میوانه‌كانی شه‌وی هه‌ینی
ن/ نۆربیرتۆ لویس رۆمیرۆ*
و.له‌عه‌ره‌بیه‌وه:
هێمن مه‌حمود_ ده‌ربه‌ندیخان
له‌و هه‌ینی یه‌دا، وه‌ك هه‌موو هه‌ینییه‌كانی دیكه، كاتژمێر دوانزه وچاره‌ك ژن وپیاوه‌كه(رۆزالیس) دوای خواردنی ژه‌مه نانێك له چێشتخانه‌ی (گال) وپاشتریش سه‌یركردنی فلیمێكی سینه‌مایی ،به تاكسییه‌ك كه تا ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان گه‌یاندنی، گه‌ڕانه‌وه.
له كاتژمێر دوانزه‌ونیو له‌ناو جێگاكه‌یان بون، به‌رله‌وه‌ی بخه‌ون له‌سه‌ر فلیمه‌كه بوو به مشتومڕیان.
– ئه‌و به به‌رده‌وامی ئه‌كته‌رێكی چاكه.
ژنه‌كه وتی: به‌ڵام كۆتاییه‌كه‌ی هه‌ندێك خه‌مناكبو.
– تۆهه‌میشه ده‌گریت
ماچی یه‌كترییان كرد وخه‌وتن.
كاتژمێر دووی ته‌واوی به‌ره‌به‌یانبوو كاتێك پیاوه‌كه به ئاگاهاته‌وه، وه‌ها گومانی برد له ژووری دانیشتنه‌كه‌ی خواره‌وه گوێی له‌ده‌نگێك بووه، دانیشت ومێشكی خۆی كۆكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ چیتر ده‌بیستێ، به‌ته‌نیشتیه‌وه ژنه‌كه‌ی وه‌ك ئاژه‌ڵێكی ماندوو له‌بێده‌نگیدا خه‌وتبوو.
ئێستا ئیدی به‌روونی گوێی له‌ده‌نگێكی مه‌عده‌نی ته‌نك بوو،له‌نێوان چه‌ند چركه‌یه‌كی كه‌میشدا گوێی له‌سرته سرتی دزه‌كان بوو.
له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌دا لێدانه‌كانی دڵی خێراتربوو، دوو ئه‌گه‌ری له‌به‌رده‌مدا بوو، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو ژنه‌كه‌ی به‌خه‌به‌ربێنێ ، دووه‌میشیان ئه‌وه‌بوو یا بێده‌نگبێ یاخود بیكات به ده‌نگه ده‌نگ و سه‌رنجی دزه‌كان بۆ ئه‌وه رابكێشێت كه هێشتا له‌ماڵه‌وه‌یه‌و به‌ئاگایه.
له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند چركه‌یه‌ی كه له‌گومان و بڕیارداندا بوو وای هه‌ستده‌كرد زه‌مه‌ن بێ كۆتاییه، وه‌ها بیریده‌كرده‌وه كه دزه‌كان چاودێریان كردبن و وایان زانیبێ كه كاتێك ئه‌مان رۆشتون ئیدی نه‌هاتونه‌ته‌وه و هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ن.
بڕیاریدا بێ ئه‌وه‌ی بیترسێنێ ژنه‌كه‌ی به‌خه‌به‌ربێنێ.
به‌هێواشی بانگی كرد، ژنه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌كانی له ته‌مومژێكی قوڵه‌وه به‌دیاربكه‌وێـت چاوی هه‌ڵهێنا و به‌گوێیدا چرپاند:
– واده‌زانم له قاتی خواره‌وه دزی لێبێت.
به‌دڵنیاییه‌وه چه‌ندین هۆی شاراوه یاخود ترسی قوڵ وه‌هایان له‌ژن وپیاوه‌كه كردبوو كه‌له‌و تاریكییه‌دا به‌بێده‌نگییه‌كی كوشنده‌وه دابنیشن، وئاگاداربن به‌بێ ئه‌وه‌ی كه له‌شوێنی خۆیاندا بجوڵێن.
هه‌ر له‌و جێگایه‌وه گوێیان له‌ده‌نگه ده‌نگ وپێكه‌نین وچه‌ندین ده‌نگی وه‌ك (ته‌له‌فزیۆن و كه‌وتنه خواره‌وه‌ی قاپ وپه‌رداخ) بوو هه‌روه‌ها گوێیان له‌چه‌ند پیاو وژنێك بوو كه قسه‌یان ده‌كرد.
بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه تاوه‌كو كاتژمێر چواری به‌یانی به‌رده‌وام بوو.
ئیدی له‌و كاته‌دا گوێیان له ده‌نگی كرانه‌وه‌و داخرانی ئه‌و ده‌رگایه بوو كه ده‌كه‌وته سه‌ر شه‌قامه‌كه وده‌نگه‌كانی دیكه‌ش له‌تاریكیدا نه‌مان، ماڵه‌كه‌ش بۆ بێده‌نگییه‌كه‌ی جارانی گه‌ڕایه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند ساتێكیان به‌ووریاییه‌وه تێپه‌ڕاند بریاریاندا بێنه خواره‌وه بێ ئه‌وه‌ی گڵۆپه‌كان پێ بكه‌ن، له‌بێده‌نگییه‌كی قوڵدا وه‌ك دوو نابینا به‌قاڵدرمه‌كاندا هاتنه خوار، گه‌شتنه هۆڵه‌كه‌و رۆشتنه ژووری دانیشتنه‌وه، بۆ ساتێك به‌بێده‌نگی دانیشتن و دواتر گڵۆپه‌كانیان پێكرد.
ژوره‌كه دوكه‌ڵ و بۆنێكی قورسی خواردنی گرتبوو، له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ش ته‌پڵه‌كێكی پڕ له‌قنگه جگه‌ره‌یان بینی، و كتێبێكیش دانرابوو كه كتێبی خۆیان نه‌بوو، له‌لاپه‌ڕه نۆزده‌ی كتێبه‌كه‌دا پارچه نوسراوێكیان به‌جێهێشتبوو.
به‌گرنگییه‌كه‌وه ژنه‌كه پرسی :
– چی تیادایه
– (نازانم چاویلكه‌كه‌م پێ نیه..وه‌ك هێڵكارییه‌ك وه‌هایه) و داینایه‌وه.
تێبینی هیچ شتێكی دیكه‌یان نه‌كرد، بێ ئه‌وه‌ی هیچ قسه‌یه‌كی دیكه بكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌شڵه‌ژاوییه‌وه سه‌یرێكی یه‌كتریان كرد.
له‌چێشتخانه‌كه‌دا چه‌ندین پاشماوه‌ی وه‌ها جێمابوو كه مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، میوانه‌كان به‌ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستكاری شته‌كانیان كردبوو، هێلكه‌یان به‌نانه‌وه خواردبوو، ته‌نانه‌ت تا ئه‌وكاته‌ش رۆنی ناو تاوه‌كه گه‌رمبوو، گڵاسه‌كانیان به‌شه‌راب پیسكردبوو، سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌كه‌شیان كردبوو پڕله‌پاشماوه‌ی خۆراك.
به‌ناره‌زایه‌تیه‌وه ژنه‌كه پرسی:
– ئه‌وه شه‌رابه‌كه‌ی خۆمانه!
گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو جێگا، به‌ڵام خه‌ویان لێ نه‌كه‌وت.
كه رۆژبویه‌وه زۆر به‌وردی قاتی خواره‌وه‌یان بۆ جارێكی دیكه پشكنی بۆئه‌وه‌ی بزانن چی شتێكی دیكه له‌خواردن و خواردنه‌وه دیارنه‌ماوه، له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كان دانیشتن، پیاوه‌كه چاویلكه‌كه‌ی كرده چاوی و كه‌وته هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌كانی كتێبه‌كه.
دواتر كتێبه‌كه‌ی فڕێدایه سه‌ر مێزه‌كه‌و وتی: پێویست ناكات سه‌یری بكه‌م.
دزه‌كان هیچ شتێكیان نه‌بردبوو، نه‌هیچ شتێكی گران به‌هاو نه‌هیچ شتێكی بێ به‌هاش، ته‌نها خواردبویان و خواردبویانه‌وه، و سه‌یری ته‌له‌فزیۆنیان كردبوو، له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ش ئه‌و كتێبه حه‌یابه‌ره‌یان جێهێشتبوو كه هیچ كام له‌ژن و پیاوه‌كه به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت زاتیان نه‌كردبوو فڕێی بده‌نه سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌كه.
بڕیاریاندا خۆیان له ئاڵۆزی و ته‌فسیری بێ سود به‌دووربگرن، پۆلیسیان ئاگادارنه‌كرده‌وه، ته‌نانه‌ت ته‌له‌فونیان بۆ مناڵه‌كانیشیان نه‌كرد،و رووداوه‌كه‌یان به‌نهێنی هێشته‌وه چونكه رووداوه‌كه‌یان تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌زانی.
به‌رله‌وه‌ی خه‌ویان لێبكه‌وێت شه‌وه‌كه‌ی بۆ كاتێكی درێژ قسه‌یان كرد (جاروبار بێده‌نگ ده‌بون چونكه وایان ده‌زانی گوێیان له‌ده‌نگێك بووه)
به‌ڵام له‌هه‌ینی داهاتوودا ئه‌و كاته‌ی له‌ناو جێگادابون هه‌رچه‌نده به ئاگاش بون نه‌یانده‌توانی بخه‌ون، له‌هه‌مان سه‌عاتدا هه‌مان روداو دوباره‌بویه‌وه، میوانه‌كان ئه‌مجاره ده‌نگی ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌یان به‌رزتركرده‌وه، ده‌نگی پێكه‌نینه‌كه‌یان تاده‌هات زیاترده‌بوو، نزیكه‌ی سه‌عات چوار جارێكی دیكه ماڵه‌كه‌یان جێهێشت، ئه‌مجاره فه‌وزایه‌كی زیاتریان دروستكردبوو، چه‌ندین شتیان شكاندبوو، ته‌نانه‌ت پاشماوه‌ی خواردنه‌كه‌یان نه‌كردبووه ناو سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌كه‌وه به‌ڵكو به‌و ناوه‌دا بڵاویانكردبوه‌وه‌و قاپ و گڵاسه‌كانیان به‌پیسی جێهێشتبوو.
ئه‌مجاره له‌بری پارچه كاغه‌ز ده‌نكه شقارته‌یان خستبوه نێوان لاپه‌ڕه 45ی كتێبه‌كه، جگه له‌خواردنه‌كه هیچ شتێكی دیكه ون نه‌بوبو.
جارێكی دیكه‌ش ژن و پیاوه‌كه هیچیان نه‌وت. ئه‌وه‌ی كه ژنه‌كه‌ی زیاتر بێزاركرد نه‌بونی زه‌وق و پاكوخاوێنی و ره‌وشتێكی باشبوو له‌لایه‌ن میوانه‌كانه‌وه.
– ده‌بوو هه‌ندێك زه‌وقیان هه‌بوایه
له‌كاتێكا ئه‌م قسه‌یه‌ی كرد خه‌ریكبو پارچه په‌نیرێكی ده‌خوارد .
وتیشی: چه‌ند بێتام و وشكه!
بۆ چه‌ندین مانگ له‌هه‌موو هه‌ینییه‌كدا و له‌كاتژمێر 2ی به‌یانی میوانه‌كان ده‌هاتنه ماڵه‌كه‌وه، كه به‌ده‌نگه ده‌نگه‌كانیان راهاتبون، ته‌نانه‌ت له‌م دواییه‌دا به ئاسانیش خه‌ویان لێ ده‌كه‌وت.
ئه‌وان ته‌نیا ده‌یانخوارد، سه‌یری ته‌له‌فزیۆنیان ده‌كرد، هه‌مان كتێبیان ده‌خوێنده‌وه، نزیكه‌ی سه‌عات چوار ده‌ڕۆشتن، سه‌لاجه‌و موجه‌میده‌كه‌یان خاڵیده‌كرده‌وه، چێشتخانه‌كه‌یان به‌پیس و پۆخڵی جێده‌هێشت.
ئه‌وه‌ی كه زیاتر ژنه‌كه‌ی بێزارده‌كرد ئه‌وه‌بوو كه به‌شێكی رۆژانی یه‌كشه‌مه‌ی ته‌رخانده‌كرد بۆ پاككردنه‌وه‌و چاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌كه له‌كاتێكا پیاوه‌كه‌ش ده‌رۆشت بۆ نزیكترین دوكان بۆ كڕینی گۆشت و خواردنه‌كانی دیكه.
ئه‌و كاته‌ی كه ناوماڵه‌كه‌ی پاكده‌كرده‌وه نه‌یتوانی سه‌یرێكی كتێبه‌كه نه‌كات، به‌ڵام زۆر به‌خێرایی داینایه‌وه بێ ئه‌وه‌ی شه‌رمبكات.
له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی زه‌مه‌ندا میوانه‌كان ئاهه‌نگه‌كانیان فراوانتر كرد، به‌جۆرێك هه‌موو قاتی خواره‌وه‌ی گرته‌وه، جگه له ژووری میوان و چێشتخانه، ئه‌مجاره حه‌مامه‌كه‌و ژووره بچوكه‌كه‌شیان به‌كارده‌هێنا، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كاته‌كانیان درێژترده‌كرده‌وه و هێنده‌ی تر بێ موبالات و فه‌وزه‌ویی ترده‌بون.
زۆرجاران سه‌عات 8 یان 9 ده‌رۆشتن، به‌ڵام هه‌موو جارێك به‌رله‌وه‌ی ژن وپیاوه‌كه له‌خه‌وهه‌ڵسن.
دوای دوو ساڵ بۆ یه‌كه‌مجار به‌یانییه‌ك میوانه‌كان نه‌هاتن، ژنه‌كه له‌خه‌و هه‌ڵسا،(دڵته‌نگ بوو) كه هیچ ده‌نگێكی نه‌بیست، یه‌كسه‌ر پیاوه‌كه‌ی هه‌ڵساند، بێده‌نگی بێزاری كردبون، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك بڵێت سه‌یرێكی یه‌كترییان كرد.
شه‌وه‌كه‌ی نه‌یانتوانی بۆ ساتێك بخه‌ون، به‌یانییه‌كه‌ی هه‌موو شته‌كان له‌جێگای خۆیاندا بون، ده‌ستكاری هیچ شتێك نه‌كرابوو، قاتی خواره‌وه‌یان به نائومێدی ژێراوژووركرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی نیشانه‌یه‌ك.
له‌و كاته‌وه‌ی میوانه‌كان نه‌هاتن ژن و پیاوه‌كه هیچ هه‌ینییه‌ك خه‌ویان لێنه‌كه‌وت، به‌ڵكو هه‌موو شه‌ویان له‌قاتی خواره‌وه به‌سه‌رده‌برد، ده‌یانخواردو ده‌یانخوارده‌وه، شته‌كانیان پیس ده‌كرد، به‌ده‌نگی به‌رز سه‌یری ته‌له‌فزیونیان ده‌كرد، كتێبه حه‌یابه‌ره‌كه‌یان ده‌خوێنده‌وه و له‌و شوێنه‌ی ده‌وه‌ستان ده‌نكه شقارته‌یان ده‌خسته نێوان په‌ڕه‌كانیه‌وه.
سه‌رچاوه/
* نوسه‌رێكی ئه‌رجه‌نتینیه
رۆژنامه‌ی (الصباح) 29- 4-2007
* له‌ژماره‌ی رۆژی 13-1 پاشكۆی ئه‌ده‌ب وهونه‌ری كوردستانی نوی بڵاوبوه‌ته‌وه