Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مەحزونتر لە گریان .. بێدەنگتر لە مەرگ…..ئارام شوانی

مەحزونتر لە گریان .. بێدەنگتر لە مەرگ…..ئارام شوانی

Closed
by January 26, 2009 ئەدەب

 مەحزونتر لە گریان .. بێدەنگتر لە مەرگ
 ئارام شوانی

 بازاڕەكان خاڵین لە مردن
 ئەم ئێوارەیە من بە تەنیا دەگەڕێمەوە
 دەرگاكەت دامەخە لێم
 بۆنی سەفەر كۆڵانەكەی تەنیومو
 گریان یەخەی مەعشوقەكەت بەرنادات
 ئەمشەو گوێ لە گۆرانیەكی دیكە بگرە
 ژیان وا لە باوەشی قەرەجێكدا خەون دەبینێ
 بەس سۆراغی مەرگ بكە ..
 ژیان كەمانچەكەی دەستی شكاوەو
 خەون بە ئاوازێكی دیكەوە دەبینێ ..
 تۆیش " لە حەسرەت نەهاتنی مردندا بمرە" ..
 ژیان دەتكوژێو ئەو مردنە هەر نایات
 مردن دێتو تۆ لێرەنیت ..
 شوێن پێیەكەت لەسەر سنگی حەوشەكەت بسڕەوە
 ئێمە خەون بە گۆڕستانێكەوە دەبینین تۆ لەوێ نیت ..
 دوایین وەسیەتت تەواو بكە
  ژیان وا لێرەیە ..
 مردن وا بەدیار ئێوارەیەكی دیكەی فیردەوسەوە
 خەونەكانی ئێرەت دەژمێرێت ..
 كزەی مەرگێك هەڵی كردووەو
 ماڵەكانی شاریش لە گۆڕ دەچن ..
 ئێمەیش واین لە دەوارێكی غەریبدا
 تك تك خەونەكانمان هەڵچۆڕا ..
 خەونی مەرگێك هەڵی گرتووینو
 پەیكەرەكانی شاریش
 ویردی سەفەر تەواو ناكەن ..
 چەند ئەستەمە تەئویلی ئەو خەونانەی
 كە بەر لە منداڵی دەمان بینین ..
 چەنەد لە توڕەیی ئێوارەیەك دەترسم
 كە بەدیار تەرمی منەوە
 فاتیحای ئاوابوونی دەخوێنێت ..
 ئاوابوون والێرەیەو
 ئێرە نزیكە لە ئاوابوون ..
 چەند لە توڕەیی ئێوارەیەك دەترسم
 كە تەرمی منو مانگ لە گۆڕێك دەنێت ..
 ئێوارەیەكی بێدەنگ
 نیشتمانێكی حەزین
 خەندەیەك شك نابەم بۆ ڕەنگی تابلۆیەكم
 جوانتر لە تەنیاییو
 مەحزونتر لە گریانو
 بێدەنگتر لە مەرگ .. ئەی تۆ بۆ كوێ دەچیت؟
 سیمام رەنگی ئەو مەغریبەی گرتووە
 كە تەنیایی شۆستەیەكم تێدا ناسی ..
 دایكم بەر لە مردنی .. هەموو شەوێك دەڵَێت:
 "ئای لە غروبی نێو ئەم گۆڕستانە
 خۆ كێلەكانی لە دەرگای حەوشەكەی ئێمە دەچن" ..
 حەوشەكەمان لە گۆڕستان دەچێتو
 گۆڕستانەكەیش دوور تر لە ماڵی ئێمە ..
 باوكم دەڵێت:
 " گریان قەدەری پیاسەكانی نێو نیشتمانە
 ئەم سەفەرەت نایەڵێ ماندوویی جەستەم بەرداتو
 ئەم شەو دەرگاكەم بكەمەوە
 هەرچیم بینی لەم پەنجەرەیەوە
 لە ڕێگەی گۆڕسانێكدا لێم ونبوو
 كە تەرمی منو دایكتی تێدا نێژرا " .. 
 ئای دایكە
 نیشتمانێكی چەند عەیارە
 كە ئێواران تەنیایی كۆدەكەنەوە
 كۆڵانێك هاوار دەكات:
 "دەرگاكانتان دامەخەن
 ئەمشەو بێكەسی دەمكوژێت
 سنگم رایەختانە بۆ پیاسەی نێو خەونەكانتان" ..
 بەر لەوەی من بمرم تابلۆیەك
  لە نزیك گۆڕەكەی خۆمەوە هەڵواسرابوو
 لە دێڕی یەكەمیدا نووسرابوو:
 "ئەرێ ئەوە رەنگی منە بەسەر شۆستەیەكەوە بەجێماوە
 یا پێكەنینی شێتەكانی نیشتمانە بە هەردووكمان؟ ..
 ئای خودایە ..
 خودایە ئەم گەمەی منداڵییەمان دۆڕاند
 مەهێڵە دۆزەخ ببێت بەنسیبمان
 خەوێكی ژێر تریفەكانی بەرزەخمان بەسە" ..
 لە دوایین دێڕی بەر لە كۆتاییدا نووسرابوو:
 " تۆ دەرگاكەت لە ترسی سەفەر دادەخەیتو
 منیش لە مردن توڕەترم"
 تەرمی ئەم هەموو قەسیدانە بۆ كوێ بەرین
 نە مردن شك دەبەینو
 نەدەبینە میوانی ژیان ..
 نە ژیان شك دەبەینو
 نە میوانداری مردنیشمان پێدەكرێت ..
 خۆ ڕەنگە مردن نەیەڵێ گۆرانیەكی دیكە بڵێین
 یا ڕەنگە گۆرانیەكی دیكەمان نەمابێت بۆ ژیان ..
 داخۆ بەر لە هەڵوەرینێكی تر
 فریای چنینەوەی ئەم هەموو حوزنە دەكەوین؟
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.