Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نزیكترین هاوڕێم لە دوورترین وڵات، كاك یوسف عیزەدین..

نزیكترین هاوڕێم لە دوورترین وڵات، كاك یوسف عیزەدین..

Closed
by November 2, 2008 ئەدەب

 نامەیەكى (كۆشان عەلى)  بۆ (یوسف عیزەدین) *
 
 نزیكترین هاوڕێم لە دوورترین وڵات، كاك یوسف عیزەدین..
 سڵاوتان لێبێت..

 
 ئێستا كە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، زۆر بەخۆشحاڵیەوە دەمەوآ ئەوەت پآ بڵێم، كە توانیم سەرجەمى ڕۆمانە جوانەكەتان بخوێنمەوە..
 هاوڕآى ئازیزم..
 ئەو ڕۆژە ئیمەیلەكەتم بینى، بەرلەوەى ئیمەیلەكەت بخوێنمەوەو ئەو دێڕەى كاك دلاوەر قەرەداغى ببینم كە نووسیبووى (تا ئێستا هیچ دەقێكى لەم شێوە بەزمانى كوردى نەنوسراوە)، ئەوا منیش لەگەڵ خوێندنەوەى چەند لاپەڕەى سەرەتاى ڕۆمانەكەتدا ئەو هەستەم بۆ دروست بوو بوو، هەرچەند نەدەبوو پێش وەخت ئەو بڕیارەم دابایە. بەڵام لەگەڵ گەیشتن بە دوا دێڕەكانى ڕۆمانەكەت، بآ هیچ موجامەلەیەك گەیشتمە ئەو قەناعەتەى كە ئەم ڕۆمانەى تۆ (یەكەم ئەزموونى سۆفیگەرى)یە، (بەم شێوە نووسینەى ڕۆمانەكەت، بەڕێزت ئەتوانم بڵێم یەكەم ئەزموونى سۆفیگەریت خستە سەر كاغەز بەزمانى شیرینى كوردى).. لەوانەیە بپرسیت بۆ؟ وە چۆن؟
 هاوڕێم، ئەو هەموو لە سنوور دەرچوونەى لە ڕۆمانەكەدا هەیە، هەر لە باس كردنى (ئیبلیس)ەوە، لە (دەنگێكى غەیبى) كە خوێنەر زۆر گومانى ئەوە دەكات (دەنگى خودا)بێت، هەر لە بێدەنگى تەواوى دانیشتووانى ئەو شارەوە تا بەشێكى زۆرى ترى ڕۆمانەكە من واى تێگەیشتووم كە هەوڵێكى زۆر نمونەییە، هەوڵێكە بۆ دەرچوون لە هەموو تەقلیدگەراییەك و ڕووبەڕوو بوونەوەى ئەوەى مرۆڤى ئێمە لە پاشخانى خۆیدا وێناى كێشاوە! كە بەشێكى سۆفیگەریش ڕووبەڕووبوونەوەى سیستمەكانە، ئەو شتانەیە كە كە تێكستەكان دەىسەلمێنن.. بەڵام چەند لەگەڵ ئەو سۆفیگەریەى تۆدا هاوڕام، لێرەدا ئەمە شوێنى قسەلەسەركردن نیە.
 ئەم ڕۆمانە لەیەك كاتدا هەم خەیاڵەو هەم واقیع.. لەیەك كاتدا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت ئەمەى ئێستا هەیە خەیاڵەو دەشێت ئەوەى خەیاڵیش بێت واقیع بێت. بەڕاستى كەم نوسەر هەن تواناى ئەو جۆرە وێناكردنەیان هەبێت، بەتایبەت بەشێوەیەك كە تەێویرى واقیعەكە بكەن وەكو چۆن تۆ كردووتە. زۆرجار لە ڕۆمانەكەتدا تەنها تەێویر ناكەیت، بەڵكو خوێنەریش ڕادەكێشیتە ناو نوسینەكەتەوەو هەرچۆنێك بێت ئەگەر گومانى هەبێت لەوەى وتووتە تەواو كەمەندكێشى دەكەیت بۆئەوەى خۆت دەیبینیت، نەك لەبەرئەوەى تۆ مرۆڤێكیت كە دەتەآ هەرچى خوێنەرتە وەكو خۆت بیربكاتەوە، بەڵكو لەبەرئەوەى ئەو شتانەى تۆ باست كردووە خۆى لەخۆیدا جێگەى ئەوەیە بەو شێوەیە قسەى لەسەر بكرێت. بەتایبەت بابەت گەلێكى وەكو مەرگ و دۆزەخ و….هتد. كە هەمیشە بۆ مرۆڤى ئێمە شتانێكن زۆر پەنهان. تەنانەت لەئێستادا قسەكردن لەسەر ئەم بابەت گەلانە لەئاستى پێویستدا نەبووە.
 یان هەڵگەڕانەوەى جەللادێك بۆ عاریفێك و چەند ڕووداوى سەیرترى ناو ڕۆمانەكە چەندین بابەتى لەم جۆرە بۆخۆى پێویستە قسەى زۆریان لەسەر بكرێت، كەسێكى تر نەبووە لەكۆمەڵگەى ئێمەدا بەم شێوەیە باس لەم بابەتانە بكات بآهیچ پەردەیەك، وەكو ئەوەى تۆ لەڕۆمانەكەدا ئاماژەت پێكردووە. هەربۆیەشە لە زۆر بواردا، بآ هیچ موجامەلەیەك ڕچەت شكاندووە.. زۆر قووڵ چوویتە ناو بابەتەكانەوە، بآئەوەى هەست بەوە بكرێت نوسەر (تۆ) خۆى زەحمەت دابێت..
  براى خۆشەویستم..
 لیرەوە دووبارە بەپێویستى دەزانم سوپاست بكەم كە  بەر لە بڵاوبوونەوەى ڕۆمانەكەت، گەورەیى ئەوەت پآ بەخشیم كە یەكێك بم لە خوێنەرەكانى.
 لەئێستادا جگە لەدەستخۆشى شتێكى ترم نیە، چونكە كارەكەت زۆر گەورەیە، دوورە لە زیادەڕۆیى و ئەوەى هەندآ نوسەر ئەیكەن، بەو سەدو پەنجا لاپەڕەى تۆ نوسیوتە كارى چەند كتێبێكت كردووە، بەڕاستى ڕۆمانێكى پوخت و پڕ و بەپێزە.
  هەوڵدەدەم لەدەرفەتى تردا، بەتایبەت ئەگەر دواى بڵاوبوونەوەشى بێت، خوێندنەوەى ترى بۆ بكەم، چونكە ئەم ڕۆمانە پێویست ئەكات زۆر بە ووردى و چەند جارێك بخوێنرێتەوە، ئینجا ئەگەر حەقى خۆى پێبدرێت لە خوێندنەوەیەكى جیددى دا، ئەگینا بەڕاستى ئەمە كەمتەرخەمىیەكە بەرامبەر ئەم شاكارە جوانە.
  
 دڵسۆزتان
 كۆشان عەلى
 15-9-2008
 
  * دەقى ئەم نامەیە لە ڕۆژنامەى (هاوڵاتى) ژمارە (466)دا بڵاوكراوەتەوە..
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.