Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

من ئازادم، كه‌واته‌ من هه‌م..

Be First!
by October 1, 2010 گشتی

من ئازادم، كه‌واته‌ من هه‌م..
 (پانۆرامای ره‌وشی ئازادی ده‌ربڕین و كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات)
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ

سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دیكارتی فه‌یله‌سوف، به‌ كۆجێتۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی خۆی هه‌موو مێژووی مرۆڤایه‌تی رووناك كرده‌وه‌و وتی: ((من بیرئه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌واته‌ من هه‌م)) كه‌ ئه‌وه‌ش گوزارشته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی مه‌عریفییه‌و خاوه‌نی عه‌قڵه‌و گومان له‌و شتانه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌ یه‌قین. ئه‌گه‌رنا ئه‌و بونه‌وه‌رێكی بێئه‌قڵه‌و خاوه‌نی ئاوه‌زو مه‌عریفه‌ نییه‌و له‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا ناژی.
به‌نده‌ش ئه‌و كۆجێتۆیه‌ی دیكارتم وه‌كو بناغه‌و پره‌نسیپ به‌كارهێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌مڕۆی سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا، له‌مڕۆی دونیای كرانه‌وه‌و بێسنووری و شه‌فافییه‌ت و ئازادییه‌كاندا، وه‌كو تاكێكی كورد ئه‌وه‌ دووپات بكه‌مه‌وه‌ كه‌ مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌گه‌ڵ حه‌فتاكان یان رۆژگاری ره‌شی براكوژیدا ناژی و ناتوانێت ده‌م و گوێ و چاوی خۆی بۆ یه‌ك چركه‌ش دابخات و تفه‌نگ به‌ تاریكییه‌وه‌ بنێت.
ئه‌وه‌ی له‌م چركه‌ساته‌دا ده‌گوزه‌رێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نگێكی ساردو جه‌ده‌لێكی بێكۆتا له‌نێوان حزبێكی ده‌سه‌ڵات و میدیا ئه‌هلییه‌كاندا هاتۆته‌ ئاراوه‌و كارو كاردانه‌وه‌ی ناجۆری لێكه‌وتۆته‌وه‌. چوونه‌ دادگای حزب و تۆماركردنی سكاڵا له‌ دژی ئه‌و میدیا ئه‌هلییانه‌ دروستبووه‌: (كه‌ كارێكی یاسایی و مه‌ده‌نی و ئاساییه‌) و داواكاری بێوێنه‌ (كه‌ كارێكی نایاسایی و نائاسایی و نادیمۆكراسییه‌).
ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا ناجۆره‌و جێی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ی كورد زۆرینه‌ی وێستگه‌كانمان به‌ چه‌واشه‌كاری و بێسه‌روبه‌ره‌ییی به‌سه‌ر بردووه‌. شۆرشی شاخی حزبه‌كان و كوردایه‌تی به‌درێژایی مێژوو، هه‌روه‌ها راپه‌ڕینی خه‌ڵك و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی له‌لایه‌ن دوو حزبه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌وه‌و پاشان براكوژی ئه‌وان و هه‌ڵڕژانی سامان و دراوی پاش رزگاركردنی عێراق و له‌حیمكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌كه‌ (كه‌ هێشتاكه‌ ئاسه‌واری زۆری جێهێشتووه‌و ته‌واو نه‌بووه‌)..
 ئیدی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤارێك كه‌ ناویان له‌خۆیان نا ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆو به‌ باكگراوندێكی چڕه‌وه‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌و به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌ مه‌ترسیداره‌كانی به‌رپرسه‌كان ده‌ستیان پێكردو به‌ ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵییه‌ زۆره‌كاندا تێپه‌ڕین و دواجار ده‌سه‌ڵاتیش بۆ تێكدان و بێبه‌هاكردنی ئه‌و ره‌وشه‌، میدیای سێبه‌ری دروستكردو ته‌ڕو وشك، راست و ناڕاست، ئه‌هلی و نائه‌هلی سه‌ربه‌خۆو ناسه‌ربه‌خۆی له‌ هه‌موو لایه‌ك شێواند..
 دواجار هه‌یبه‌ت و شوناسی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌كی دوێنێ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی بۆ وتنی ئازادی و دیموكراسی و هه‌روه‌ها ره‌خنه‌گرتنی بوێرانه‌و دۆزینه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی گه‌نده‌ڵی و دوو ئیداره‌یی و سیاسه‌تی چه‌واشه‌و ناشه‌فافییه‌ت و نادادوه‌ری و هه‌زاران كێماسی دیكه‌ ته‌رخانكردبوو، شێوێنراو به‌ ده‌ستی ئاژاوه‌گێڕو نادڵسۆزو خائین ناوزه‌دكرا، له‌ دوای تیرۆركردنی سه‌رده‌شت عوسمان و سیناریۆی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی تیرۆره‌كه‌، ئاشكراتر دیاره‌ بۆ هه‌مووان كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ چاوی تیرۆرست ته‌ماشای رۆژنامه‌نووس و ئازادیخواز و كه‌سانی بوێرو سه‌ربه‌خۆو ناحزبی ده‌كات..
بۆیه‌ هه‌وڵه‌ جیددییه‌كانی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ڕووی سیاسی و ئابووری و یاساییه‌وه‌ ئیفلاس به‌و میدیا ئازاده‌ بكات كه‌ به‌ توندی ره‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌گرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م میدیا ئازاده‌ی له‌ چه‌ند رۆژنامه‌و گۆڤارێكدا چڕبۆته‌وه‌، ئه‌وان نزیكه‌ی ده‌یان ساڵه‌ ئه‌و میتۆدو ستایله‌یان گرتۆته‌ به‌رو ده‌مێكه‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌گرن و به‌ دۆكومێنت یان بێ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر به‌رپرسه‌ ناودارو هه‌ستیاره‌كانی ناو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌نووسن و له‌ باره‌ی ((دزین و گه‌نده‌ڵی و داوێن پیسی و ناشه‌فافییه‌ت و به‌ڵێنه‌ درۆكانیان و سه‌دان چه‌مكی دیكه‌ی ره‌خنه‌ئامێزی توندتریان)) بڵاوكردۆته‌وه‌ و هه‌مووشمان له‌وانه‌وه‌ فێری بۆڵه‌بۆڵی ناو چاخانه‌و پاس و ته‌كسی و شه‌قام و دایره‌و ماڵه‌كانمان بووین و دواجار ره‌خنه‌ی زۆرمان له‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ گرت كه‌ پێشكه‌شی هاووڵاتی كوردستان نه‌ئه‌كران.
لێره‌دا ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌بنه‌ پنتی سه‌رنج و تێڕامان له‌ پانۆرامای ئه‌م ره‌وشه‌ی ئێستاكه‌ بۆته‌ مۆته‌كه‌و شه‌ڕی نێوان تۆم و جێری.
پنتی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌، بۆچی ئه‌مێستاو له‌م چركه‌ساته‌دا حزبێكی ده‌سه‌ڵات ده‌ستی خستۆته‌ بینه‌قاقای ئه‌و میدیایه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكه‌ بێترس و سانسۆر و ئازادانه‌، ره‌خنه‌ی توندی له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌گرت و ئه‌یه‌وێت ئازادییه‌كان و شه‌فافییه‌ت به‌رته‌سك بكاته‌وه‌، هه‌ر بۆنموونه‌ چه‌ند ساڵبوو رۆژانه‌ ته‌ماشای چالاكییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی كوردستانمان ئه‌كرد( ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی وه‌ك ماستی مه‌یوو وابوو) كه‌چی ئێستاكه‌ به‌ قودره‌تی قادر قه‌..ده‌.. غه‌..یه‌!!!!!!
پنتی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌، ئایا ته‌نیا ئازادیخوازان هه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ رۆشنبیرو رووناكبیرانه‌ن كه‌ رۆژانه‌ ئه‌یانبینین وئه‌یانخوێنینه‌وه‌. تۆ بڵێی ئه‌و كاره‌ گرنگه‌ش قۆرخ كرابێت بۆ ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌و كه‌سانیدیكه‌ وه‌رنه‌گرن و وتارو نووسینیان بۆ بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیانداو ئه‌وان كوڕی رووناكی بن و زۆرینه‌ی نوسه‌رو سیاسه‌تمه‌داره‌كانی دیكه‌ی وڵاتیش كوڕی تاریكی بن.. ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌ كه‌سانی ئازادیخواز هه‌ن و تێكه‌ڵ به‌و بانگه‌وازو كه‌مپه‌ینه‌ نابن و له‌ كاردانه‌وه‌دا بێده‌نگ بوون و ده‌سه‌ڵاتیش وا تێده‌گات كه‌ نه‌یارو دژه‌كانی هه‌ژماریان كه‌مه‌و هه‌ر ئه‌و ره‌نگه‌ن هه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌شن كه‌ لای ده‌سه‌ڵات ئاشكران.
پنتی سێیه‌میش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ ئه‌و میدیا ئازادانه‌ی له‌م شه‌ڕه‌دا به‌شدارن، (وه‌ك چۆن مامۆستا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كری هێژا، سه‌دانجار به‌ راشكاوی باسی لێكردووه‌) پێویسته‌ زۆر پرۆفیشناڵانه‌و به‌ پاڵپشتی دۆكومێنتی یه‌قین به‌ڵگه‌و نوسین و وتاره‌كانیان بلاچو بكه‌نه‌وه‌و ره‌خنه‌كان ئه‌كایمیتر بن بوار بۆ تۆژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستییانه‌ فه‌راهه‌م بكه‌ن، واز له‌ ته‌نزو تانه‌و ته‌شه‌رو ژیانی شه‌خسی و كه‌سایه‌تی ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ بێنن كه‌ ساڵانێكه‌ بوونه‌ته‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی ژێر دانی گه‌وره‌ بچووكمان و ره‌خنه‌ی زانستییانه‌و ئه‌كادیمیانه‌ی له‌ شێوه‌ی گووته‌و نوسینه‌كانی كاكه‌ مه‌ریوانی وریا قانیع و مامۆستا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر بێنه‌ مه‌یدانه‌وه‌.
پێویسته‌ بوار به‌ هه‌موو شیرخۆره‌یك نه‌درێت رۆڵی رۆژنامه‌نووس وه‌ربگرێت و به‌ واسیته‌یه‌ك و ته‌له‌فۆنێك شوناسی ئه‌ندامی كارا بخاته‌ گیرفانه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كفره‌و به‌ كاره‌سات ئه‌شكێته‌وه‌. پێویسته‌ ئه‌و توندوتیژییه‌ له‌ لایه‌نی ئه‌و میدیا ئازادانه‌وه‌ كه‌متر بكرێته‌وه‌ كه‌ بواریان بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ نه‌هێشتۆته‌وه‌و خه‌ریكی گۆڕ هه‌ڵكه‌ندنن و له‌ هه‌یبه‌تی جوامێرو شۆڕشگێرو خه‌باتگێره‌ كۆنه‌كانی كوردایه‌تی ده‌ده‌ن كه‌ هیچ سوودێكی بۆ ره‌وتی سیاسی و مه‌عریفی ئه‌مڕۆمان نییه‌و له‌ ناخ و ده‌روونی هه‌مووماندا مێخی شكست و نسكۆو بێئینتمایی بۆ خۆمان و نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌كه‌مان دائه‌كوتێت، چونكه‌ ناكرێت هه‌موو سیاسه‌ت و شۆڕش و مێژووی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ییمان فڕێ بده‌ینه‌ ناو زبڵه‌وه‌، ئیدی خۆشمان ده‌بینه‌ زبڵ. ئه‌مێستاكه‌ش ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ به‌ جوانی له‌ هزرو ره‌فتاری گه‌نجاندا ئه‌بینمه‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ سه‌راب و بێئومێدی و تووڕه‌یی و له‌ده‌ستدانی ئینیتیما.
پنتی چواره‌میش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵات و حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و پاشان حكومه‌ت، ئه‌و ره‌وشه‌ هێور بكاته‌وه‌، نوسه‌ران رووناكبیران نه‌كڕن و پاره‌ی خه‌یاڵییان به‌سه‌ردا نه‌به‌خشنه‌وه‌و نه‌بنه‌ زوڕناژه‌نێكی شه‌ڕفرۆشی براكوژ و راپۆرتی بێشومار له‌سه‌ر برا نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسه‌كانیان پێشكه‌ش به‌ ده‌زگای زانیاری و پاراستن بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ولاوه‌ نوسه‌رو رووناكبیری چه‌كوش وه‌شێن دروست نه‌بن، و پێویسته‌ له‌مبواره‌وه‌ میدیای سێبه‌رو رۆژنامه‌و گۆڤاری سه‌ر به‌ به‌رپرسه‌كان رابوه‌ستێنن و بودجه‌كانیان ببڕن و ئه‌و سه‌رنوووسه‌ره‌ بێتوانو براكوژانه‌ش شوناس و پله‌وپایه‌یان لێبسه‌نرێنه‌وه‌و ئیشێكی دیكه‌یان بۆ بدۆزنه‌وه‌.
 به‌كورتی و به‌ پوختی: پێویسته‌ دیالۆگ و لێبوورده‌یی و به‌خشنده‌یی و ته‌بایی و برایه‌تی، نێوان ده‌سه‌ڵات و میدیای ئازادو ئازادیخوازان و رۆژنامه‌نوسان و نوسه‌ران و رووناكبیراندا مه‌یسه‌ر ببێته‌وه‌و له‌ژێر سێبه‌ری شه‌فافییه‌ت و ئازادیی ده‌ربڕین و میدیای پرۆفیشناڵ و راست و بێلایه‌نی عه‌یاره‌ 24 دا له‌م چركه‌ساته‌ هه‌ستیاره‌دا به‌ركه‌ماڵ بێت و یه‌كتر قبوڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی دوور له‌ رق و كینه‌ دروست ببێت و ژیانی كورتمان به‌ به‌خته‌وه‌ری به‌سه‌ربه‌رین، ئه‌گینا ره‌خنه‌ی ته‌نزئامێزی توندو رۆژنامه‌نوسی بێتوانای چه‌كوش وه‌شێن و نوسه‌ری قین له‌دڵ نیشتمانمان لێئه‌كه‌نه‌ دۆزه‌خ و حزبی ده‌سه‌ڵاتداریش بوغراترو دیكتاتۆرترو داپلۆسێنه‌رترو ناشه‌فافتر ده‌بێت، پۆلیس و ئاسایشه‌ هێژاكانیش به‌ چاوی تیرۆریست ته‌ماشای قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست و رۆژنامه‌نووس ئه‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش كاره‌ساته‌.. پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێت كه‌ به‌ یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ ئازادی راده‌ربڕین له‌ به‌ڕه‌ڵایی جوودا بكاته‌وه‌و سزای ره‌واش به‌سر سه‌رپێچیكاراندا بچه‌سپێنێ.. ده‌بێت كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت هاووڵاتی ئاشت بكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر سندووقی ده‌نگدان ده‌نگ به‌ خزمه‌تكارو دڵسۆزی وڵات بدات نه‌ك به‌ گه‌نده‌ڵ و بوغرا و قسه‌زل و قین له‌دڵ و چه‌كوش به‌ده‌ست.
به‌ڕێزانم له‌ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ناسه‌سارده‌:
 ئه‌گه‌ر گوێمان لێنه‌گرن و نه‌مانخوێننه‌وه‌، ئه‌وا بێسودوو ئه‌م ده‌رفه‌ت و هه‌له‌ مێژووییه‌ له‌بارئه‌چێت و وه‌كو مریشك خۆڵ ئه‌كه‌ین به‌سه‌ر خۆماندا. ئه‌گه‌ر ئازادانه‌ تاكێكی كورد په‌روه‌رده‌ نه‌كرێت، كۆمه‌ڵگایه‌كی ئیفلیج به‌رهه‌مدێنین. 

سلێمانی 30ی09ی2010

Previous
Next

Leave a Reply