Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

موته‌رجیمی گه‌ڕه‌ک ….. دڵشاد تاقانه

Be First!
by December 23, 2010 گشتی

            گوزاره‌ی نه‌وه‌ی دووه‌می کورد له‌هه‌نده‌ران


له‌ده‌یه‌ی کۆچی کوردان بۆ هه‌نده‌ران ساڵانی نه‌وه‌ته‌کان ، دوای وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی له‌وگوندانه‌ی بێ ئاره‌زوومه‌ندی تێیدا نیشته‌جێ  هه‌ر ماڵ و دوو ماڵ دابه‌شی ‌سه‌ر گوند و شارێک کرابوون ، ورده‌ ورده‌ ده‌یان گوازته‌وه‌ شاره‌ گه‌وره‌کان به‌بیانووی هه‌لی کار دۆزینه‌وه‌ . له‌باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌کانی گه‌ڕه‌که‌ په‌نابه‌رنشینه‌کان کوچک و که‌ڵه‌ک ده‌که‌وتنه‌ سه‌ریه‌کتری ، تا ئه‌وکاته‌ش هه‌وای په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کوردستان به‌ری نه‌دابوون هه‌ر ده‌خزانه‌ پاڵ یه‌ک و ئه‌و ئه‌ویتری ڕاده‌کێشا ئه‌وێ . زۆر حه‌زیان ده‌کرد ماڵیان له‌چه‌قی شار نزیگ وێستگه‌ی سه‌ره‌کی شه‌مه‌نده‌فه‌ربێ به‌شازی شوێنی خۆش و په‌سند ده‌زانرا ! قسه‌ی خۆمان بی دره‌نگ و به‌هێواشی ده‌گۆڕان ، زمانیان نه‌ده‌زانی زۆرگران فێرده‌بوون ! ئاسته‌نگیه‌کان زۆر و پڕبوون له‌نامۆیی و غه‌ریبی ، گۆشه‌گیری په‌یو‌ندی ، هه‌ڕه‌شه‌ی دژه‌ بێگانه‌ییان له‌چاوی کارمه‌نده‌کانی شاره‌وانی ده‌خوێنده‌وه‌ به‌تایبه‌تییش نه‌ژادپه‌رست و لووت به‌رزه‌کانی پشت مێزی بڕیاره‌کان  .  جاری وا هه‌بوو کارمه‌نده‌که‌ گرانکاری و بێدادی ده‌رباره‌ ده‌کردن به‌ڵام ئه‌و‌ان مافی خۆیان پێ وه‌رنه‌ده‌گیرا هه‌ر به‌زه‌رده‌خه‌نه‌ی زۆره‌ملێ و سوپاسگوزاری لای ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ . کیژۆڵه‌ کورده‌ی هه‌نده‌رانیش به‌ره‌و کردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆزی نۆیه‌می ژیانی ده‌چوو له‌پۆلی دووه‌می بنه‌ڕه‌تی ده‌یخوێند هاوشانی ئه‌وان که‌وتبووه‌ ژێر سته‌می باره‌ نائاساییه‌که‌ی کۆچ و په‌نابه‌ری به‌ڵام به‌م ته‌مه‌نه‌ خونچه‌ییه‌ی بێ پاره‌ موته‌رجیمێکی به‌توانای زارگۆی زمانه‌ بیانیه‌که ‌بوو ! ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی کارمه‌ندانی شاره‌وانی گه‌ڕه‌ک ده‌یان ناسی ناوبانگی ده‌رکردبوو . ئه‌وڕۆ کاک کاوێس ده‌ڕۆیی ، سبه‌ی ئامه‌پورێ ئه‌هات ، دووه‌ی لاله‌ برایم ‌دڕه‌فت ، له‌ملا میمکه‌ مه‌یاس ته‌له‌فۆنی ده‌کرد هه‌فتانه‌ چه‌ند ڕۆژێکی بۆ ته‌رجومه‌کاری ته‌رخان بوو . وای لێهاتبوو کێشه‌ی هه‌مووانی ده‌زانی و شێوازی دیالێکتی هه‌ولێری ، که‌رکوکی و سلێمانی ده‌رخ بوو ته‌نانه‌ت بۆ کرمانجیه‌ بادینیه‌که‌ی حاجی حه‌مۆی دهۆکی کێشه‌ی هه‌بوو هه‌ندێ جار لێ ی تێنه‌ده‌گه‌یی پرسی به‌باوکی ده‌کرد ، فێرببوو له‌دوای هه‌موو قسه‌یه‌کیش به‌ده‌نگبێژیه‌کی ڕه‌وان ده‌یگۆته‌وه‌ : خودێ ژ ته‌ ڕازی بی !

                                                    دڵشاد تاقانه
                                         
                   Dlshadtakana@yahoo.com       
  

Previous
Next

Leave a Reply