Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
لە هەولێرەوە دڵم بۆ قامیشلو و ئامەد لىَ دەدا

لە هەولێرەوە دڵم بۆ قامیشلو و ئامەد لىَ دەدا

Closed
by March 25, 2008 گشتی

هێمن میرانى…..

  كە نەورۆز دىَ ئەوەى زۆر خۆشحاڵم دەكا یەكدەنگى كوردە لەو سەرى دونیاوە بۆ ئەو پەڕى، ساڵ دواى ساڵیش ئاهەنگەكانى نەورۆز بە جۆشتر دەكرێنەوە و دەبنە رۆژى گردبوونەوەى نەتەوەیى، گومانم لەوە نیە نەورۆز ئێستا لە ئامەد و قامیشلۆ و كرماشان زۆر لە زەتى زیاترە لە هەولێر و سلێمانى، ئەوە ماناى ئەوە نیە كە نەورۆز لە هەرێمى كوردستان بایەخى پێ نەدراوە، بەڵام نەورۆزى ئێرە خەریكە دەبێتە سىَ رۆژ بۆ پشوو سەفرە و دۆڵمە خواردن و پیسكردنى هاوینە هەوارە جوانەكانى كوردستان، لە كاتێك لە ئامەد و عەفرین و قامیشلو و كرماشان و وان و گوندو شارۆچكە و شارەكانى پارچە ئازادنەكراوەكانى كوردستان رۆژێكە بۆ سەلماندنى كوردبوون، رۆژێكە بۆ سەرهەڵدان و داواكردنى مافە زەوتكراوەكان، رۆژێكە بۆ ترساندن و راچڵەكاندنى ئەوانەى پێیان وایە بە بیرى بەعسیزم و كەمالیزم و ئاخوندیزم كورد بوونیان كاڵ كردۆتەوە.
 ئەوەى لە نەورۆزى ئەمساڵ لە باكور و رۆژئاواى كوردستان بینرا و رۆژانە بەردەوامى هەیە جێى دڵخۆشییە و لە هەولێرەوە جۆشمان دەدا، بەخۆم نیە حەزم دەكرد لە گەڵیان بەشدار بوومایە و پڕ بە دەمم كوردبوونم بگوتبایەوە. سەیرم دىَ تاكەى ئەو رژێمانەى سوریا و توركیا و ئێران رێگە لە كوردبوونمان دەگرن، سەیرم دىَ ساڵ بەساڵ ئەوان هەوڵى زیاترى رێگرى دەدەن و ئێمەش بە جۆشتر و زۆر تر و ئازایانەتر دێینە سەر شەقامەكان و بە زمانى خۆمان و بەزمانى ئەوانیش دووپاتى دەكەینەوە كە ئێمە كوردین و ئەوان نین (تورك و عەرەب و فارس نین)! ئەو سەرهەڵدانە جەماوەرییانە مەدەنیترین رێگە و میكانیزمن بۆ داكۆكى كردن لە كوردبوون، ئەو زەماوەند و گۆرانى گوتن و تێكەڵكردنى رەنگى ئاڵوواڵا و جلى كوردى پۆشین ئاسانترین و بىَ كێشەترین پەیامن بۆ دەوڵەتانى توركیا و سوریا و ئێران و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەگشتى كە كورد گەلێكى ئاشتى خوازە و حەزى لە ژیان و سەربەستییە. ئەو حەزەش رۆژ دواى رۆژ لە فراوانبوون و تەشەنەكردنە و مێژوو سەلماندوویەتى كە ناتوانرىَ كورد ناچاربكرىَ دەستبەردارى ئەو حەزەى بىَ… هەرچى لە رابردوو كراوە بەرامبەر كورد نەیتوانیووە نە بیسرێتەوە و نە دەنگى كپ بكات، بۆیە پێویستە ئاییندە لەسەر شێوازێكى دیكە بنیات بنرىَ.
 ئەو دەوڵەتە عەقڵانیانە رەفتار دەكات كە ئەوەى لە رابردوو وەكو هەڵە دەیبینىَ، بۆ سبەى دووبارەى نەكاتەوە. ئەوەى لە دوێنىَ بە رێگەیەكى نادروست چارەسەر كراوە، بۆ سبەى میكانیزمى دیكەى دەوىَ. بەڵام ئاخۆ ئەو دەوڵەتانە لەوە گەیشتوون كە میكانیزم و چارەسەرەكانى دوێنىَ و ئەمڕۆشیان هەڵەیە تا بۆ سبەى بیر لە هى دیكە بكەنەوە!!
 هەرچۆنێك بیر بكەنەوە، ئەوە نەورۆزە ساڵانە دەیسەلمێنىَ كوردبوون بەردەوامى هەیە و لە زیادبوون و تەشەنەكردنى زیاترە، نەورۆزە دەیسەلمێنىَ ئێمە هەر دەمێنین و نابینە تورك و عەرەب و فارس..
 دڵم لە گەڵتانە كوردستانیانى باكور و باشور و رۆژهەڵات، هەر دەبىَ ئەو رۆژە بىَ ئێوەش نەورۆزەكانتان بە ئازادى و گەشت و شادى و پشوو بەسەر بەرن.. لە هەولێرەوە دڵم لەگەڵتانە… لە هەولێرەوە دڵم بۆ قامیشلو و ئامادە و كرماشان و وان لىَ دەدا، لە هەولێرەوە دڵم بۆ ئەو منداڵانە لێدەدا كە نازانن دایك و باوك و خوشك و براكانیان لە ئاهەنگى نەورۆز راپێچى بەندینخانەكان دەكرێن یان نا!
 
merany82@myway.com
 2008-03-3
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.