Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

مردن و باخه‌وانه‌كانی جوانی

Be First!
by April 13, 2012 هۆنراوە

بیر له‌ مردن مه‌كه‌ره‌وه‌,
با له‌ سێبه‌ری شمشَیردا
خه‌ون بكوژرێت,
به‌رسیله‌ هه‌رزه‌كاره‌كان
خه‌ته‌نه‌ بكرێن,
چاویلكه‌ی هۆنراوه‌یه‌ك بشكێنرێ,
خوێنی تابلۆیه‌ك بڕێژرێ‌,
به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن
شوناسی باخێك بگۆڕن,
گۆرانییه‌كی ئه‌به‌دی ئه‌نفال بكه‌ن,
به‌ری روناكی مانگ بگرن,
جنسی پرته‌قاڵ بگۆڕن,
كچی باران
له‌ هه‌وادا سه‌ما بكه‌
له‌وێ‌,ده‌رگا نیه‌ په‌نجه‌ره‌ نیه‌
ئه‌وه‌ی هه‌یه‌
 هه‌ناسه‌كانی خوایه‌ له‌ شێوه‌ی عه‌تردا,

جه‌لاده‌كان له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ ترسنۆكن
ترس له‌ ئه‌به‌دیه‌ت
له‌ عه‌شق
له‌ نور,
بیر له‌ مردن مه‌كه‌ره‌وه‌
بۆنكردنی گوڵێك
تێڕامان له‌ باخچه‌یه‌ك
له‌ كۆشك و سه‌روه‌تی پادشاكان گه‌وره‌تره‌,
له‌ شه‌وێكی باراناویدا
كراسێكی دڕاو به‌سه‌رشانی روناكییه‌وه‌
له‌ ژوری نوستنی سیاسییه‌كان گه‌رمتره‌,
ئه‌ی كچی باخ
تۆ له‌ شنه‌ نه‌رمتری
ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌شه‌بادا مه‌كه‌
له‌گه‌ڵ بارانا دۆست به‌و
گوێ‌ له‌ده‌نگی ئاو بگره‌
كاتێك دره‌ختێك تێر ئه‌كات,

ئارام به‌
باخه‌وانه‌كانی جوانی
تێرخه‌و نابن
نه‌وه‌ك عه‌شق تینووی ببێت,
شێوه‌كاران
تا تابلۆیه‌ك ته‌واو ئه‌كه‌ن
ئه‌بن به‌ ئاو
ئێمه‌ش لێوی پێ ته‌ڕئه‌كه‌ین,
گوڵفرۆشان
ئه‌گه‌رچی بكوژی گوڵن
به‌ڵام زۆرجار
ژیان ئه‌به‌خشن به‌ ئێمه‌,
باخه‌كانی ئه‌وین
تا ئه‌به‌د
گۆرانی ناسكتر ئه‌چڕن
به‌یانیان
شیرین وه‌كو خه‌ون و خه‌یاڵ
ئێواران
مه‌مله‌كه‌تێك له‌ شه‌وق و ده‌نگی باڵَََنده‌,
بیر له‌ مردن مه‌كه‌ره‌وه‌
وێستگه‌كان فریوده‌رن
پیاوه‌ درۆزنه‌كان
له‌ وه‌ستاندا
گوزارشت له‌ جوانی ئه‌كه‌ن,
پێڵاوه‌كانت گه‌وره‌ن
فریای هه‌نگاوه‌كانت ناكه‌ون
به‌ختیار ئه‌وانه‌ن ڕوتی ئه‌پۆشن,
 سه‌یری ده‌رگاكان مه‌كه‌
ترسێنه‌رن
تێیپه‌ڕێنه‌و
توڕبه‌ وه‌كو ڕه‌شه‌با,
ده‌ستپێكێكی نوێ به‌
وه‌كو ته‌سلیمه‌ نه‌سرین
له‌سه‌ر زه‌وی ئازادیخوازه‌ كوێره‌كان,
له‌رزێنه‌ر به‌
به‌وێنه‌ی جادوگه‌رێك
به‌سه‌ر شۆسته‌ی ئاگریندا هه‌نگاو بنێوو
ماسكارایه‌ك
گۆره‌وییه‌كی كورت
له‌ سوتان رزگاركه‌.

                                                                       زستانی 2010

Previous
Next

Leave a Reply