Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
مردنی خوداکان …..  ناڵە حەسەن

مردنی خوداکان ….. ناڵە حەسەن

Closed
by February 17, 2011 ئەدەب

گەردەلوولەو
گەردەلوولە و گەردەلوول
گەردەلوولێک ،
لە نێو مەمکۆڵەی شەقامەکان هەڵیکردووە
ڕەنگی لە هەموو ڕەنگێک دەچێ
دەنگی لە هەموو دەنگێک دەچێ
شێوەی لە هەموو ڕوخسارێک دەچێ
گەردەلوولەکە ،
هاواردەکات و دەناڵێنێ
ماڵ بە ماڵ
کۆڵان کۆڵان
شەقام شەقام
بەهەشت بەهەشت
بە دوای خوداکاندا دەگەڕێ
گەردەلوولەکە
دەگاتە هەر گۆڕەپانێ ، هەر شوێنێ
پەیامێک دەخوێنێتەوە و دەڵێ
خوداکان لەمەودوا
دەبێ لە زمانی گەردەلوول تێبگەن
دەبێ لە زمانی شەقامەکان تێبگەن
دەبێ لە زمانی خەونەکان تێبگەن
دەبێ لە زمانی نان تێبگەن
دەبێ لە زمانی ڕووناکی تێبگەن
دەبێ لە زمانی نیشتیمان تێبگەن
دەبێ لە زمانی جوانی تێبگەن
دەبێ لە زمانی عەشق تێبگەن
دەبێ لەزمانی مرۆڤ تێبگەن
دەبێ لە زمانی ژیان تێبگەن
ئەگەرنا ، دەبێ بمرن
خوداکان یەک بەدوای یەک
دەبێ بمرن ..!

گەردەلوولە و
گەردەلوولە و گەردەلوول
گەردەلوولەکەی ئەمجارە
هەموو
سووڕانەکان و یاساکان و هاوکێشەکانی
پێچەوانە کردۆتەوە
پێشتر / مێژوو هەمیشە ڕووی لە خوداکان بوو
پشتی لە شەقامەکان
ئێستا / مێژوو پشتی لە خوداکانە و
ڕووی لە شەقامەکان ..!
پێشتر / بە ملیۆنەها دەمردین
تا خودایەک بژی
ئێستا / خودایەک دەمرێ
تا بە ملیۆنەها بژین ..!
پێشتر / کە بە ملیۆنەها دەمردین
شەوەکانی خوداکان پڕدەبوون لە نوور
ئێستا / کە خودایەک دەمرێ
شەوەکانی ئێمەش پڕ دەبن لە ڕووناکی ..!
پێشتر / لە نێو دڵ و خەونەکانمان
ژیانمان بە خوداکان دەبەخشی
ئێستا / لە نێو دڵ و خەونەکانمان
لەگەڵ خوداکان دەجەنگین ..!

ئای کە بێئاگا بووین
ئێستا لەوە تێدەگەین
ژیانی نێو بەهەشت و
ژێر ساباتی خوداکان
چ کۆمیدیایەکی تووڕەهات و
چ تراژیدیایەکی سامناک بوو !
یان
ئەشکەوتەکانی نێو
 خەون و خەیاڵی خوداکان
چ شەوەزەنگێکی تاریک بوون ..!

بۆئەوەی هەموومان بژین
دەبێ خوداکان بمرن
خوداکان یەک بەدوای یەک
دەبێ بمرن ..!

گەردەلوولە و
گەردەلوولە و گەردەلوول
گەردەلوولەکەی ئەمجارەیان
لەگەڵ خۆیدا
وەرزی
مردنی خوداکانی هێناوە
لەگەڵ خۆیدا
مژدەی ژیانێکی نوێی هێناوە

گەردەلوولە و
گەردەلوولە و گەردەلوول ..!
گەردەلوولێکی
گوڵخونچەی گوڵبەدەمی گزنگی
گەردەلوولێکی
گەرموگوڕ و گەردن سووری گەوهەری ..!

                                                                         ناوەڕاستی فێبروەری ٢٠١١

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.