Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە پەراوێزی نامە هاوبەشەکەی بەختیار و مەریوان و ئاراسدا

لە پەراوێزی نامە هاوبەشەکەی بەختیار و مەریوان و ئاراسدا

Closed

 

  لە پەراوێزی نامە هاوبەشەکەی بەختیار و مەریوان و ئاراسدا
     تێڕوانینێکی کورت و خێرا(*)
    نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
وەختێ نامەکەی ئەم بەڕێزانەم خوێندەوە بۆ خۆپیشاندەرانی کوردستان نەتووشی شۆکی کردم و نە سەرسوڕمان. چۆن ئەم بەڕێزانە زۆر بەوریاییەوە نامەکەیان داڕشتووە و ئاسۆ و تێگەیشتنی خۆیان بۆ هەلومەرجەکە نیشانداوە. ئەم بەڕێزانە هەرچی جارێک لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی کوردستان شیکردنەوە و لێکدانەوە ئەکەن ئەکەونە تای تەرازووی لایەنێکی ململانێیکان، ئیتر دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزیسیۆن. دیارە ململانێی ئەمجارە خەڵک و دەسەڵاتە. بەداخەوە ئەم بەڕێزانە لەبری پتەوکردنی سەنگەری خەڵک و خۆبینینەوەیان لەو سەنگەرە، کەوتوونەتە سەنگەری بەرامبەر. واتە ئەگەر بەوردی لەنامەی ئەم خۆشەویستانە بڕوانین ئەبینین لەچەندین شوێنی نامەکە و بەچەندی شێواز گوزارشتیان لەو سەنگەرە کردووە کە من بەسەنگەری دەسەڵاتی دەزانم. جا بابزانین چۆن؟ من هەوڵ دەدەم لەم کورتە نووسینەدا بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بۆچوونەکانم سوود لەچەند پەرەگرافێکی ناو نامەی ئەو ئازیزانە وەرگرم. ئەم بەڕێزانە دەنووسن
” لەلایەکی تریشەوە ئەوەی شوێنی خەمی ئێمەیە ئەوەیە ئەم ناڕەزاییانە بە ئاراستە و ئاقاری توندوتیژییدا ببرێت و ئەو وزە سیاسییە گەورەیەی کە دروستبووە لە ململانێ و کێبەرکێی لاوەکیدا سەرفبکرێت و دواجار لەو نێوەندەدا خەڵکانێک سوار ملی شەپۆلەکەی بن کە دوژمنی دیموکراسییەتن. ئێمە زۆرمان پێ گرنگە ئەم ناڕەزایەتییە بەجۆرێکی ئاشتیخوازانە بەردەوامبێت،”
بەڕێزینە ئێوە پێمان ناڵێن لە کۆمەڵگەیەک کە دوو بنەماڵە و کۆمەڵێ بەرپرسی نا بەرپرس بەڕێوەی ببەن ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە یانی چی؟ ئایا ئەمە کوشتنی ڕوحی شۆڕشگێرانەی بزووتنەوەی خەڵکی راپەڕیوی کوردستان نییە؟ ئایا ئەمە بەمانای ترس نییە لەئایندە یان ترستان هەیە ئەم بزووتنەوەیە پایەکانی دەسەڵاتی کوردی بلەرزێنێت یان بڕوخێنێت؟ ئێوە لەوە ئەترسن دەسەڵاتی کوردی تووشی داتەپین بێت چونکە بەرژەوەندیتان لە مانەوەی ئەو دەسەڵاتە دایە. ئێوە ئەتانەوێت نارەزایەتی بگۆردرێت بە گلەیی و گازاندەی خەڵک لە دەسەڵات. ئەمەش بەبۆچوونی من جگە لە هەوڵدانێکی کۆنەپەرستانە و پەلەقاژەیەکی بێئاکامی ئێوە بۆ پاراستنی دەسەڵای هیچیتر نییە. ئەم بەڕێزانە پێیان وایە ئەم بزووتنەوە تووڕەیەی گەنجانی کوردستان خاڵییە لە شێوازی عەقلانی و مەدەنی و تووڕەبوونێکی بێهیوایە. ئەم ئازیزانە دەنووسن
“بۆ ڕێگرتن لەم دۆخە و بۆ بەخشینی ئاکارێکی دیکە بە بزوتنەوەکە ئێمە بەگرنگی دەبینین چالاکییەکان لەداھاتوودا شێوازی عەقلانی و مەدەنییانەی ھێمن وەربگرن و لەباتی تەعبیرکردن لە توڕەبوونێکی بێھیوا، تەعبیر لە ئیرادەی ژیان و لەدایکبوونی دونیایەکی نوێ بکات و بەهانەش نەداتە دەست پۆلیس و ئاسایش پەنجە بۆ گەنجانەکان بەرێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گۆڕەپانەکان تەنھا نەبن بە شوێنی ناڕەزایی و ھوتافی سیاسی، بەڵکو ببن بە شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن چالاکیی کولتووری و بکرێن بە جێگایەک کاراکتەری ئەم بزوتنەوەیە تێیدا گەورەبێت و گەشەبکات”
ئەو پرسیارانەی کەلێرەدا دێنە پێشەوە لەچەشنی ئەوەی بۆ دەبێت بزووتنەوەیەک کەهێشتا نەلەڕووی سیاسی و نەلەڕووی تیئۆرییەوە سیماکانی دیارینەکراون بۆ دەبێت مۆری ناعەقلانی و بێهیوایی پێوە بنێین؟ پێمان ناڵێن لەسەر چ بنەماو و شیکردنەوەیەک ئەو ناعەقلانیبوونەتان بۆ دەرکەوتووە؟ بۆچی دەبێت لەبری هەوڵدان بۆ فراوانترکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە هەوڵی لەقالبدان و ترس خستنە بەردەمی خەڵکی ڕاپەڕیوو چاونەترس بدەن و ئەم بزووتنەوەیە هێور بکەنەوە و ئینجا ڕێی خامۆشبوونی بخەنە بەردەم. چاولێبکەن ئەو بەڕێزانە هەر لەیەکەم هەنگاوەوە داوای دابەشکردنی گۆڕەپانەکان ئەکەن، کەهەر تەنها نەبن بە شوێنی ناڕەزایی و هوتافی سیاسی، بەڵکو ئەیانەویت بیکەن بەشوێنی چالاکی کلتوری. لەلایەکی ترەوە ئازیزان دەزگای ئاسایش و پۆلیس ئیشیان چییە جگە لە ڕاونان و زیندانیکردن و سەرکوت. هەر ئێستا لەکاتی نووسینی ئەم کورتە وتارە چەندین لاوی ڕاپەڕیو وا لەزینداندان. ئێوە لەجیاتی ڕیسواکردنی دەستگیرکردنی خەڵکی ڕاپەریو ،لەگوڵ کاڵترتان پێنەوتن. ئێوە ئەڵێن
 ” با گۆڕەپانەکانی شار بگۆڕین بۆ مەیدانی قسەکردن لەسەر ئازادی و دیموکراسی و ڕۆشنگەری، نیشاندانی ھونەر و خوێندنەوەی شیعر و نمایشکردنی شانۆ و ژەنینی موزیک و گۆرانیگووتن. با مەیدانەکان بکرێن بەشوێنی ڕێزلێنان و یادکردنەوەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکان.”
 ئەم ئازیزانە بەئاشکرا ئەڵێن با بۆخۆمان قسە لەسەر ئازادی و دیموکراسی و ڕۆشنگەری بکەین، شیعر بخوێنینەوە و گۆرانی بڵێین. واتا با فشار بۆ دەسەڵات نەبەین. با واز لە دروشمەکانمان بهێنین. تەقەمان لێکراوە و خەڵکمان لێکوژراوە قەیناکە ئێمە یادیان ئەکەینەوە. بەڵام داوای دادگاییکردنی بکوژانی خەڵکی سلێمانی ناکەن. داوای ئازادکردنی دەستبەجێی گیراوەکان ناکەن. لەمانەش سەیرتر بزانن ئەم خۆشەویستانە چی ئەڵێن
” ئەم نەوە تازەیەی ئێمە دەبێت بەزمانێکی شارستانی قسەبکات و بە دەنگێکی ڕوون و بەرز بیر لە پاشەڕۆژبکاتەوە. خۆی لە هەموو توندوتیژییەک بپارێزێت و کولتوورێک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت کە بە ڕووکارە ئاشتیخوازانەکەی هەموو ئەوانە شەرمەندەبکات کە توندوتیژی بەکاردەهێنن. سروشتی ئاشتیخوازانە مەرجە بۆئەوەی کارێکبکات سۆزی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر بۆخۆی ڕابکێشێت و هەم خۆی لە خۆی تێبگات و هەم دونیاش تێیبگات. دەبێت ئەوە دەربکەوێت کێ خوازیاری ئاشتییە و دژی فەوزایە ئێوە یان دەسەڵاتداران”
پەیامی ئەم خۆشەویستانە لێرەدا ئەوەیە کەنەوەی تازە دەبێت زمانی شارستانیانەی هەبێت، کلتووری پەنجەی تاوانباری درێژکردن بۆ دەسەڵات ڕانەکێشێت و ئەگەر قەسابخانەشی بۆ ساز بکەن وەک لە 17ی شوبات بۆیان سازکرا قەینا هەر بێدەنگ بن تا سۆزی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خۆیان ڕابکێشن و بەم شێوەیە ئەبنە ئاشتیخواز و فەوزا ناخوڵقێنن. واتە بەزمانێکی تر هوتاف مەکێشن و دەسەڵات بەردباران مەکەن و ئەگەر کوژران بێدەنگ بن چونکە بەردبارانکردنی دەسەڵات و هوتاف کێشان و دروشمی شۆڕشگێرانە فەوزایە و مەیکەن و خۆتانی لێ بەدوور بگرن. بەڕێزینە ئەمە ئەگەر خۆڵکردنە چاوی خەڵکی تووڕە و ناڕازی نەبێت چیترە؟ ئەمە ئەگەر خامۆشکردنەوەی ئەم بزووتنەوە ناڕازییەی گەنجان نەبێت چیترە؟ ئەمە ئەگەر فریادڕەسی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردی نەبێت چیترە. پێم سەیرە ئەم بەڕێزانە بەبەرچاویانەوە دەسەڵاتی کوردی هاوڵاتی کوردستان لەخەڵتانی خوێندا دەگەوزێنن کەچی داوا ئەکەن واز لەکلتووری شۆڕشگێڕانە بهێنن و بکەونە شیعر خوێندنەوە و نمایشکردنی شانۆگەری. پێم سەیرە ڕێژوانەکانی کوردستان بکوژرێن و ئەم بەڕێزانە پێمان بڵێن واز بێنن و وەرن با باسی ڕۆشنگەری بکەین. ئاخر لە کۆمەڵگایەکدا چۆن ئەکرێت باسی ڕۆشنگەری بکرێت کە ڕێژوانەکان بدرێنە بەر گوللەی کۆنەپەرستی؟ ئەم هەڵوێستەی ئەم بەڕێزانە لەدیدگاو عەقڵییەتێکی زۆر دواکەوتوانەوە هەڵهێنجراوە کەجگە لەخزمەتکردن بە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردی هیچ خزمەتێک بەبزووتنەوەی گەنجان و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان ناکات.
من لێرەدا هەوڵ ئەدەم سەرنجەکانم لەم خاڵانەی خوارەوە کورت بکەمەوە بۆ ئەوەی خوێنەران بەڕۆشنی مەبەستەکانی نامەی ئەو بەڕێزانەو نووسینەکەی منیان بۆ دەربکەوێت.

1-    ئەم نامەیە بەو هیوایەوە نووسراوە کە ببێتە مانیڤێستی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و قۆرخکردنی بزووتنەوەی گەنجان کەئەمڕۆ تەواوی سنوورەکانی پیرۆزییەتی کۆمەڵگا و هێڵە سوورەکانی بڕیوە و ئامادە نییە بکەوێتە داوی هیچ ئاراستەیەکی سیاسی دیاریکراو. شێوازی نووسینی نامەکە شێوازێکی ئامۆژگاریکەرانەیە و خۆ وا نیشان ئەدەن کە سێ کەسن لەکەشکەلانی فەلەکەوە ئەڕواننە خوارەوە و بارانی نەسیحەت ئەبارێنن.
2-     لەچەند ساڵی ڕابردوودا ئەم بەڕێزانە هەمیشە ڕۆڵی ڕزگارکەری بزووتنەوەی کوردایەتیان بینیوە و لەهەر شوێنێک ڕەوتی نەتەوەیی کورد نەیتوانیبێت بە شێوەیەکی ڕێك ئەرکەکانی ئەنجام بدات ئەم بەڕێزانە ئەو بۆشاییەیان بۆ ئەو ڕەوتە پڕ کردۆتەوە و کۆمەکیان پێکردووە جا چ دەسەڵات بووبێ یان ئۆپۆزیسیۆن.
3-    ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستان بەڕابەری گەنجان پیویستییەکی زۆر حەیاتی بە پشتیوانی عەمەلی هەیە. لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا جگە لەبەڕێز کاک فاروق رەفیق کەلێرەوە سڵاوی بۆ ئەنێرم لەپێشەوەی خۆپیشاندانەکان وەستا،کێیتر لەم بەڕێزانە هەنگاوێکی عەمەلیانەی هەڵهێناوە بۆ بەرگری لەو ڕاپەڕینە. سەیرە دوای سێ ڕۆژ لەڕاپەڕینی خەڵکی تووڕە هەواڵی ئەوە بڵاو ئەکرێتەوە کە ڕۆژی دووشەممە کاک ڕێبین گوایە بەشداری خۆپیشاندان ئەکات وەک ئەوەی ڕابەرێکی مەزنی خەڵکی کوردستان بڕیاریدابێ بێتە ناو خەڵکی راپەڕیوەوە.
4-    ئەم ئامۆژگارینامەیە هەوڵ ئەدات ئەو قەناعەتە لای خەڵکی کوردستان و بزووتنەی گەنجانی ناڕازی دروست بکات کەواز لەو دروشمە شۆڕشگێڕیانە بهێنن و لەبری ئەوە زمانی شارستانی بکار بهێنن و لەجیاتی بەگژاچوونەوەی دەسەڵات شیعر بخوێننەوە و گوێ لە گۆرانی و مۆسیقا بگرن.
5-    ئەم نامەیە هیچ هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەی تیا نییە و لەبری لایەنگری خەڵکی ڕاپەڕیو، هەوڵی ئەوە ئەدات ئەم بزووتنەوەیە لەناوەڕۆکە شۆڕشگێڕانەکەی بەتاڵ بکەنەوە و بەئاقارێکی تریدا ببات کەخزمەت بە دەسەڵاتی کوردی بکات و لەدواجاریش بچێتەوە گیرفانی ئۆپۆزیسیۆن یان دەسەڵاتی کوردی.
6-    ئەم نامەیە لەهەوڵی داهێنانی کلتوری ملکەچ کردنی خەڵکە بۆ دەسەڵاتێک کە بیست ساڵە لەسەر تاڵان و بڕۆی سامانی ئەم میللەتە خەریکن ژیانی فیرعەونانە دەژین و خەڵکیش رۆژبەرۆژ لەهێڵی هەژاریی نزیکتر دەبنەوە.
7-    هەر ڕۆشنبیرێک و هەر خوێنەرێک ئەگەر تۆزقاڵێک خاوەن بیرکردنەوەی خۆیان بن و ئازاد بن لەبیرکردنەوەیان ئەزانن کە نووسەرانی ئەم نامەیە ئاگایانە ئەیانەوێ ئەم ڕاپەڕینە لەبار ببەن و بێدەنگ نابن لەم هەڵوێستە کۆنەپەرستانەیە.

ڤانکۆڤەر – کەنەدا
21-02-2011

(*) دەقی ئەم نامەیەی مه‌ریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح و بەختیار عەلی کە ئاراستەی خۆپیشەندەرانی شاری سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان کراوه‌، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 21-02-2011  لەلایەن ئاسۆس ھەردییەوە له‌به‌ر ده‌رکی‌ سه‌رای‌ شاری‌ سلێمانی‌ خوێندرایەوە و لەسایتی هاوپشتی ڕۆژی دووشەممەی 21-02-2011 بڵاو کراوەتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.