Skip to Content

Monday, December 6th, 2021

نوری مالکی شیری داری به‌ ده‌سته‌وه‌یه….فـه‌هـد گـرده‌وانـی

Be First!
by November 24, 2008 گشتی

 نوری مالکی شیری داری به‌ ده‌سته‌وه‌یه
 
 
 سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراقی داگیرکراو نوری مالکی [نوری کامل محمد حسن العلی المالکی 20/6/1950] هێشتا سیاده‌ی له‌ ده‌ست نی یه‌ و له‌ بڕیاڕ و دواڕۆژی عێراق سه‌ربه‌خۆ نی یه‌، که‌چی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات و ده‌یه‌وێت خۆی له‌به‌رچاوی خه‌ڵکی عاره‌ب و تورکمان و مه‌سیحی و کۆنه‌ به‌عسیه‌کان[کۆنه‌جاش وکۆنه‌ فورسانی سه‌لاحه‌دیین] و له‌شکری مه‌هدی خۆشه‌ویست بکات . نوری مالکی هه‌تا بنملی دۆستی ئه‌مریکایه‌ و بڕیاڕه‌کانی ئه‌مریکا موو به‌ موو جێ به‌جێ ده‌کات، بۆی ناکرێت تاقه‌ بڕیارێک له‌ پشتی بالێوزی ئه‌مریکی جێ به‌جێ بکات و هه‌ر سه‌ربازه‌کانی ئه‌مریکاشن ژیانی ئه‌و ده‌بارێزن .تاقه‌ سه‌روه‌ری سه‌رۆکوه‌زیر ئێستاکه‌ بۆی ماوه‌ته‌وه‌ خواستی ئه‌مریکا له‌ عێراقی داگیرکراو جێبه‌جێ و [ته‌نفیز] ده‌کات ، به‌ڵام به‌ سیاسه‌تی [حیزبی ده‌عوه‌ و مه‌زهه‌بی شیعانه‌ی خۆی] که‌ هه‌نووکه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌ڕژه‌وه‌ندی ئه‌مریکایه‌.{سه‌یری که‌ن چۆن بۆ جێبه‌جێ کردنی به‌نده‌کانی هاوپه‌یمانی عێراق و ئه‌مریکا خۆی لال کردووه‌ و ئاماده‌یی خۆی نیشان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ده‌په‌نجه‌ی  مۆربکات} . ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کانی ئه‌مریکا جێبه‌جێ نه‌کات ئه‌وا ئه‌مریکا وه‌کو سه‌رۆکی پێشووی {پاناما که‌وتۆته‌ ناوه‌ندی ئه‌مریکا ،پایه‌ته‌خته‌که‌ی ناوی پاناماسیتیه‌.پێوانه‌ی 78200 کیلۆمه‌ترچوارگۆشه‌یه‌. ژماره‌ی دانیشتوانی 3191319 که‌سه‌. زمانی یان ئیسپانی یه‌.} ژه‌نه‌ڕاڵ {مانوێل نۆڕێگا له‌ 11/2/1934 یان 1938 له‌ پاناماسیتی له‌دایک بووه‌ . له‌ 20/12/1989 له‌شکری ئه‌مریکا چووه‌ پاناما و ڕژێمه‌که‌ی نۆڕێگای روخاند و پشتی ملی گرت و بردیه‌ زیندانه‌کانی میامی له‌ ئه‌مریکا. دادگا له‌ 16/9/1992 بڕیاڕی حوکمی 30 ساڵ زیندانی بۆ بڕیه‌وه‌ و ده‌ڵێن گوایه‌ وا له‌ گڕتووخانه‌ی [فلۆڕیدا] یاله‌یلی ده‌خوێنی و ئه‌گه‌رچی پیاوی ئه‌مریکا بوو له‌ دژی شۆڕشگێرانی ئه‌مریکای لاتینی ودژی شۆڕش بوو له‌ نیکاراگوا. } په‌تی له‌مل ده‌کات و له‌ گوانتانامۆ دادگایی ده‌کات به‌ناوی ئه‌وه‌ی مافی مرۆڤی پێشێل کردووه‌ .ئه‌تۆ سه‌رۆکوه‌زیرانی و له‌سه‌ر کورسی بۆش دانیشتووی ئه‌ی که‌واته‌ جه‌ناب  بۆ ئه‌و شیره‌ داره‌ له‌ کورد به‌رزده‌که‌یته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌که‌یت ، ئایا به‌ جاش و کۆنه‌ به‌عسی ده‌توانیت ده‌سه‌ڵات له‌ پارتی و یه‌کێتی زه‌فت بکه‌یت و چه‌کدارانی ئه‌و دووحیزبه‌ فڕێ بده‌یته‌وه‌ پشتی سنوور . ئه‌گه‌ر بۆت نه‌کرابێت گڕوپه‌که‌ی{جیش المهدی} مرۆڤکوژی موقتدی سه‌دری{مقتدی محمد محمدێادق باقر سلمان الێدر 12/8/1973} موراهیق ته‌مبێ بکه‌یت، چۆن بۆت ده‌کرێت مافی میلله‌تێک زه‌وت بکه‌یت . ئێوه‌ کاتێک دژی سه‌دام و رژیمه‌که‌ی له‌ تێکۆشان بوون خه‌ونتان به‌ ناوچه‌ شاخاویه‌کانی کوردستان ده‌بینی بۆ ئه‌وه‌ی بۆنی وڵات بکه‌ن ئه‌گه‌رنا ئێوه‌ ته‌نها له‌ پایه‌ته‌ختی سوریا و تاران و له‌نده‌ن گولـلـه‌تان له‌ ‌ سه‌دام حسین{ێدام حسین المجید 28/4/1937 ــ 30/12/2006} ده‌گرت . ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌ کۆبونه‌وه‌کانی به‌رهه‌ڵستکاران بکه‌ن ده‌یان که‌ستان ده‌کرده‌ واسیته‌ بۆ ئه‌وه‌ی له کۆبوونه‌وه‌ و‌ دانیشتنه‌کان پێکتان بکرێت و بۆ داواکردنی مافی ڕه‌وای کوردیش له‌ کورده‌کان زیاترتان داوا ده‌کرد تاوه‌کوزیاره‌تی  ناوچه‌ئازادکراوه‌کان بکه‌ن و له‌ مه‌سیف سه‌لاحه‌دین و قه‌ڵاچۆلان بله‌وه‌ڕێن .له‌ کاتی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 وه‌کو کورده‌کان چۆن کوردستانیان له‌ رژێمی به‌عسی وه‌ل بوو رزگارکرد ، ئێوه‌ی شیعه‌ش خوارووی عێراق و نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لاتان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ، وێنه‌ی خومه‌ینیتان بڵاوده‌کرده‌وه‌ و له‌ شه‌قامه‌کان هه‌ڵتان ده‌واسی ، به‌ڵام چونکه‌ خاوه‌نی هیچ نه‌بوون و خه‌ڵکتان نه‌بوو بۆتان نه‌کرا له‌سه‌ر قاچتان بووه‌ستن و له‌ناو ئه‌و هه‌موو به‌عسیانه‌ هه‌ردوو مه‌رقه‌ده‌[مه‌زارگا] پیرۆزه‌که‌تان [ئیمامی عه‌لی و حسین] ئازاد بکه‌ن و ئیماراتی شیعه‌ی خۆتان ڕابگه‌ینن و حکومه‌تێکی به‌رهه‌ڵستکار دابمه‌زرێنن ، ده‌تانه‌وێت هه‌نووکه‌ له‌سه‌ر پشتی کورد ئه‌و کاره‌ بکه‌ن  . ئێوه‌ له‌بن عه‌باکانی ژه‌نه‌ڕاڵه‌کانی ئه‌مریکا و به‌ریتانیا توانیتان بچنه‌وه‌ سه‌ر گۆڕی ئیمامه‌کانتان و له [عاشوڕا] له‌‌ سینگی خۆتان بده‌ن ئه‌ی بۆچی ئێستاکه‌ چاو له‌ کورد سۆر ده‌که‌نه‌وه‌. ئایا ئه‌وه‌ به‌ڕنامه‌ی داهاتووی ئه‌مریکایه‌ بۆی جێ به‌جێ ده‌که‌ن . ئه‌وه‌ی جێگای گله‌ییه‌ هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تی [پارتی] و [یه‌کێتی] ئه‌وه‌نده‌ له‌ سیاسه‌ته‌تکردن ساویلکه‌ و کۆله‌وارن که‌ دۆست و دوژمنی خۆیان لیک ناکه‌نه‌وه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیه‌ک دانوساندن و براده‌راتی  و دۆستایه‌تی ده‌که‌ن که‌ له‌پشته‌وه‌ یا به‌رامبه‌ر پاشان شیر و شمشێری دار به‌ ڕویان به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ و پشت له‌ داواکاری یه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌که‌ن . سه‌ره‌تا ئیبراهیم جه‌عفه‌ری ببووه‌ براده‌ریان و له‌ هاوینه‌هه‌واری [دوکان] و [سه‌ری ڕه‌ش] مافوری سووری ده‌خرا ژێر قاچی ، پاشان گوتیان بۆ کورد باش نی یه‌ . ئه‌گه‌رچی هه‌ر پارتی و یه‌کێتی به‌ڕنامه‌یه‌کی ڕوونیان نه‌بوو .له‌دوایی ئه‌و ئه‌یاد عه‌لاوی ده‌هێنرایه‌ سه‌ڕی ڕه‌ش و قه‌ڵاچۆلان په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ده‌کرا . ئه‌ویش گه‌ڕاوه‌ سه‌ر ئه‌سلی خۆی و به‌عسیی کۆنه‌کانی له‌خۆی کۆکرده‌وه‌و بۆ که‌رکوک پاشه‌کشه‌یان کرد .دوایی ئه‌و مه‌شعان جبوری هیچوپوچ ده‌هێنرایه‌ سلێمانی و هه‌ولێر به‌ سه‌فته‌ دۆلاری ده‌خسته‌ باغه‌ڵی و پاشان شانازی به‌ سه‌دام ده‌کرد و به‌ئاشکرا فاتیحه‌ی بۆ لێده‌دا و  میزی به‌ قه‌بری بارزانییه‌کان و ئه‌نفاڵکراوه‌کان داده‌کرد و له‌ دژی کورد قسه‌ی ده‌کرد.دیسان شوێنی تایبه‌ت بۆ ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی له‌ مه‌سیف سه‌لاحه‌دیین ته‌رخان ده‌کرا و خه‌ڵکی له‌چوارده‌وه‌ره‌ی داده‌نرا پاشان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شوێنه‌ ته‌عریب کراو و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ سه‌ر خاکی کوردستان په‌له‌کردنی ناو لێده‌نا و به‌ڕژه‌وه‌ندی کورسی خۆی به‌ داواکاری یه‌کانی کورد نه‌ده‌گۆڕی یه‌وه‌ .هه‌ردوو به‌رێزان جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌سعود بارزانی ده‌بێت سیاسه‌ت بکه‌ن نه‌ک ئه‌و وازی یه‌ نه‌زانانی یه‌ و هێنده‌ش خۆیان به‌ که‌م و یه‌خسیر به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ داده‌نێن چونکه‌ ئه‌وانه‌ دوور له‌ ئه‌مریکا هیچ ناتوانن دوو هه‌نگاویش له‌ پێناوی به‌ڕژه‌وه‌ندی عێراق بهاوێژن و عێراق به‌ره‌و فیدراڵی و دیموکراتی ببه‌ن بۆیه‌ کورد ده‌بێت داوای [ئه‌جنده‌ی سیاسی] خۆی له‌گه‌ڵ [ئه‌مریکای داگیرکه‌ر] بکات و مافه‌کانی خۆی له‌و داگیرکه‌ره‌ زه‌به‌لاحه‌ مسۆگه‌ربکات و به‌ ئاشکرا به‌ ئه‌مریکا بڵێت ئایا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مه‌سه‌له‌ی کورد بۆ ئێوه‌ ده‌که‌وێته‌ کامه‌ مه‌له‌فی سیاسی و به‌ڕنامه‌تان بۆ ئه‌و میلله‌ته‌ چی یه‌ ، به‌ تایبه‌ت له‌ کوردستانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا ، ئایا چوار ده‌وڵه‌تی ده‌خوازن بۆ کورد بێته‌ دی یان هه‌ر پارچه‌و ناوچه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ . ئایا کورد ده‌بێته‌وه‌ قوربانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی یان ده‌بێت جارێ چاوه‌ڕوانی نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و کۆنه‌په‌رستی بێت . ئه‌گه‌رنا ئه‌وانه‌ی دێنه‌ حکومڕانی عێراق و ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ ده‌ست دڵ بۆگه‌ن و ناشیونالیستن وه‌ک سه‌دام حسین  و له‌ ئۆتۆنۆمی سه‌قه‌تکراو زیاتر بۆ کورد به‌ ڕه‌وانابیین . خه‌یاڵی سه‌رکردایه‌تی کورد خاوه‌ ئه‌گه‌ر له‌و باوه‌ڕه‌بێت ئه‌و سه‌رکردایه‌تی عێراقه‌ی تازه‌ ،‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان بکه‌ن   .
 هه‌تا که‌ی ئه‌و دۆستانه‌ فرمێسک بۆلاشه‌ی سه‌ربه‌رزونه‌مری
 ناو گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان ناڕێژن
 
 فـه‌هـد گـرده‌وانـی
 24/11/2008ستۆکهۆڵم‌ ‌
 

Previous
Next

Leave a Reply