مردنی ژیان… خولیا حوسێن
Closed
ئەمشەو ژیان
کراسی ڕاهیبەیەکی پۆشیوە
بەختەوەریش
خۆی لەنێو عەبا ڕەشەکەی دایکم شاردۆتەوە
تەمێکی چڕ ئاسمان و زەوی بەیەکەوە گرێداوە
ڕەشەبا گەڵاکان دەبات و
درەختەکان ڕووت ڕووت
دەکاتەوە لە جوانی
ئاوازی ماندووی پێڵاوە بەرزەکانی
ژنە سۆزانیەکان
تراویلکەی سەر سینگی شەقامەکان
نزیکتر دەکاتەوە لە خەیاڵ
دەنگی
هۆڕینی ئۆتۆمبێلێک
ژنێک دەکاتە مەزەی شەوی
پیاوێکی بێ دڵ
نازدارێکی تر
لەوسەری سووچەکە
لەنێو باوەشی بێخەوی ئەم شەوە
لە گۆشەی چاوەروانیدا
شەپۆلەکانی ئیرەیی دەیبەن و
جگەرەیەک بە ڕۆحی سووتاوی خۆی
دادەگیرسێنێ ،
خۆیشی ووردە ووردە
دەبێتە خۆڵەمێش
کەنەدە /١١،١١،٢٠١١