Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

من سه‌رخۆشم، یان ده‌ریاکه‌ شێت بوو…!…شێرزاد هه‌ینی

Be First!
by January 12, 2009 ئەدەب

 برێڤ 
 من سه‌رخۆشم، یان ده‌ریاکه‌ شێت بوو…!
 رۆژانه‌ی (شێرزاد هه‌ینی)یه‌.

 
 من یه‌که‌مجارم نییه‌، له‌گه‌ڵ په‌رداخ و شه‌رابا هاوسه‌رم، له‌ ده‌ریای شه‌رابا مه‌له‌ ده‌که‌م، بۆیه‌ باش ده‌زانم من مه‌ست نیم، به‌ڵام وا ده‌بینم شه‌پۆلی ده‌ریا‌ شێت بووه‌و به‌ته‌وژمه‌وه‌ به‌رووی پاپۆره‌که‌ دێت و ده‌یه‌وێت شووره‌ی پۆڵاینی بشکێنێت. ده‌ریاکه‌ بۆ وا نه‌کات، وا له‌ناو باخه‌ڵی ئه‌ودا، سه‌دان هه‌زاره‌ها ماسی وردو جوان ده‌که‌ونه‌ بن که‌ڵپه‌و قوورگی ماسیه‌ گه‌وره‌کان و قورشه‌ برسییه‌کان، شه‌پۆل چۆن مه‌ست نه‌بێت، له‌ ناو ئه‌و پاپۆڕه‌دا شه‌وه‌که‌ی سه‌ماو موزیکاو مه‌سته‌کان خه‌ویان له‌ ئاوی مه‌ندو شه‌پۆلی شه‌رمن هه‌ڵگرتبوو، بۆیه‌ شه‌پۆله‌کان هاربوون و هاوارده‌که‌ن، چونکه‌ ئیمشه‌و له‌ناو ده‌ریایه‌ خاوێنه‌که‌ گوناحی گه‌وره‌ له‌ روومه‌ت و گوناو ئه‌ندامه‌ ناسکه‌کانیتر کراوه‌، له‌و رووبه‌ره‌ ته‌سکه‌ ئاسنینه‌ کاره‌باییه‌دا، رامووسان ئیسراحه‌تی به‌ جه‌سته‌ نه‌داوه‌، له‌و شه‌وه‌دا نه‌وره‌سه‌کان گازانده‌یان گه‌یانده‌ ژێر ده‌ریاو شه‌ماڵیان کرده‌ زریان و زریانیان شیردار کرد به‌رووی گوناحی ماچه‌کان و تاوانه‌کان، له‌یه‌ک شه‌ودا یه‌ک که‌س بێجگه‌ له‌ ماچ و بوورانه‌وه‌و سه‌ماو مه‌ستی هیچی تریان نه‌کردووه‌، که‌سیان سۆزیان نه‌داوه‌ به‌ نه‌وره‌س و دارکاژه‌ که‌سکه‌ دووره‌کان، یه‌ک که‌س نه‌هاته‌ سه‌ر باڵکۆنه‌ خاوێنه‌ دوورودرێژه‌کان و سه‌مایه‌کیان بۆ ده‌ریا نه‌کرد، باڵی نه‌وره‌سیان نه‌کرده‌وه‌و چاوی ئه‌ستێره‌کانیان نه‌کردووه‌. هه‌موویان نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌و حه‌سودانه‌ له‌سه‌ر به‌ژنی رووتی په‌مۆ نووستن، بێره‌حمانه‌ که‌وتنه‌ گیانی یه‌کترو یه‌کتریان شلوماندوو کرد، که‌سیان نه‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌رچۆپییه‌کانیان بده‌نه‌ ده‌ست نازی روومه‌تی ده‌ریاو چاوی که‌ژاڵی شه‌پۆل، بۆیه‌ش شه‌پۆله‌کان هاتنه‌ ده‌نگ و به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ شاخی ره‌قی خۆیان شێتانه‌و مه‌ستانه‌و بوێرانه‌ له‌رووی ناسکی شووشه‌کان ده‌داو تۆڵه‌ی شه‌وه‌که‌یان کرده‌وه‌و بێبه‌زییانه‌ هه‌موویان هوشیارکردنه‌وه‌.
 من مه‌ستم یان ده‌ریاکه‌ شێتبووه‌، من هێشتا ده‌ستم به‌شووشه‌وه‌ گیره‌، یان شووشه‌که‌ له‌ په‌نجه‌کانم نابێته‌وه‌و رووباری شه‌رابه‌که‌ وشکه‌ساڵیی نازانێت و به‌لوعه‌ی رێستورانته‌که‌ قه‌ڵبه‌زی شه‌رابم بۆ ده‌هێنته‌ ده‌ره‌وه‌، من مه‌ستم یان ده‌ریا دووره‌که‌ ده‌مترسێنێت و هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌کات.
 تیری شه‌پۆلێک و تفه‌نگی که‌فی تووڕه‌یی ئاوه‌ سارده‌که‌ی ده‌ریا ده‌یووت:
 من ئیمشه‌و گوێم لێبوو، دوو پیری سه‌ر پاپۆره‌که‌ ده‌ سه‌عات باسی ژووانی شه‌ست ساڵی رابردوویان بۆ یه‌کتری ده‌گێرایه‌وه‌، شه‌پۆله‌کان ده‌یانووت:
 من بینیم ده‌ سه‌عات دوو گه‌نج به‌یه‌که‌وه‌ گیرببوون و به‌گریانیش ده‌ستیان له‌یه‌کتری به‌رنه‌ده‌بوو، من بینیم یه‌که‌م قوومه‌ شه‌راب مه‌ستی ده‌کردن، من هه‌ستم ده‌کرد به‌یه‌ک به‌رمیل شه‌رابیش سه‌رخۆش نه‌ده‌بوون.
 ده‌ریا شێته‌که‌ هاتووه‌و شه‌پۆلی بۆ تۆڵه‌ ناردووه‌، هاتووه‌ هه‌موویان بیسمیل بکات، هه‌موویان هوشیاربکاته‌وه‌و مه‌ستی شه‌وه‌که‌یان لێده‌ربکات. بۆیه‌ شه‌پۆله‌کان هاتوون، نه‌وه‌ک به‌رۆکی سینگه‌کان دابخرێنه‌وه‌و زوڵمی ددانه‌کان بشارنه‌وه‌، ‌‌نه‌وه‌ک ده‌سته‌کان بشۆردرێن و خوێنی شه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ ئاوی تواڵیته‌ خاوێنه‌کان بڕوات، شه‌پۆله‌کان سینگیان کردیته‌وه‌و باڵیان فشکردووه‌و به‌هه‌موو هێزه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ به‌و پاپۆره‌ بڵێن، ‌مه‌سته‌کانمان قبووله‌، به‌رداخه‌کانت جوانه‌، شه‌وه‌کانتان حه‌یران، به‌ڵام ئازاری لێوه‌کان مه‌ده‌ن، ژان مه‌خه‌نه‌ هه‌ناوه‌ ناسکه‌کان، به‌نه‌رمی سینگه‌کان بشێلن، به‌نازه‌وه‌ دوگمه‌کان بکه‌نه‌وه‌، بۆ سه‌ما کرنۆش به‌رن، بۆ یه‌ک ماچ هه‌زار سه‌ڵاوات لێده‌که‌ن، بۆ ژنه‌کان بنوشتێنه‌وه‌، بۆ پیرۆزی شه‌راب به‌وه‌فابن.
 

Previous
Next

Leave a Reply