موکری…. سەلام محەمەد
دوێنێ ئەم وەختە هێشتا بۆ ماڵ نەگەڕابوومەوە
خەریکی باسکردنی بابەتێکی نەنووسراو بووم
دەربارەی تیشکە شینەکانی چاوی خەون و
تریفە خامۆشەکانی خەیاڵی مانگ
دوێنێ ئەم وەختە هێشتا پڕبووم
لە چاوەڕوانی و بۆنی وشە
ئەوەندە تینووم بوو
دەتگوت بیابانێکی بێسنوور هەناومی داگیرکردووە
بەڵام نا نا ، ئاوی چی ، ئاو نا
من کەی تینوویەتیم بە ئاو شکاوە ؟
کەی گەرمەسێری عەشق بە دڵۆپەیەك تەڕ دەبێت ؟
کەی خەیاڵ دەکەوێتە پێش خەونەوە ؟
یان خەون دەتوانێ ماڵئاوایی لە خەیاڵ بکات ؟
سەعات دوازدەیە ، دەزانم هێشتا زووە
خۆ من شەوەهای شەو تا دەمەوبەیانی
چاوشارکێم لە گەڵ وشە بەژن زڕاڤەکاندا کردووە
بەڵام ئیمشەو زۆر سەیرە ، تۆزێ لە جاران ماندووترم و
دەڵێی میوانێکی دوور دوور لە دەرگاکەم دەدات
کە دەیناسم و نایناسم
دڵم هەر لە خۆیەوە داخورپا
هەر لە خۆیەوە گڕی گرت و داگیرسا
دڵم واهێواش هێواش دەسووتێت
گوێم لە سووتانی دڵی خۆمە
ئاوازی قرچە قرچی خەرمانی وشەکانی
لە دەنگی هاتەوە با بێتەوەی شمشاڵەکەی قالە مەڕە دەچێت
دڵم وەك کڵپەی ئاگرەکەی باوەگوڕگوڕی لێهاتووە
هەر دەسووتێت و دەسووتێت ، ئەمجارە هەرگیز خامۆش نابێتەوە
سوید ٠٦ / ٠٥ / ٢٠١٢