Skip to Content

Monday, November 29th, 2021

مانگ لەئاوێنە شكاوەكاندا…..هەردى شەفیق

Be First!
by January 18, 2009 ئەدەب

 مانگ لەئاوێنە شكاوەكاندا
هەردى شەفیق

  ئەو جەلادە چەند گوناهە
  دەیەوێت مانگ لەسێبەرى قامچیەكەیدا دیل بكات!
 ڕێك وەك ئەوەى
 من دوكانێك دابنێم وشیعرى تیابفرۆشم
 یاوەك ئەوەى من بتوانم
 عیشقى ناو داستان وئەفسانەكۆنەكان
  بكەم بەحەقیقەت
 **
 ئەم گوڵە ئەگەر بەدرۆوە نەپچڕاباو
 عاشقێكیش بەدرۆوە نەیدابا بەدەزگیرانەكەى
 ئەیتوانى لەو پێنج ڕۆژەدا
 لەدورەوە سەیرى مانگ بكا
 **
 ئەم ئاسمانە ناتوانێت
  دوومانگ لەناو خوێنى دڵى خۆیا هەڵگرىَ
 وانەبوایە
 وەلى لەچاوەڕوانى شەمدا دیقى نەئەكرد
 **
 ئێواریەك هات مانگیان لەبەرەكانەكانى جەنگدا شەهید كرد
 بەڵام ئەو هیچ نەبوو
 جگلە پاڵەوانى ناو شیعرێكى دڵشكاو
 **
 ئەمڕۆ ئەو پیرەژنەیان بردە گۆڕستان
 ساڵەهاى ساڵ خۆشم ئەویست
 ڕۆژگارەكان مەراق وحەسرەتم
 وەكو جگەرەكەى ئەو ئەكێشا
 ئێستاش دەمەوێت ئەگەر مانگ لەشیعرێكى منەوە هەڵهات
 لەكچێنى ئەوساى ئەو بچىَ
 ئاخر ئەو لەدوكەڵى جگەرەكەیدا ئاوابوو
 **
 من ومانگ مۆمێك لەنێوانماندا نیە
 چونكە هەردووكمان بیر لەسوتان دەكەینەوە
 لەنێوان من ومانگدا گوڵە ئەستێرەیەك نیە
 چونكە هەردووكمان دەمانەوێت ڕوناك بین
 **
 هەڵهاتنى مانگ چ پیاسەیەكى بەئێوارەى ئەم شەقامە بەخشى !
 لەژێر ماچى شنەو تریفەدا گفتوگۆمان چەند شیرین بوو!
 زەمان چەند زوو تێپەڕى !
 ئێستاش شنە وەكو جاران جوانە
 مانگیش وەكو جاران هەڵهاتووە
 ژیانیش تاحەزكەیت نابووتە
 بەڵام حەیف
 تازەناكرێت لەسەر ڕوى مانگ بنوسم
 یەشتا بەعیشقت گیرۆدەم
 چونكە هەمووشتێك لەدڵى تۆدا ئاوابووە
 **
 ساڵەهاى ساڵ و
 شەوەدرێژەكان
 مانگ دێت و
 لەئاوێنەى ئەم ئاوە وەستاوەدا سەیرى خۆى ئەكات
 من دەزانم ئەو ڕۆژە نزیكە كەمانگ
 پرچى لەبەر ئەم ئاوێنە خوێناویەدا سپى بكات
 لەناو لاشەى ئەم هەمووقەوزەمردوەدا بۆگەن بكات
 **
 مانگ دەیەوێت بەسینەى كراوەو
 بەپىَ ى خاوسیەوە بەدەریاو زەریاكاندا بگەڕێت
 من دەزانم ئەو دەیەوێت لەناودڵى دەریاكاندا
 ئاوێنەو شانەیەك و پێكىَ شەراب بدۆزێتەوە
 بەڵام نازانم ئەم سەگە بچوكە بەچى دەوەڕێت؟!
 **
 گۆرانى نانەواكە بۆنى ئومێدى لێدىَو
 هى نانكڕەكەش نائومێدى
 هەرئەمەیەوادەكات
 مرۆڤ لەشەقامەكەوە بچێتەگۆڕستان و
 كەسیش لەوێوە نەیەتەوە بۆ سەیرى مانگ
 **
 مانگ لەنامەیەكى خوێناویدا بۆ زەوى ئەنوسىَ:
 ئەوكچانەت چەندجوانن
 لاشەیان ئەكوژێننەوەو بەدواى ئاگرى دڵیانا ئەچن!
 تكات لێئەكەم
  شوشەیەك لەخوێنى دڵى من بدەبەوكچەعەیارانەت
 بەدزیەوە نامەكان ئەنوسن
 بائیتر مننەتى ئەو قەڵەمانە نەكێشن
 بەرلەوەى بنوسن هەڵئەچن
 **
 لەودیو دیوارە ڕەشەكانەوە
 ئەودومانگەت مەشارەوە
 ئەوكرێكارانەى لەنێوان ئێمەو مانگدا 
 دیواریان هەڵئەچنى
 بوون بەژێر هەرەسى دیوارەوە
 **
 ئەوكاتژمێرانەمان كوژاندەوە بەخوێن ئیش ئەكەن
 كەچى وەرزەكان یەشتا خەریكى ژماردنى مردنن
 مناڵى مەراقێكە مانگ لەپیربوون مارەئەكات
 عیشق ڕێگایەكى دورە بۆ دۆزینەوەى بەختەوەرى
 لەم كۆڵانى عیشقەوە دەچینە جەهەننەم
 بەم پلیكانەى مەرگەدا دەگەینەمانگ
 **
 دەستە زبرەكانى باوكم منى بەدونیا هێنا
 سوێند بەو دەستە زبرانەى باوكم دەخۆم
 لەمانگێكى ڕوشاو ئەچن
 لەهێلانەى پاساریەكى ڕوخاوئەچن
 نازانم بەدبەختیەكانى من لەدەستەكانى ئەو ئەچێ
 یادەستەكانى ئەو لەبەدبەختیەكانى من
 
 

Previous
Next

Leave a Reply