Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لە8ی مارسدا دەبێت پێ لەسەر ریفۆرمێكی كۆمەڵایەتیو كەلتووری دابگرین

لە8ی مارسدا دەبێت پێ لەسەر ریفۆرمێكی كۆمەڵایەتیو كەلتووری دابگرین

Closed
by March 8, 2008 ژنان

 لە8ی مارسدا دەبێت پێ لەسەر ریفۆرمێكی كۆمەڵایەتیو كەلتووری دابگرین.
 ستارە عارف

 
 مانەوەی ژێرخانی نەریتی سیستەمە كۆنەكان، بەتایبەتی بەكەم سەیركردنی ژنانو زاڵكردنی كەلتوری ئاینیو تێكەڵكردنی بەسیاسەت بەهۆی تۆتالیتاری سیستەمەكانەوە، وایكردووە چارەسەری كێشەكانی ژنان لەئەمڕۆدا زۆر سەخت بێت، نموونەی بەرچاویش یاساكانی باری كەسێتیە كەبەزەحمەت بواری هەمواركردنیان بۆ دەڕەخسێت، كە تائێستاش ئەو پرۆژەیە یاسایەی بۆ هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی بۆ حكومەت نێردراوە بۆ پەرلەمان نەگەڕێنراوەتەوە، هەروەك گومان لەپەسندكردنی هەیە، بەتایبەتی لەلایەن لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەماندا، لەڕاستیدا گۆڕینی هەموو ئەو بوارانە بەگۆڕینی سیستەمو عەقڵیەتی تاكو سیستەمی سیاسیەوە بەندە، تاكێكی گۆڕانخواز بنەمایە بۆ گۆڕینی سیستەمو كارتێكردنی، كە ئەمە هاوكێشەیەكی ئەو نموونە دیموكراسیە ڕاستەقینەیە كەدەڵێت: دیموكراسیەت لەخوارەوە دەستپێدەكات.لەهەمانكاتدا ریفۆرمو گۆڕان لەدەسەڵاتدا زەمینە بۆ فەراهەمكردنی گۆڕانی تاكو كۆمەڵ پێكدێنێت، نمونە تاشۆڕشی مەزنی"1917"ژنی رووسی كۆیلەی پیاوو بوو بێ مۆڵەتی راستەوخۆی ئەو نەیدەتوانی بەكارێكەوە سەرقاڵ بێت، لەدوای ئەوەوە پێگەیەكی گرنگی بەدەستهێنا، كەڤلادیمیر ویل دەڵێت"پیاوان پتر لەرابردوو بەچاوێكی مرۆڤانەی یەكسانەوە دەنۆڕنە ژن تائامڕازێكی سادە بۆ چێژ وەرگرتن". شۆڕشو سەرهەڵدانەكانی رۆژئاوا بەسەردەمی رێنسانسیشەوە بەریفۆرمی بنەڕەتی هەستاونو لەسەرەتاشدا ریفۆرمی ئاینیو جیاكردنەوەی لەدەسەڵاتەكانی تر، گۆڕینی یاساكانی باری كەسێتیو چاكردنی مافەكانی ژن بوون، بەهۆی بوونی گروپێك یان كەسایەتی گۆڕانخواز لەناو ژناندا، كە لەرابردوودا قورسترین یاسای نەریتیان لەسەر كۆمەڵ دانابوو، كەژن بەپلەی یەكەم تیایدا زەرەرمەند بوو، لایەنی كاریگەریش هەبوونی دۆگماو میتۆدە زۆر میسالیو ئاید ئاینیەكان بوون، كەزۆرترین بزووتنەوە فێمینیستیەكان لەم سەردەمەوە سەریانهەڵداو لەسەردەمی رێنسانسەوە فراوان بوونو چونە قۆناغێكی نوێ وەو بەژنە كرێكارو لادێنشینەكانیش گەیشتن.
 لەكوردستاندا سەرەڕای "17"ساڵ دەسەڵاتی كوردی، تا ئێستا رێكخراوێكی ژنانی مۆدێرن كەتوانای گوزارشتكردن لەمافی جەوهەری ژنی هەبێتو بەهزرو ئایدیایەكی ژنانەو كاریگەرو سنوربەزێن دەرنەكەوتووەو دەرفەتی دەركەوتنیشی لاوازە، هەرچەندە لەناوچەیەكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە. لەو مێژوەوە ژمارەیەك ریكخراو درووست بوون، بەڵام بەداخەوە یەك دوو رێكخراوی لێدەرچێت وەك ئاسوودە، ئەوانی تر سیماو شێوەیەكی ناشیرینیان لەناو كۆمەڵدا درووستكردووەو پیاوانیش جەسارەت لەمە وەردەگرنو بەشێوەیەكی ناشایستە قسەیان لەسەردەكەن. چونكە لەبنەڕەتدا خاوەن سەرمایەكی فیكریو دیدێكی فێمینستانەو رۆحێكی تێكەڵاو بەناخو ناوەڕۆكی ژنانە هەڵنەقوڵاونو لەمەسەلەی جێندەردا زۆر لاوازو بگرە پێچەوانەی بوون، لەمانە زیاتر درووستكراوی پیاون، ئەمە جۆرێكە لەسیاسەتی باڵادەستی پیاو، كەدەخوازێت زەبر لەمەسەلەی ژن بدات، تا لەنوشوستی ئەم رێكخراوە دروستكراوانەدا كەتوانای گوزارشتكردن لەدۆزی ژنانیان نیەو هەمان شتە زۆر عادەتیو كۆنەكانی پیاوو كۆمەڵ دەجونەوە. بڵێن ئەوەتا رێكخراوی ژنانو ئافرەتان هەن، بەڵام خۆیان ناتوانن كار ڕاپەڕێننو سەربەخۆ كارناكەن. لەوانەیە یەكێك لەكاریگەریەكانی شێوەگرتنی ئەم رێكخراوانە ئەوە بێت، كەبزووتنەوەی سیاسی كورد لەسەردەمی دوای ڕاپەڕینەوە نەیتوانی ستراتیژیەتی خۆی نوێبكاتەوەو لەگەڵ سەردەمی نوێدا خۆی بگونجێنێت،  كەتووشی خۆدووبارەكردنەوەو سوڕانەوە لەبازنەی تەسكدا دروست بوەو  فۆرمێكی كلاسیكیو كۆنی داوەتێ، رێكخراوەكانیش دەبنە كۆپی ئەوان كەهیچ پەیامێكی ژنانەیان نیەو تێكۆشان لەدژی تەوتەمە كۆمەڵایەتیو كەلتورییو رەگەزییەكان نەكراوەو بگرە ئەم بابەتانە تا ئێستا شینەكراونەتەوەو تیۆری خۆیان نەدراوەتێ، لەسەرەتاوە رێكخروەكانی ژنانو ئافرەتان لەفۆرمێكی بورژوازیانەدا خۆیان نیشانداوەو توێژێكی گرنگو زۆری ژنانی كوردستانیان پشت گوێخستووە، رێكخراوە چەپ یان ماركسیەكانیش ئەمڕۆ تارادەیەك خۆیان لەرەوشەكان بەدوور دەگرنو بۆ رۆژگاریان بەجێدەهێڵن، لەكاتێكدا ئەمڕۆی ژیانی كۆیلایەتی ژنو دروستبونی سیستەمی سەرمایەداریو چەوساندنەوەی چینی ژنان باشترین زەمینەی كاركردنیانەو هەموو بۆچونەكانی ئەوان بۆ ئەمڕۆ شیاون. تێفكرینی قوڵو شیكردنەوەی تیۆری رەگەزیو هەڵسەنگاندنی وەك دۆزێكی سیاسیو فیكریو دانانی چارەسەری پێویستن، سەرلەنوێ پێداچوونەوەی لەرێكخراوێكی جەوهەریو "جۆریو دیاریكردنی ئەو بەهاو مانایەی لەناو كۆمەڵگەدا هەن، سەبارەت بەژنو پیاو" كە بەجێندەر دەناسرێت، توانای نرخاندنی هەیە، ترس لەتێپەڕاندنی كەلتووری كۆنو كاریگەریە ئاینیو كۆمەڵایەتیەكان لەكۆمەڵداو لەناو ژندا بەتایبەتی، بۆتە ئەو وەهمە ترسناكەی كەدەرچوون لەژێر ئەو پەردەیەدا سەخت بێت، تا ئێستا هیچ ریكخراوێك ئەو سنورەی نەشكاندوەو مانیفیستۆیەكی تایبەت بەمافەكانی ژنانی بەدیدێكی جەوهەریانەی ژنانەی نەنوسیووە. بەداخەوە ژنان گەلێكی باشو بەتوانا لەم هەرێمەدا هەن، بەڵام لەئاستێكی خەباتدا رادەوەستن وەك ئەوەی تا ئێرە پێویستی بەخەباتكردن بێت، لەوانەیە هەر یەكێك لەئێمە نەمانتوانیبێت لەناو رێكخراوێكی ژنانو ئافرەتاندا خۆمان بدۆزینەوەو ئەو رێكخراوانە تەواوی ئاواتو هرسی ژنانەو فێمینیستانەی ئێمەی فەراهەمو پڕنەكردبێتەوە، بەڵام خەباتی شۆڕشێكی ژنانەو رەگەزی ناتوانرێت لەناو یەكێك لەم رێكخراوانەدا قەتیس بكرێت، كەبەپێچەوانەوە رێكخراوەكانی ئەم هەرێمە تەواوی تواناكانت لێدەسێننەوە.
 لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا رۆحی خێڵەكی بەهێز دەژیو جیاوازی ناوچەو شار لەناوماندا هێشتا بەهێز خۆی دەنوێنێت، ئەمە یەكێكە لەنەهامەتیەكانو زەبرە لەلێك نزیكبوونەوەو هاوڕایی ژنان، چونكە یەكێك لەپڕەنسیبە گرنگەكانی خەباتی رەگەزی پڕِەنسیبی وڵاتپارێزیو دروستكردنی گیانی نەتەوەییە. ئەم ئینتیما گرنگە بنەمایە بۆ وابەستەبون بەمافەكانی ژنانەوە، لەناو تاكی ئێمەدا هیچ راچڵەكین بەرامبەر هەركارێك یان رووداوێك كە لەناوچەیەكی جیا لەناوچەكەی ئەودا هەیە، رووناداتو پێیان سەیرە كە كەسانێك هەبن بێ جیاوازی چاودێریو خۆشەویستی بۆ شوێنەكانی تری دەرەوەی جێگەی خۆی بۆ كوردستان هەبێت، ئەم دیدە كۆنە ساڵ بەساڵ قوڵتر دەبێتەوە، چونكە سوڕانەوە لەبازنەی تەسكدا ئەم دەسەڵاتە كوردیەی خنكاندووەو توانای خۆ نوێكردنەوەی لەناو تاكەكاندا كوشتووە. بۆیە لەكوردستاندا سەربەخۆ لەهەر دەسەڵاتێكی سیاسیو خێڵەكی، پێویست بە"بزووتنەوەیەكی سیاسی ژنانە كە بەفێمینیزم دەناسرێت". كە ئامانجی گۆڕینی پەیوەندییەكانی دەسەڵاتە لەنێوان ژنو پیاودا، سیستەمی سەرمایەداری كەحوكم دەكاتو دەسەڵاتی كوردیش پەیڕەوكارێتی ژنی تەنها كردۆتە كەرەستەیەكی مادی، دووبارەكردنەوەی ئەم سیستەمە بۆ گەلێكی وەك كورد ترسناكە، چونكە لەناواخنی ئەم گەلەوە دەرنەكەوتوەو تەنها وەرگیراوێكی دەرەوەیە، ئەمە لەكاتێكدا كەواقیعی خەڵك هەرسی نەكردوەو ناكات، ئەمە فاكتەرێكە بۆ چەند بارە لەخشتەبردنی ژنو بەكارهێنانی، پێویستی ژنان بەخەباتی تایبەت بەخۆمانو تێپەڕاندنی ئەو كەلتورەیە كە بەساڵانە لەژێر پەردەیەدا دەمانشارێتەوە، دەبێت ببینە خاوەن ئیرادەو بڕیارو عەشقی سەربەخۆییو مافو ئازادی لەرێگای توێژینەوەو كارەوە، لەسەرەتادا پێویستە باوەڕ بەوە بهێنین، كەمەسەلەی مافو دۆزی ژن تێكۆشانێكی بورژوازیانە نیەو ئەم سیستەمەش هیچ چارەسەریەكی پێ نیە، بەڵكو كۆیلەكردنی ژنە بەشێوەیەكی مۆدێرن، دۆزی ژن باڵادەستو چینی سەردەست نیەو لەناخو جەوهەری ژنیشدا ئەم چەمكانە جێگایان نابێتەوە، هەمیشە خەباتو تێكۆشانی رەگەزی یان راستر جێندەر بەردەوامەو كۆتایی بۆ نیە لەبەرئەوەی هەمیشە تێكۆشانی دەوێت.
 8/3/2008
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.