Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

نائومێد ….. حه‌سه‌ن مسته‌فا

Be First!
by December 23, 2010 چیرۆک

كورته‌ چیرۆك

 بۆ ئه‌م سه‌ره‌مانگه‌ش، كه‌ به‌سه‌ره‌مانگی پێشمه‌رگه‌كان به‌ناوبانگبوو، هه‌ندێكجار له‌ چل ڕۆژیشی ره‌تده‌دا. هه‌ریه‌كه‌ی داواكاریێكی لێ‌ هه‌بوو.. وه‌لێ‌ ئه‌وه‌ی له‌هه‌مووان زیاتر خه‌مباری كرد داواكاریی كچه‌كه‌ی بوو بۆ كڕینی مه‌لزه‌مه‌ی فیزیا ‌و بیركاری له‌گه‌ڵ كاله‌یه‌كی سپی، كه‌ ست چلوره‌ به‌ رق ‌و توڕه‌یێكی زۆره‌وه‌ داوای له‌ هه‌موو خوێندكاره‌كان كردبوو: به‌یانی هه‌مووتان به‌ كاله‌ی سپی بێنه‌وه‌  ئه‌گینا كه‌ستان پێنانێته‌ نێو ئه‌مدیوه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌.. كوڕه‌كانیشی هه‌ر یه‌كه‌ی به‌جۆرێك داواكارییه‌كانی خۆیان پێڕاگه‌یاند، كه‌چی خه‌یاڵی ئه‌و زیاتر نیشته‌ سه‌ر داواكارییه‌كانی كه‌ژاڵ…له‌م گێژاوه‌دا، كه‌ تژی بوو له‌ ده‌نگی داواكارییه‌كان ‌و لێوانلێوبوو له‌ خه‌می كه‌می پاره‌ی به‌رده‌ست، خه‌یاڵ بردیه‌وه‌‌و به‌م روخساره‌ شپرزه‌وه‌، بێویستی خۆی دوو فرمێسكی گه‌وره‌ له‌ به‌نده‌ری قونیچكه‌ی چاوه‌كانی نیشتنه‌وه‌، به‌ده‌م رامانێكی قووڵ‌و دڵێكی پڕ له‌ راڕاییه‌وه‌ تا نزیكی به‌ره‌به‌یان خه‌و نه‌چووه‌ چاوه‌كانی. هه‌ر كه‌ سپێده‌ داهات، ته‌نوره‌ قاوه‌یه‌كه‌‌و كراسه‌ بۆره‌كه‌ی كردنه‌به‌ر‌و به‌هه‌نگاوه‌ لاره‌كانی پێچه‌كانی كۆڵانی بڕین‌و گه‌یشته‌ سه‌ر جاده‌ی سه‌ره‌كی، له‌وانه‌یه‌ ده‌ شوفێری تاكسی هۆڕنی بۆ لێدابێ‌‌و ئه‌قڵی نه‌گرتبێ‌ له‌گه‌ڵ هیچ كامێكیان سه‌ركه‌وێ‌، ئه‌و زیاتر باوه‌ڕی به‌و شوفێرانه‌بوو كه‌ ئۆتۆمۆبیله‌كه‌یان زۆر شه‌ق‌و شڕه‌، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یگوت: ئه‌وانه‌ زیاتر به‌دوای كه‌سبَتی خۆیان ده‌كه‌ون. به‌ڵام له‌به‌ر گرانیی نرخی هاتوچۆی تاكسییه‌كان ده‌ستی بۆهیچیان رانه‌گرت ‌و ملی رێگاكه‌ی گرته‌به‌ر…له‌وبه‌ری جاده‌كه‌، له‌ كازینۆی هه‌واری خامۆشان گۆرانی( له‌پاش مه‌رگم) ی مشكۆ له‌ سپێكه‌رێكی گه‌وره‌ ده‌رده‌هات ‌و به‌ ئاسانی ده‌نگی ده‌گه‌یشته‌ ئه‌مبه‌ره‌ی جاده‌كه‌، ئه‌و گۆرانییه‌ هاته‌ سه‌روه‌ختی ره‌یحان ‌و باڵی به‌سه‌ر باره‌ خه‌مبارییه‌كه‌یدا كێشا ‌و تاده‌هات ته‌مێكی ته‌نكی خه‌ماوی ته‌واوی روخساری داده‌پۆشی.. ئه‌و رێبواره‌ خه‌مناكه‌ی بۆ نێو خه‌یاڵێكی قوڵ كێشكرد. خه‌یاڵێك كه‌ ماندووبوون‌و شه‌ونخوونی قوڕستری كردبوو، خه‌یاڵێك كێشی كرد بۆ  نێو ئه‌و خه‌مه‌ گرانه‌ی ده‌ستلێكبه‌ردانی له‌گه‌ڵ سه‌رداری نانه‌وا، ئه‌و رۆژانه‌ی بیركه‌وتنه‌وه‌ كه‌ رێژه‌ی سووتانی له‌شی رۆژبه‌ڕۆژ نزیكی ده‌كرده‌وه‌ له‌مه‌رگ. سه‌رداری بیرهاته‌وه‌ له‌ژێر مه‌لافه‌یه‌كی ته‌نك ڕاكشابوو جارجار بزه‌یه‌كی زۆر به‌ ئازاری بۆ ده‌كرد‌و هه‌موو جارێكیش جه‌ختی له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌پاش مه‌رگی من زۆر ئاگاداری مناڵه‌كان بێت به‌ تایبه‌ت كه‌ژاڵ، چونكه‌ ئه‌و زۆر به‌كه‌لكت دێت..یان ره‌نگبێ‌ ئه‌و زیاتر له‌خۆی چووبێ‌، بۆیه‌ وای پێگوتبێ‌.. تا ده‌هات روخساری  گرژ ‌و خه‌مبارتر ده‌بوو. له‌پاش مه‌رگی سه‌رداری هاوسه‌ری زۆرجار مردنی به‌ ئاوات ده‌خواست، چونكه‌ هه‌ر به‌گه‌نجی ناوبانگی عه‌شقی ئه‌وان به‌گوێی هه‌موو ئه‌وانه‌ گه‌یشتبوو، كه‌ تامه‌زرۆی ئه‌م جۆره‌ هه‌واڵانه‌ن… كه‌ژاڵیش به‌رهه‌می ئه‌و عه‌شقه‌ ناكامه‌ی نێوان خۆی ‌و سه‌رداربوو. بۆیه‌ هیچ سێ‌ ‌و دووی لێنه‌كرد ‌و یه‌كه‌م كاری ئه‌مڕۆژه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م مه‌لزه‌مانه‌ ‌و كاله‌سپییه‌كه‌بوو، كه‌ ئه‌و داوای كردبوون، به‌ڵام خه‌می كورتهێنانی پاره‌كه‌ له‌لایه‌ك ‌و كێشه‌ی گورچیله‌ نه‌خۆشه‌كانی، ناوبه‌ناو ره‌نگه‌ ئه‌سمه‌ره‌كه‌یان ره‌ش ‌و پوت داده‌گه‌ڕاند، ئه‌وه‌نده‌ ماندوو ‌و شپرزه‌یان ده‌كرد ، كه‌ كاری له‌ شێوانی رۆیشتنی كردبوو، ته‌واو له‌و سه‌رمه‌ستانه‌ ده‌چوو، كه‌ شه‌وان تا دره‌نگ به‌ نۆشینی عه‌ره‌قه‌وه‌ به‌سه‌رده‌به‌ن ‌و دواتر به‌ هه‌نگاوی لار ئه‌ملاو ئه‌ولای رێگا ده‌بڕن تاده‌گه‌نه‌ ماشێنه‌كانیان یان هه‌روا به‌لاره‌لار ده‌ڕۆن تا ده‌گه‌نه‌وه‌ ماڵه‌وه‌… ئه‌و  ئه‌وده‌مانه‌ هه‌نگاوه‌كانی راست ده‌بوونه‌وه‌ كه‌ هۆڕنی ماشێنێك یان نیگای پڕ له‌ گومانی رێبوارێك به‌ئاگای دێنایه‌وه‌، كه‌ له‌سه‌رخۆنیت ره‌یحان، چیت به‌سه‌رهاتووه‌؟ هه‌روا له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كه‌وته‌ گفتوگۆ: خه‌می چیته‌ ئه‌وه‌ نیه‌ پاره‌ت پێیه‌ ‌و ده‌ڕۆیت تا له‌مسه‌ره‌وه‌ كه‌ گه‌ڕایته‌وه‌ دڵی كه‌ژاڵ شاد كه‌یت، ئه‌و كچه‌ به‌دبه‌خته‌ی كه‌وا زۆر خۆشه‌ویست بوو له‌لای باوكییه‌وه‌. ده‌یه‌ویست به‌بێ‌ بیركردنه‌وه‌ رێگاكه‌ ببڕێت، به‌ڵام له‌بیر خۆی ده‌چووه‌وه‌ ‌و دیسان زه‌نگێكی تری ناوه‌خت له‌ خه‌یاڵێكی تر دایده‌بڕاند…له‌دوای كۆچكردنی سه‌ردار ته‌واو ببووه‌ مرۆڤێكی خه‌یاڵاوی. نازانم ئه‌مانه‌ خه‌یاڵ بوون یان راچوون له‌ خه‌می قوڵ ..خه‌می به‌ده‌ستهێنانی بژێوی ژیان  له‌ كه‌شێك كه‌ پڕه‌ له‌ كه‌لبه‌ی ئه‌و گورگانه‌ی زۆر برسیترن له‌وه‌ی مرۆڤ پێشبینی ده‌كات. ئه‌و كه‌ ئێستا ره‌نگبێ‌ بای داواكارییه‌كان پاره‌ی له‌ مشتدابێت خۆی به‌ به‌خته‌وه‌رتر ده‌زانێ‌ له‌چاو زۆرێك له‌وانه‌ی كه‌ ئه‌یانناسێ‌..  ئه‌و پارانه‌ی به‌ نانكردنی ماڵان یان نانكردن بۆ  ئه‌و باره‌گایه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان داندرابوو، كه‌ بیست پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌وێ‌ ئێشكیان تیاده‌گرت كۆی كردبووه‌وه‌ ‌و خستبوویه‌ نێو جزدانه‌ زنجیربه‌نده‌كه‌ی ‌و  توند له‌نێو مشتی گرتبوو. دوای گه‌یشتنی به‌ بازاڕی باته‌ ‌و هه‌روه‌ها  شوێنی فرۆشتنی مه‌لزه‌مه‌كان ‌و سه‌وداكردنیان ‌و كڕینیان، به‌هه‌مان رێگا  به‌سه‌ر ئه‌و جاده‌باریكه‌ی كه‌ باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌كانی لێكتر جوێ‌ ده‌كردنه‌وه‌، ئه‌و باڵاخانانه‌ی به‌شێكیان بۆ كلینیكی پزیشكی له‌لایه‌ن هه‌ندێك ده‌وڵه‌مه‌ندی شاره‌كه‌ دروستكرابوون گه‌ڕایه‌وه‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی سیمای شاری ناشیرینكردبوو  ‌و كاری له‌ ناوبانگی شاریش كردبوو به‌هۆی ته‌جاوزاتی زۆر ‌و كۆڵانه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌كانی كه‌ نه‌خشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ به‌ده‌ستی چه‌ند غه‌وااره‌یه‌ك كێشرابوو، له‌سه‌ر رێگای خۆیشی لای عیاده‌یه‌كی لاكۆڵان كه‌ مامۆستایه‌ك ده‌رمانی تێدا ده‌فرۆشت، حه‌بێكی ئازارشكێنی كڕی ‌و گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ تا كاله‌كه‌ ‌و مه‌لزه‌مه‌كان بداته‌ ده‌ستی كچه‌ تاقانه‌كه‌ی ‌ودڵی خۆش بكات. ئه‌و رۆژه‌ نه‌یتوانی بچێ‌ به‌لای سۆبه‌ عه‌لادینه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ چێشتی له‌سه‌ر لێده‌نا، چونكه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند نانێكی گه‌نمی باره‌گاكه‌ هیچ دانێكی له‌ ماڵه‌كه‌یدا شك نه‌ده‌برد. بۆیه‌ له‌سوچێكی هۆده‌كه‌دا سه‌ری خسته‌ نێو كۆشی ‌و تێر بۆ به‌ختی خۆی گریا.

 

Previous
Next

Leave a Reply