Skip to Content

Thursday, December 2nd, 2021

مۆسیقای مە‌رگی ناوە‌ختە‌….. سیامە‌ند هادی

Be First!
by November 30, 2008 ئەدەب

 مۆسیقای مە‌رگی ناوە‌ختە‌….. سیامە‌ند هادی

 وە‌ك ئاشكرایە‌ پێكهاتە‌ی هونە‌ری ڕۆمان لە‌سە‌رلایە‌نێكی وە‌ك ((كات وشوێن-كە‌سێتی – بابە‌ت – بونیاد – وێنە‌ و سیمبیول – پە‌یڤ و……..هتد))وە‌ستاوە ‌و بەڕێوە‌ دە‌چێت وسە‌ركە‌وتویی ڕۆماننوسیش لە‌چۆنێتی مامە‌ڵە‌ كردن لە‌گە‌ڵ ئە‌و لایە‌نانە‌وە‌ سە‌رچاوە‌ دە‌گرێت..
 لە‌ڕۆمانێكی یە‌كڕستە‌یی وە‌ك (مۆسیقای مە‌رگی ناوە‌ختە‌) دا، ناكرێت بە‌سانایی و خێرایی بە‌سە‌رئە‌و  ڕستە‌یە‌دا ڕێبكە‌ین،بە‌ڵكو چڕبونە‌وە‌ی وشە‌و بە‌رزی ئاستی هونە‌ری دە‌قە‌كە‌ وا دە‌كات زۆر بە‌وردی لە‌سە‌ر ئە‌و زە‌مە‌نە‌ كورتە‌ی ڕۆمانە‌كە‌ بوە ‌ستێن، كە‌ تە‌نها بواری هە‌ناسە‌دانێكمان نادات، چونكە‌ هە‌مو زە‌مە‌نی ڕۆمانە‌كە‌ لە‌ نزیكە‌ی دە‌خولە‌ك دا دە‌سوڕێتە‌وە‌.. شوێنی سە‌رە‌كی ڕۆمانە‌كە‌(گۆڕستان)ە‌، كە‌هە‌مو خە‌ون وڕوداوە‌كانی تیادا بە‌رجە‌ستە‌ دە‌بێت. بە‌ڵام شوێن و ڕوداوە‌كانی دیكە‌  بە‌هۆی فلاشباك ومە‌نە‌ڵۆگی ناوخۆییە‌وە، جارێكی دی لە‌نێو گۆڕستانە‌كە‌دا ئامادە‌ دە‌كرێنە‌وە‌. هە‌ر بۆیە‌ لە‌م دە‌قە‌ دا فە‌زای كراوە‌ لە‌نێو فە‌زای داخراو دا‌ فۆڕمە‌ڵە‌ كراوە‌.. ساتی ڕۆمانە‌كە‌ ئێوارە‌یە‌كی درە‌نگە‌ وتیایدا (شاڵ سە‌وز و شاڵ سپی) كە‌دو كە‌سێتی سە‌رە‌كی ڕۆمانە‌كە‌ن، لە‌ نێو گۆڕستانێكدان وخۆر لە ‌ماڵئاوایدایە‌ و. شاڵ سپی و مار و مێرو وباڵندە‌كان وە‌ك پیشە‌ی هە‌میشە‌یی هە‌مو ئێوارە‌یە‌كی ڕابردو، چاوەڕێی هە‌ڵسانە‌وە‌ی شاڵ سە‌وز دە‌كە‌ن . دو شینە‌ شاهۆ لە‌یە‌كە‌م ساتی ڕۆمانە‌كە‌دا هە‌ڵدە‌فڕن وبە‌دە‌وری گۆڕستانە‌كە‌دا سوڕێك دە‌خۆن… لە‌ كۆتایی دە‌قە‌كە‌دا بە‌تە‌واوی دە‌ردە‌كە‌وێت كە‌ئە‌م ئێوارە‌  شاڵ سە‌وز وەك ڕۆژانی دی هە‌ڵناستێتە‌وە‌، هە‌ر بۆیە‌ لە‌گە‌ڵ تاریكبونی شاردا مار و ومێرو باڵندە‌كانیش لە ‌هە‌ستانە‌وە‌ی نائومێد دە‌بن و شینە‌ شاهۆكان لە‌گە‌ڵ دە‌نگە‌ خنكاوە‌كە‌ی سروشتدا، بە‌هۆی بە‌یە‌كدادانی باڵە‌كانیانە‌وە‌ مۆسیقای مە‌رگی ناوە‌ختە‌ی شاڵ سە‌وز دە‌ژە‌نن و دە‌نیشتنە‌وە‌. ئە‌مە‌ش ئە‌وە‌ ئاشكرا دە‌كات  كە‌ هونە‌رێكی باڵا لە‌و ماوە‌ كورت و شوێنە‌ تە‌سكە‌دا بۆتە‌ داینە‌مۆی ئە‌و بیرۆكە ‌فراوانە‌.. هە‌رچە‌ندە‌ گە‌لێك كە‌سێتی وە‌ك ((شاڵ سپی – شێخە‌پەڕۆ- ئاراس- نیاز- شە‌ونم- فە‌رهاد- قالە‌گیپە‌- میمكە‌ مریە‌م- ئاسكۆڵ- شە‌وبۆ- ئە‌حە‌ چە‌قۆ- شێرزاد- خاتە‌ شێت) لە‌دە‌قە‌كە‌دایە‌، بە‌ڵام كە‌سێتی سە‌رە‌كی ڕۆمانە‌كە‌(شاڵ سە‌وز)ە‌، كە‌ لە‌گە‌ڵ شاڵ سپی هاوڕێیدا لە‌گۆڕستانێكدان. فلاشباكی ئە‌و ماوە‌ كورتە مە‌نە‌لۆگی ناوخۆیی گێڕانە‌وە‌ی ‌چیرۆكی دە ڕۆژ پێش مردنی شاڵ سە‌وزە‌،كە‌لە‌و دە ڕۆژە‌شدا سە‌رجە‌می كێشە‌و وڕوداوە‌كان جارێكی دی بە‌هۆی فلاشباكە‌وە‌ دە‌گوێزرێتە‌وە‌ بۆ ئە‌و دە ڕۆژە ‌و، ئە‌و دە ڕۆژە‌ش سە‌ر لە‌نوێ لە‌زە‌مە‌نێكی كورتی دە‌قە‌كە‌دا بە‌هۆی فلاشباكە‌وە‌ لە‌ نێو ئە‌و ماوە‌ كورتە‌دا فۆڕمە‌ڵە‌ دە‌كرێت..  كە‌سێتی شاڵ سە‌وز كە‌سێتییە‌كی ئاڵۆزە‌و خۆی لە‌ زۆربە‌ی شێوازە‌كانی كە‌سێتی (بە‌لزاكی- بیرۆنی- سۆفێتی-ڕۆمانی ڕوبارو…هتد)) قوتار دە‌كات، بە‌ڵكو كە‌سێتی شاڵ سە‌وز  بە‌تە‌واوی هە‌ڵگری ئە‌ندێشە‌و كێشە‌ی سە‌ردە‌مە‌و مامە‌ڵە‌یە‌كی فە‌لسە‌فیانە‌ لە‌گە‌ڵ بون ونە‌بون دادە‌كات و بە‌چاوێكی ڕە‌خنە‌و گومانە‌وە‌ لە‌ ژیان دەڕوانێت. هە‌ر بۆیە‌ دە‌بینین گومان وە‌ك پە‌ردە‌یە‌ك لە‌بە‌ردە‌م خوێنە‌ردا سە‌رجە‌می دە‌قە‌كە‌ی داگیر كردوە‌، گومان لە‌ سروشتی ژیان ومردن وگومان لە‌ئاكاری مرۆڤە‌كان و گومان لە‌شار و لە‌ مێژو..! ئە‌مە‌ش گومانێكی گە‌ورە‌ لای خوێنە‌ر دروست دە‌كات ولە‌ بە‌ردە‌م پرسیاردا ڕای دە‌گرێت بە‌رامبە‌ر دە‌قە‌كە‌، كە‌ پرسیارە‌ بەرامبە‌ر سە‌رجە‌می مرۆڤایە‌تی.. هە‌ر بۆیە‌ كاتێك مردنی شاڵ سە‌وز ئاشكرا دە‌كرێت، خوێنە‌ر وە‌ك شاڵ سپی ناتوانێت تا كۆتایی دە‌قە‌كە‌ش بڕوا بە‌مردنی شاڵ سە‌وز بهێنێت چونكە‌ بە‌گومانە‌ لە‌نێوان مردن و ژیاندا. وە‌ك لە‌ڕۆمانە‌كە‌دا هاتوە‌ :
 (بیست وچوارجار لە‌رزی و گیانی دە‌رچو تفتی و تاڵییە‌كانی ژیانی كە‌فێكی سپی بون لێویان داگیركرد. ئێستاش تە‌رمە‌كە‌ی هە‌مان شاڵاوی نهێنی بە‌سە‌رە‌وە‌ بو لە‌نێوان دوجیهاندا مابوەوە‌ ئە‌مە‌ ببوە‌ تە‌ختە‌ سڕو وشە‌ی مردنی لە‌سە‌ر دە‌كوژاندە‌وە‌…ل60).
  ئاڵۆزی مێشكی شاڵ سە‌وز وایكردوە‌ كە‌لە‌ دە‌قە‌كە‌دا یاسای كرنۆلۆژیا رە‌چاو نە‌كرێ و لە‌ڕێگە‌ی ڕوداوێكی هاو شێوە‌ی بیرە‌وە‌ریە‌كانی شاڵ سە‌وزە‌وە ‌ڕوداوە‌كان بە‌رجە‌ستە‌ بن، هە‌ربۆیە‌ گوێ بە‌ڕیز بە‌ستن و ڕێخستنی كرنۆلۆژیا نە‌دراوە‌. كە‌ئە‌مە‌ش لە‌مە‌بە‌ست وپێداویستی دە‌قە‌كە‌وە‌ سە‌رچاوە‌ دە‌گریت. لە‌بە‌رئە‌وە‌ی خوێنە‌ر دە‌بێت زۆر وریا بێت لە‌مۆنتاژ كردنی مێژوی ڕوداوە‌كاندا، ئە‌گە‌ر نا ڕە‌نگە‌ وە‌ك هە‌ڵە‌ی هونە‌ری تێبگات.. بابە‌تی ڕۆمانە‌كە‌ش جگە‌ لە‌چە‌ندین گوتاری فە‌لسە‌فی لە‌سە‌ر بون ونە‌بون وبە‌های ژیان وئە‌ندێشە‌ی مرۆڤایە‌تی، لە‌سە‌ر حە‌فتا ساڵی ژیانی شاڵ سە‌وز وە‌ستاوە‌و كە‌سە‌رجە‌می مێژوی كوردی لە‌و ماوە‌یە‌دا لە‌خۆ گرتوە‌ بە‌ڵام مێژو لە‌م دە‌قە‌دا وە‌ك گێڕانە‌وە‌یە‌كی ڕوت وە‌رنە‌گیراوە‌،بە‌ڵكو بە‌چاوێكی ڕە‌خنە‌ گرانە‌وە‌پێ لە‌سە‌ر هە‌مو لایە‌نە‌ سیاسی وكۆمە‌ڵایە‌تی و هە‌ڵوێستە‌ مرۆڤایە‌تییە‌كان داگیراوە‌… ژیانی شاڵ سە‌وز تە‌لیسمێكی سیحراوی دروست كردوە‌و گرێچنی ڕۆمانە‌كە‌ش لە‌ئاشكراكردنی نهێنی ژیانی شاڵ سە‌وزە‌وە‌ سەرچاوە‌ دە‌گرێت.
 هە‌مو دە‌قە‌كە‌ش لە‌سە‌ر پرسارێكی شاڵ سپی وە‌ستاوە‌ بە‌رامبە‌ر شاڵ سە‌وز، بۆ ئاشكرا كردنی نهێنی ژیانی… دوای خوێندنە‌وە‌ی ڕۆمانە‌كە‌ش ڕە‌نگە‌ خوێنە‌ر واتێبگات كە‌شاڵ سە‌وز وەڵامی پرسیارە‌كە‌ی شاڵ سپی ناداتە‌وە‌، چونكە‌ لە‌ساتی دە‌قە‌كە‌دا هیچ وە‌ڵامێك بۆ شاڵ سپی نابینرێت. بە‌ڵام بە‌شێوە‌یە‌كی ناڕاستە‌خۆ لەڕێگە‌ی فلاشباك ومە‌نە‌لۆگی ناو خۆییە‌وە‌ سە‌رجە‌می ژیانی شاڵ سە‌وز بە‌رجە‌ستە‌ دە‌بێت. ئە‌و فلاشباكە‌ش كە‌هە‌وڵی دە‌رخستنی ڕابردوی  شاڵ سە‌وز دە‌دات، لە‌وپرسیارە‌وە‌ سە‌رچاوە‌ دە‌گرێت كە‌شاڵ سپی  ئاڕاستە‌ی شاڵ سە‌وزی دە‌كات، خستنە ‌ڕوی ژیانی شاڵ سە‌وز بە‌شێوە‌یە‌كی جیاواز لە‌قۆناغێكە‌وە‌ بۆ قۆناغێكی دی.سە‌رە‌تا روانین وپە‌یڤە‌كانی سادە‌و سانایە‌،بە‌ڵام لە‌ساتی گۆڕستانە‌كە‌دا ڕوانینێكی فە‌لسە‌فی هە‌یە‌ بۆ ژیان و سە‌رجە‌می كێشە‌كان هە‌ڵدە‌سە‌نگێنێ…وێنە ‌و سیمبولیش لە‌م دە‌قە‌دا ڕۆڵێكی كاریگە‌ر و پڕ بایە‌خی خۆیان  هە‌یە. وێنە‌كان شێوە‌ی تە‌ونی جاڵجاڵۆكە‌ بە‌تە‌واوی هزری خوێنە‌ر داگیردە‌كات و دە‌بێت زۆر بە‌وردی لە‌سە‌ر وێنە‌كان بوە‌ستێت.
 وێنە‌كان زۆر بە‌چڕی و بە‌دوای یە‌كدا خراونە‌تە‌ڕو، كە‌ وا دە‌كات خوێنە‌ر بۆ ماوە‌یە‌ك لە‌سە‌رهە‌مو گوزارشتێك‌ پشو بدات وبكە‌وێتە‌ هێڵكاری وێنە‌كان لە‌زهنی خۆیدا…
 هە‌رچە‌ندە‌ سیمبولە‌كانی ئە‌م دە‌قە‌ بە‌شێوە‌یە‌كی پچڕپچڕدە‌ردە‌كە‌ون، بە‌ڵام سە‌رجە‌می ئاماژە‌ سیمبولیە‌كان پە‌یوە‌ندییە‌كی ئاوێتە‌ییان بە‌ بونیادی ڕۆمانە‌كە‌وە‌ هە‌یە‌و هە‌ر سیمبولێك دە‌بێتە‌ گە‌واهی ئاستی ڕوانینی كۆمە‌ڵایە‌تی و ڕۆشنبیری سە‌ردە‌می كۆمە‌ڵ.. وە‌ك دە‌بینین دو شینە‌ شاهۆكە‌ دیارترین سیمبولی دە‌قە‌كە‌ن، كە‌لە‌ سە‌رجە‌می بە‌شە‌كانی دە‌قە‌كە‌دا ئامادە‌بونیان هە‌یە‌و جگە‌ لە‌ بوعدێكی ئایینی و دە‌سە‌ڵات، دە‌بنە‌ هە‌ڵگری بانگە‌شە‌ی ئاشكراكردنی مردنی شاڵ سە‌وزیش…
 ئە‌وە‌ی جێگە‌ی سە‌رنج و تێڕامانە‌ لە‌م ڕۆمانە‌دا، چۆنییە‌تی خستنەڕوی بابە‌ت و ڕوداو كە‌سێتییە‌كانە‌، كە‌ زۆر جار لە‌لایە‌ن خوێنە‌رە‌وە‌ فە‌رامۆش دە‌كرێت، چونكە‌ وا دە‌زانێت كە‌ئە‌و دە‌ركە‌وتنە‌ بێ زانیارییە‌ و جارێكی دی ناگە‌رێتە‌وە‌و پە‌یوە‌ندی بە‌دە‌قە‌كە‌وە‌ نامێنێت. هە‌ربۆیە‌ بە‌ پە‌راوێز وە‌ریاندە‌گرێت. بە‌ڵام ناو بە‌ناو لە ڕۆمانە‌كە‌دا هە‌مو ئە‌و دە‌رخراوانە‌ چە‌ند جارێكی دی دە‌ردە‌كە‌ونە‌وە‌ و هە‌رجارە‌ی وە‌ك زانیاری تیشكێك دە‌خرێتە‌ سە‌ریان، كە‌ وا دە‌كات دوای تە‌واو بونی دە‌قە‌كە‌ خوێنە‌ر بە‌هە‌مو پە‌یوە‌ندیە‌كاندا بچێتە‌وە‌و ئە‌وشتانە‌ی فە‌رامۆشی كردون ئامادە‌یان بكاتە‌وە‌. چونكە‌ هیچ روداو كە‌سێتی وگوزارشتێك لە‌م ڕۆمانە‌دا بە‌بێ بونی ڕایە‌ڵێك بە‌وانی دیكە‌وە‌ ڕانە‌گیراوە‌و ناتوانرێت بخرێتە‌ پە‌راوێزە‌وە‌.. رە‌نگە‌ خوێنە‌ر دوای چە‌ندجارێك خوێندنە‌وە‌ بتوانێت كۆنتڕۆڵی ڕۆڵی كە‌سایە‌تییە‌كان وپە‌یوە‌ندییان بە‌یە‌كە‌وە‌ بكات، هە‌ر بۆیە‌ خوێنە‌ر لە‌م ڕۆمانە‌ یە‌كڕستە‌ییە‌دا پێویستی بە‌خوێندنە‌وە‌ی زیاد لە‌جارێكی دە‌قە‌كە‌ هە‌یە‌، تاكو بتوانێت هیچ خاڵێكی فە‌رامۆش نە‌كات و بە‌وریاییە‌وە‌ پە‌یوە‌ندییە‌كان پێكە‌وە‌ گرێبدات.. وە‌ك ئاماژە‌مان پێدا پە‌یڤینی دە‌قە‌كە‌ بە‌هۆی مە‌نە‌ڵۆگی ناوخۆییە‌وە‌ فۆڕمە‌ڵە‌دە‌بێت، كە ‌تیایدا پە‌یڤینە‌كانی شاڵ سە‌وز هە‌ڵگری مە‌ودای فە‌لسە‌فی وگوماناوییە‌و ڕوبەڕوی مرۆڤایە‌تی دە‌گرێتە‌وە‌. سە‌رجە‌می ڕوانینە‌كانیش دە‌بنە‌ پرسیاری گەورە‌و لە‌بە‌ردە‌م بون و نە‌بون وئاكاری مرۆڤایە‌تیدا دە‌وە‌ستێت. وە‌ك لەڕۆمانە‌كە‌دا هاتوە‌:
 (هە‌مو شتێك وە‌ك تە‌ڵە‌ دە‌می پرسیاری كردبوەوە‌…..ل 84))..
  شاڵ سپی لە‌م ڕۆمانە‌دا هە‌مو نهێنییە‌كان لە‌ چاوی شاڵ سە‌وزدا دە‌بینێ وخولیای دۆزینە‌وە‌یانە‌و شاڵ سە‌وز بە‌چاو دێرو هە‌ڵسە‌نگێنە‌ری ڕوداوە‌كان دە‌زانێت وپێی وایە‌ كەڕازی هە‌مو ئە‌ندێشە‌كان لای شاڵ سە‌وزە‌. هە‌روەها لە‌دە‌قە‌كە‌شدا هاتوە‌ :
 (شاڵ سپی تیشكی چاوی تێ بڕیبوڕە‌نگە‌ تێكە‌ڵاوە‌كە‌ی دەهاتە‌ بە‌رچاوی وای دە‌زانی بە‌دە‌م جیهانە‌وە‌ پێدە‌كە‌نێت كە‌فێكی زە‌ردباو لە‌سە‌ر لێویە‌وە‌ نیگایان گرتبو وە‌كو بە‌ تە‌لە‌سكۆبێكی هە‌زار میلە‌وە‌ سە‌یری بكات نهێنی جیهانی تیادە‌بینییە‌وە‌… ل4).
  قورسی ئاستی ڕۆمانە‌كە‌ وایكردوە‌ كە‌زۆر خوێنە‌ر نە‌توانێت پە‌ی بە‌هە‌مو نهێنییە‌كانی دە‌قە‌كە‌ ببات و بە‌تە‌واوی كۆنتڕۆڵی مە‌بە‌ستە‌كە‌ بكات، چونك ئە‌فراندن بۆ هە‌مو خوێنە‌رێك ئاشكرا ناكرێت،
 وە‌ك دە‌بینین (كلۆد سیمۆن)ی ڕۆماننوس دە‌ڵێت :
 (هە‌وڵدان بۆتێگە‌یاندنی هە‌مو خە‌ڵك، لە‌ناو بردنی بە‌رهە‌می هونە‌ری و شێتی دە‌گە‌یە‌نێت..!!)…
 مۆسیقای مە‌رگی ناوە‌ختە‌
 رۆمان
 نوسینی ((سه‌لاح جلال))
 سلێمانی- 1997…
 لە گۆڤاری ئێستا ژمارە‌/19/1998بڵاوبوَتەوە.
 

Previous
Next

Leave a Reply