Skip to Content

Thursday, December 9th, 2021

ملوانكەیەك تیرۆژە چیرۆك….نەوزاد ئەحمەد حسێن

Be First!
by January 30, 2009 ئەدەب

 ملوانكەیەك تیرۆژە چیرۆك
  
 نوسینى : نەوزاد ئەحمەد حسێن (نەوزاد بەندى )

 
 (1)
 (كچەكەم )
 دوو رۆژ بوو لە قوتابخانە ناونووسم كردبوو ، سێیەم ڕۆژ جانتاكەى هەڵئاوسا بوو ، تەماشام كرد ؛ یەكپارچە ووردە تەباشیرە ..
 -( بووم بە موراقیب .. ئەگەر بڕوایش ناكەى ، ئەوە تەختەسڕەكەیە .. !
 
 (2)
 (تەختە سڕ )
 پێمان ئەووت نەوە شەل ..وانەى فیزیاى پێدەووتین ، زەردەخەنەى قوتابیەكى بینى ..
 -( وەرە دەرەوە )
 زەردەخەنەكە لەبەردەم تەختە ڕەشەكەدا مرد
 -(بۆچى پێدەكەنیت ؟؟ )
 -(………………. )
 -(پشت ملت بێنە .. !)
 تەپ و تۆزى تەختەسڕەكەى تەكاندە پشت ملیەوە
 
 
 
 (3)
 (پشت مل )
 ئێوارەیەكى ساڵى 1986 بە بەردەركى سەرادا ئەڕۆیشتم ، باسى كچێكى توركمانم بۆ هاوڕێكەم دەكرد كە لە بەشى جوگرافیا ئەخوێنىَ و .. بە ڕێكەوت لە تێرمیناڵى باكوور لە موسڵ بوو بوو بە هاوڕێم ..
 كاتێكم زانى پشت ملم بە دەست پۆلیسێكەوەیە ..
 -( ڕاوەستە .. قوڕمساغ .. )
 ئاماژەیەكى بۆ كردم كە بچمە ژوورەوە ..
 كە چوومە چوورەوە ، بێجگە لە خۆم هەژدە كەسى تریش پشت ملیان گیرا بوو ..
 تاوانەكەیشمان بریتى بوو لە هێشتنەوەى ڕیش .. !
 
 (4)
 (ڕیش )
 
 كە ئەیهێڵمەوە ، ئەمگرن ..كە ئەیتاشم ، خۆم زامدار ئەكەم .. نازانم چى بكەم ..
 هاوڕێكەم كە لە خۆم بە ئەزمونتر بوو ، ووتى :
 _( لە نێوان هەردووكیاندا ؟؟ )
 -( مەبەستت چیە ؟؟ )
 -(سەكسوكە بهێڵەرەوە .. )
 
 
 (5)
 (هێشتنەوە )
 داواكارى كوڕان بۆ ژن هێنان ، ئەهێڵرێتەوە ، بۆ چەندین جار ، بۆ ئەوەى كچەكەیان قورس ڕابگرن ..قوتابیان لە شەشى ئامادەییدا خۆیان ئەهێڵنەوە بۆ ئەوەى نمرەى بەرز بهێنن .. من دواى تەواو بوونى وانەكانى زانكۆ خۆم لە هۆڵەكەدا ئەهێشتەوە بۆ ئەوەى دوو قسەى نهێنى لەگەڵ ئەودا بكەم .. هێشتنەوەى شیش بۆ نهۆمێكى تر ..هێشتنەوەى نەفەرێك لە بازگە سیاسى_عەسكەریەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ، بە مەبەستى پاراستنى ئەمنى قەومى .. !
 هێشتنەوە زۆرن .. ئەوەى ناهێڵرێتەوە ، تەنها ڕەوڕەوەى كاتە ..
 
 (5)
 (كات )
 -(فێرى كاتژمێرم بكە .. )
 -(جارىَ فێر نەبیت باشە .. )
 -(بۆ ؟)
 _(ئەوەندەت خۆشە كە فێر بوویت ، ئیتر بۆت دەرئەكەوىَ كە تەمەن و جگەرە جیاوازییان نیە .. )
 -(هەر ئەبىَ فێرم بكەى .. )
 ناچار دەستم كرد بە باسكردنى میلەكانى كاتژمێر بۆ كچەكەم ..
 
 (7)
 (كچەكەم )
 بڕوانە بۆ چیرۆكى یەكەم
 

Previous
Next

Leave a Reply