Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مۆڕاڵی سەرۆکەکان…؟!! …. کامەران عەزیز

مۆڕاڵی سەرۆکەکان…؟!! …. کامەران عەزیز

Closed
by January 24, 2011 گشتی

بەشی یەکەم:
ئایا چۆنیەتی بەڕێوبەرایەتی هەر سەرۆکێک پێوەری چۆنیەتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە سەرۆک سەرۆکایەتی دەکات …؟!! واتا سەرۆکێکی دیکتاتۆر و خوێنڕێژ زادەی کۆمەڵگایەکی سەرکوتگەر و توند و تیژە..؟! یان سەرۆکێکی کۆنسەرڤاتیڤ و پێشکەوتوو، زادەی کۆمەڵگایەیەکی دواکەوتوو و شارستانی‌یە..؟! بە کورتی ئەگەر سەرۆک و کۆمەڵگا زادە و تەواوکەری یەکترن بن، ئەوا دەبێت ڕەخنەو هەڵسانگەندنەکان بەرامبەر بە سەرۆک وکۆمەڵگا هەمان بنەمای فکری لە خۆ بگرێت و جودا نەکرێنەوە. بەڵام ئەگەر پێچەوانە و دژی زادەی یەکتر بن، ئەوا رەخنەو هەڵسانگەندنەکان لە نێوان سەرۆک و ئەو کۆمەڵگایەی کە سەرۆکێکی قبوڵنەکراو سەرۆکایەتی دەکات دەبێت بنەما فکری و زهریەکان جودا بن و نابێت  قبوڵبون و قبوڵنەبونەکان تێکەڵ بە یەکدی بکرێن.
 یەکەم پرسیاری ئەم هەڵسانگەندنە ئەوە دەبێت، ئایا ئەم سەرۆک و کۆمەڵگا پێچەوانە و دژ بەیەکە، چۆن لە یەک زەمەندا لە هەمان کۆمەڵگا و وڵاتدا، یەک دەگرنەوە..؟!! ئەبێت ئەو هۆکارانە چی بن کە سەرۆک و کۆمەڵگایەکی پێچەوانە و دژ بەیەک لە بەڕێوەبردن و دەستەڵاتی وڵاتێکدا، دەخولقێنێت..؟! بێگومان گەر سەرۆک و کۆمەڵگا پێچەوانە و دژ بەیەک بوون ئەوا خاوەنی مۆڕاڵ و جیهانبینی و چارەنوسی جیاوزیش دەبن. لە خوارەوە تەنها دوو نمونە لە جیاوزی مۆڕاڵی سەرۆکەکان وەردەگرین:

یەکەم: مۆڕاڵی سەرۆکی دەستەلاتە مەدەنی و دیموکراتەکان:
لە ئەمڕۆدا، لە کۆمەڵگا دیموکراتی و مەدەنیەکاندا هەر مرۆڤێک تا پرۆسەیەکی مۆڕاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی واقیعی تێپەر نەکات،یان ئاستی لێهاتویی و توانایی بۆ سەرۆکایەتی نەسەلمێنێت، هەرگیز نابێتە سەرۆک،..! وە تا متمانەی هاوکاری و هاوسۆزی و هاوخەمی و راستگۆیی و ئەخلاقی بۆ هاوڵاتیان نەسەلمێنیت، لە لایەن هاوڵاتیانەوە ئەرکی سەرۆکایەتی پێ نابەخشرێت..!!  وە ئەم جۆرە سەرۆکانە ، بە بڕیاری خودی خۆیان .. بە پلە و پێگەی سەرۆکایەتی ناگەن ، بەڵکو  زەروورەتی ڕێکخستن و بەڕیوەبردنی کارە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانە کە هاوڵاتیان ناچار دەکات کە بە زۆرینەی دەنگی ئازادانەی دەنگە جیاوازیەکانی نێو خۆیان تاکێک لە کۆمەڵگاکەیان بۆ سەرۆکایەتی و ڕابەری کردن دەست نیشان بکەن و هەڵبژێرن، واتا سەرۆکێکی مەدەنی نە بە ڕێکەوتی زەمانە..نە لە ئاسمانەوە..نە لە سەر زەوی‌یەوە بە زۆر بەسەر هاوڵاتیاندا  خۆی ناسەپێنێت..!! وە ئەم جۆرە سەرۆکانە بە سەرۆک بونیان، سەروەت و سامانی وڵات نابێتە مولکیان و ناتوانن بە ویست و ئارەزووی خۆیان یاری و مامەڵە بە پارە و سەرمایەی گشتی وڵات بکەن، وە دەستەڵاتی ئەم جۆرە سەرۆکانە سنوردارە و ناتوانن لەو بەرژەوەندی‌یە گشتی و کۆمەڵایەتیەکان تێبپەڕێنن.. وە ناتوانن بە هیچ بیانویەکی تایبەتی و کەسیەتی دەستکاری دەستور و یاسا و دادگاکان بکەن ..وە تەنانەت  ناشتوانن لە سمبول و بەها  مەعنەویەکانی سەرۆکایەتی وڵات، لە ڕووی مادیەوە سودمەند بن و بە قازانجی تایبەتی خۆیان بەکاری بهێنن، چونکە سەرۆک و هاوڵاتی لە بەرامبەر یاسادا نەک هەر یەکسانن و جودا ناکرێنەوە، بەڵکو یاسا لە بەرامبەر سەرۆکدا بەردەوام بونی هەیە و سەرۆک هەرگیز ناتوانێت وەک کەسێکی ئاسایی سەرپێچی یاسا و مۆڕاڵ و ئەخلاق و مەبدەئە گشتی و کۆمەڵایەتی‌یەکان بکات …!
لە هەموو کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دیموکراتی ، کاتێک باس لە سەرۆک دەکەن، تەنها باسی ڕۆڵ و ئەرکی بەرپرسیارەتی سەرۆک دەکەن لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و بڕیارە چارەنوسسازەکاندا، وە بەو خاسیەتە سەرۆک دەناسنەوە و لە هەر هاولاتیەکی ئاسایی جودای دەکەنەوە و دەیانناسێنن، کە وەک مرۆڤێکی خۆ نەویست کۆمەڵگا بە خۆشی و ئاسودەیی‌یەوە .. بە ئارامی و ئەمنیەوە دوور لە شەڕ و هەژاری، ژیانیان بەڕێدەکات..! وە لەم کۆمەڵگایانەدا هەرچەند ئایین و باوەڕ و میللەت و کولتور و ڕەگەزی جیاواز بوونی هەبێت ، ئەوا لای سەرۆکی ئەو کۆمەڵگایە نەک نابێتە سەرچاوەی کێشە و پێکدادانە خوێناویەکان  بەڵکو بە زیرەکی و لێهاتوویی ئەرکی سەرۆکایەتی، هاوسەنگی و هاوتایی و هاوژیانی و بەرابەری لە نێوانیاندا درووست دەکات و کەس لە ماف و حەقی یاسایی‌ و ئینسانیەوە، نە لە گەڵ خۆیدا نە لە نێوان کۆمەڵگادا جیا ناکاتەوە و مافیان  بە فیڕۆ نابات…!!
سەرۆکێکی مافدۆست و ژیاندۆست و ئازادیخواز، مرۆڤێکە کە ناتوانیت دژ بە کۆمەڵگاو میلەتەکەی بیر لە درۆ و دزی و گەندەڵی و خیانەت  بکاتەوە، وە هیچ ڕێگایەکی نهێنی نی‌یە بۆ کارەکانی، وە هیچ ڕێگیریەک بۆ چاودێری زیندووی کۆمەڵگاکەی دروست ناکات و لەو دیو دیواری شاراوە و نەبینراوی هاوڵاتیاندا، هەرگیز خۆی وون ناکات..! کەواتە ئەو خاڵانەی کە هاوڵاتی و سەرۆک لە یەکدی جیا دەکاتەوە تەنها ئاست و توانای ئەرک و بەرپرسیاریەتییە ، کە ئەرکیکی فراوانتر و بە تواناتر و هوشیارتر و  دووربینتر و عەدالاتر و یەکسانیترە..!
لە هەر کۆمەڵگایەکی مەدەنی و کراوەدا سەرۆک خاوەنی یەک ڕەنگ و یەک باوەڕ و یەک ڕەهەندی فکری نی‌یە ،چونکە کاتێک  سەرۆک بوە یەک ڕەنگ و یەک باوەڕ و یەک ڕەهەندی فکری لە خۆ گرت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی تاکە ڕەنگێک و تاکە باوەڕێک و تاکە ڕەهەندێکی فکری، ئەمانەش خۆ بە خۆ  دەبنە بەرهەمهێنانی تاکە سەرۆکێکی تاقانە و ئەبەدی..!! کە دەستەڵاتێكی ڕەها و موتڵەقی بە سەر هەموو دید و باوەڕە جیاوەزیەکانی کۆمەڵگادا دەسەپێنێت بەبێ لێپرسینەوە .. وە لەم حاڵەتەدا دەبێتە سەرۆکێکی تۆتالیتار و دیکتاۆر و نا عەدالەت، وە لە هەر مۆرکێکی ئازادی و دیموکراتی و مافناسی و مرۆدۆستی و ژیاندۆستی خاڵی دەبێت..!!
وە مەهامی سەرۆکی دەستەڵاتێکی مەدەنی و دیموکراتی و خزمەتگوزاری ئەوەیە؛ کە دەیەوێت وڵات بکاتە ژینگەیەکی پڕ لە بەختەوەری خۆشگوزەرانی بۆ ژیانی هەموان..وە سەرۆک  بە خەم و ژان و ئازار و برسی هەر هاوڵاتیەکی وڵاتەکەی  ویژدانی زیاتر دەجوڵێت، وە بە بینینی ئازارەکانیان خەو ناچێتە چاوی و تا چارەسەرنەکردنی ئۆقرە ناگرێت، بۆیە هەمیشە گوێ ڕایەڵی داوا وخواستی هاولاتیانیەتی .. واتا  لە کۆمەڵگا مەدەنیەکاندا سەرۆک بەردەوام لە ژێر چاودێری هاوڵاتیاندایە و ژیانی ئانی و داهاتووی هاولاتیانیش لە ژێر چاودێری سەرۆکدایە..! بۆیە هاولاتیانیش ئامادەی هاوپشتی و قوربانی سەرۆکەکەیانن..!

دووەم: مۆڕاڵی سەرۆکی دەستەڵاتە کۆنسەرڤاتیڤ و دیکتاتۆرەکان:
تا ئێستا لە نێو سیستەمە کۆنسەرڤاتیڤ و دیکتاتۆر و توتالیتارەکاندا سەرۆکایەتی، یان لە ڕێکەوتی زەمانەوە، یان لە ڕێگای دەست بەسەراگرتن و فێڵ و موئامەرە و کوشتنی سەرۆکی پێشوو بە دەستهێنراوە… یان بە میراتی لە باوکەوە بۆ وەچەکانیان ماوەتەوە..!! وە ئەو باوەڕەی کە لە زهنی ئەم جۆرە سەرۆکانەدا بونی هەیە، باوەڕێکی پاوانخوازی و دەستەڵاتخوازی و مەزنی‌یە و خاڵی‌یە لە هەر لۆژیکێکی ئینساندۆستی و مافدۆستی، بۆیە ماف و بەرژەوەندی کۆمەڵگا بە هەموو  جیاوازیەکانی‌یەوە بە هاوسەنگی و بە تەبایی بەڕێوە نابەن, وە باوەڕە تایبەت و نەگونجاوەکانی  خۆیان بەسەر کۆمەلگادا دەسەپێنن و دەبنە ئاشوبترین سەرۆک بە سەر کۆمەڵگاوە..!! وە جۆرە سەرۆکێک دەبن کە میللەتەکەیان بە چەک و بە خوێن لەت لەت و دابەش دەکەن و دەیانکەن بە گژ یەکتریدا.. وە دەبنە سەرچاوە و هەوێنی دروستبونی چەندەها دوژمن و چەندەها بەرەی  دوژنمایەتی و کاری دوژمنکارانە لە نێوان ناوچە و شار و هۆز و حیزب و ڕێکخراوە جیاوەزەکانی نێو وڵات، تەنانەت ڕق و کینە لە نێوان دوو تیپی دووگۆڵیشدا دروست دەکەن..!! تا ڕێگە لە یەکگرتوویی و یەکدەنگی هاوڵاتیان بگرن..! واتا ئامادەن لە پێناو و بەدیهێنانی داوا و ویستی تایبەتی خۆیان، خوێن و گیان و ژیانی هەموو میللەت ببەخشن…!
ئەم سەرۆکانە سەرۆکێکی مشەخۆر و هار و بە پەلەن دەیانەوێت لە تەواوی وڵاتدا..وە لە تاریکی و ڕووناکیدا..لە بێداری و خەوبوندا .. لە سەرما و گەرمادا .. لە کار و پشوداندا.. لە بردنە و دۆڕاندا .. لە شکست و سەرکەوتندا .. لە ئەزمە و گەشەکردندا.. هەرگیز لە فێڵ و چاوچنۆکیان نەوەستن و هەموو ساتەکانیان  بۆ گەندەڵی و دزی بەکار بهێنن..!!
ئەم جۆرە سەرۆکانە بە شانازیەوە، دەتوانن بەبێ شەرم ببنە چاوساغی سوپای داگیرکار و بە ئاسانی بە نێو شار و دێی وڵاتدا بیانگێڕێن و لە بەرامبەر هاوڵاتیاندا پیرۆزیان بکەن..!! هەزارەها پەیمانی ژێر بە ژێر لەگەڵ کۆمپانیا و دەوڵەتانی دوور و نزیک دەبەستن و هەڵدەوەشێننەوە بەبێ ئەوەی هاوڵاتیان ئاگادار بکەن..! وە خاوەنی هەرچی بڕیاری سیاسی و یاسایی و دادگایین و دەتوانن بە ویستی خۆیان یاسا بۆ یاساکان زیاد بکەن ، وە بە پێ‌ی بەرژەوەندیە تایبەتی و شەخسیەکان دەتوانن یاساکان کورت و درێژ بکەنەوە و حکومیان پێوە بکەن..! وەتەنها لە شەڕ و جەنگە کتوپڕەکاندا هاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە..! وە هاوڵاتیان لە سایەی دەستەڵاتی ئەم سەرۆکانەدا ئاگاداری بودجە و داهاتی ئابوری و قازانجە بازرگانیەکانی وڵات نیین و نازانن بە چ ڕێگایەکدا دێت و دەڕوات..!
وە ئەم سەرۆکانە لە ترسی لە دەستدانی سەرۆکایەتی دەبنە جۆرە سەرۆکێک کە بە بینینی وشە و قەڵەم و ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری ئازاد کوێر دەبن و تا دەیانگرێت و سەرشێت دەبن، وە ئەم سەرۆکانە هەرگیز ڕێگا نادەن کە عەقڵ و هۆشیاری و ئاگایی  کۆمەڵگاکەیان بگاتە سەروی ئاستی بێ مەعریفەی خۆیان..! بۆیە بە تیرۆر کردن و ئازاردان و ئەشکەنجە و سزا و دادگایی ڕۆژنامەنوسان و نوسەران شا گەشکە دەبن..!  وە ئەم جۆرە سەرۆکانە چەندەها جۆری زیندان دروست دەکەن و دەبنە خاوەنی جۆرەها باندی نهێنی وئاشکرا‌ ..!‌! وە دەبنە خاوەنی جەلاد و یاساوڵ وپیاوکوژ بۆ تۆخ کردنەوەی هێڵە سورەکانی نزیک لە سەرۆک و لە دەستەڵات و هێڵە سورەکانی سەر ڕیگای ڕەخنە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاوڵاتیان..!
لە دەستەڵاتە کۆنسەرڤاتیڤ و توتالیتارەکاندا هەموو کۆمەڵگا .. هەموو دەزگاکان .. هەموو هێزەکان .. هەموو سامانی وڵات لە لە ژێر زەوی‌یەوە تا ئاسمان، واتا سەرتاپای نیشتمان، لە خزمەت گەورەبون و مەزنی سەرۆکدایە، وە سەرۆک هیچ شتیکی ئەسڵی سروشتی خۆی نی‌یە کە بیخاتە خزمەت هاوڵاتیانەوە..!! ووردتر بڵێم؛ سەرۆک خاوەنی دۆلار بە دۆلار .. قەترە بە قەترەی ئاو و نەوت و گازە، وە خاوەنی پار و بە پاروی نانی هاوڵاتیانە..! جۆرە سەرۆکێکن کە قاسە و بانکە تایبەتەکانی خۆیان بە فرۆشتنی نەوت و  سەروەت و سامانی گشتی وڵات پڕ..پر دەکەن لە ئاڵتون و دۆلار و هیچ هاوڵاتیەکیش بۆی نی‌یە پرسیار بکات و بڵێ بۆچی و  بۆ کوێ‌ی دەدزن و دەبەن ..؟!! لەگەڵ هەموو ئەم داگیرکاری و گەندەڵیەشدا، کەڕ و کوێر و بێ هەستن بەرامبەر داوا و ویستی میللەتەکەیان ..!! وە بە چاوی زەقەوە سەیری ژیانی پر لە هەژاری و برسیەتی و وێرانی هاوڵاتیان دەکەن و مێشێ میوانیان نی‌یە…!!
بەڵام کاتێک کە ژیانی هاوڵاتیان لە لایەن سەرۆکەوە کەوتە  مەترسی و نائەمنیەوە ..یان  کاتێ کە سەرۆکاکان کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتی و یاساییەکانیان گەورە و گەورەتر کرد..کاتێ سەرۆکەکان بوونە هاوبەش و شەریکی قاچاخچیان و مفتەخۆران و دز و گەندەڵان و نا عەدالەتی و نا ئاسودەیی زیاتریان بۆ هاوڵاتیان بەدیهێنا..! ئەوا پێگەی سەرۆکایەتی و ئەرکی بەرپرسیاریەتی خۆیان لە دەست دەدەن. وە ئەگەر بە بیر خۆمانی بهێنینەوە، مێژوو شاهیدی سەرنگومکردنی چەندەها پاشا و سەرۆکی لەم جۆرەیە لە لایەن هەستان و ڕاپەڕینی هاوڵاتیانەوە..!
لە سەر بنەمای ئەم بۆچونانەی سەرەوە دەگەینە ئەو ئەرگۆمێنتەی کە دەتوانین بڵێین سەرۆکە دیکاتۆر و خوێنڕێژەکان خولقێنەری سەر زەوین. بەڵام خولقێنەرێکی بێ بەخشندە و بێ میهر و خۆ ویست کە دەتوانن؛ هەژاری .. بێ ئومێدی .. سەرکوت.. ناعەدالەتی .. ناحەقی.. بێ یاسایی و شێوای ..تاڵی و ناخۆشی..شەر و جەنگ..نا ئارامی و وێرانی لە ژیانی مرۆکاندا بخولقێنن..گەر هوشیاری و بەرگری وبەرەنگاربونەوە، بوونی نەبێت..!


بەشی دووەم:
کێ دەتوانێت ببێتە، سەرۆکی هەموان..؟!
لە بەشێ یەکەمی ئەم وتارەدا بە کورتی جودایی نێوان مۆڕاڵی سەرۆکێکی دیموکراتی و مەدەنی و لە گەڵ سەرۆکێکی کۆنسەرڤاتیڤ و دیکتاۆرمان ناساند.
لەم بەشەشدا هەوڵدەدەم بە کورتی خاڵە پێوەریەکانی سەرۆکێكی هاوتا لە نێوان دەستەڵات و کۆمەڵگادا، بناسێنم ؛          لە وڵاتە مەدەنی و دیموکراتیەکاندا هەر کەسێک بیەوێت کارێکی سیاسی و دەوڵەتی لە ئەستۆ بگرێت دەبێت باکگراوەند و ڕابوردوو و ئێستای مۆڕاڵ و کاری سیاسی پاک بێت بە پێوەری ئاستی هوشیاری ئەو کۆمەڵگایە و دەستوری ئەو وڵاتە.. وە هەرگیز سیاسەتمەداری حیزبێک  نە دەتوانێت ببێتە سەرۆکی دەوڵەت وە نە دەتوانێت ببێتە کارمەندی دەوڵەت گەر ڕٶژێک لە ڕۆژان لە ڕێگای حیزبەکەیەوە هاوڵاتیەکی بەهۆی جیاوازی سیاسی و بیر و ڕاوە ئازار دابێت..سوکایەتی پێ کردبێت..یان بە مەبەستی تایبەتی ماف و کەسیەتی هاوڵاتیەکی بەخراپ بەکارهێنابێت و بە نا حەقی هێرشی کردبێتە سەر..!
چونکە تێگەیشتنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازادیخواز بۆ سەرۆک ئەوەیە، کە مرۆڤێکە یان هاوڵاتی‌یەکە، لە هاولاتیەکی ئاسایی باشتر و قوڵتر مێژووی دروستبونی جیاوازیەکان دەبینێت، بۆیە دیدێکی راسیستی و دوژمنکارانەی نی‌یە بەرامبەر بە جیاوازیەکان،..وە نەک خۆی کێشە لە نێوان ململانێ و جیاوازیەکان دروست ناکات و لە هەمان کاتدا جیاوازیەکانیش بە زۆر ناسڕێتەوە و نابەرابەری لە نێوانیاندا ناهێنەتە بون، بەڵکو لە سایەی سەرۆکدا جیاوازی و هەڵاوەردنەکان کە دەبێتە سەرچاوەی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاژاوە و توند و تیژی، لە سەر بنەمایەکی لۆژیکی و مافناسیدا بە زوویی کۆتاییان پی دەهێنێت..! سەرۆک بە بینینی خەم و ژان و ئازار و برسی هەر هاوڵاتیەکی وڵاتەکەی چالاک و کاراتر دەبێت و بە ویژدانتر دەبێت و بە زوویی هەوڵی گۆڕانکاری و چاکسازی پلان و نەخشە و بەرنامەکانی دەدا..! وە سەرۆک بونی خۆی لە دەست دەدات کاتێ کە وڵات کەوتە دەست نۆکەران و قاچاخچیان و مفتەخۆران و دزو گەندەڵان ..! وە کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازادیخواز ئەو مرۆیە بە سەرۆکی خۆی سەیر ناکات، کە هەموو میللەت قوربانی تاکە دەستەڵاتی خۆیی و بنەماڵەکەی بکات، بەڵکو دەبێت سەرۆک خۆی قوربانی ناعەدالەتی و نایەکسانی و کێشەکانی میللەتەکەی بکات..هتد
وە لێرەوە ڕۆڵی دروستی سەرۆکایەتی بۆ بەڕێوەبردن و بە ئاکام گەیاندنی کێشەکان، لە کۆمەڵگادا دەردەکەوێت،..!. بە هۆی چیرۆکی ئەم کارە دروستانەوەیە کە سەرۆک دوژمنێک نابینێت بەرامبەر بە خۆی، بۆیە زۆر بە ئاسانی  بە بێ ترس ..بەبێ بوونی پاسەوانێکی زۆر لە نێو هاوڵاتیاندا ئەویش بە ئازادی دێت و دەچێت..!

ئایا سەرکردە حیزبیەکانی کوردستان لەگەڵ ئەو پڕۆسە مێژووی‌یە پڕ لە شەرمەزاری و نا مەرۆیی و نێگەتیفەدا کە لێرەدا پێویست ناکات جارێکی دی یەک بەیەکیان یاداشتیان بکەینەوە و بنوسینەوە، چونکە خەڵکی کوردستان شاهێدی زیندووی پڕۆسەی سیاسی و مێژوو و چیرۆکی کەسایەتی سەرکردەی ئەم حیزبیانەن..!!!
ئەگەر سەرکردە حیزبیەکان گەر عەقڵ و بیر و زهنی خۆیان  پاک کردەوە و لە هەر نا دیموکراتی و نا عەدالەتی و خۆ ویستی و نەرجیسیەک.. ئەگەر توانیان ئەو گیانە شەڕەنگێزیە لە خۆیان بکەنەوە و گیانێکی تۆڵەڕانس و لێبوردەیی و ئازادیخوازی لە بەرامبەر هاوڵاتیاندا بە هەموو جیاوەزیەکانیانەوە، لەخۆیاندا دروست بکەن و بچێنن .. وە ئەگەر توانیان دەستەڵاتیان رۆژ بە ڕۆژ لە گەڵ داوا وپێداویستەکانی ژیانی ئێستا و داهاتوی خەڵکی کوردوستاندا بگونجێنن .. وە ئەگەر ڕەخنەمان لە بێ پڕۆژەیی و بێ بەرنامەیی و چونیەتی  بەڕێوەبردن و دەستەڵاتیان گرت و دەستمان خستە سەر گەندەڵیەکانی دەستەڵاتی خۆیان و حیزب وحکومەتەکەیان ..هەرکاتێک پارە و بودجەی  بنەماڵەکەیان و حیزبەکەیان و حکومەتەکەیان و سەرۆکایەتیەکەیان کە لە ڕیگای حیزبی و سیاسەت کردن بەم گەلەوە بە دەستیانهێناوە  لە کەمەوە بۆ زۆر بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەیەکی گشتی وڵات.. هەرکاتێک  پەیوەندی و کۆبونەوە و گفتوگۆکانیان وە نوسینی پەیمان و عەقدە بازرگانیەکانیان بە شەفافی لە بەرچاوی خەڵکی کوردستان و میدیاکاندا ئەنجامدا..هەرکاتێ بە هەڵدانەوەی هەڵە مێژوویی‌یەکانیان ڕوویان گرژ نەکرد و بە بیانوی جۆراو جۆر خۆیان دەرباز نەکرد و هێڵی سوریان بۆ دیاری نەکردین..!
وە ئەگەر هیچ هاوڵاتیەکمان نەدۆزیەوە و بەدینکرد کە بەهۆی جیاوزی ڕێکخراوەیی و سیاسی و فکری و ئازادی بیروڕاو نوسینەکانیانەوە، بە بڕیاری خۆیان و حیزبەکەیان کوژرابێت ..ئەشکەنجە درابێت ..زیندانی کرابێت ..بێسەروشوێن کرابێت..! وە هەر لەم پڕۆسەیەدا ئەگەر خۆیان و حیزبەکەیان ڕۆژێک لە ڕۆژان دەستیان تێکەڵ نەکردبێت لە گەڵ داگیرکاران و دوژمنانی ئەم گەلە و چیرۆک و دیرۆکی پاکیان هەبێت..!! وە هەرکاتێک هەموو داوا و خواستەکانی ئێمەیان بە هەند وەرگرتبێت و وەرگرن، وە لە هەموو کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکاندا گوێیان لێ ڕاگرتبێتین و گوێمان لێ ڕابگرن، ئەوا ئێمەش لە بەردەوامبونی ئەوان وەک نوێنەر و سەرکردەی هەموان بیرێکی لێ دەکەینەوە..!!
بە کورتی ئەی سەرۆکەکانی کوردستان؛ ئەگەر کەسمان لە ئێوە باکگراووەند و مێژوو پاکتر .. لە دەستەڵاتی ئێستای ئێوە نەزیهتر .. لە ئێوە دڵسۆزتر.. لە ئێوە ڕاستگۆتر و دادوەرانە و دیموکراتیتر و ئازادیخوازتر و یەکسانیخوازتر.. لە ئێوە مرۆڤدۆستر و ژیاندۆستر و ئاشتیخوازانەتر و ئامانتر..وە لە ئێوە جوامێرانە تر و زیرەکتر و چالاکتر و دووربینترمان لە کۆمەڵگاکەماندا بەدینەکرد و نەدۆزیەوە.. کە ئەمانە هەموو نیشانە و پێوەری مۆڕاڵی سەرۆکی کۆمەڵگایەکی ئازاد و مەدەنین..!
وە ویژدان ڕێگا نادات.. بەم جۆرە پێوەر و مۆڕاڵا دروستانەوە بتانەوێت سەرۆکایەتی بکەن، دڵنیام کە کەمترین کەس دەبێت بەم شێوە سەرۆکایەتی‌یە بڵێ نەخێر.. وە ویژدان ڕێگا نادات بەشێکی زۆر نەڵین بەڵێ..!!!
بەڵام، لە کۆتاییدا پرسیار ئەوەیە ئایا سەرکردیەک لە سەرکردەی ئەم حیزبانەی کوردوستان بە تایبەت حیزبەکانی سەر دەستەڵات و نێو دەستەڵات دەدۆزینەوە، کە کەمترین پێوەر لەم پێوەرە کەمانەی سەرەرەی تێدا بێت بۆ سەرۆکایەتیەکی دروست .. وە بۆ سەرۆکایەتیەک کە هاوتای خواستەکانی کۆمەڵگای کوردستان بێت..؟؟؟!!!

15.01.2011


کامەران عەزیز
Kamaran91@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.