Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
موعانات و کەسایەتی خۆرهەڵاتیانەی تاکی کوردی

موعانات و کەسایەتی خۆرهەڵاتیانەی تاکی کوردی

Closed
by March 4, 2008 گشتی

     ناڵە حەسەن…..


ئایا موعانات ڕۆحی مرۆڤ گەورە ( ئیرتقا ) دەکات ؟ ئێمەی مرۆڤ دەبێ گرفتمان هەبێت تاوەکو هەست بە شتەکانی دەوروبەر بکەین و هەستی بەرامبەرەکەمان ڕابگرین … ؟
 بەرلەوەی دەست بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەمان بکەین ، وا پێویست دەکا تۆزێک لە مانای وشەی موعانات ووردبینەوە . ڕەنگە مەبەستمان ئەوە بێت ، لە زمانی کوردی دا بە چی دەڵێن موعانات ؟ یان مانا فەرهەنگیەکەی موعانات چیە ؟ لە زمانی ئینگلیزی دا موعانات یانی ( suffer ) کە زۆر نزیکە لە وشەی ( pain ) واتە ئازار . هەتا لە زمانی ئینگلیزی ئەم دوو وشەیە زۆرجاران بە هەڵە لە شوێن یەکتری بەکاردەهێندرێن  چونکە ماناکانیان زۆر لە یەکترییەوە نزیکە . لە هەندێک شوێن هێندە لە یەکتری نزیک دەبنەوە تا ئەو ئاستەی دەبن بە یەک هێڵ . لە زمانی کوردیشدا بە ئازارچەشتن دەڵێن موعانات  .. ئەگەر بمانەوێ وشەی ئازار لەگەڵ موعانات لە یەکترجیایان بکەینەوە هەروەکو لە ئینگلیزیشدا هەیە . دەتوانین بە  ئازارە جەستەییەکان بڵێین ئازار وە بە ئازارە ڕۆحی و مێشکیەکان بڵێین موعانات . بێگومان ئازار و ژانە ڕۆحیەکان موعاناتێکی قووڵ و بەسۆن .. وە ساڕێژبوونیشیان ئەگەر هەبێت لە باری چۆنیەتیەوە زەحمەتترە وە لە باری زەمەنەوەش درەنگتر ساڕێژ دەبن . ئازارچەشتن یانی موعانات : ئینجا با لێرەوە سەیری پەیوەندییەکانی موعانات و ڕۆحی مرۆڤ و بیرکردنەوەکانیان  بکەین . لێرەدا پەیوەندییەکی نەپچڕاو دەبینین لە نێوان ئازارچەشتن و ڕۆح . خۆیلەخۆیدا مرۆڤ کە موعاناتی دەبێ ناخ و ڕۆحی پڕ دەبێ لە خەم و ژان واتە ئازار . لەو کاتانەی مرۆڤ موعاناتی هەیە و بە دەست ئازارەکانی گیرۆدەیە و ڕۆحی پارچەیەکە لە خەم و مەینەت ، ئایا لەمبارەدا دەبێ هەست و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ لە چ ئاستێک دا بن ؟ ئایا هەست بە باری بەرزەفڕی و ئیرتقایی دەکەن یان بچووک دەبنەوە ،  بە مانایەکیتر یان هەستەکانیان ناسک دەبێتەوە ؟ لێرەدا دەکرێ سەیری موعاناتەکان و خەون و خولیاکانی مرۆڤ بە گشتی و تاکی کورد بە تایبەتی بکەین . مرۆڤ بوونەوەرێکی هۆشمەندە و پێکهاتەیەکە لە خەون و خۆزگە و ئومێد . ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژەکانی سەرەتایی مێژوو ، لەو ڕۆژانە بڕوانین کە مرۆڤ هەستی بە شتەکان کردووە و بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دا زاڵ بووە . لەو ڕۆژەوە تاکو ئەمڕۆ مرۆڤ لە شەڕێکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ سروشت بۆ کەشف کردن و دۆزینەوەی نهێنیەکان . لەگەڵ دۆزینەوەی نهێنیەکان و بە دەستهێنانی دەستکەوتی تازە ، مرۆڤەکان بازنەی بیرکردنەوەکان و خەون و خەیاڵ و خۆزگەکانیان فراوانتر بووە . لەم ڕاستایەشدا ئێش و ژان و موعاناتە ڕۆحیەکانی زیاتر بووە . واتە مرۆڤ لە ڕێگای بە دەستهێنانی خەون و ئومێدەکانی و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر موعاناتی بووە و لە میحنەت دا ژیاوە . جا لێرەوە مرۆڤ وەک کائینێکی هۆشمەند و زاڵ بە سەر سروشت و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە بەرئەنجامی بەرفراوانبوونی بازنەی خەون و خۆزگە و ئومێدەکانی ( هەرچەندە موعاناتیشی هەبووبێت ) لەم بارەدا هەست بە حالەتی ئیرتقایی و گەورەیی و بەرزەفڕی دەکات . بەڵام لە بارێکی تردا کە موعاناتەکانی مرۆڤ جۆرێکی تر بێ “  بۆ نموونە : کاتێک کەسێک بە دەست لە دەستدانی ئەندامێکی لەشی موعاناتی دەبێ یاخود بەدەست کەمئەندامیەکی زگماکی و یان کەمدەماخیەکی زگماکیەوە لە مەینەت و موعانات دا دەبێ ، ئەمجۆرە موعاناتانە ڕۆحی مرۆڤ
بچووک دەکەنەوە . بە پێچەوانەی حالەت و جۆری موعاناتی یەکەم . دەربارەی ئەوەش کە ، ئێمەی مرۆڤ دەبێ گرفتمان هەبێت تا هەست بە شتەکانی دەوروبەرمان بکەین و هەستی بەرامبەر ڕابگرین .. ؟ بەڵێ زۆر جاران گرفت و کێشەکان وامان لێدەکەن ڕۆشنتر و ووردتر هەست بە شتەکان و موعاناتەکانمان بکەین . بۆ نموونە : لەلای کۆمەڵگەیەکی ستەمدیدە و چەوساوە ئازادی زۆر بەبەها ترە لەلای کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشبەخت . وە کۆمەڵگە ستەمدیدەکان زیاتر هەست بە ئێش و ئازار و موعاناتەکانیان دەکەن . لەشکرە تێکشکاوەکان و عاشقە دڵشکاوەکان و بێوەژنەکان و قەیرەکچان و کەمئەندامان و زیندانیەکان …. هتد . لە هەموو کەس دروستر و واقعیتر لە ناخ و لە دەروون و لە ئازارە ڕۆحیەکانی یەکتری تێدەگەن .. ! وە لە هەمان کات بە چاوی سۆز و بەزەییەوە دەڕواننە یەکتری ئەگەر بۆیان بکرێ هاوکاری و یارمەتی یەکتریش دەدەن . هەندێ جاریش ، لە بەرئەنجامی بەدیهاتنی خۆزگە و ئاواتەکان و گەیشتن بە خەونە جوانەکان .. مرۆڤەکان هەست بە حەقیقەت و تام و ڕەنگ و بۆی شتەکان دەکەن . هەر دەربارەی کۆمەڵگە ستەمدیدەکانەوە ، کاتێک زنجیری گەردن و دەستەکانیان دەپچڕێ بە ڕۆژگارە پرشنگییە خۆرەتاوییەکانی ئازادی دەگەن ، کاتێک بە واقعی هەناسەکانی ئازادی هەڵدەمژن لەوێوە زیاتر هەست بە مانا واقیعیەکەی ئازادی دەکەن ، لەوێوە میلۆدە ناسکەکانی موعاناتی ڕۆحی مرۆڤەکان هەست پێدەکرێ و بەها و مانا پەیدا دەکەن . لەوێوە زیاترمرۆڤ هەست بە خۆیی و بە دەوروبەر و بە دنیای دەرەوەی دەکات .

– کورد وەک پێکهاتەیەکی خۆرهەڵاتیانە لە باری بیرکردنەوە و هەستەوە چ دۆرە مرۆڤێکە . ؟
 بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان نەخش و کاریگەری خۆیان هەیە بەسەر بیرکردنەوەکان و هەست و سۆزی مرۆڤ . وە لەلایەکی ترەوە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ئەوەش کاریگەری خۆی هەیە بەسەر هەستەکان و باری دەروونی مرۆڤەوە . وە کۆمەڵگەی کوردەواریش وەک زۆربەی کۆمەڵگە خۆرهەڵاتیەکان لە قۆناغی دەرەبەگایەتی دایە وا خەریکە ئەم قۆناغە جێدەهێڵێ و پێ دەنێتە نێو قۆناغی سەرمایەدارییەوە . وە پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانیشمان جۆری خێلەکین . لەم جۆرە پەیوەندییە  کۆمەلایەتیانەش داب و نەریت کاریگەری خۆیان هەیە و مرۆڤەکان کۆیلەی داب و نەریتەکانن . لە قۆناغی دەرەبەگایەتی و لە جۆری پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکانی خێلەکیدا خێزان کۆڵەگەیەکی دیار و چەسپاو دەبێت . گوێڕایەلی و ڕێزگرتن و چەمانەوەی بچووک بۆ گەورە مەرجێکی داواکراوە لەم جۆرە پەیوەندیانەدا . کاردانەوەی  ئەمجۆرە پەیوەندییانە کاردەکاتە سەر ڕۆح و باری دەروونی مرۆڤ .. ! هەر کەسێک و تاکێک کە گیرۆدەبێت بە دەست موعاناتە دەروونی و ڕۆحیەکان لە ژێر کاریگەری ئەمجۆرە پەیوەندیە کۆمەلایەتیانەدا ، بێگومان موعاناتەکەشی لەو جۆرە دەبێت واتە ڕۆح و هەستەکانی بچووک دەبێتەوە بە مانایەک ( هەست و دڵی ناسک دەبێتەوە ) . ئێمەی کوردیش لە باری مێژوو و سیاسیەوە لەوەتەی هەین خەونەکانمان سەردەبڕدرێ و ئومێدەکانمان زیندەبەچاڵ دەکرێ . ئەمەش گەورەترین گرێی دەروونی و گەورەترین کێشە و موعاناتی بۆ دروست کردوین . بۆیە کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی دڵ نەرم و بەبەزەییە لە باری دەروونیەوەش کۆمەڵگەیەکی ڕۆح شەقارشەقار بووی تێکشکاوە بۆیە خەون و بیرکردنەوەکانی پڕاوپڕە لە سۆز . هەوڵ و تێکۆشانەکانی تاکی کورد هەمیشە بۆ مانەوە بووە نەک بۆچوونە سەری ئاستی خۆشیەکانی ژیان . ڕۆحی مرۆڤی کورد وەک خاکێکی تێنوو پڕاوپڕە لە درز و برین ، هەمیشە جۆگەلەی خوێنی پیادا ڕۆیشتووە ، ڕۆحێکی تژییە لە موعانات . پەیوەندیەکان و مامەلەی تاکی کورد لەگەڵ بەرامبەرەکانیان هەمیشە چەمانەوە و دەست لە سەرسینگ ڕاوەستان بووە ( دەکرێ لێرەدا چاوێک لە هەڵوێست و ئاکار و ڕەفتاری سەرکردەکانی کورد بکەین لە هەموو قۆناغەکان دا )  . ئەوە بەر ئەنجامی ئەو هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەیە  کە لە پێشدا باسمان کرد بەمانای ئێمە لە باری سایکۆلۆژییەوە تێکشکاوین ڕۆحێکی بچووکمان هەیە . وە بە خۆمان دەڵێین کۆمەڵگەیەکی هەست ناسک یاخود عاتفی . هەمیشە فرمێسک بە چاوی خەون و ئومێدەکانمانەوە دەبیندرێ . 
  
 – ئایا موعاناتە هۆکارەکانی  خولقاندن ؟ ئەوانەی موعاناتیان نیە چ جۆرە مرۆڤێکن ؟
  من پێموایە هیچ کەسێک نیە لە دنیادا موعاناتی نەبێت . مادام مرۆڤ بیردەکاتەوە و خەون دەبینێت ئەوە مانای وایە موعاناتیشی هەیە . دەکرێ بە شێوەیەکی تر ئەم پرسیارە بکەین و بڵێین ، ئەوانەی مامەلەی دروست لەگەڵ موعاناتەکانیان ناکەن یان گوێ لە موعاناتەکانیان ڕاناگرن چ جۆرە مرۆڤێکن ؟ دەکرێ بڵێین ئەوجۆرە کەسانە کەسی نەرجسین ، چونکە کەسە نەرجسیستەکان ئەوکەسانەن کە خۆیان لە سەرووی خەڵکانی ترەوە دەبینن . وە بە پێی ئەوەی چۆن بیردەکەنەوە چ شتێک بە خەیاڵیان دادێ ئەوە دەبێتە بڕیاردەر بۆ ڕاپەڕندنی کارەکانیان . واتە گوێ لە هەست و موعاناتەکانیان ڕاناگرن . وە بە پێی هاوکێشەیەکیش کە دەڵێ ( بیر لەگەڵ هەست ) پێکەوە کاردەکەنە سەر کاردانەوە و کردەوەکانی مرۆڤ . واتە بیر لەگەڵ هەست جولە و ئیرادەی مرۆڤ کۆنتڕۆل دەکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کارەکان . بەڵام لەلای کەسە نەرجسیستەکان تەنها گوێ لە بیر ڕادەگرن دەرگاکانی هەست و ناخیان قوفل دەدەن . واتە گوێ لە موعاناتەکانیان ڕاناگرن ، بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بێباکن لەوەی چ جۆرە کارێک ئەنجامدەدەن . یان کارەکانیان چ جۆرە مەترسیەکی لێدەکەوێتەوە . ڕەنگە بەو کەسانە بڵێن موعاناتیان نیە ! خۆی لە بنەڕەتدا موعاناتیان هەیە بەڵام گوێ لە موعاناتەکانیان ڕاناگرن . بە شێوە گشتیەکەش بەم جۆرو کەسانە دەڵێن ویژدانیان نیە یان دڵیان ڕەقە . کەسە دیکتاتۆرەکان کەسی نەرجسین ڕێژەی نەرجسیەتەکەیان هێندە بەرزە گەیشتۆتە ئاستی نەخۆشی ، بۆیە هەرچەندە تاوان و مرۆڤکوژی دەکەن شار و دێهاتەکان وێران دەکەن بە خەیاڵیاندا نایەت و لەلای خۆیانەوە پێیان وانیە تاوانێک یان شتێکی نائاساییان کردووە چونکە دەرگاکانی دەروون و ناخ و هەست و موعاناتەکانیان داخستووە  . ئەگەر بەراووردێکی ئەم بارە نەرجسیستیە لەگەڵ هیستریادا بکەین ، دەبینین ڕێک بە پێچەوانەی یەکترین . کەسی هیستریکی زۆر بە قووڵی هەست بە ناخ و شعور و موعاناتەکانیان دەکەن وە ئازاری زۆر بە دەست باری دەروونیان دەبینن . بچووکترین هەڵە و تاوان و کارێکی نەگونجاو ئازاری زۆریان پێ دەگەیەنێت و موعاناتەکانیان زیاتر دەبێت . ئیدی بە گوێرەی ئەم دوو دیمەنەی کە باسمان کرد ، دەبینین کەسانێک هەن زیاد لە پێویست گوێ لە موعاناتەکانیان دەگرن و بە دەست موعاناتەکانیان لە میحنەت دان وەک کەسانی هیستریکی . کەسانێکیش هەن وەک نەرجسیستەکان ، دەرگای ناخ و موعاناتەکانیان داخستووە و گوێ لە موعاناتەکانیان ناگرن تەنانەت ئەگەر تاوان و کاوڵکاریش بکەن ، بە هیچ جۆرێک هەست بە تاوان و شەرمەزاری ناکەن . لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەسانی لەم چەشنەش گەڵێک زۆرن کەسە دیکتاتۆرەکانی لە چەشنی ( هیتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین و سەدام و … زۆرانیتر ) هەموویان لەو جۆرە نەرجسیستیانە بوون کە باسمان کردن . وە جۆری نەرجسیستیەکەشیان ( Psychopathic personality ) یە بە مانای ( کەسایەتی دەروون نەخۆش ) . واتە ئەو کەسانەی گوێ لە موعاناتەکانیان ڕاناگرن بەو پێیەی  چیان بە خەیاڵ دادێت و لەو کاتەدا چۆن بیر دەکەنەوە بەو شێوەیە کارەکانیان ئەنجام دەدەن . ئەو جۆرە کەسانە کەسانی دەروون نەخۆشن کۆمەڵگەش بە دەستیانەوە گیرۆدەو هەراسان دەبێت . کارەکانی ئەمجۆرە کەسانە هەمیشە ئافات و کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە . کیمیا بارانی هەلەبجە و ئەنفالەکەی لای خۆشمان زیندووترین نموونەی تاوانکارییەکانی ئەوجۆرە کەسە دەروون نەخۆشانەن . لە کۆتایی حەزدەکەم ئەوەش بڵێم ( مەرج نیە موعانات هۆکاری هەموو خولقاندنێک و کارەسات و ڕووداوێک بێت ) .        

Nala_hassan@yahoo.ca

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.