Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

نامەیەک لە کاروان عومەر کاکەسوور و دلۆڤان محەمەد سەرسپییەوە بۆ خەڵکی هەولێر

Be First!

ئەمڕۆ هەواڵی ئێوەمان پێ گەیشت، کە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و بە ڕووی گەندەڵی و ناعەدالەتی ناڕەزاییتان دەربڕیوە. بە ڕاستی ئەمە مایەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە. بەو هەڵوێستەتان ئێمەتان بۆ سەرەتای هەشتاکان گەڕاندەوە، کە ئەوسا قوتابی بووین لە دواناوەندیی ڕزگاری، کاتێ شان بە شانی هاوڕێیەکانمان لە ئاستی چەوسانەوەدا ڕاپەڕین. ڕاستە ئەم سەردەمەی ئێستا سەردەمی بەعس نییە، بەڵام چەوسانەوە هەر چەوسانەوەیە و هیچ شوناسێکی نییە. ڕەنگە ئێوە بزانن، کە ڕزگاری لە هەموو سەردەمەکاندا هەر پێشەنگی یاخیبوون بووە. ئەوا زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بە سەر ئەو ساڵانەدا تێدەپەڕێت، کە ئێمەی قوتابیانی ڕزگاری بە پاڵپشتی قوتابیانی زانکۆی سەلاحەدین، کە کچان و کوڕانی سلێمانی، کەرکووک، خانەقین و شارەکانی تر بوون، بەستەڵەکی بێدەنگیمان شکاند و بە دەم وتنی سروودە قەدەغەکراوەکان و درووشمە ئازادیخوازەکانەوە ڕووبەڕووی دڕندەترین ڕژێم بووینەوە، کە ڕژێمی بەعس بوو. بەڵێ، دوای چەند ساڵ بێدەنگی، جارێکی تر گوێچکەی شارمان بە هاواری خۆمان هەژاند و وزەمان بە بەر هەموو ئەو کچ و کوڕە یاخییانەدا خستەوە، کە چاوەڕێی هاوارێکی لەم شێوەیە بوون، تاکو تێکڕایان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
خۆشەویستان! ئەوا ئێمە لەو دوورەوە گوێمان لە هاواری ئێوەیە، چونکە ئەو دەنگەی دژی چەوسانەوە و گەندەڵی بەرز بکرێتەوە، دەنگدانەوەی گەورەی دەبێت و لە هەموو دنیا دەبیسترێت. ئەمە هەمان ئەو دەنگەیە، کە ئێمەی قوتابیانی ڕزگاری دەرمانبڕی و گوێچکەی دنیامان پێ لەراندەوە. هەتا ئێستایش ئێمە نازانین ئەو نهێنییە لە کوێ خۆیی حەشار داوە، کە بۆچی ڕزگاری ناتوانێت زوڵمی هیچ حزب و لایەنێک قەبووڵ بکات و هەرگیز ترسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستەڵاتداران نییە، ئینجا ئەو دەستەڵاتدارانە هەر ڕەنگ و شێوەیەکیان هەبێت… نەخێر، ئێمە تاکو ئێستایش لەو نهێنییە تێنەگەیشتووین و وەک مەتەڵێک لامان ماوەتەوە. لەوە دەچێت ئێوەی خەڵکی چەوساوەی هەولێر لە هەوڵی ئەوەدا بن ئەو مەتەڵە بۆ خۆتان و بۆ ئێمەیش هەڵبهێنن، چونکە ڕزگاری قوتابخانەی کوڕانی ئێوەیە، وەک چۆن گەلاوێژیش قوتابخانەی کچەکانتانە، کە هەر ئەوسا شان بە شانی ڕزگاری ڕاپەڕی. ئەوا ئێمە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە ڕزگاریمان جێ هێشتووە، بەڵام هەمیشە خۆمان بە قوتابیی ئەو قوتابخانەیە دەزانین، کە وانەی یاخیبوونمان تێدا خوێند و لەوێ فێری گیانی بەرەنگاربوونەوە بووین. ئەوەندە هەیە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هەواڵەی ئێوەدا هەر بە ڕاستی وا دەزانین وەک جاران کتێبەکانمان لەژێر هەنگڵمان ناوە و بە دەم گاڵتە و قسەی خۆشەوە بەرەو قوتابخانە دەچین. خۆتان دەزانن قوتابیی ڕزگاری بە قسەخۆش ناسراوە. ئێمە تەنانەت لەو کاتەی سنگمان بەر گوللە دەدا، وازمان لە پێکەنین و نوکتە نەدەهێنا. هاوڕێیانی ئێمە لە زیندانی بەعس هێندەیان نوکتە هێنابووەوە، کە دەتوت لە سینەما و شانۆگەریی کۆمیدی گەڕاونەتەوە. ئەمەیش لۆژیکە، کە مرۆڤی یاخی لەبەر ئەوە نییە سنگی دەداتە بەر گوللە، کە ژیانی خۆش ناوێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە خۆشەویستیی ژیان پاڵی پێوە دەنێت ڕووبەڕووی هەر بەربەستێک ببێتەوە، کە ڕێگای بەردەوامیی لێ دەگرێت. زۆر جار بە خۆمانمان وتووە تۆ بڵێی جارێکی تر ئێمە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت، بگەڕێینەوە ڕزگاری و بۆ سەردەمی یاخیبوونی هەشتاکان، هاوکات زانیومانە ئەمە تەنیا خەونە، بەڵام ئێوە ئەمڕۆ سەردەمی گەنجێتیی ئێمەتان گەڕاندەوە و بە ڕاستی لە دڵتان چەسپاندین هێشتا ئەو قوتابخانەیەمان جێ نەهێشتووە. بۆچی جێی بهێڵین، ئەگەر هێشتا ستەم و ناعەدالەتی هەموو ماڵێکی سەیداوە، باداوا، تەیراوە، کووران، تەعجیل، مەنتکاوە، سێتاقان، گڵکەند، شۆڕش، ڕووناکی و سەرتاپای شاری گرتبێتەوە؟ بۆچی جێی بهێڵین، ئەگەر سەرۆکجاش، ئەنفالچی و بکوژی هاوڕێیەکانمان لەسەر حسابی خەڵکی ستەمدیدە، خانەوادەی گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی چاکترین ژیانیان بۆ دابین کرابێت؟ بۆچی جێی بهێڵین، ئەگەر پیرە پەککەوتووەکان بڕیاری ژیانی کچ و کوڕە گەنجەکانمان بدەن و کەمترین ئازادییان پێ ڕەوا نەبینن؟ بەڵێ، جێی دەهێڵین، بۆ ئەوەی بچینە سەر شەقامەکان و لەگەڵ ئێوە دەنگی ناڕەزاییمان بەرز بکەینەوە. بەڵێ، هەر بەو پێکەنین و بزەیەی پێی ڕاهاتووین و لێمان جیا نابنەوە، داخوازییەکانمان ڕاشکاوانە دەخەینە ڕوو، بێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببەین. ئێمە کاتێ پەنا بۆ توندوتیژی نابەین و دەست بە شێوازی ئاشتییانەوە دەگرین، لە ترسان نییە، چونکە ئێمە هەر دووکمان قوتابیی ڕزگاریین و قوتابیی ڕزگارییش هەرگیز ترسی لە هیچ هێزێک نییە، بەڵکو لەبەر باوەڕبوونمانە بە پرینسێپەکانی ژیانی نوێ. ئێمە وەک چۆن لە هەشتاکان لەگەڵ هاوڕێیانمان پەیامی ژیانێکی نوێ و سیستەمێکی نوێی بیرکردنەوەمان گەیاند، ئێستایش بە هەمان شێوە پەیامێکی دیکەی نوێ دەگەیەنین، کە دوورە لە توندوتیژی، چونکە باوەڕمان وایە زمانیش لەپاڵ سیستەمەکانی تری کۆمەڵگا لەژێر دەستەڵاتی حزبدا تووشی گەندەڵی بووە و ئێمە ئەو زمانەیش لە گەندەڵی پاک دەکەینەوە، بەو مەبەستەی زمانێکی جیاواز بۆ قۆناغێکی جیاواز بهێنین. مەگەر ئێمە قوتابیی ڕزگاری نین؟

Previous
Next

Leave a Reply