Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

مردنی فەلسەفەو زیندوویی زانست

Be First!

 

لە ناو هەندێ لە نووسەر و رۆشنبیری کورددا، گیرۆدەیەکی فیکریی پەیدا بووە کە زۆر خۆیان بەفەلسەفەوە رادەنێن. بڕوام وایە ئەو زۆر قسەکردنە لە فەلسەفە، وەک وڕێنەی شیعرو پەخشان و چیرۆکە بێشوومارەکانی کورد چەندێک خێری بۆ مەعریفەو تەکانی فیکریی و گەشەی کولتووریی هەیە، ئەوەندەش فەلسەفە بەو موجامەلە بێمانایانە خێری دەبێ. گریکی کۆن و ئاڵمانیا کانگای فەلسەفەی کۆن و نوێن، ئەوەندەی لەناو نووسەرو رۆشنبیری کورددا ناوی فەیلەسووفە کۆنەکان و نوێکان ناسراوە، بڕوا ناکرێ لەناو ئاڵمانیا و گریک و وڵاتانی رۆژئاوا بەو رادەیەی هەرێمی کوردستاندا ناسراوبن.
لە رۆژئاوا فەلسەفە و فیکر کاری ئیڵیتە، کاری کۆمەڵێک ئینتێڵەجێنسیای پرۆفێشناڵ و  خوێندکار و خۆێنەری خۆتەرخانکەرە. لای کورد خەریکە ببێتە ئیشی عەوامی زۆرینەی رۆژنامەنووسان و وتارنووسەکان. هەرکەس هەڵدەستێ، سۆکرات،پلاتۆ،  ئەریستۆ، نیچە، ماکیاڤیلیی، کانت،هایدیگەر، هۆبز، رەسڵ، سارتەر، فۆکۆ و دێریداو………….تاد نەک هەر دەناسێ وەک ناو، بەڵکو ناوی  هەندێ کتێب و هەندێ رستە و بۆچوونی ئەوانی وەک ئاوخواردنەوە لەبەرە، بەڵام زۆر ئەستەمە شارەزاییەکی وردیان لەسەر بۆچوونەکانیان هەبێ، یان چەند کتێبێکی خوێندبێتەوە و بتوانێ وتارێکی وردی رەخنەیی یاخود شیکاریی، بەمیتۆدی نوێ و دوور لەوڕێنەی شیعریی، لەسەریان بنووسێ. 
لەسەر ئەرزی واقیعیش، ئەمانە کەمترین ئاشنایەتییان بەدەق و نووسین و خەتە گشتییەکانی فیکری ئەو فەیلەسووفانە نییە. من ئەمە ناو دەنێم چاولێکەرییەکی رەشۆکییانە. خەتاکەیش بۆ تانوپۆی رۆشنبیریی کوردیی بەگشتیی دەگەڕێتەوە و  بەتایبەتییش هەندێ لەو نووسەر و رۆشنبیرە کوردانەی کە زۆر باسی فەلسەفە دەکەن و تەعمیمی دەکەن. وەک نموونەیەک، لەناو کورددا کەم کەس بەئەندازەی فاروق رەفیق ناسراوە کە لەسەر فەلسەفە قسەی هەبێ و چەندین کتێب و خۆماندووکردنێکی زۆری لەو بوارەدا هەیە. لە بەرنامەی ” دوو توێ” ی کەناڵی KNN   دا کاتێ لەسەر کتێبەکەی هۆوکینگ و ملۆدینیۆ( دیزایینی مەزن)، لێی دەپرسن، هۆوکینگ و ملۆدینۆ دەڵێن فەلسەفە مرد، رای تۆ چییە؟ کاک فاروق دەیەوێ بە فەلسەفە وەڵامی زانستی فیزیای کوانتەم بداتەوە. ئەمە رێک هەمان میتۆدە کە کابرایەکی فەندەمێنتالیستی دینیی دەیەوێ بە ئەحکامی مەزهەبیی وەڵامی زانست بداتەوە.

راستییەکەی ئەوان دەڵێن” فەلسەفە مرد” لە یەک بواردا وا دەڵێن، ئەویش دەستبردنە بۆ نهێنییەکانی بوون و سەرەتا و کۆتایی گەردوون. ئەم  بوارانە جێگەی فەلسەفەی تێدا نەماوە، چونکە فەلسەفە دەستەپاچەیە لە شیکردنەوەی زانستیی بۆ گەردوون، یان وەک ئەوان دەڵێن خۆی نۆژەن نەکردووەتەوە و لەگەڵ زانستی  فیزیای مۆدێرندا ناتوانێ  هەڵبکات.  ئەوان ناڵێن فەلسەفە لەبوارەکانی ئیپستەمۆڵۆجی( لێکۆڵینەوە لە زانین)، ئێسیک( ئێتیک)، سیاسەت و ئێستێتیکا دا مردووە، بەڵکو لە بواری میتافیزیکادا مردووە. لەو  بوارەدا مردووە، کە فەیلەسووفێکی وەک ئەریستۆ بۆ نزیکەی دوو هەزار ساڵ بۆچوونە میتافیزیکییەکانی تانوپۆی زانست و فەلسەفەی داگرتبوو. کەسێکی وەک کاک فاروق لەجیاتی ئەوەی داکۆکییەکی مەزهەبییانە لەوە بکات کە فەلسەفە لە بواری میتافیزیکدا نەمردووە، باشترە ددان بەوەدا بنێ، کە فیزیای کواتنەم وەک سەرکەوتووترین ڤێرژنی زانستەکان هیچ پێویستییەکی بە فەلسەفەی کوێر نییە. خراپی ئەو بۆچوونەی کاک فاروق لەوێدا جێکەوت دەبێ، کە کۆمەڵی گەنجی عاشقی فەلسەفە ئەو بۆچوونەی ئەو بەدەمەوە دەگرن و زیان لەبوارەکەی خۆیان کە فەلسەفەیە دەدەن.

فەلسەفەش وەک ئایین، زیاتر کار لەسەر پێشهاتە زیهنییەکان دەکات. فەلسەفە بەگشتیی و ریاڵیستەکانیان بەتایبەتیی هەمیشە دەیانەوێ ئارگیومێنتی ئاکامەکان و ئاقاری پێشهاتەکان تیۆرایز بکەن و بە شێوازە سۆکراتییەکەی ژیان تاقیبکەنەوە. لەکاتێکدا، زانست و دیتێرمینیزمی( حەتمیەتی) زانستیی هەموو ئەگەری تاقیکردنەوەکان لەبەرچاو دەگرن. لە زانستی گەردوون و گەردوونناسیی و پەیدابوونی سەرەتای ژیان و گەردووندا، ئەوە فیزیای کوانتەمە لەهەموو زانستەکان، زیاتر تاقیکراوەتەوە و لەهەر هەموویشیاندا سەرکەوتوو بووە. لەبەرامبەریشدا فەلسەفە ئەگەر پێشهاتە میتافیزیکییەکانی جارێک راست بێت، ئەوە فەشەلەکانی بە درێژایی مێژوو لە ژمارە نایات.    

بەدیارییکراوییش لەسەردەمی گالێلیۆوە، زانست خۆی لە فەلسەفە دوور دەخاتەوە. فەلسەفە لە سەر ترادیسیۆنی لێکدانەوەو ئارگیومێنتە لۆژیکەکان دەژیی، فەلسەفە هێشتا خووی گرتووە بە تیۆرییە فەلسەفییەکانی قوتابخانە جیاوازەکانەوە، کەچیی زانست لەسەر سیستمی بەڵگەو فاکت و تاقیکردنەوەی زانستیی دەژیی. ئەوانەی دەیانەوێ داکۆکیی لە فەلسەفە بکەن لەبەرامبەر باڵادەستیی زانستدا، دیدی فەناتیزمی ئایینیی بەسەریاندا زاڵە. ئایین چۆن لەئاستی لێکدانەوە گەردوونییەکان و یاساکانی سروشتدا خاڵیی بووەتەوە، فەلسەفەش هەمان دەردی هەیە. ئیتر داکۆکییکردن لەوەی فەلسەفە لە بواری فیزیاو گەردووندا هەر زیندووەو نامرێ و قەت نانەوێ، زیاتر ریتواڵی مەزهەبیی و حەماسی رۆشنبیرییە، تا بەوەی وەک کارێکی عەقڵانیی و زانستیی لێک بدرێتەوە.
راستییەکەی فەلسەفە کە کۆنییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شارستانییەتی مرۆڤ و لەوێشەوە دەستی پێکردووە کە ئاگایی مرۆڤ، لە گەشەسەندن و گەردوون راماوە. لێرەوە سیۆڵۆجی(theology  ) و لقە جیاوازەکانی زانستی سروشتیی سەریان هەڵداوە. کاتێک بیرۆکە سەرەتاییەکانی گالیلیۆ، کێوە فەلسەفییەکانی پلاتۆو ئەریستۆی  لەمەڕ زەویی و گەردوون، وردە وردە بنکۆڵکرد، ئیتر فەلسەفە ویستی لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ میتۆدو دۆزینەوە زانستییەکاندا بکات. بە تۆبزیی خۆی بە زانستەوە کەم تا زۆر هەڵواسیی، بۆ ئەوەی پێکەوە دژایەتیی بۆچوونە سیۆڵۆجییەکان بکەن.  ئێستا کە فیزیای کوانتەم بۆچوونە حەتمییەکانی ( دیتێرمینیست) کانتی کردووە بە گاڵتەی منداڵان، ئیتر زانست رایدەگەیەنێت بۆ تێگەیشتن لە سەرەتاو کۆتایی گەردوون، پێویستی بەفەلسەفە نەماوە. ئۆغرکردنی فەلسەفەش لەم ئاستەدا تەنیا مردنە.

هەرچەندە زانست تا هەنووکە زۆر گرێ کوێرەی فەلسەفیی و ئایینیی نەکردووەتەوە یاخود وەک ئەسترۆفیزیاویی جۆرج سمووت کە براوەی نۆبڵە لەسەر پاشماوەی تیشکە مایکرۆشەپۆلییەکانی گەردوون، پێیوایە هێشتا لە وردەکارییەکانی کاتی فەزایی  space- time تەواو دڵنیانیین، بەڵام بەو مانایەش نییە، فەلسەفە چیتر بتوانێ وڕێنەو فانتەسیی بە ئاڵۆزییەکانی گەردوونەوە بکات.  هۆوکینگ لە کتێبی” کورتە مێژوویەکی کات” دا پێیوایە، فەیلەسووفەکان بە ترادیسیۆنیی ئیشیان ئەوەیە بپرسن “بۆچیی”؟ لەچەرخی هەژدەشدا بڕوایان وابوو کە تەواوی مەعریفەی مرۆڤ و تەنانەت زانست خۆیشی، مەیدانی فەلسەفەیە کە قسەی لەسەر بکات. هاوکات هۆوکینگ پێیوایە فەیلەسووفێکی مەزنی وەک ڤینگیشتاین کە دەڵێ “رۆڵی تاقانەی فەلسەفە ئەوەیە کە زمان شییبکاتەوە” ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە فەلسەفە لە بەرامبەر زانستدا، لە ئەریستۆوە تا کانت  لە غلۆر بوونەوەدایە. 

فەلسەفە لە هەمبەر لێکدانەوەی گەردوون و ژیاندا، بە تەواویی مردووە، پەی بردن بە گەردوون، کارێکە تەنیاو تەنیا کاری زانستە. ئایین و فەلسەفە نەک هەر کورتیان هێنا، بەڵکو زۆریش زیانیان بە تێگەیشتنی مرۆڤ گەیاند و لە گەیشتن بە لۆژیکی زانست، زۆر دوایان خست. فەلسەفە لە گەردوونناسییدا کورتی هێناو پێویستە ئەو رۆڵە بەتەوایی بە زانست بداتەوە. بە دەربڕینە کوانتەمییەکانی هۆوکینگ ” فەلسەفە مرد”. مردنی فەلسەفە  لە ئاستی زانستی فیزیای کوانتەمدا، هیچ نووشوستێک ناگەیەنێت، بەڵکو داکۆکییکردن  لە فەلسەفە لەم ئاقارەدا و نکۆڵییکردن لە کورتهێنانی فەلسەفە بۆخۆی تێنەگەیشتنێکی دراماتیکییە لە زانست.

ئەم بابەتە لە هەفتەنامەی “ئاوێنە” دا ژمارە ٣١٦ ی رۆژی ٦ /٣/٢٠١٢ بڵاو بووەتەوە.


کامیار سابیر

 

Previous
Next

Leave a Reply