Skip to Content

Tuesday, December 7th, 2021

مێدیتاشونێك بکه‌ له‌ پایزدا!……..ڕێنماییه‌کانی عه‌بدوڵا تۆفیق

Be First!
by November 8, 2008 گشتی

  
 مێدیتاشونێك بکه‌ له‌ پایزدا!
 
 ڕێنماییه‌کانی عه‌بدوڵا تۆفیق

 
 
 وه‌رزی پایز هه‌روه‌ك هه‌ر وه‌رزێکی تر جوانییه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ری خۆی هه‌یه، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤ ده‌توانێت خۆشییه‌ك به‌ ده‌روون و ڕۆحی خۆی بدات. ئه‌گه‌رچی  وه‌رزی پایز وه‌رزی خۆ ڕووتاندنه‌وه‌ی دره‌خته‌کان و گه‌ڵا وه‌رینه‌و هاتنی هه‌ورو کزه‌ سه‌رمایه، ئه‌مانه‌و ئه‌و ژینگه‌ خۆڵه‌مێشی و زه‌رده‌ی که‌ به‌ ده‌ورووبه‌رمان ئه‌دات. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ئێمه‌ ده‌توانین له‌زه‌ویدا جوانترین و دڵ ئارامترین ڕه‌نگ بدۆزینه‌وه‌ له‌بن ئه‌و دره‌ختانه‌ی که‌ وا هێدی هێدی گه‌ڵا سه‌وزو سوره‌ زه‌ردباوه‌کانیان لێده‌که‌وێته‌ خواره‌وه. ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت که‌ ئه‌وگه‌ڵایانه‌ی که‌ هه‌ڵده‌وه‌رێن و له‌سه‌ر زه‌وی دامێننه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك، سودێکی زۆر به‌ ژینگه‌ ده‌ده‌ن و ئێمه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ باشترو پاكترهه‌ناسه‌ ده‌ده‌ین و ته‌ندروستیمان باشتر ده‌بێت.
 به‌داخه‌وه‌ زۆرێک له‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ی کردوه به‌‌ خوو که‌ له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی پایزدا جۆرێك له‌ نا ڕێکوپێکی له‌ بیرکردنه‌وه‌و هه‌ست و ته‌ندروستیدا به‌دی ده‌کرێت و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ وه‌رزی پایز وه‌رزی په‌ستی و گۆشه‌گیریه بۆ مرۆڤ.
  ئه‌گه‌رئێمه‌ بمانه‌وێت ڕێگا بگرین له‌ هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی که‌ ده‌بێته‌ هۆی تێکدانی به‌لانسی ده‌روونمان و نه‌‌هێڵێت که‌ سود له‌ ته‌واوی ساته‌کانی ژیانمان وه‌ربگرین و هارمۆنیمان بشێوێنێت، ئه‌وا ئێمه‌ ده‌بێت بۆ زیاتر به‌هێزکردنی ده‌روونمان ئه‌م جۆره‌ بۆچوونانه‌ش بگۆڕین که‌ هه‌ندێ جار له‌ ناخماندا سه‌ر هه‌ڵده‌دات. ئه‌گه‌ر به‌ئاگابین که‌ ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ چۆن و بۆچی له‌ نائاگایماندا ماوه‌ته‌وه‌و له‌ پایزدا به‌زاقی ده‌رده‌که‌وێت به‌ ڕوخسارو ده‌روونمانه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ ته‌نها ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ فێری بوین به‌هۆی بیستن و گوێگرتنمانه له‌ خه‌ڵکی که‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ که‌ پایزان مرۆڤ په‌ست و بێزار ده‌بێت. هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ له‌ نائاگایماندا ماوه‌ته‌وه‌و ئێمه‌ش بڕوامان به‌وه‌ هێناوه‌ و به‌ ئاسانترین شێوه‌ تووشی نه‌خۆشی ده‌بین و په‌ست و بێزار ده‌رئه‌که‌وین له‌به‌ر ئه‌و سیگناڵانه‌ی که‌ به‌خۆمانی ئه‌ده‌ین.
 که‌وابوو پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ سه‌ر له‌ نوێ مێشکمان ڕابهێنینه‌وه‌ به‌وه‌ی که‌ سود له‌ جوانیه‌که‌ی وه‌ربگرین و بیرو بۆچونمان بگۆڕین به‌ باشتر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی ته‌مه‌نمان ساڵانه‌ به‌ ته‌ندروستیه‌کی باشه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌رین.ئه‌م ڕێنمایه‌م تاقی بکه‌ره‌وه‌ و به‌م شێوه‌یه:
 له‌ ڕۆژێکی ئه‌م پایزه‌دا، سه‌ر له‌ به‌یانیه‌ك یان ده‌مه‌و ئێوارانێك‌‌ 15-20 خوله‌ك به‌ خۆت بده‌ و به‌ته‌نها پیاسه‌یه‌ك بکه‌ له‌ شوێنێکدا که‌ له‌وێدا له‌بن دره‌خته‌کاندا گه‌ڵاکان به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی زۆرجوان به‌سه‌ر یه‌کتردا که‌وتون. به‌ هه‌ناسه‌یه‌کی قوڵی پڕ له‌ سیه‌کانت ده‌ست پێبکه‌ و بڵێ ده‌چم له‌م ڕۆژی پایزه‌دا هه‌ست به‌ جوانیاکانی سروشت بکه‌م، وه‌ ده‌مه‌وێت درك به‌ شتی تازه‌ بکه‌م که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ئارامبم و له‌ش و ده‌روونم به‌هێزتر بێت له‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌خۆشی.
 ته‌واوی چه‌قی قورسایت/ ته‌رکیزت بخه‌ره‌ سه‌ر ده‌وروبه‌رت و زۆرترین گه‌ڵا و ڕه‌نگ ببینه‌و هه‌مو هه‌سته‌کانت (بینین، بیستن، تام، به‌رکه‌وتن، بۆن و هه‌ستیتر) بخه‌ره‌ کار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا بژیت (له‌و کاته‌دا که‌تۆی تیایه). ئه‌و کاته‌ی که‌ پێ به‌ زه‌ویدا ده‌نێیت وا هه‌ست بکه‌ که‌ پێت زه‌وی ماچ ده‌کات و تۆ به‌ته‌واوی له‌ گه‌ڵ له‌شی خۆتدا هه‌ست به‌نزیکی ده‌که‌یت و زیاتر هه‌ست به‌ بوونی خۆت ئه‌که‌یت. تۆ به‌ هۆی ئه‌و هه‌سته‌ خۆشانه‌ته‌وه‌ ده‌روونت به‌هێزتر ده‌بێت و مێشکت ده‌کرێته‌وه‌ به‌ ڕووی گه‌شه‌کردنێکی باشتردا. ئه‌مانه‌و له‌ هه‌مووشیان گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆ هه‌ست به‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ ئه‌که‌یت که‌ چۆن مێشکتیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌ به‌وه‌ی که‌ نه‌تتوانیوه‌ خۆشی و جوانی وه‌رزی پایز هه‌ست پێبکه‌یت.
 پایز جوانه‌ و ئه‌و ساتانه‌ له‌ ده‌ست خۆت مه‌ده‌و هه‌مو ڕۆژێکت له‌ پیاسه‌کردنا بکه‌ به‌ مێدیتاشون و ڕۆژانه‌ شتێکی نوێ هه‌ست پێبکه‌ به‌ هۆی ئه‌و مێدیتاشونه‌ی که‌ پێی هه‌ڵده‌ستیت.
 
 سه‌رکه‌وتوبن………
 
 
 له‌ ڕێنمایه‌کانی عه‌بدوڵا تۆفیق
 پسپۆڕی ڕاهێنانه‌ ده‌روونییه‌کان
 سوید 
  
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply