشتیى سۆپا دەرچووە دەدات بە ژمارە1175 لە 27\8\1988  كە باس لە كۆبۆنەوەى رۆژى 7\8\88 لە كەركوك دەكات بۆ بە بیر هێنانەوەى توجیهاتى سەرەكى وەك گۆشار خستنە سەر تیكدەران بۆ لە ناو بردنیان بە بەكار هێنانى هەموو جۆرە  چەكێك ،هەروەها دەلێت"  زیاترین سود  لە هێزكانى جاش و مستشارەكان لە ناوچەكەدا وەربگیرێت بۆ شكست پێهێنانى یەكجارەكى تێكدەران،بۆیە پێویستە لە هەموو لایەك هێرش بكرێتە سەریان و ئابلۆقە بدرین" .
  لە بەشێكىترى راپۆرتەكەدا هاتووە" ناوچەى بادینان كەناوچەیەكى شاخاوى باكورەو سەنگەرو قەڵاى مەحكەمى KDPى مەسعود بارزانییە، بەڵام بەفەرمانى خودى سەدام حوسێن كوردى بادینان دوا مۆڵەتیان درایە كە بگەڕێنەوە بۆریزى نیشتمانى ، تێكدەران لەو ناوچەیە ئەگەر خۆ بەدەستەوە بدەن ئەوە بەبەرزەیى دەكەون، شایەنى باسە یاداشتێك لەلایەن ئەمنى سلێمانى لە11ى تەمووزى 1988دا دەرچوو بوو كە چەسپاندنى ئەم سیاسەتە نوێیەى رژێمى دەردەخست سەبارەت بەخۆبەبەدسەتدانى تێكدەران، بۆ ئەم مەبەستەش ئەلمەجید چەند خاڵێكى راگەیاند بوو كە ئەمانەبوون :
 1- ئەو تێكدەرەى خۆى بەدەستەوە دەداتو چەكەكەى دەهێنێتەوەو ئەوەى كەلەو ناوچانە دەگەڕێتەوە كەتائێستا پرۆسەىئەنفال نەیگرتووتەوە لەهەموو تاوانێك دەبەخشرآ، بەوتاوانانەشەوە كەلەئەنجامى كەمتەرخەمى وهەڵاتنەوە لەخزمەتى سەربازى بەرپاكراون .
 2- ئەو تێكدەرەى بێ چەك لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە كەوا عەمەلیاتى ئەنفال نەیگرتوونەتەوە لەتاوانى چوونەپالأ تێكدەرانو كەم تەرەخەمىو هەڵاتن دەبەخشرێت.
 3- نابآ هیچ تەگەرەیەك بخرێتە رێى ناونووسین كردن لەفەوجەكانى بەرگرى نیشتمانیدا.
  لەراستییدا هەموو ئەو بەڵێنانەى كەوا رژێم لەسەرتاى ئەنفالەوەدا  بووى بۆ خۆ بەدەستدانەوە، هیچیان جێبەجآ نەكرانو رێزیان لێنەگیرا، تەنانەت زۆر لەهاوڵاتیان كەبەو پەیمانو بەڵێنانە باوەڕیان هێناو خۆیاندا بەدەست ، چارەنووسێكى شوم ڕویانى تێكردو شونبزركران.
 سنورى شاڵاوى ئەنفالى كۆتایى لەرۆژئاواوە لەزاخۆوە تائامێدى درێژبۆوە، لەباشورو رۆژهەلاتیشەوە شێخانو ئاكرێى گرتەوە، بەهەزاران كەس لەهاوڵاتیان لەترسى كیمیابارانو بێسەرو شوێنكردن ئاوارەو دەربەدەر بوون، بۆ ئەنجامدانى ئەم شاڵاوەش جگە لەفەیلەقى پێنجەم كەبنكە و فەرماندەییەكەى لەشارى هەولێر بوو چەند  بەشێكیش لەفەیلەقەكانى سآو شەشو حەوت لەباشورى عێراقەوە گوازرانەوە بۆ ئەوآ. ئەم ناوچانە لەژێر دەسەڵاتى هێزى پێشمەرگەى KDP دابوو، سروشتى جوگرافى سەختى ناوچەكە پێداویستى لۆجستیكى ئاڵۆزو كردبوو كەمەرجە دابین بێت بۆ سوپایەكى نیزامى،بەڵام پەلامارى دژ بە KDP لەهەندآ سەرەوەپتەوترو دارێژراوترو راستەوخۆ تر بوو لەوەى كەبۆ تێكشانى PUK لەپێشوو سازكرا.
 بەر لەدەستپێكردنى هێرشەكان هەموو ئەو  یەكەو فیرقانەى سوپا لەنزیك شارى دهۆك كەوتەخۆ ئامادەكردنو چەند شوێنێكى بەبۆمبى هێشویى بۆردومانكرد، لەوانەش گوندى سپیندارى قەدپاڵى چیاى گارە كەچەند كەسێكى لێ كوشت.
  لەئێوارەیەكى درەنگى 24ى ئابدا بارەگاى هێزى KDPەگاى لەزێوەشكان كەلقى یەكى لێ بوو بەریەكەم هێرشى كیمیایى كەوتو (10) پێشمەرگە كوژان، بۆ بەیانیش 25ى ئاب، فرۆكە جەنگییەكانى رژێم لەیەك كاتدا چەند هێرشێكى جیاجیایان  دەستپێكردو بەخەستى ناوچەكەیان بۆردومانكرد، رچا زبیر زیبارى،لە كتێبى الانفال والرحلە الشاقە لە زمانى شایەت عەیانێك كەلەوناوچەیدابووە دەڵێت: لەهەمان شەودا كاتژمێر 2، 25-26/8/1988 دوانزە فرۆكەى ستونى هێرشى كردە سەر ئەوناوچانەو ئامانجەكانیان بۆردمانكرد، مەبەستى  سەرەكى رژێم لەو بۆردومانەدا بڵاو كردنەوەو چاندنى ترسو دڵەراوكآ  بوو لەنێو خەڵكیدا هەروەها ترسى ئەوەش هەبوو كەوا رژێم چەكى  كیمیایى بەكاربهێنێت، هەروەك پێشووتر لەهەلەبجەو قەرەداخو بالیسان بەكارهاتبوون،لەم شەوەدا خێزانە هەڵاتوەكان ئەوەندە زۆربوون تەنانەت رێگا  بەدى نەدەكرا).
 هەروەكو چۆن لەقۆناغو شاڵاوەكانى پێشووى ئەنفال چەكى كیمیایى دژى هاوڵاتیان بەكارهێنرا، بەهەمان شێوە لەدوا ئەنفالیشدا ئەم چەكە كۆكوژییە بەكارهات كەزەرو زیانێكى گیانى زۆرى لێ كەوتەوە، گوندى  برجینآى ناحیەى زاوێتە لە25ى  ئابدا كەوتەبەر چەكى كیمیایى كەلەلایەن هەشت فرۆكەوە بۆمبابارانكرا ئەوانەى بۆردومانەكەیان بینیوە دەگێڕنەوە كە بۆمبەكان گەوالأو دووكەڵى ئێجگار گەورەیان لێ بەرزبۆوە، یەكەمجار سپىو ڕەش بوون پاشان زەرد هەڵگەڕانو بەشێوەیەكى ستوونى پەنجا شەست یارد لەئاسماندا  بەرزبوونەوە ئەوجا دووكەڵەكە بەناو دۆڵەكەدا بڵاوبووەوەو دواجار نزم بۆوەو بەناو گوندەكەدا تێپەڕىو كەوتینە بۆن كردنى گازەكە. سەبارەت بەبۆنەكەش وا دەگێرنەوە كە لەسەرتادا زۆر خۆش بووە، بۆنى سێووشتى شیرینى لێ دەهات، بەڵام زۆرى  پێ نەچووكە تالأ بوەو كارى كردەسەر دەمو چاوو پێستمان لەناكاو هەناسەشمان سوا ربوو.
 چەند میلێك لەباكورى   برجوینەوە، گوندى (تلاكرد) بەهەمان شێوە لەلایەن فرۆكەكانى عێراق كیمیابارانكراو چەند كەسێك تیایدا بونە قوربانى و كوژران، هەروەها هەردوو گوندى (سپێندارۆكەو بەركەڤرآ) كە لەیەكتر نزكین لەلایەن دووفرۆكەوە بەخەستى كیمیابارنكران، لەئەنجامدا چواردەپیشمەرگەو هاوڵاتییەكى مەدەنى كوژران.
 بەشێوەیەكى گشتى نزیكەى (50) پەنجا گوند بەر خەستترین هێرشى كیمیایى كەوتن وەك (وەرمێلێ، بلێجانێى بانێآ، باوەركا كەڤرى، مێرگەتوى، هەڤنێكا، بیرۆزانا، درێرشآ، مێزآ، سپیندار، خەلیفۆ، گەرگەش، گارەگۆ، گۆرە، زێوەشكان، بەلوتى،گیزآ، زاركآ، رەزیكآ، سارتكآ،ماردێنیا، شێرانە، یەكمالە، سوارآ، ئاڤۆكو چەند  گوندێكى تر.).
 دیارە بەسەدان كەس لەئەنجامى ئەو هێرشانەى كەبەچەكى كیمیایى كرانە سەر گوندنشینەكان گیانیان لەدەستدا، زۆرى ئەو قوربانیانەش دەگەڕێتەوە بۆهۆى  ئەوەى كە هەردووگازى خەردەلو دەمارەگازى سیانید تێكەلأ بەیەك كرابن، هەروەها هەندێك لەپسپۆران واى بۆ دەچن كەوا لەوانەیە دەمارەگاز (غاز الاعێاب) GB كەبەگازى سارتیش دەناسرێت لەو هێرشانەدا بەكار هاتبێت.
 خەڵكى ئەم دەڤەرە بەرەو رێگاى بێگوڤاكانى ماسى هەڵاتن، تاكاتژمێر 2ى شەوى 25-26/8/1988 خەڵكەكە توانیان دەربازبن، بەڵام دواتر سوپاى عێراقى ئەو ناوچانەى داگیركردو رێگاى دەربازبوونى خەڵكەكەى گرت.
 باشترین شت كە هێزى پێشمەرگەى KDPكردى ئەوزنجیرە شەڕە بوو كەتیایدا پێشمەرگەكان هەوڵیان دەدا كۆسپ و تەگەرە بخەنەبەر پێشڕەوى سوپاوخاوى بكەنەوە، بەڵام فرۆكەكانى رژێم لەدواى پێشمەرگەكان بوو ناچاریان كردن كەئەوناوچانە بەجێبێڵن لەكۆتایى رۆژى 26ى ئاب شەڕ كۆتایى پێهات، بەڵام ناوچەى بادینان بەتەواوى لەبەرەبەیانى 28ى ئابدا داگیركرا.
 لەئەنجامدا دەیان هەزار خەڵكى مەدەنى ئاوارەو دەربەدەرى توركیابوون ئەوانى تریان لەماڵەوە دەستگیركران، یان پاش ماوەیەكى كەم خۆیان بەدەستەوەداو دواتریش شوبنزر كران.
 عەلى بەندى، لە كتێبى ئەنفالكرنا بەهدینان دەلێت: (هەر لە26ى مانگدا ئەوخەڵكە لەسەر سنوورى توركیا گیرسایەوە، دەسەڵاتدارانى تورك سەرەتا نەیانهێشت خەڵكە كە بچنە ناو سنوورى توركیا، بەڵام دواتر ناچار بوون كە رێگایان بدەن، نزیكەى 65000 تا.80000) هەزار كەس توانیان  بچنە ناو توركیاوە، ئەویش دواى ئەوەى خەڵكەكە فشارێكى زۆریان  خستە سەر جەندرمەو سەربازەكانى تورك كەبوە هۆى ئەوەى لێرەولەوآ چەندپێكدادانێكیش لەنێوانیاندا روبدات،خەڵكەكە ترسى ئەوەشى هەبووكە رژێمى توركیا تەسلیم بەعێراقیان بكاتەوە، دواتر لەو كەمپانەى كە بۆیان دروستكرا نیشتەجێكران، هەروەها خەڵكى كوردستانى باكوریارمەتییەكى زۆرى خەڵكە ئاوارەبوەكانیان داو زۆر لەمەینەتىو خەمەكانیان رواندنەوە.
 ئەوانەى خۆیان دا دەست وسوپا یان دەستگیركران، زۆربەیان بەرەو چارەنوسێكى نادیار رۆیشتن، سەبارەت بەشونبزركردنى خەڵكى بادینان بەزۆرى رەگەزى نێرینە دەگرێتەوە، بەڵام لەناوچەى دۆسكى لەگوندى كۆرفێل ئەفسەرێك (35) سیو پێنج كەسى لەژنو مندالأ وپیاو  گوللە باران كرد.
 ئەفسەرێكى پێشووى سوپاى عێراق  كە پلەكەى كۆلۆنێلە (عەقید) بە(MEW)ى راگەیاندوە كەفەرمانیان بۆ هات هەرچى پێشمەرگەیە بیانكوژین، تەنانەت ئەوانەشیان كەخۆبەدەستەوە دەدەن، هەروەها ئەو جوتیارە مەدەنیانەش كەلەناوچەى قەدەغەكراودا بوون هەر بەپێشمەرگە دانرابوون واتە تەواوى پیاوە تەمەن (15تا60) ساڵیەكان، ئەم فەرمانە تائاستى فیرقەكان بەنوسراوى ڕەسمى دابەزى بوو ئەفسەرە پلە نزمەكانیش بەزار (شەفەوی) ئاگاداركرابوونەوە، ئەم فەرمانە بەڵگەیەكى حاشا هەڵنەگرە لەسە رحوكمى قەرەقوشى رژێمى عێراقو ئەنجامدانى سیاسەتى قركردنى (جینۆساید) گەلى كورد.
  گوللە بارانكردنى گیراوەكان لەئەنفالىبادینان بەشێوەیەكى بەر چاوو ئاشكرا ئەنجامدراوە، ئەوەتە كارەساترین شێوە لەگوندى كورێمى ڕویداوە دواى ئەوەى خەڵكەكە خۆى داوەتە دەست سوپاوە (33) سىو سآ پیاوو كوڕى هەرزەكار كەتەمەنیان لەنێوان (13-43) ساڵیدابووە لەلایەن ئەفسەرێكى سوپاوە كەوا پێدەچێت دواى قسەكردن بەئامێرى لاسلكى هۆكى تۆكى فەرمانى پێدراوە گوللە بارانیان بكات، بەم جۆرە ئەفسەرەكە  لەو جێگا یەدا 27 كەسیان لێ  گوللەباران  دەكاتو  شەشەكەى تریش  دەرباز دەبن لەگوندى مێرگەتوشدابەهەمان شێوە دواى ئەوەى خەڵكە كە دەستگیر دەكرێت ژنو پیاو لەیەكترى جودا دەكرێنەوە دواتر ئەو پیاوانەى كەتەمەنیان لەژوور پازدەساڵى دابووە دەسبەجآ گوللە بارانكران.
 ئافرەتێكى گیراوى بەندیخانەى سەلامیەى شارى موسلأ كەوا پێدەچێت نزیكەى (12000) هەزا ر  بەندكراوى لێ بوبێت دەگێرتەوە: كەپیاوەكانیان لەم بەندیخانەیە بەدەست وچاو بەستراوى راپێچى ناو ئۆتۆمۆبێلى پەنجەرە تاریك كرانو بۆ شوێنى نادیار بردران پاشماوەیەكى كەم دەنگى دەسترێژى گوللە دەستى پێكرد كەوا پێدەچێت كۆمەڵكوژیان كردبن، هەروەها لە چاو پێكەوتنیك لەگەڵ ئافرەتێكى دەربازبووى ئەنفال لە دهوك ئەنجامم داوە دەلێت: ئازار و ئەشكنجەى زۆریان داین بە بەر چاومان كەسوكاریان فەلاقە دەكردین ئیمەش قورئان بە دەست لێیان دەپاراینەەوە بۆ (خاترى خودا بۆ خاترى پێغەمبەر) بەسە، بەڵام حەرەسەكان بە دەم پێكەنینەوە جرتێكیان بۆ لێدەدایان پێیان دەووتین ئێوە (نە خواتان هەیە نە پێغەمبەر).
 بەم جۆرە شاڵاوەكانى ئەنفال، بەئەنفالى بادینان لە 6/ ئەیلولى 1988 كۆتایى پێهات، ئەم ئۆپەراسیۆنە قاتوقڕىیە كوردستانى وێرانكردو ژێرخانى ئابوریشى لەبنەچەوە هەڵتەكاندا، ئەنفال تاوانێك بوو كەدنیا بێ دەنگى لێكرد،بەڵام لەمێژوو ڕوداوێكى وابوو مەحاڵە لەیادبكرێـت.
 
   عدالەت عومەر
    چالاك لە بوارى ئەنفال و بىَسەروشوینەكان
 
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.