Skip to Content

Sunday, June 13th, 2021

من ئه‌وه‌م … دڵشاد عەبدوڵڵا

Be First!

 

  

هێرش وبه‌رگریی كاری من نییه‌
من كه‌سێكم چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م
خۆده‌رخستن وشاردنه‌وه‌م نییه‌
هاوشێوه‌ی وه‌رزه‌كان،
ده‌رده‌كه‌وم بۆ هه‌مووان.
جێ برینم به‌سه‌ر ڕۆژه‌كانه‌وه‌یه‌
جێ ماچم به‌ڕووی شه‌وه‌كانه‌وه‌یه‌
نه‌یڕه‌نگم نییه‌، هه‌مڕه‌نگی هه‌وام
جوانییم له‌په‌لكه‌كانمدایه‌.
به‌یانییم، هه‌یه‌ ده‌ڵێی زیوه‌ دره‌وشانه‌وه‌ی
هه‌مه‌ ده‌ڵێی مه‌رگه‌ هاتنی
ئێواره‌م، له‌هیچ ئاوابوونێك ناچێ
بیخه‌ره‌ ئه‌ستۆم، ئه‌و ئاوابوونه‌ به‌من ڕه‌وایه‌
ڕه‌نگڕێژی خه‌م وبه‌خته‌وه‌رییمه‌ ساته‌كانم.
خوێنم هه‌ربه‌ده‌ماردا ناگه‌ڕێ،
ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست و به‌سه‌ری وشه‌كانیشمه‌وه‌یه‌ هه‌ر خوێنمه‌ !
په‌نجه‌ی گه‌واهی منی بۆ چییه‌ ئاسمان
شایه‌تی بۆ چییه‌ ئه‌و شینه‌
سوێندی پێ بخۆم یا نا هه‌ر شینه‌
پێ بزانم یا نه‌زانم په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ ناو شیعرم ئه‌و شینه‌.
چاوم گه‌نجینه‌ی به‌قایه‌ به‌ڵام ده‌رگای له‌سه‌ر پشته‌
دامه‌ن ته‌ڕه‌ به‌خه‌یاڵی موجه‌ڕه‌دی ئه‌و گه‌نجینه‌.
دڵ ته‌ڕه‌ به‌سه‌ری نێزه‌كانه‌وه‌،
ئه‌وانه‌ی هه‌وه‌سیان پێم نایێ كه‌یفخۆشن به‌و دیمه‌نه‌.
له‌شێوه‌ی هه‌وردام هه‌ر بارینم هه‌یه‌
له‌شێوه‌ی هه‌تاو هه‌ر رووناكییم هه‌یه‌
به‌فر به‌نه‌غمه‌ی له‌سه‌رخۆ لاساییم ده‌كاته‌وه‌
ته‌نییایم زیزه‌ له‌فه‌وزا
هه‌موو شه‌وێك كه‌ده‌چمه‌ ناو جێگا
كۆمه‌ڵه‌خه‌ونێكی ته‌ریوو له‌ ئامێزم ده‌گرن
هه‌تا به‌یانی ده‌گه‌وزین له‌ناوله‌ززه‌تی یه‌كتردا.
ئه‌ڤینم له‌چۆم وجۆگاندا دڕك وداڵ به‌ری پێ ده‌گرن
چرام له‌كونجی شاراندا تاریكی ڕێگای لێ ده‌گرن.
وه‌همی جاویدانی به‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ ده‌خولێته‌وه‌
نازانم بۆ نانیشێته‌وه‌؟
هه‌موو كه‌وشه‌نه‌كانم بڕیوه‌
دڕكیان به‌له‌شمه‌وه‌ چه‌قیوه‌
به‌ڵام هێشتا قه‌ناعه‌تم باڵه‌فڕه‌یه‌تی له‌هه‌موو جێ
گومانم سێره‌ی لێ ده‌گرێ.
ده‌نگم ، ئه‌گه‌ر نزمیش بێ جودایه‌
له‌و ده‌نگانه‌ی گوێم گرتووه‌ لێیان
حه‌یف عه‌یبی لێ ده‌گرن بێ ئه‌وه‌ی گوێم لێ بگرن.
پوولم خڕكردبایه‌وه‌، ئه‌لبومی منیان ده‌گێڕا
پۆل پۆل ده‌هاتن بۆ ته‌ماشای
كۆترم به‌خێوكردبا، پۆلێكی گه‌ره‌م ده‌بوو به‌ئاسمانه‌وه‌
ناچار ده‌بوون سه‌رهه‌ڵبڕن بۆ ته‌ماشای
شیعرم نووسی وكه‌س نایكڕێ به‌پوولێك !
ستایشی كێ بكه‌م، بۆ كێیه‌ سوپاسگوزارم
كه‌من له‌هه‌موو وشه‌یه‌كی نووسیومه‌ بێزارم.
هێنده‌ ساده‌م به‌شنه‌یه‌ك ده‌جوڵێ باڵی په‌پووله‌م.
له‌باڕه‌كانیشدا به‌نیو پێكی خولیا مه‌ستم
به‌نیو ژیانیش ده‌ربه‌ستم.
به‌ردێك ده‌توانێ فورسه‌تم لێ بستێنێ
پنچكێك ده‌توانێ ئیمانم پێ بێنێ
پشیله‌یه‌ك بێته‌ كۆشم، تابه‌یانی ده‌ست دێنم به‌تووكی نه‌رمی،
تا ده‌یخه‌وێنم
له‌شوێنی به‌رزیشدا بكه‌وم هه‌ر جوانی ده‌نوێنم.
ڕق وكینه‌ ناڕوێ له‌خاكم
دینی من ئه‌وه‌یه‌.
هه‌ور چه‌ندی تیرتره‌ ته‌مه‌نی كورتتره‌، به‌ڵام بارانی زۆرتره‌.
پلوكه‌ به‌رد مه‌گرنه‌ په‌نجه‌ره‌م
شووشه‌ بشكێ یا نه‌شكێ هه‌ر په‌نجه‌ره‌م !
له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ دێم
ئاوی عاسێم
چه‌ندی بگیرێمه‌وه‌ قوڵاییم دوورتره‌.
هه‌موو شه‌وێك كه‌ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌
ئه‌وه‌منم له‌لاتانم
چه‌ند دڵم به‌و ڕۆژه‌ خۆشه‌ !
چه‌ند دڵم به‌و وه‌همه‌ خۆشه‌ !

 

 

Previous
Next

Leave a Reply