Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

مه‌به‌ستی پارتی له‌ هه‌ڵبه‌ستنی سیناریۆی ساخته‌ بۆ چاوبه‌ستن نییه‌

Be First!

مه‌به‌ستی پارتی له‌ هه‌ڵبه‌ستنی سیناریۆی ساخته‌ بۆ چاوبه‌ستن نییه‌
به‌ڵکو پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و په‌لامار بۆ سه‌ر ئازادی

رونکردنه‌وه‌یه‌ک که‌ دوێنێ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی –گوایه‌- لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ر به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر تیرۆری سه‌رده‌شت عوسمان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ نیشانه‌ی له‌ عه‌قڵی که‌س نه‌گرتووه‌. بۆ خۆڵ له‌چاوکردنی که‌س و په‌رده‌پۆشکردنی تاوانی تیرۆرکردنی سه‌رده‌شت نییه‌، بۆ خۆده‌ربازکردنی پارتی له‌ ژێر گوشاری ڕه‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان نییه‌. به‌ڵکو بۆ درێژه‌دانی ملهوڕی و داپڵۆسینی نه‌یارانی پارتیه‌. ستراتیجی ئه‌م ده‌ورانه‌ی پارتی له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی وه‌هم و یاریکردن به‌ عه‌قڵ و هوشیاری جه‌ماوه‌ر دانه‌مه‌زراوه‌، به‌ڵکو له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن و په‌لامار داڕێژراوه‌.
پارتی ده‌یتوانی سیناریۆی جۆراوجۆر بهۆنێته‌وه‌، کاره‌که‌ وه‌ک تاوانێکی ئاسایی نیشان بدات، یان له‌ خراپترین حاڵه‌تدا بێ ده‌نگه‌ی لێ بکات و به‌بیانووی ئاڵۆزی که‌یسه‌که‌وه‌ ڕایبگه‌یه‌نێت که‌ کاتی زۆرتری پێویسته‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌‌و هه‌روا له‌سه‌ر سیاسه‌تی کۆنکردن و بیربردنه‌وه‌ قومار بکات. به‌ڵام کاتێک به‌م جۆره‌و له‌ ڕیگای ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ تۆمه‌تی تیرۆریست بوون ده‌داته‌ پاڵ قوربانی تیرۆریزمی خۆی، له‌ڕاستیدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو ئازادیخوازیی کۆمه‌ڵگا ده‌کات و چنگ و ددان نیشان ده‌دات. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی پارتی ده‌بێت له‌ درێژه‌ی کرده‌وه‌ ئیرهابی‌و سه‌رکوتگه‌ریه‌کانی ساڵی ڕابردووی دابنرێت‌و لە فەزای گوشاری به‌رده‌وامی ئاشکراو نهێنی، یاسایی‌و نایاسایی، ئه‌منی‌و سیاسی و ئابووری ئه‌و بۆسه‌ر نه‌یارانی خۆی و ته‌واوی ده‌نگه‌ ناڕازی و ئازادیخوازه‌کانی کوردستاندا ببینرێت‌و هه‌ڵبسه‌نگێنرێت.
پارتی ملهوڕی ده‌کات‌و ئه‌م ملهوڕیه‌ی بێ بنه‌ما نییه‌. ئه‌و له‌ کێبه‌رکێی ده‌سه‌ڵات له‌ ئاستی کوردستاندا براوه‌ی یه‌که‌مه‌، ئه‌مڕۆ گه‌وره‌ترین کۆمپانیای سه‌رمایه‌دارو زه‌به‌لاحترین ده‌سه‌ڵاتی کوردستانه‌. به‌و فه‌رهه‌نگه‌ سه‌رکوتگه‌رانه‌‌و به‌و پێکهاته‌ عەشیرەتی‌و هەرەمی‌و مه‌رکه‌زیە‌ که‌ هه‌یه‌تی، هه‌موو که‌ره‌سته‌کانی ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستی له‌به‌رده‌ستدایه‌. پارتی به‌ندو به‌ستی له‌گه‌ڵ هه‌موو کۆنه‌په‌رست‌و ده‌وڵه‌ته‌ بۆرجوازیه‌کانی ناوچه‌که‌و زۆرێک له‌ کۆمپانیا سه‌رمایه‌داریه‌کانی دنیا سازکردووه‌. گۆڕانی پارتی بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیست‌و مه‌مله‌که‌تێک له‌ ترس‌و تۆقاندن له‌سه‌ر ئاستی کوردستان، ئه‌گه‌رێکه‌ ته‌نها به‌ به‌ره‌نگاریەکی یه‌کگرتووانه‌‌و ڕێکخراوی ئازادیخوازان به‌ری پێ ده‌گیرێت.
که‌یسی سه‌رده‌شت زۆرتر له‌ تاوانێک و تیرۆرێک، سیمبولی به‌رانبه‌رکێیه‌کی چاره‌نووسسازه‌. ئازادیخوازیی له‌ کوردستان ئه‌گه‌ر نه‌یه‌وێت له‌ ژێرپێله‌قه‌ی ملهوڕی پارتیدا وردوخاش ببێت، هیچ بژارده‌یه‌کی تری جگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و هێرشی به‌رانبه‌رو هاتنه‌مه‌یدان بۆ خواستی ئاشکراکردنی تاوانکاران‌و بکوژانی سه‌رده‌شت له‌به‌رده‌ستدا نییه‌. هه‌ر نه‌یارێکی پارتی چاره‌نووسێکی تری غه‌یری ده‌سته‌ونه‌زه‌ر وه‌ستان‌و گوێڕایه‌ڵی له‌به‌رده‌می باره‌گای پارتیدا بۆخۆی داناوه‌، ده‌بێت زۆرتریش له‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕین، بچێته‌ مه‌یدانی به‌ره‌نگاریه‌‌وه‌. ڕۆژ ته‌نها ڕۆژی ته‌شهیرکردن‌و ڕیسواکردنی تیرۆریزم و سه‌رکوتگه‌ریی پارتی نییه‌، هیچ کرده‌وه‌یه‌کی پارتی له‌ که‌س شاراوه‌ نییه. ڕۆژ ڕۆژی هێنانه‌مه‌یدانی هێزی جه‌ماوه‌رو ‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تیرۆریزمی پارتیه‌. هه‌موو هێزێک ده‌بێت بۆ ڕیکخستنی ئه‌مه‌ بخرێته‌ کار. شەقامەکانی کوردستان‌و دەرەوەی وڵات دەبێت دووبارە ببنەوە شانۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی و بێزاری لەدەست سەرکوتی پارتی.

‏16‏.09‏.2010
شه‌ماڵ علی
shemalali@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply