Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لە نێوان جوانی و خۆشەویستییدا

لە نێوان جوانی و خۆشەویستییدا

Closed

 

ڕۆژانە لە چەندین بۆنە و كات و شوێنی جیاجیادا گوێمان لێ‌ دەبێت كە دەڵێن فڵان كەس زۆر جوانە، یان فیسار كەس زۆر ناشیرینە. بە بڕوای من كەس زۆر جوان و كەسیش زۆر ناشیرین نییە، باسی حاڵەتی زۆر تایبەت ناكەم كە لە هەموو بنەمایەكدا هەیە، ئەگینا هەر مرۆڤێك بگریت، بێگومان بەڕێژەی جیاجیا، هەم جوانی تێدایە و هەم ناشیرینی، ئەوەی كەسێكمان زۆر لا جوان دەكات و وامان لێ دەكات لە ناو هەزاران هەزار كەسدا چاوی بۆ بگێڕین و دڵمان لای بێت و هەست بكەین بەبێ‌ ئەو دنیا چۆڵەوانییە، كەمتر جوانی ئەو كەسە و زیاتر خۆشەویستی ئێمەیە بۆ ئەو كەسە. ئەگەر جوانی كەسێك یەكجار هۆكاری خۆشەویستی ئێمە بێت بۆی، ئەوا خۆشەویستییمان دەیانجار هۆكاری جوانبوونی ئەو كەسەیە لای ئێمە. ئەوە خۆشەویستییە وا دەكات كەسێك لای ئێمە ببێت بەشاكەس و ئێمە نەتوانین نەك هەر لە ناو واقیعدا، لە ناو خەیاڵەكانیشماندا هەست بە كەسێكی دیكە بكەین كە بتوانێت دڵ و ڕوحی ئێمە ئاوەدان بكاتەوە، ئەوە خۆشەویستییە كە وا دەكات ئێمە تا ڕادەی شێتی سەرسام بین بە جوانییەكانی كەسێك، ئەگەر خۆشەویستیمان بۆ ئەو كەسە، یان ڕاستر بۆ ئەو شاكەسە نەما، ئەوە ئیدی هێدی هێدی ئەو كەسە بەلامانەوە دەبێت بە كەسێكی ئاسایی. هێدی هێدی جوانییەكانی لای ئێمە كاڵ دەبنەوە و ناشیرینییەكانی، كە پێشتر باش نەمان بینییوە، تۆخ دەبنەوە. خەڵكی ئێمە زۆرجار نازی جوانی دەدەن بەسەر خۆشەویستییدا، بەڵام مەرج نییە كاتێ‌ جوانی هەبوو خۆشەویستییش هەبێت، كەچی مەرجە كاتێ‌ خۆشەویستی هەبوو جوانییش هەبێت، لێرەدا لە هەبوونی جوانی مەبەستم ئەوەیە كە خۆشەویستی هەبوو، جوانی بۆ خۆی لە دایك دەبێت. دەمەوێت كورت و پوخت بڵێم: بۆ ئەوەی بە جوانی بمێنینەوە و بتوانین پارێزگاری لە جوانیمان بكەین، بە تایبەت لای ئەو كەسەی كە بووە بە شاكەس لە ژیانی ئێمەدا، پێویستە پاریزگاری لەو خۆشەویستییە بكەین كە هۆكاری جوانبوونمانە. چونكە بەبێ‌ هیچ گومانێك لەگەڵ نەمانی ئەو خۆشەویستییەدا ئیدی ئێمە ئەو كەسە جوانەی پێشتر نابین.
*************************

* گۆشەی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5757) 20/4/2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.