Skip to Content

Wednesday, June 23rd, 2021

مه‌لاکرێکار و ئه‌وه‌ی که‌به‌مه‌به‌ست درکاندی

Be First!
by May 12, 2009 گشتی

مه‌لاکرێکار و ئه‌وه‌ی که‌به‌مه‌به‌ست درکاندی
حه‌مه‌ کاکه‌ڕه‌ش……..سوید

 

ئه‌و پیاوانه‌ی له‌ هه‌موو که‌س زیاتر باسی دیموکراتی و ئازادیی و هه‌ڵبژاردن و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ئازادی بیرو ڕایان ده‌کرد، هێشتا واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاری نه‌کراوه‌ به‌ چه‌پ و ڕاستتدا که‌وتوونه‌ته‌ په‌لاماردان و وتاری حه‌ماسی و تۆمه‌ت فڕێدان و هێرشکردن بۆ سه‌ر لایه‌ن و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ناخیان ئارامکه‌نه‌وه‌و ترسی که‌مبوونه‌وه‌ی کورسییه‌کان هه‌راسانیان نه‌کات، به‌رده‌وام له‌ کۆرو کۆبوونه‌وه‌ گشتی و حیزبییه‌کانیاندا  ئه‌وه‌ دووپاتده‌که‌نه‌وه‌ که‌ گه‌نده‌ڵی نییه‌و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نییه‌و به‌ ناحه‌ق گه‌وره‌ده‌کرێته‌وه‌و بۆ ناشیرین کردن و تێکدانی ئه‌زموونی کوردستانه‌. له‌ هه‌موو خه‌ڵک کۆکردنه‌وه‌یه‌کدا به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر پێکه‌نیناوی ژماره‌ی کارو پرۆژه‌ خزمه‌ت گوزارییه‌کانیان ریزده‌که‌ن و ده‌یده‌ن به‌ گوێی خه‌ڵکداو هاوارده‌که‌ن به‌تۆنێکی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی ترسناک  و ده‌ڵێن:ئێمه‌ کاروخزمه‌تی خه‌ڵکمان زۆر کردووه‌ نابێت خزمه‌ت گوزارییه‌کانمان نادیده‌که‌ن!؟. واده‌زانن قسه‌ بۆ خه‌ڵکی وڵاتێکی تر ده‌که‌ن و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کۆیان کردوونه‌ته‌وه‌ له‌م وڵاته‌دا ناژین و کوێراییان داهاتووه‌ و پرۆژه‌ خزمه‌ت گوزارییه‌کان و  شاری خه‌ونه‌کان و فیرعه‌ون ئاواو سۆپه‌رمارکێت و به‌رپرسی بازرگان و دروستبوونی سه‌دان ملیۆنێر له‌ سه‌ر حسابی ئه‌م خه‌ڵکه نابینن، سه‌رباری  بوونی ئه‌و هه‌موو که‌نیزه‌ک و ده‌نک و دۆست و سه‌ماکه‌ر و ئه‌حباب و دیسکۆو مه‌لها شاراوانه‌ی که‌هه‌ڵیان ده‌سووڕێنن. نه‌خێر ئازیزه‌ شۆڕشگێڕه‌کانی دوێنێم، ئه‌وان به‌سایه‌ی سه‌ری ئێوه‌وه‌و له‌به‌ر بێکاره‌بای و بێئاویی و بێپاره‌یه‌ی و بێئیشیی و بێ…؟! باش ده‌یبینن و هه‌ر ئه‌و وشیاربوونه‌وه‌یه‌ی خه‌ڵکیشه‌ وایکردووه، به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران‌ بکه‌ونه‌ خۆسازدان و هاوارکردن و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانییه‌و ئێوه‌ گه‌نده‌ڵ نین و خودان پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بێشومارن و داهاتی خه‌ڵکی به‌هه‌ده‌ر نابه‌ن بۆ ده‌ترسن ئێوه‌یه‌ک که‌ بێ ئه‌ندازه‌ خزمه‌تی خه‌ڵکتان کردووه‌و به‌رده‌وام ئاگاتان له‌ پێویستی و ئازاره‌کانی خه‌ڵکبووه‌ ئیتر چ پێویستان به‌م خۆتووڕه‌کردنه ‌هیستریائامێزه‌ و هات و هاوار دووباره‌ کردنه‌وه‌ی حیکایه‌تی مێشه‌!؟. به‌ڵام خۆتان چاکده‌زانن ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵکتان کردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌هیچتان بۆ نه‌کردووه‌، گه‌ر بۆشتان کردبێت دیاره‌ چیتان بۆ کردووه‌، یه‌که‌مین دیاریتان به ڕه‌شه‌کوژیی و ژن کوشتن و نه‌یار کوشتن و ڕاونانی نووسه‌ران و رووناکبیران ده‌ستی پێکرد، تا گه‌یشته‌ شه‌ڕی ناوخۆو هێنده‌ی ژماره‌ی کوژراوه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌  و ته‌نها له‌شه‌ڕی ناوخۆدا کوژرا، ئیتر نازانم چیتان کردووه‌ که‌ شایه‌نی ئه‌وه‌بن خه‌ڵک ده‌نگتان بۆ بده‌ن؟! هه‌ر بۆیه‌ ئاوا شپرزه‌و تووڕه‌ن و په‌لامارده‌ده‌ن و تۆمه‌ت ده‌به‌خشنه‌وه، به‌تایبه‌ت ده‌رحه‌ق به‌و که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ کوردیانه‌ی که‌هه‌موو جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌زانن که‌نه‌دزن و نه‌هیچ کاتێکیش ناوگه‌ڵ پیس و گه‌نده‌ڵبوون، به‌ڵکو که‌سی پاک و دڵسۆز بوون.
 جارێک ده‌ڵێن : نه‌وشیروان مسته‌فا داوای له‌بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی کردووه‌ کۆمه‌کی که‌ن بۆ ده‌نگدان یان ده‌ڵێن نه‌وشیروان مسته‌فا داوای له‌ کۆمه‌ڵێک سه‌رۆک عه‌شیره‌ت کردووه‌ ده‌نگ بده‌ن به‌لیسته‌که‌ی به‌ڵام سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان داواکه‌یان ڕه‌تکردۆته‌وه‌، یان ده‌ڵێن : مه‌لا كرێكار ئه‌میری‌ پێشووی‌ گروپی‌ تیرۆریستی‌ ئه‌نسارول ئیسلام داوای‌ كرد  عه‌لمانیه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وا ده‌نگ بده‌ن به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا..یان ده‌ڵێن : ده‌سپێكی‌ پرۆژه‌ی‌ ریفۆرمی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌ دژایه‌تی‌ كردنی‌ ئه‌و خواسته‌ی‌ خه‌ڵك ده‌ست پێ ده‌كات كه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ بوو.ئه‌م قسه‌ پروپووچانه‌ هه‌مووی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌و ئومێده‌ی بتوانن به‌م قسانه‌ ده‌نگی نه‌وشیروان که‌مکه‌نه‌وه‌. باشه‌ بۆ ده‌بێت ئاسایی نه‌بێت نه‌وشیروان مسته‌فا داوای نزیکبوونه‌وه‌ بکات له‌ حیزب و لیست و که‌سایه‌تییه‌کانی تر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ وه‌ستاوو گه‌نده‌ڵه‌ بگۆڕێت بۆ ده‌بێت بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا بڤه‌ بێت داوای پشتگیری بکات بۆ لیسته‌که‌ی ئه‌ی بیرتان چوو هه‌ردوێنێ بوو له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕی کورد کوژیدا که‌ له‌ پێناو کورسییه‌کانتاندا ده‌تانکرد، هه‌ردوولاتان نه‌ک به‌ پشتیوانی حیزبه‌کانی کوردستان و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانه‌وه‌ نه‌وه‌ساتن به‌ڵکو ده‌ستی سوپای دوو ده‌وڵه‌تی دوژمنی سه‌رسه‌ختی کوردستانتان گرتو هێناتانه‌وه‌ بۆ کوردستان و پێشی ده‌بابه‌کان که‌وتن ئه‌ی ئێوه‌ سووره‌ی پێش له‌شکری به‌عسییه‌کان و پاسداره‌کان نه‌بوون ئێستا بۆ ده‌بێت نه‌و شیروان مسته‌فا بۆی نه‌بێت له‌ سه‌رۆک عه‌شیره‌تێکی وڵاته‌که‌ی خۆی داوای کۆمه‌ک بکات. بۆ ئه‌وه‌ی که‌ مه‌لا کرێکار که‌ داوای کردووه‌ عه‌لمانیه‌كان ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وا ده‌نگ بده‌ن به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا. ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌لا کرێکار به‌ ئاراسته‌ی ئه‌و په‌نده‌ کوردییه‌ ئیشده‌کات که‌ ده‌ڵێت: (واباشه‌ دوژمنه‌که‌یشت پیاو بێت).
ئه‌گینا هه‌موومان ده‌زانین مه‌لا کرێکار بۆ وای وتووه؟!‌ مه‌لاکرێکار به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک دۆستی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌بووه‌و نییه‌و به‌ڵکو خه‌تێکی راست و چه‌پیش به‌سه‌ر ته‌واوی بیرکردنه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فادا دێنێت به‌ڵام که‌ وای وتووه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ مه‌لا کرێکار ده‌زانێت نه‌وشیروان مسته‌فا  که‌سێکی گه‌نده‌ڵ نییه‌و بنه‌ماڵه‌که‌ی ناکاته‌ که‌ڵه‌گای وڵات و که‌سێکی ده‌س پاکو داوێن پاکه‌ و به‌ جدی خه‌می گۆرانی هه‌یه و هیچ شزوزێکی سێکسیشی نییه‌ وه‌ک هه‌ندێک له‌ به‌رپرسه‌ ناسراوه‌کانی کورد. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا تاکه‌ ناوێکی دیاری نێو خه‌باتی کورده‌، که‌توانیبێتی به‌و په‌ڕی راستگۆییه‌وه‌ مێژوو بنوسێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی که‌سه‌رده‌مانێک روویداوه‌، وه‌ک خۆی و بێ غه‌ل و غه‌ش بخاته‌ڕوو. هه‌ر کوردێک که‌که‌مێک هۆش مه‌ند بێت، کاتێک باس دێته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆی ده‌کات: ده‌نگ بده‌م به‌کێ و بۆ ده‌نگ بده‌م به‌وانه‌ی که‌جارێکی تر گه‌وره‌ترین هه‌لی مێژوویان له‌ده‌ست داو، به‌به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه‌ ساڵانی دوای راپه‌ڕینیان لێ کردینه‌ دۆزه‌خی ئه‌تککردنی مرۆڤی کورد به‌ژن و به‌پیاوه‌وه‌، که‌وتنی رژێمی سه‌دامیشیان بۆ نه‌قۆزرایه‌وه‌و له‌جێی یه‌کخستنی ماڵی کوردو به‌ته‌نگه‌وه‌ چوونی میلله‌ته‌که‌یان، خۆیان لێ بوو به‌ سه‌لاحدینی ئه‌یوبی و سه‌لمانی فارسی و جابانی کوردی و هه‌موو داکۆکیکه‌ران له‌‌بنه‌چه‌ی ئاژداو ئابای عه‌ره‌ب و ئایینه‌که‌ی.. ئیتر زۆر له‌و به‌رێزه‌ کوردانه‌ی خرابوونه‌ سه‌ر کورسییه‌کانی حوکمی به‌غا و خۆشیان به‌کورسییه‌کان هاتبوو، زۆر شتیان له‌بیر چووبووه‌وه‌. یان هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی مێژوویان نه‌خوێندبێته‌وه‌ و نه‌زانن ئه‌وه‌ی پێیان به‌خشراوه‌و ته‌نها کڵاو کردنه‌ سه‌ری کورده‌، به‌ڕاستی چوونه‌ ناو یارییه‌که‌وه‌و که‌وتنه‌ ده‌ست ماچکردنی ئه‌م شێخ و ئه‌لعه‌ره‌ب و پاڕانه‌وه‌ له‌و گروپی شیعه‌و ئه‌م ده‌سته‌ی سونه‌ی عه‌ره‌بان و ئه‌و فوقه‌های ئیسلام و…، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ نه‌که‌ن و پێکدانه‌کێشن و عێراق هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، ئاخر خوا به‌و ئاسمانه‌وه‌ ئاگاداره‌ که‌هه‌ر ئه‌وانه‌ی خۆیان لێ بووه‌ به‌چکه‌ عه‌ره‌ب و نه‌وه‌ی سه‌لمانی فارسی و سه‌عد کوڕی وه‌قاس، کاریشیان بوو به‌یه‌کخستنه‌وه‌ی عێراق و هێنانه‌وه‌ی ئاڵاکه‌ی و هه‌ڵکردنی له‌هه‌ولێردا و له‌هه‌مووشی گاڵته‌جاڕتر ئه‌و ته‌حیه‌توئه‌لعه‌له‌مه‌ بوو، که‌به‌رپرسه‌ کورده‌کان له‌ژێریدا دایان به‌ست، جا ره‌نگه‌ هه‌بێت مه‌کته‌بی نه‌خوێندبێت و یه‌که‌مجار بێت ئه‌و ته‌حییه‌توئه‌لعه‌له‌مه‌ ببینێت!؟ که‌ئه‌و دیمه‌نه‌ هه‌زه‌لییه‌م بینی ئه‌و کاتانه‌م بیر که‌وته‌وه‌ که‌سه‌رده‌می رژێم ده‌بوو هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک قوتابیان ئه‌و ته‌حیه‌تولعه‌له‌مه‌ بۆ ئاڵای عێراق بکه‌ن؟!
به‌هه‌رحاڵ تازه‌ به‌هه‌ده‌رچوو خوێنی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌، تازه‌ به‌هه‌ده‌رچوو شه‌ره‌فی تکێنراوی ئه‌و هه‌موو ئافره‌ته‌ کورده‌ی که‌له‌ئه‌نفال و زیندانه‌کانی به‌عسدا ئه‌تککران، تازه‌ سه‌ربه‌خۆیی و رزگارکردنی کوردستان بوو به‌خه‌یاڵ و خه‌ونی شاعیرانه‌، ئه‌وه‌ی که‌ڕوویدا پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ڕژانی خوێن‌، دروستبوونی کۆمه‌ڵێک به‌رپرسی سه‌رمایه‌داری خه‌یاڵی بوو، که‌هیچ کێشه‌کیان نییه له‌وه‌ی‌ ئه‌م به‌ناو هه‌رێمی کوردستانه‌ دواتر چی لێدێت و به‌چی ده‌گات، خۆ تازه‌ ئه‌وان و حه‌فتا پشتی نه‌وه‌کانیان به‌وه‌ گه‌یشتن که‌نه‌وه‌کانی فرعه‌ونیش بیریان لێ نه‌کردۆته‌وه‌. هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش که‌بۆ هه‌تاهه‌تا خه‌ونی کورد به‌سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ بکوژن و له‌ناوی به‌رن، دیمۆگرافیای کوردستانیان گۆڕی، هه‌موو شارێکی کوردستانیان کرد به‌که‌رکوک، بڕۆ سه‌یر بکه‌ بزانه‌ چۆن نه‌ک شاره‌کان به‌ڵکو دورترین کوێره‌ دێش عه‌ره‌بی بۆ براوه‌، جا له‌هه‌مووشی خۆشتر ته‌نها به‌عه‌ره‌بی عێراقیشه‌وه‌ نه‌وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو به‌م زووانه‌ له سه‌ر داواکاری سه‌رانی کورد یانزه‌هه‌زار عه‌ره‌بی فه‌ڵه‌ستنیش ده‌گه‌نه‌ خاکی هه‌رێم و ده‌یکه‌نه‌ مه‌نزڵی خۆیان، چی زۆره‌ عه‌رزی کوردستان زۆره‌، بۆ هه‌موو که‌س هه‌یه‌ ته‌نها بۆ که‌سه‌ شه‌ریفه‌کانی کوردستان نییه‌؟!.
 ئیتر هه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی کورد کارێکیان به‌کورد کرد و وایان له‌ڕیشه‌ ده‌رهێنا، که‌ به‌هیچ دوژمنێکی کورد نه‌ده‌کرا و به‌ڕاستیش حه‌قه‌ له‌لایه‌ن دوژمنانی کورده‌وه‌ پاداشتبکرێن و مه‌دالیای شه‌ره‌فی نیشتیمانی خۆیان"هی ئه‌و وڵاتانه‌" له‌سه‌ر سنگیان بدرێت!؟. بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌ر کوردێکی به‌ویژدان، له‌ده‌نگدانی ئه‌م جاره‌دا ئه‌گه‌ر ده‌نگیدا، ده‌نگ بۆ لایه‌‌ێک بدات که‌دز و جه‌رده‌ نه‌بێت و له‌سه‌ر حیسابی میلله‌ت ماڵو موڵکی پێکه‌وه‌ نه‌نابێت و ده‌ستیشی به‌خوێنی رۆڵه‌ی کورد سوور نه‌بووبێت و دنیایه‌ک مێینه‌ی کوردیشی خراپ نه‌کردبێت و……!؟.‌
2009-سوید

 

Previous
Next

Leave a Reply